ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگاى کوردستان

لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا شاهیدى چەندین ڕووداوى نەخوازراوبووین کە بەهۆى لاساییکردنەوەى دراما بیانییەکانەوە لەلایەن منداڵانەوە ڕوویانداوە، لەسەر ئەم ڕووداوانەش دایکان و باوکان بەشێک لە کەناڵە ناوخۆییەکان تۆمەتبار دەکەن، ڕۆژنامەنووسێک ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لەسەرجەم بوارەکاندا لەو ڕووەوە کەمتەرخەمى کراوە و توێژەرێکى کۆمەڵایەتیش جەخت لە بەرپرسیاریەتى دایکان و باوکان لە پەروەردەیەکى باشی منداڵەکانیان دەکاتەوە.

پەخشکردنى بەشێک لەو درامایانەى کە سەرجەم ئەندامانى خێزانەکان پێکەوە تەماشاى دەکەن بەتایبەتى دراما تورکییەکان لەماوەی چەند ساڵى ڕابردوودا مشتومڕێکى زۆر لە هەرێمى کوردستان لەسەر بووە و چەندین پانێڵ و کۆنگرە لەو ڕووەوە کراون، بەتایبەتى لەسەر کاریگەرییە خراپەکانى ئەو درامایانە لەسەر منداڵان و نەوجەوانان، بەوپێیەى بەهۆى لاساییکردنەوەى بەشێک لە بڕگەکانى ئەو درامایانە لە چەند ناوچەیەکى هەرێمى کوردستان چەقۆ و چەک لەلایەن منداڵان و نەوجەوانانەوە دژى هاوتەمەنەکانى خۆیان بەکارهێنراون، کە دواترینیان ڕووداوێک بوو لە گەرمیان کە تێیدا بەهۆى کاریگەری دراما بیانییەکان و دیمەنە توندوتیژەکانەوە، منداڵێک دوو چەقۆی لە برایەکی دیکەی دابوو.

سەیران سەلیم دایکى یەکێک لەو منداڵانەیە کە لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا نزیک بوو لەوەى بەهۆى کاریگەری دراما دۆبڵاژکراوەکانەوە منداڵێکى لەدەست بدات، "مێردەکەم لەیەکێک لە دەزگا ئەمنییەکان کار دەکات، دەمانچەکەى لەناو نوێنى ماڵەوە شاردبوویەوە تا بە ئاسانى نەگاتە دەستى منداڵەکانمان، ڕۆژێک کە منداڵەکانم لەگەڵ منداڵى خوشکم یارییان دەکرد نوێنى ماڵەوەیان تێکدابوو، دامانچەکەیان دەرهێنابوو، کوڕەکەم کە تەمەنى تەنیا پێنج ساڵ بوو دەمانچەکەى ڕوو لە براکەى گرتبوو کە تەمەنى سێ ساڵ بووە، پاشان فیشەکێکى تەقاندبوو، نزیک بوو لەوەى کۆتایی بەژیانى بهێنێت". بەگوتەى سەیران فیشەکەکە بەر سکى منداڵە تەمەن سێ ساڵانەکەى کەوتووە و دواى ئەنجامدانى چارەسەر باری تەندروستى جێگیر بووە، بەڵام تا ئێستاش بارى دەروونى منداڵە گەورەى باش نییە کە ساڵێک بەسەر ڕووداوەکەدا تێپەڕیوە. سەیران باس لەوە دەکات دواى ڕووداوەکە بۆیان دەرکەوتووە کوڕەکەى لاسایی یەکێک لەدراما بیانییەکانى کردووەتەوە.

بەشێک لە هونەرمەندان و ئەکتەران سەرەڕاى ئەوەى بێزارى و ناڕەزایەتى خۆیان دژى پەخشکردنى دراما بیانییەکان ناشارنەوە، هاوکات ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە هەندێکجار نەبوونی درامای کوردی و ئاسانى دەستکەوتنی دراما بیانییەکان بەتایبەتى دراما تورکییەکان بوونەتە هۆکارى ئەوەى زۆرترین دراما بەبێ گوێدانە هیچ پڕەنسیپێک دۆبلاژبکرێن و پاشان بڵاوبکرێنەوە، ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پەخشکردنی ئەو دراما دۆبلاژکراوانە یەکێکن لەو هۆکارانەى کە هاووڵاتییان کەمتر بینەرى ئەو دراما و شانۆیانە بن کە لە هەرێمى کوردستان ئەنجام دەدرێن، سەرەڕاى کەمى رێژەکانیان.

دیلان عەلى ڕۆژنامەنووس لەبارەى کاریگەرییەکانى دراما دۆبلاژکراوەکان لەسەر منداڵان و نەوجەوانان ڕاى دەگەیەنێت، کێشەکە تەنیا لاى کەناڵە ناوخۆییەکان نییە، بەڵکو حکوومەت و دایکان و باوکانیش بەرپرسیارن لەو ڕووەوە، ئەو ڕۆژنامەنووسە باس لەوەش دەکات کە کەناڵە ناوخۆییەکان بێ گوێدانە هیچ بەهایەکى ئینسانى و ئەخلاقی و کەلتوورى تەنیا بەدواى ڕێگەیەکدا دەگەڕێن زۆرترین بینەریان هەبێت و لەو ڕووە قازانجى مادى بەدەست بێنن. گوتیشی: "حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەدیاریکراوى وەزارەتى ڕۆشنبیرى لەسەرى پێویستە کە بەیاسا و ڕێنمایی ئەمە ڕێکبخات، چونکە تۆ ناتوانی ڕێگرى لە پەخشکردنى دراماکان بکەى، ئەمە پێچەوانەى ئەو کرانەوە و پێشکەوتنانەیە کە هەمووان بانگەشەى بۆ دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە شتى باش و خراپ لێک جیابکرێتەوە". دیلان پێی وایە دەبوو وەزارەتى ڕۆشنبیرى پاڵپشتى بەشێک لەو درامایانە بکات کە دەزانێت کاریگەری باشیان لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، بەپێچەوانەوە جۆرێک لە ڕێکارى یاسایی دژى ئەو درامایانە دیاری بکات کە توندوتیژى بەرهەم دەهێنن یان دژى گەلى کوردستانن بڵاوکراونەتەوە، چونکە بیرمان نەچێت "پەخشکردنی‌ دراما بیانییەکان بەتایبەتى تورکییەکان پرۆسەیەکی‌ بێ ئامانج نییە".

هەر لەسەر کاریگەرییەکانى دراما دۆبڵاژکراوەکان لەسەر منداڵان و نەوجەوانا، شەمال عوسمان توێژەرێکى کۆمەڵایەتى جەخت لەوە دەکاتەوە کە دایکان و باوکان زیاتر لە حکوومەت و کەناڵە ناوخۆییەکان بەرپرسیارن لە پەروەردەکردنى منداڵەکانیان؛ "زۆرێک لە دایکان و باوکان خۆیان سەیرى ئەو درامایانە دەکەن کە توندوتیژیان تێدایە و دەشیانەویت منداڵەکانیان سەیرى نەکەن، یان هەندێک جار دایک و باوک هۆشیارى ئەوەی هەیە کە ئەم درامایە کاریگەرى خراپ لەسەر منداڵەکەى بەجێدەهێڵێت، بەڵام لەبەر پێداگرى منداڵەکە ڕێگر نابێت لەسەیرکردنى". ئەو توێژەرە جەخت لەوە دەکاتەوە بەوپێیەى سیستەمێکى دیاریکراو نییە بۆ کاتى بەخشتى دراما دۆبلاژکراوەکان بۆیە ئاسان نییە ڕێگرى لەمنداڵ بکرێت سەیریان نەکات، بەتایبەتى لە کۆمەڵگەى کوردی کە زۆربەی ئەندامانی خێزان لەیەک ژووردا سەیرى تەلەفزیۆن دەکەن.