ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەبارەی جینۆسایدی (ئەنفال) بەیاننامەیەك لەفراكسیۆنی ئازادییەوە.

لەیادی 31 ساڵەی كارەساتە بەدناوەكەی ئەنفالدا كە لەسەر دەستی رژێمی بەعسی روخاوی عێراق و هاوكارەكانی رویدا، ئێمە لەفراكسیۆنی ئازادی لەپەرلەمانی كوردستان سەری رێز و نەوازش بۆ كەسوكاری شەهیدان و بێسەروشوێنانی ئەنفال دادەنەوێنین و داواكارین لەهەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لەئاستی ئەو كارەساتەدا چیدیكە كەمتەرخەمی نەنوێنن و چارەنوسی بێسەروشوێنكراوان بەفەرمی یەكلابكنەوە و هەوڵی گێڕانەوە روفاتی شەهیدانی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی ئەنفالكراوەكان بدەن و قەرەبووی مەعنەوی و ماددییان بدەن.

گەلانی ناوچەكە شاهێدی ئەوەن كە لەهەشتاكانی سەدەی رابردودا، گەلی كوردستان لەژێر و ناو و دروشمی بێمانا و سەیردا چەندین شاڵاوی سەربازی و پاكتتاوكردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەعسەوەكراوەتە سەر، تا كار گەیشتە ئەوەی لەپڕۆسە بەدناوەكەی ئەنفالدا 182 هەزار كەس بێسەروشوێنكراون و سەدان گوند و ئاوایی خاپوركران و ژینگەی نیشتیمانەكەشمان شوێنرا و چەكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتیشمان لەسەر تاقیكرایەوە.

پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەجددی و بەپەلە كار لەسەر داواكارییەكانی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان بكات لەگەڵ چارەسەركردنی پزیشكی و هاوكارییە دەرونییەكان و فەراهەمكردنی ژیانی شایستە و شەرەفمەندانە بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان و جینۆساید و ژینگەكەیان ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی دیكەی هەرێم و عێراقیشە.

د.محی الدین حسن

سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی

لەپەرلەمانی كوردستان

13/4/2019