ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان-ئاودێر

 

چەوساندنەوەی کرێکاران لە کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستی بەکۆیلەکردن و چالاکێکی ئەو بوارەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لەچەندین شوێن زیاتر لە هەشت کاتژمێر کار دەکرێت و مووچەش لەکاتی خۆیدا نادرێت، ئەمە جگە لەبڕینی مووچەی پشووەکان، ئابووریناسێکیش جەخت دەکاتەوە بەبێ گوێدانە ئەو زوڵمەی لە کرێکاران دەکرێت، حکوومەت ئاسانکارییەکی زۆری بۆ کەرتی تایبەت کردووە.

کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای کەمی ڕێژەکەی و زۆری دەستی کار، بەڵام لە چەندین شوێن بووەتە دۆزەخی کرێکاران، بەشێوەیەک ئیهانە و بڕینی مووچەی ڕۆژانە و زیادکردنی کاتژمێری کار بوونەتە خەسڵەتە دیارەکانی، یەکێک لە کرێکارەکانی کەرتی تایبەت کە ئامادە نەبوو ناوی شوێنی کارەکەی ئاشکرا بکات ڕای گەیاند، مانگانە بە مووچەی 400 هەزار دینار و ڕۆژانەی ١٠ کاتژمێر کارکردن کار دەکات، گوتیشی: هەندێکجار وا هەست دەکەم لە سەردەمێکی زۆر کۆن دەژیم و وەک کۆیلەکانی پێشتر بەکاردەهێنرێم، ئەو کرێکارە باس لەوەش دەکات کە چەندین کەس تەنیا لەبەر ناڕازی بوونیان لە زۆری کاتژمێری کارکردن، یان دواکەوتنی مووچە لەکار دەرکراون، ئەمە جگە لەو جیاوازییە زۆرەی لەنێوان کەسە نزیکەکانی خاوەنکار و کەسانی دیکە هەیە.

کاوە عەبدوڵا چالاکی کرێکاری، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات خاوەنکارەکان گرێبەست لەگەڵ کرێکارەکان واژۆ ناکەن، چونکە ئەگەر گرێبەستی لەگەڵ بکات ناتوانێ بیانچەوسێنێتەوە، بەوپێیەی لەڕێککەوتنەکە دەنووسرێت و ئەو ڕێککەوتنەش دەبینرێت. گوتیشی؛ کارکردنی کرێکار دەبێ لە هەشت کاتژمێر تێنەپەڕێت، بەڵام خاوەنکار زیاتر کار بە کرێکار دەکات، بەشێوەیەک جار هەیە 10 تا 12 کاتژمێر کاریان بێدەکات بەبێ ئەوەی کاتژمێرە زیادەکانیان بۆ بژمێرن. کاوە عەبدوڵا ڕوونیشی دەکاتەوە کە ڕۆژانی پشووە فەرمییەکان، کار بە کرێکاران دەکەن لەکاتێکدا بەپێی یاسای کاری عێراقی ئەگەر لەکاتی پشوو کار بە کرێکاران بکرێ دەبێ ڕۆژێک بە دوو ڕۆژ بۆیان حساب بکرێت و خاوەنکارەکانیش ئەوە ناکەن.

ئەو چالاکەی بواری مافەکانی کرێکاران باس لەوەش دەکات کە بەپێی یاسای ژمارە 39ی ساڵی 1970 دەبێ کرێکاران دەستەبەر بکرێن، بەڵام خاوەنکار تەنیا خزمە نزیکەکانی خۆی دەستەبەر دەکات و ئەوانیش بە پارەیەکی کەم، "ڕێگری لە کرێکاران دەکرێت لە شوێنی کارکردن نوێنەر بۆ خۆیان دیاری بکەن، ئەمە جگە لەوەی ڕێگریان لێدەکرێت بچنە ڕێکخستنەکانی سەندیکاکان". یەکێکی دیکە لە چەوساندنەوەی کرێکاران لەلایەن خاوەنکارەکانەوە نەدانی کرێی ڕۆژانەی کارکردنە، بەشێوەیەک لە چەندین شوێن چەند مانگێک بەسەر وادەی وەرگرتنی مووچەکانیان تێپەڕیوە و خاوەنکار مووچەی نەداوەتە کرێکارەکان، ئەو چالاکەی بواری کرێکاران پێی وایە هۆکاری چەوساندنەوەی کرێکاران لەکەرتی تایبەت بۆ جێبەجێنەکردنی یاساکان دەگەڕێتەوە، "بەو پێیەی لە یاسای کاری عێراقی ژمارە 71ی ساڵی 1987 و یاسای دەستبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی بە ژمارە 39ی ساڵی 1970 و یاسای ڕێکخستنی سەندیکایی بە ژمارە 52ی ساڵی 1987 بەڕوونی شێوازی دابینکردنی مافەکانی کرێکاران دیاری کراوە، هاوکات مافی خاوەنکاریش بوونی هەیە، بەڵام خاوەنکار جێبەجێی ناکات و حکوومەتیش لێپرسینەوە ناکات، بۆیە کرێکاران بە ئاشکرا لەکەرتی تایبەت دەچەوسێنرێنەوە". 

ئەیوب ئەنوەر سماقەیی ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ ڕای دەگەیەنێت کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان کە ئێستا بە تەواوەتی کراوەتە کەرتی تاکەکەسی جۆرێک لە سیستەمی کۆیلایەتی پەیڕەو دەکات و کارمەند یان فەرمانبەر تێیدا زۆر دەچەوسێنرێتەوە، بە پارەیەکی کەم و کارێکی زۆر، بە ڕێنمایی زۆر قورس کاریان پێدەکرێت. سماقەیی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات تێکەڵبوونێکی گەورە لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت هەیە و بە ئاسانی ناتوانرێت جیابکرێنەوە، ئەمە سەرەڕای ئەو ئاسانکارییە زۆرەی بۆ کەرتی تایبەت کراوە، بەبێ گوێدانە ئەو زوڵمەی لە کرێکاران دەکرێت. ئەو مامۆستایەی زانکۆ بەپێویستی دەزانێت لەڕێگەی ڕێنمایی نوێوە کارەکانی کەرتی تایبەت دیاری بکرێت و ئەو کەرتە ناچار بە جێبەجێکردنی یاساکان بکرێت، بە ڕێنمایی کۆتایی بەو زوڵم و ستەمە بهێنرێت کە ئەو کەرتە دەیکاتە سەر کرێکارەکانی. لەبارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو دۆخە و ڕێگریکردن لە چەوساندنەوە و بەکۆیلەکردنی کرێکاران لە کەرتی تایبەتدا، ئەیوب سماقەیی جەخت دەکاتەوە کە ئەو دۆخەی کەرتی تایبەت بە ئاسانکاری حکوومەت کراوە، بۆیە هەر لەسەر ئەو پێویستە سنورێکی بۆ دابنێت. ئەو ئابووریناسە ڕەخنە لە سەندیکاکانی کرێکاران دەگرێت و باس لەوە دەکات لەبەر پیشەیی نەبوونی سەندیکاکان نەتوانراوە فشاری گەورە دروست بکرێت و کۆتایی بەو زوڵمە بهێنرێت کە لەکەرتی تایبەتدا پەیڕەو دەکرێت.