ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زاهیر ئیبراهیم

چالاكوان و رێكخراوەكانی ژینگە لە قەزای سۆران ڕایدەگەیەنن بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگیەكانی  توركیا و تۆپبارانی تۆپبخانەكانی  كۆماری ئیسلامی ئێران ژینگەی ناوچە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان زیانی زۆری بەركەوتووە.

 

 رێكخراوەكانی ژینگە لە بەیاننامەكانیادا بە حكومەتی هەرێم و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكانیان ڕاگەیاندووە لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپباران بۆ سەر ناوچە سنورییەكان هەزاران دۆنم دارستان و ڕەز و باغ و سروستی هەرێمی كوردستان  زیانی بەركەوتووە ،دەشڵێن سامانی ئاژەڵ و باڵندەی كێوی  لە برادۆست و قەندیل مەترسی لە ناوچوونی هەیە.

لە بارەی ئەو زیانانەی بە سروشت و ژینگەی هەرێمی كوردستان دەكەوێت لە ئەنجامی تۆپباران و بۆردوومانەوە، هەژار ماهیر سەرۆكی رێكخراوی وار بۆ پارستنی ژینگە و شارەزا لە بواری ژینگە، بۆ ڕێگای كوردستان وتی" ئێمە چەندین هۆشداریمان داوە كە تۆپباران و بۆردوومانكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان كارەساتی ژینگەی لێدەكەوێتەوە،بەڵام بەداخەوە وەك پێویست گوێ بە داواكانمان نەدراوە ".

سەرۆكی رێكخراوی وار وتیشی" ئێمە لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو لە راپۆرتێكدا تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكانمان ئاگاداركردۆتەوە كە ئەم شوێنانەی بەرتۆپباران و بۆردوومان دەكەوێت ڕووبەڕووی كارەساتی ژینگەیی بووەتەوە  لێرەوەش داواكارین توركیا و ئێران سەبارەت بە ئەركەكانیان بۆ پاراستنی ژینگەی ناوخۆ و جیهانی بە پێی ئەو رێكەوتنامانەی كە خۆیان واژوویان كردووە پابەند بن".

ئەو شارەزایەی ژینگەكاریگەریەكانی تۆپبارانی بۆسەر ژینگە لە 7 خاڵد خستە ڕوو وەك :

 1- وەك كەمكردنەوەی ڕووبەری سەوزایی و تێكدانی هاوسەنگی.

2- كەمكردنەوەی بڕی بە هەڵم بوونی ئاو و كاریگەری خراپ لە سەر باران.

3-  داڕنینی توێژالی ڕووەكی و لەبەر یەك هەڵوەشانەوەی  یەكگرتوویی گل و خۆڵی قەدپاڵەكان.

4-  كەمكردنەوەی بڕی ئاوی ژێر زەوی،چونكە ڕووەك هۆكاری گلدانەوەی ئاوی سەر زەوییە و ناردنییەتی بۆ ژێر زەوی.

5- كەمكردنەوی بڕی ئوكسیجن و زیادكردنی بڕی دووەم ئوكسیدی كاربوون.

6- كەمكردنەوەی بەرگری درەختەكان و خێرا پوكانەوەیان بە هۆی ئەو نەخۆشیانەی كە بە ئاسانی زیانیان پێ‌ دەگەینن.

7- پەیدا بوونی دووكەڵ كە تێكەڵەیەكە لە گەردیلەی وورد و گازەكانی كاربۆن و مونۆئۆكساید و گازی دووەم ئوكسیدی كاربۆن و ئوكسیدەكانی نایترۆجین كە زیان بە چاو و سییەكانی مرۆڤ دەگەینن".