ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات، داوا لە وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق دەكەین مووچەی پێشمەرگە بۆ هەرسی مانكی (1 و 2 و 3)ی ئەمساڵ رەوانەی هەرێم بكرێت.

رۆژی پێنج شەممە 11ی ئاداری 2019 فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لەراگەیاندراوێكدا رایگەیاند، عادل عەبدولمەهدی رەزامەندی پیشانداوە لەسەر خەرجكردنی ئەو پارەیەی لە بودجەی عێراقدا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە تەرخانكراوە.

یاوەر راشیگەیاند، نوسراوێكی بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە لەبارەی گواستنەوەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ موچەی پێشمەرگە تەرخانكراوە، بۆ سەر حسابی وەزارەتی دارایی تا پارەكە خەرج بكرێت.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی، بڕە پارەكە مانگانە ٦٨ ملیار دینارە، كە بۆ ساڵێك دەكاتە ٨١٦ ملیار دینار‌و موچەی ساڵێكی هێزەكانی پێشمەرگەیەو لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە خەرج دەكرێت، هەروها لە نوسراوەكەی حكومەتی بەغدادا داواكراوە ئەو بڕ پارەیە بەپێی رێكارەكان خەرج بكرێت.

جەبار یاوەر باسی لەوەشكردووە، وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاریداوە هەفتەی داهاتوو، نوێنەرێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە بچێت بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی سەردانی وەزارەتەكانی دارایی و بەرگریی عێراق بكات بۆ زانینی رێككارەكانی چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو پارەیە.

 هەروها وتیشی، لە رێگەی ئەو نوێنەرەوەو بە نوسراو وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە حكومەتی عێراق دەكات موچەی مانگەكانی 1 و 2 و 3ی ساڵی 2019 پێكەوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە خەرج بكات.