ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای كوردستان-هەولێر

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت شتێك نییە بەناوی سەروەربوونی یاسا و حزبەكانیش بەهۆكاری سەرەكی سەروەرنەبوونی یاسا تۆمەتبار دەكات، بەپی ڕاپۆرتێكی سەنتەری پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ پێشێلكارییەكان دژی یاسا لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردن و پۆلیس و ئاسایشەوە ئەنجام دەدرێن، گوتەبێژی داواكاری گشتیش دووپات لە بەدواداچوون بۆ ئەو كەیسانە دەكات كە پەیوەندییان بە مافی گشتییەوە هەیە.

ئەگەرچی لە چوار خوولی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستان كۆمەڵیك یاسای باش دەركراون، بەڵام وەك ئەندامانی پەرلەمانی ئاماژەی بۆ دەكەن ئەم یاسایانە وەكو خۆیان جێبەجێنەكراون و لەمەشدا دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەكەمتەرخەم ناو دەبەن، هاوكات جەختیش دەكەنەوە ئەوەی بەناوی سەروەربوونی یاساوە باس دەكرێت شتێكی بێ بنەمایە و لەچەند بوارێكی دیاریكراودا یاسا جێبەجێ دەكرێت.

ئێڤار ئیبراهیم ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، تا ئەو كاتەی حزب و حكوومەت لەیەك جیا نەكرێنەوە یاساكان وەك خۆیان جێبەجێ ناكرێن، "حزب دەستێوەردانی ئاشكرای لەكاروباری حكوومەت و دەسەڵاتی جێبەجێكردندا هەیە". گوتیشی: "لەماوەی خولەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆمەڵێك یاسای باش دەركراون، بەڵام دەسەڵاتی جێبەجێكردن كەمتەرخەم بووە لە جێبەجێكردنی یاساكان و پەرلەمانیش بەهۆی ئەو دۆخەی تێی كەوتووە نەیتوانیوە بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی یاساكان بكات".

دووپاتی كردەوە: "ئەم خوولەی پەرلەمان جیاواز دەبێت، بەهۆی گۆڕینی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پەرلەمانتاران دەتوانن لێپێچینەوە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن بكەن". ئەو ئەندامەی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان باس لەوەش دەكات كە سەروەرنەبوونی یاسا پەیوەندی بە دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، "دوای زیاتر لە سەد ڕۆژ پەرلەمان نەیتوانیوە دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێرێت تا كارەكانی خۆی بكات، ئەمە جگە لەوەی كە حكوومەتی ئێستا كاربەڕێكەرە".

چالاكان و یاساناسان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بڕیاری هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان) شوێنی بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان گرتووەتەوە، جەختیش دەكەنەوە ئەو بڕیارەی مەكتەبی سیاسی یەكێك لەو حزبانە، یاخود هێزە ئەمنییەكانی یەكێك لەو دوو لایەنانە سەبارەت بە دۆخێكی دیاریكراو دەیدەن، شوێنی هەموو ئەو یاسایانە دەگرێتەوە كە پەرلەمانی كوردستان دەریكردوون، "مەكتەبی سیاسیی حزب خۆی لەشوێنی دادگا و بڕیاری دادوەر دادەنێت و هەر ئەویش بڕیار دەدات كێ سەرپێچی ‌و یاساشكێنیی كردووە و كێ دەبێت دەستگیر بكرێت".

بەپێی ڕاپۆرتێكی پێشتری سەنتەری پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ D.H.R.D كە بە هاوكاری سندووقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی NED بڵاویكردووەتەوە، هۆكارەكانی جێبەجێنەكردنی یاسا و سەروەرنەبوونی پەیوەست كراوە بە دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە، بەپێی ڕاپۆرتی ئەو سەنتەرە بێت زۆربەی زۆری پێشێلكارییەكان لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردن و پۆلیس و ئاسایشەوە ئەنجامدراون، هەرلە جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی دادگا بۆ ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە لەگەڵ تۆمەتباران و ڕاگیراوان بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری هیچ هەڵوێستێكی فەرمی و جدی هەبووبێت بەرانبەریان.

لەبارەی سەروەرنەبوونی یاسا، حاكم دڵشاد گوتەبێژی داواكاری گشتی، ڕەتی دەكاتەوە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە لایەنی جێبەجێكار یاساكانی جێبەجێكردووە، "ئەو ئەوراقی لێكۆڵینەوانە كە ساڵانە دەچێنە مەحكەكەی تایبەتمەند هەر كەموكوڕییەكیان تێدا بێت دەگەڕێنەوە". گوتەبێژی داواكاری گشتی باس لەوە دەكات كە ڕۆژانە سەدان كەیسی یاسایی یەكلایی دەكرێتەوە و ئیجرائاتی یاسایی خۆیان وەردەگرن، سەبارەت بە دەستگریكردنی هاووڵاتییان و شكاندنی یاسا لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە بەتایبەتی هێزە ئەمنییەكانی حزب، حاكم دڵشاد باس لەوە دەكات كە هەموو دەستگیركردنەكان دەبێت بە فەرمانی دادوەر بێت، لەبارەی بەدواداچوونەكانی داوكاری گشتی لە جێبەجێنەكردنی یاسا و سەروەرنەبوونی، گوتەبێژی داواكاری گشتی ڕوونی دەكاتەوە ئەگەر كەیسەكە پەیوەست بێت بە مافی گشییەوە ئەوان بەدواداچوونی بۆ دەكەن، بەڵام ئەگەر مافی كەسی بێت پێویستە كەسەكە خۆی سكاڵا تۆمار بكات و داواكاری گشتی ئاكادار بكاتەوە.