ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە شاری هەولێر ژمارەیەك لە چالاكوانان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی گردبونەوەیەكیان لە بەردەم كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە شاری هەولێر ئەنجامدا.

رۆژی پێنجشەممە 14ی ئاداری 2019 ژمارەیەك لە چالاكوانان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە یاداشتێكیاندا كە پێشكەشی كونسوڵخانەی ئەڵمانیا كرد و رایانگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی كۆمپانیاكانی وڵاتی ئەڵمانیا لە هەشتاكانی سەدەی رابردو رۆڵیان هەبوە لە فرۆشتنی چەكی كیمیایی بە رژێمی بەعس و چەكەكان لە دژی كورد بەكارهێنا و كوردی پێ جینۆساید كرا، داوا لە حكومەتی ئەڵمانیا دەكەین دان بە تاوانەكانی جینۆسایدی كورد دابنێت كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق دانی پێداناوە.

ئەو چالاكوانانەی كۆمەڵگەی مەدەنی لەیاداشتەكەدا داواشیان لە حكومەتی ئەڵمانیا كرد داوای لێبوردن لەگەلی كورد بكات.

لە یاداشتەكەشدا ئەوەش هاتوە، حكومەتی ئەڵمانیا بەشداری بكات لە كەمكردنەوەی ئازاری بریندارانی چەكی كیمیای چارەسەر كردنیان لە وڵاتی ئەڵمانیا و هاوكاریكردنی نەخۆشخانەی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە.

لەبەشێكی دیكەی یاداشتەكەدا سوپاسی ئەڵمانیان كرد لە هەڵوێست و مامەڵەیان لەبەرامبەر پەنابەرانی ئێزدی هاوكاری پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش.