ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای كوردستان-هەولێر

دوای تێپەڕبوونی نزیكەی سەد ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان، هێشتا پێكهێنەرانی حكوومەت لەسەر پشكەكانیان ڕێكنەكەوتوون، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕێككەوتن بە هەنگاوێكی قورس ناو دەبات و پارتیش داوای تێكەڵنەكردنی مەلەفەكان دەكات، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستانیش جەخت دەكاتەوە حكوومەتی داهاتوو ناتوانێت چارەسەری كێشەكانی بێكاری، قەیرانی دارایی، ماف و ئازادییەكان بكات، بەپێچەوانەوە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان لە چوار ساڵی داهاتوو بەردەوامی دەبێت.

دوای زیاتر لە سێ مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ڕێككەوتنی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ هیچ هەنگاوێكی نەبڕیوە و بەپێی زانیارییەكانیش هێشتا خاڵە ناكۆكەكان زۆر لە خاڵە هاوبەشەكان زیاترن، پارتی بەنیازە گەڕی سێیەمی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنەكان بەتایبەتی یەكێتی دەست پێبكاتەوە، بەڵام بەسوربوون لەسەر ئیستیحقاقی هەڵبژاردن، یەكێتیش جەخت لەسەر "شەراكەتی ڕاستەقینە" دەكاتەوە.

ڕۆژی 6ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، دوای زیاتر لە مانگێك لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، یەكەم كۆبوونەوەی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەبێ ڕێككەوتنی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەستی پێكرد و دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمانیش بەكراوەیی هێڵرانەوە.

ئێستا كە نزیكەی سەد ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێپەڕیوە، تا ئێستا دوو گەڕی كۆبوونەوەی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بەڕێوەچووە و هێشتا كاتی گەڕی سێیەمی دانیشتنەكانیش دیارنین، هاوكات دیار نییە بە چەند گەڕی دیكەی دانیشتن، لایەنەكان لەسەر دروستكردنی حكوومەتێكی نوێ ڕێك دەكەون.

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی باس لەوە دەكات لە كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت پێشكەوتنی ئەوتۆ بەدینەكراوە، ڕزگار عەلی پێی وایە "ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوی كارێكی ئاسان نابێت، بەوپێیەی تائێستا هیچ تەباییەك لەنێوان لایەنە سەرەكییەكانی هەرێم لەسەر ئەو پرسە بوونی نییە". بەپێی زانیارییەكان ناكۆكی سەرەكی یەكێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت لەسەر وەرگرتنی جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتە، پارتی سورە لەسەر ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و یەكێتیش جەخت لەسەر شەراكەتی ڕاستەقینە دەكاتەوە، لەم ڕوەوە ڕزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی جەخت دەكاتەوە كە ئەستەمە حزبەكەی جارێكی تر ڕێگە بدات، لایەنێك بە تەنها جومگە هەستیارەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەببات.

لەبەرانبەردا سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وایە كابینەكانی پێشتر بە شێوەی سیستمی پەنجا بە پەنجا بەڕێوە چوون و ئەمەش بە شكست ناو دەبات لە بەرەوپێشبردنی كارەكانی حكوومەت. 

فازڵ میرانی ڕای دەگەیەنێت لای ئەوان ئیستیحقاقی هەڵبژاردن گرنگە، بەڵام بە ڕەچاوكردنی مێژوو و سەنگی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان.

بەپێی زانیارییەكان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاریداوە كۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بە یەك پاكێج لە پێكهێنانی حكوومەتدا بخاتە ڕوو، بەتایبەتی لە پرسی پەیوەست بە كەركووك و دیاریكردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ شارەكە، بەڵام پارتی دیموكرات لە كۆبوونەوەكاندا جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە نابێت مەلەفەكان تێكەڵ بكرێن.

ڕزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات پارتی و یەكێتی لەسەر پرسی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركووك ڕێكنەكەوتوون، "پێشتر كۆبوونەوەیەك كراوە، بەڵام پارتی زیاتر لە چوار مانگە كۆبوونەوەكانی لەسەر ئەو پرسە پەكخستووە".

لەسەر پرسی كەركووك پارتی بۆچوونی وایە كە ئەو شارە هێشتا داگیركراوە، بەڵام بنەڕەتی كێشەكە زیاتر لە دیاریكردنی كەسێك خۆی دەبینێتەوە كە ڕەزامەندی ئەو حزبەی لەسەر بێت، نەك دۆخی ئەمنی شارەكە وەك ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرێت، ئەمە جگەلەوەی پارتی دەیەوێت كەركووك لەدەرەوەی مامەڵەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بێت.

ئەمە یەكەم جار نییە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دوا بكەوێت، سەرجەم كابینەكانی ڕابردوو بەم شێوەیی ئێستا بەهۆی ناكۆكی لایەنەكانەوە دواكەوتووە، هەرچەندە ئەمە زیانێكی گەورە لە حزبەكان نادات، بەڵام وەك چاودێرانی سیاسی باسی دەكەن لەڕووی نێودەوڵەتییەوە بە زیان بەسەر هەرێمی كوردستان دەشكێتەوە، هاوكات دامەزراوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بۆشایی یاسایدایە، چاودێرانی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەبنەڕەتدا دامودەزگاكان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكار دەهێنن، بۆیە دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت زۆر بەلایانەوە گرنگ نییە، ئەوەی بەلایانەوە گرنگە حكوومەتی داهاتوو تاچەند لەگەڵ خواستەكانی ئەوان یەكدەگرێتەوە.

مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری كورد سەرەڕای ئەوەی داوا لە حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات پەلە بكەن لە پێكهێنانی حكوومەت، هاوكات جەختیش دەكاتەوە كە لایەنە سیاسییەكان كەمتر گرنگی بە داواكارییەكانی هاووڵاتییان دەدەن و ئەوەی بەلایەن گرنگە زۆرترین قازانجی خۆیانە لە حكوومەتی نوێ، نەك پێكهێنانی حكوومەتێك لەبەرژەوەندی سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان. ئەو سیاسەتمەدارە باس لەوەش دەكات كە لە گفتوگۆكاندا كەمترین ئەو مەلەفانە باس دەكرێن كە باس لە حكومڕانییەكی باش دەكات، بەپێچەوانەوە خاڵەكانی ڕێككەوتنەكان لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین بەرژەوەندی حزبییە. گوتیشی: دوای نزیكەی سەد ڕۆژ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، هیچ بەرەوپێش چوونێك بۆ پێكهێنانی حكوومەت بەدی ناكرێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ پارتی و یەكێتی لێی بەرپرسن.

جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆمەڵێك هێزی دیكە لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشدار دەبن، كە گرنگترینیان بزووتنەوەی گۆڕانە، بەوپێیەی لەدوای پارتی و یەكێتی زۆرترین كورسی پەرلەمانی بەدەست هێناوە، بەپێی دوو گەڕی كۆبوونەوەش بێت لەگەڵ پارتی ناكۆكییەكی گەورەیان لەسەر چۆنییەتی پێكهێنانی حكوومەت نییە. بزووتنەوەی گۆڕان ڕەخنەی لە دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت هەیە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەمە بەزیان بۆ سەر هاووڵاتییانی هەرێم دەشكێتەوە.

كاردۆ محەمەد ڕای دەگەیەنێت كۆمەڵێك گرووپی ناو یەكێتی و پارتی بەرژەوەندی خۆیان خستووەتە پێش بەرژەوەندی هاووڵاتییان و نیشتمان، هەرچەندە ئەو سەركردەیەی بزووتنەوەی گۆڕان باس لەوە دەكات كە ئەگەر پێكهێنانی حكوومەت لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییان و دانانی پلانێكی باشی چوار ساڵی كاركردن بێت بۆ باشترین خزمەت كارێكی ئاساییە، بەڵام ئەو گومانی هەیە ئەم دواكەوتنەی ئێستا بۆ ئەوە بێت. 

هیوا عومەر ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان، جەخت لەوە دەكاتەوە كە هۆكارەكانی دواكەوتنی حكوومەتی نوێ پەیوەندی بە بەرنامەی داهاتووی حكوومەت و دانانی بەرنامەیەكی جدی بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان نییە، بەپێچەوانەوە دواكەوتنەكە پەیوەندی بە پشكپشكێنەی حزبی و بیركردنەوە لە داگیركردنی جومگە سەرەكییەكانی حكومڕانی هەیە، "ململانێیەكە لەسەر ئەوەیە كێ زۆرترین پۆست وەردەگرێت". ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان جەخت دەكاتەوە كە لایەنەكانی پێكهێنەری حكوومەت سەرجەمیان لەسەر ئەوە كۆكن كە بەرنامەی داهاتووی حكوومەت بە ئاڕاستەی نیولیبرالیزم بێت، ئەمەش وادەكات حكوومەتی داهاتوو حكوومەتێكی شكستخواردوو بێت و ناتوانێت چارەسەری كێشەكانی بێكاری، قەیرانی دارایی، ماف و ئازادییەكان بكات، بەپێچەوانەوە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان لە چوار ساڵی داهاتوو بەردەوامی دەبێت. هیوا عومەر ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە تێكۆشانی حزبی شیوعی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتە چەوتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پاڵپشتیكردنی بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان، ناڕەزایەتییەكانی شەقام، پەرلەمان و میكانیزمەكانی دیكەی تێكۆشان بەشێوەی مەدەنی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت، ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان ڕوونی دەكاتەوە كە جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی چەپدا هیچ بژاردەیەكی دیكە بوونی نییە.