ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان-ڕێبین فەتاح

د. کاوە مەحموود سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان لە دیدارێکی تایبەتی (ڕێگای کوردستان)دا باس لە بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسەکەی چین و چەند پرسێکی پێوەست بە سۆسیالیستی دەکات. لەمەڕ کێشەکانی عێراق و کوردستانییش دوپاتەی دەکاتەوە کە چارەسەریی فیدڕاڵی لە عێراق بەبنبەست گەیشتووە و هیچ گرەنتییەک بۆ گەلی کوردستان نییە. سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە بەرنامەی ئابووری حکوومەتی هەرێم گیانی بەرگری خەڵکی لاواز کردووە.

مانگی ڕابردوو لە کۆنفرانسێکی تایبەت لە چین بەشداربوون، ئامانجی کۆنفرانسەکە چی بوو؟

لە کۆنفرانسەکەدا باس لەو پەرەسەندنانە کرا لە ناوچەکەدا ڕوویداوە، بەتایبەت لە بواری بوژاندنەوە و کارتێکردنی بۆچوونەکانی ئەمینداری گشتی حزبی شیوعی چین لەبارەی بنیاتنانی سۆسیالیستی بەتایبەتمەندی چینی لەو ناوچەیەدا و هەروەک چۆنیەتی ڕەنگدانەوەی ئەو بابەتە لەسەر چارەسەرکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی شوناس بەگشتی. پەیامی کۆنفرانسەکە ئەوە بوو کە ئەو بابەتە کە بابەتێکی کۆمەڵایەتییە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بەنیاتنانی سۆسیالیستییەوە هەیە، ئەو بنیاتنانە بەشێوەیەکی کرداریی کار لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات. ئەوەش کە ئێمە لەو ناوچەیە بینیمان لەو شارەی کۆنفرانسەکەی تێدا بەسترا ٧٠٠ مزگەوت هەیە، کۆلێژی شەریعەی ئیسلامی هەیە و تابلۆی سەر شەقامەکان بە زمانی ناوچەیی نووسراوە و لە خوارەوەیدا بە زمانی چینی نووسراوە. بەگشتی ئامانجی ئەوان لە کۆنفرانسەکەدا وەڵامدانەوەی ئەو پروپاگەندەیە بوو کە گوایە خەڵکی ئەو ناوچەیە دەچەوسێنرێنەوە، یان مافەکانیان پێشێل دەکرێت و بایەخ بە تایبەتمەندییەکانیان نادرێت، بەڵام ئەوەی بە ڕوون و ئاشکرایی بینیمان گەشەپێدانی تەواو لەو ناوچەیەدا هەیە.

لەچوارچێوەی کۆنفرانسەکەدا شەش پرسیاریان لە حزبی ئێمە کرد، چۆن بیروبۆچوونی ئەمینداری گشتی ئەوان دەبینین؟ ئەو سۆسیالیستییەی بەتایبەتمەندی چینییە چۆن چووەتە پێشەوە؟ ئەزموونی وڵاتی ئێمە چۆنە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندوتژی؟ ئایا چۆن دەتوانرێت پەیوەندی هەبێت لە نێوان کوردستان و چین؟ چۆن دەڕوانینە نوێبوونەوە لە مارکسیزم؟ لە چوار دانیشتنی تەواودا بە بەردەوامی کە لە بەشێکیان ناوەندی توێژینەوەی سەر بە کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی چین بەشداربوون و لە یەکێک لە دانیشتنەکانیشدا جێگری پەیوەندییەکانی حزبی شیوعی چین ئامادە بوو، قسەمان لەو پرس و بابەتانە کرد. باس لەو گەشەپێدانە کرا کە لە چین هەیە و هەروەک چۆنیەتی ڕەنگدانەوەی گەشەپێدانەکە لەسەر ژیانی خەڵک. 

ئێمە راپۆرتێکی دوور و درێژمان پێشکەش کرد، بەشێک لە ناوەڕۆکی بابەتەکە، کە ئێمە داوامان کردووە هاوڕێیانی چین ئیشی لەسەر بکەن، ئەوەیە ئێستا چەمکێکی نوێ خەریکە دروست دەبێت، بە بۆچوونی من ئەو چەمکە، چەمکی نوێخوازی سۆسیالیستییە، وەکو شوێنگرەوەیەک بۆ نوێخوازی سەرمایەداری. ئەو بابەتە کاتێک دەردەکەوێت کە مۆدێرنیەتی سەرمایەداری لە ئاستەنگێکی گەورەدا دەژی، لە بواری کۆمەڵایەتی (کۆتایی مێژوو)ی فۆکۆیاما و (ململانێی شارستانیەتەکان)ی ئەنتگتۆنی تێپەڕ نەکردووە، لەبواری ئابووریشدا دەیەوێ تەرزی لیبرالیەتی نوێ بڵاو ببێتەوە، حەداسەتی سەرمایەداری ئێستا لە ئاستەنگدایە و ناتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە، کاتی ئەوە هاتووە بیر لە حەداسەتی سۆسیالیستی بکرێتەوە.

نوێخوازی سۆسیالیستی چۆن؟

ئەو نوێخوازییە سۆسیالیستییە، تەنیا بابەتێکی تیۆری نییە، بەڵکو بابەتێکی پراکتیکییە، کۆمەڵگەی چین بەشێک لە بوارە هەستپێکراوەکانیەتی کە ئەو گەشەپێدانەی تێدا ئەنجامداوە، هەروەک چۆن ئەو بەروبووم و کەڵەکەبوونی سەرمایە خزمەتی خەڵکی چەوساوە دەکات؟ تا ئێستا نوێبوونەوەی سەرمایەداری هەر سەرمایەداران سوودیان لێوەرگرتووە، ئێمە دەبێت چاوەڕوانی نوێبوونەوەیەکی شوێنگرەوە بکەین کە خەڵکی زەحمەتکێش سوودی لێوەربگرێت. من کاتێک لە ساڵی ٢٠١٦دا سەردانی چینم کرد، باسی ئەوەیان دەکرد ٧٠ ملیۆن کەسیان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژی، ئێستا باسی ئەوە دەکەن کە ٣٠ ملیۆن کەسیان هەیە لەژێر هێڵی هەژاریدا و لە هەر ساڵێکدا ١٠ ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاری دەرباز دەکەن، باسی ئەوەیان دەکرد کە لە هەر سێ چرکەدا یەکێک لە ژێر هێڵی هەژاری دەهێننە دەرەوە. ئەو کۆمەڵگەیەی دروست دەکرێت، واتای ئەوە نییە کە ناکۆکی، دژیەکی و ململانێی تێدا نییە، بەشێکی ئەو ململانێیە لەوەدا بەرجەستە دەبێتەوە کە خواستێکی زۆر هەیە بۆ گەشەپێدان، بەڵام لەهەمان کاتدا بارودۆخ و واقیعەکە لە ئاست بەدیهێنانی هەموو ئەو خواست و پێویستییانە نییە، ئەوەش دژیەکییەک دروست دەکات. هەروەک چین دابڕاو نییە لە ئاست کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەبەرئەوە ململانێیەکانی لە ئاست کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار لەسەر ئەو کۆمەڵگەیە دەکەن، لەکاتێکدا هەموو ئەوانەی چاودێری ڕەوشی چین دەکەن، لەو باوەڕەدان دەبێت بە یەکێک لە دەوڵەتە هەر گەورەکان و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سیستەمی سۆسیالیستی بەتایبەتمەندی خۆیان. ئەو سیستەمە سەرکەوتووە بووە لەوەی گەشەپێدان دروست بکات، ئەوەش واتای ئەوە نییە کە ڕووبەڕووی ئاستەنگ نابێتەوە، بەڵکو دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە ئەوان تەماشای سۆسیالیستی دەکەن بەشێوەی نوێبوونەوەیەک کە بتوانێت وەڵامی تەواوی هەبێت بۆ ئەو پرسیارە ئاڵۆزانەی ژیان دەیانخاتە ڕوو. ئەو حەداسەتە سۆسیالیستییە، پێوەست بە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی نەتەوە و ئاین دا، من پێم گوتن کە نابێت هەڵوێستەکانتان هەر ئەوەندە بێت کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاین و نەتەوە و مەزهەبەکان دەکەن، تێکڕای ئەوانە شتێک کۆیان دەکاتەوە کە شوناسی پێدەگوترێت، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ شوناس یان لەوبارەیەوەفیکری جیهانی دابەشبووە بەسەر چەند ئاستێک، یەکەم؛ ئاستی هاووڵاتی سەرمایەداری/ هاووڵاتی لیبراڵی، کە لە ئەمریکا و ئەوروپا بە دوو نموونەی جیاوازەوە هەیە، دووەم؛ ئەو وڵاتانەی هاووڵاتی تێدا نییە یان چەمکی هاووڵاتیبوونی تێدا بەرجەستە نەبووەتەوە، دەبینین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ عێراق و کوردستان، سوریا، ئێران، تورکیا و ... هتد لەو وڵاتانەن کە چەمکی هاووڵاتییبوونیان تێدا بەرجەستە نەبووەتەوە. ئاستی سێیەم پێوەستە بە چینەوە، ئەوەی من هەستی پێدەکەم لە چین دروست دەبێت شێوازێکی نوێیە لە هاووڵاتیبوون، هەرچەند ئەوان بەو شێوازەی من باسیان نەکردووە، ئەوە هەنگاوێکە بۆ دروستبوونی هاووڵاتی سۆسیالیستی کارا، ئەوەش بەشێکە لە حەداسەتی سۆسیالیستی.

هەست بە هەوڵێک بۆ بەهێزکردن و بنیاتنانی پەیوەندییەکانی حزبی شیوعی کوردستان لەئاست دنیای دەرەوە دەکرێت، ئایا بەرنامەیەک لەوڕووەوە هەیە؟

بەڵێ، ئێمە ئەو ئاراستەیەمان هەیە کە پەیوەندییەکان لەگەڵ حزبە کۆمۆنیستییەکان بە پلەی یەکەم و حزبە چەپەکان بە پلەی دووەم و هەروەک لەگەڵ حزبەکانی دیکەیش پەیوەندییەکانمان توندوتۆڵ بکەین. کاتێک باس لە توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکان دەکەین، واتای ئەوە نییە کە ئێمە وەک ئەوان یان ئەوان وەک ئێمە بیر بکەینەوە، بەڵکو ئێمە بنەما و بەرنامەیەکمان هەیە کە کۆنگرەکانی حزب بڕیاری لەسەرداوە، چۆن ئێمە کار بکەین بۆ پشتگیری هەبێت بۆ پرسە نیشتمانییەکانی گەلەمان، بۆ تێکۆشان لە پێناو مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بە مافی بڕیاردانی چارەنووسەوە، پشتگیری هەبێت لە پێناو دیموکراسی بۆ کوردستان، عێراق و ناوچەکە، هەروەک چۆن بتوانین ئەو ناوچەیە لە شەڕوشۆڕ بپارێزین کە بووەتە جێی ململانێی زلهێزەکانی جیهان، بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیە نەبێتە چاوگێکی شەڕ و توندوتیژی، دەبێت ئەو کێشانەی لەو ناوچەیە هەیە، جارەسەر بکرێت، نەک هەر مافی کورد، بەڵکو مافی هەموو ئەوانەی دیکەی وەک فەڵەستینییەکان و ئەمازیغییەکان و پێکهاتەکانی دیکە دەگرێتەوە. مافی گەلان بەگشتی ئاراستەی ئێمەیە.

چۆن لە پەیوەندییەکانی گەلی کوردستان و عێراق دەڕوانن، بەتایبەت لە قۆناغی پاش ڕیفراندۆم و لێکەوت و کاریگەرییەکانی؟

لە میدیاکاندا باس لە جۆرێک پەیوەندی لە نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا هەیە، بەڵام ئەو پەیوەندییانە شکڵین و بنچینەیی نین. تا ئێستا پەیوەندییەکە بەشێوەیەک وەستاوە کە هەرکەس لە ماڵی خۆی بمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی هەنگاو بنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. ئەوەی ئێمە بیری لێدەکەینەوە، کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق، هەر تەنیا کێشەی بودجە و مووچە نییە، بەڵکو پرسی بوونە. ڕاستییەکەی، بە بەردەوامی بوونی گەلی کوردستان لە مەترسیدایە، چونکە هیچ گرەنتییەک نییە تەنانەت لەچوارچێوەی دەستووریشدا. ڕاستە، زۆرجار بەرپرسانی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکەن کە دەستوور جێبەجێ بکرێت، بەڵام لەسایەی ئەم دەستوورەدا کە بوار نادات هێزی سەربازی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەکاربهێنرێت، هێزی سەربازی بەکارهێنرا، دەستوور باس لەمادەی ١٤٠ دەکات، ئێمە باوەڕمان بەوە نییە حکوومەتی عێراق مادەی ١٤٠ جێبەجێ بکات، دەستوور باس لە یاسای نەوت و گاز دەکات و دەیەوێت ئەو یاسایە بەشێوەک دەربکرێت کە تەواو مەرکەزی بێت. حکوومەتی بەغدا خولیایەکی فیدڕاڵی نییە، بیریشمان نەچێت، دەستێوەردانێکی زۆر هەیە لە ئاست وڵاتانی ناوچەکەوە پێوەست بەکاروباری ناوخۆیی عێراق کە پرسیارێکی گەورە لەسەر سەربەخۆیی بڕیار لە عێراق دروست دەکات. لەبەرئەوە ئێمە پێمان وانییە ئەو گیر و گرفتانەی لە نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا هەیە، بە ئاسانی چارەسەر دەکرێن، لەکاتێکدا ئەو هێزە دیموکرات و پێشکەوتنخوازانەی لە عێراق هەن، لاوازن و پێشەنگی ڕووداوە سیاسییەکان نین تا زەمینە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵیان خۆش بکرێت. ئەوەی دەمێنێتەوە دروستکردنی گیانی بەرگرییە لەناوخۆی گەلی کوردستان دا، کە بتوانێت بەرگری لەخۆی بکات. لەسەرووی هەموویانەوە، چاککردنی حوکمڕانی لە کوردستان گیانی بەرگری دروست دەکات، پێداجوونەوە بە سیاسەتی ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان گیانی بەرگری دروست دەکات. ئێمە زۆرجار باسمان لەوە کردووە، مەسەلەی گەندەڵی لە کوردستان پەیوەندی بەوە نییە کە دوو کەس ڕادەستی دادگە بکرێت یان نا، بەڵکو پەیوەندی بەوە هەیە ئەو سیاسەتە ئابوورییە و ڕازی بوون بە مەرجەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و لە سایەی یاسای وەبەرهێنانی بیانی، ئەم سیاسەتە خۆی گەندەڵی دروست دەکات.

کەواتە ئێوە وا بیر دەکەنەوە کە سیاسەتی ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جیا لە کاریگەرییە ئابوورییەکانی، هۆکار بووە لەوەی گیانی بەرگری خەڵکی کوردستان لاواز بکات؟

کاتێک دەڵێین سیاسەتی ئابووری، ئەوە سیاسەتی ئابووری پێوەندی بە بۆچوونی ئێمەوە هەیە لەبارەی چەمکی ئابووری. لەمەڕ مارکسی و شیوعییەکان چەمکی ئابووری، چەمکێکی دابڕاو نییە لەبارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بۆیە شیوعییەکان بەردەوام چەمکی ئابووری سیاسی بەکاردێنن. لەو ڕوانگەیەوە کاتێک باس لە ئابووری دەکەین، ئەگەر سبەینێ حکوومەتێک یان دەوڵەتێک بە مەرجەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ڕازی دەبێت، ئیشی ئەم حکوومەتە دەبێت بە ئیشی دەوڵەتی پاسەوان کە تەنیا بیر لە دانانی پۆلیس و چەکدار بکاتەوە، بەدەرلەوەی دەستێوەردان لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان یان خزمەتگوزاریدا بکات. واتای ئەوەیە ئەو پشتگیرییەی بۆ خزمەتگوازریی تەندروستی، پەروەردە و خوێندن هەیە، حکوومەت دەست لەو پشتگرییە هەڵدەگرێت، حکوومەتێک نەتوانێت ژیانێکی سەلامەت و پڕ تەندروستی، پەروەردە و خزمەتگوازرییەکانی دیکە دابین بکات، بێگومان ئەوە کاریگەریی لەسەر پرسی نیشتمانیی کوردستانی دەبێت. دیسان دەگەڕێینەوە بۆ چەمکە ئابوورییەکە، کە کاریگەرییەکی تەواو لە باری کۆمەڵایەتی دادەنێت، ئابووری تەنیا بەرهەمهێنان و گەشە نییە، بەڵکو چۆنیەتی سوودمەندبوونی مرۆڤە لەو گەشەپێدانەدا. لەبەرئەوە ئێمە دووپاتەی پەرەپێدان دەکەینەوە، واتە چۆنیەتی دابەشکردنی داهات بەشێوەیەکی دادپەروەروانە، کە بتوانێت خزمەتگوزاریی بۆ هەمووان مسۆگەر بکات و خەڵکی زەحمەتکێش سوودمەند بکات.

باسمان لە بارودۆخی گەلی کوردستان لە عێراق و ئاستەنگەکان کرد، بۆچوونی ئێوە وەک حزبی شیوعی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەلی کوردستان چییە؟

ئەوەی ئێمە بیری لێدەکەینەوە، چەند بژاردەیەک هەیە، یەکێک ئەوەیە کە دەستوورێک هەیە و باسی فیدڕاڵیەت دەکات، ١٥ ساڵ بەسەر دەستوورەکەدا تێپەڕ دەبێت، پرسیارەکە ئەوەیە ئەم دەستوورە کەی جێبەجێ دەکرێت؟! پاشان پرسی گەلی کوردستان هەر تەنیا پێوەستی باشووری کوردستان نییە، بەڵکو گرێدراوی چوار پارچە و دەوڵەتە. ئەوەی پەیوەندی بە بارودۆخی باشوورەوە هەبێت، ناکرێت تۆ بە گەلی کوردستان بڵێین چاوەڕوان بکە تا عێراق دەبێت بە عێراقێکی دیموکراتی، کە بوو بە عێراقێکی دیموکراتی ئینجا دابنیشێت لەگەڵتان و مافی ئێوە بدات! چارەسەکردنی پرسی شوناس لە هەر وڵاتێکدا تایبەتمەندی خۆی هەیە، لە کوردستان دا بەم شێوازە ناکرێت، لەبەرئەوە بەبۆچوونی ئێمە باشترین شێواز بڕیاردانی مافی چارەنووسە، گەلی کوردستان سەرپشک بێت بڕیار لەسەرمافی چارەنووسی خۆی بدات. کاتێکیش دەڵێین بڕیاردانی مافی چارەنووس، مەرج نییە بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بێت، ئەوە گرێدراوی ئەو بارودۆخەیە دێتە پێشەوە. ئێمە باس لە چارەسەریی دەکەین، بەبۆچوونی ئێمە چارەسەریی فیدڕاڵی بنبەست گەیشتووە. لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە ڕژێم ڕووخاوە، لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە دەستوورێک هەیە باسی فیدڕاڵیەت دەکات و جێبەجێ ناکرێت. ئایا هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان باوەڕیان بەوە هەیە کە حکوومەتی عێراق مادەی ١٤٠ جێبەجێ بکات؟ کەواتە تاکەی چاوەڕێی جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠ بکرێت؟ ئەوە مانای وا نییە پەلامار بدەیت و کێشەکان بە توندوتیژی چارەسەر بکەیت، بەڵام دەبێت تێگەیشتنی ڕوونمان بۆ دۆخەکە هەبێت تا بزانین بەرەو کوێ هەنگاو دەنێین.