ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای دەكات، ئەمریكاو ئەڵمانیا بەهۆی ئاڵۆزی باوردۆخی ناوچەكەوە مەشقپێكردنیان بەهێزەكانی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان راگرت.

رۆژی چوارشەممە 15ی ئایاری 2019 فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم بەمیدیاكانی ناوخۆی راگەیاند، "ئەمریكاو ئەڵمانیا وەك رێوشوێنێكی خۆپاراستن هەموو چالاكییەكانیان لەڕووی سەربازییەوە، وەك مەشق و راوێژكاری لەگەڵ سەرجەم هێزە عیراقییەكان بەهێزی پێشمەرگەوە راگرتوە، بەڵام تائێستا هیچ شتێكی رەسمی نەهاتووە بۆ ئێمەو ئاگادارمان بكەنەوە، ئەوەی هەیە لەلایەن حكومەتی وڵاتەكانیانەوە ئاگاداركراونەتەوە".

یاوەر راشیگەیاند، سەرجەم چالاكییەكان لەهەرێم و عیراق سڕكردوەو هۆكارەكەشیان بۆ ئاڵۆزبوونی ناوچەكە گەڕاندوەتەوە، بەڵام دەڵێن راگرتنی مەشقەكان بۆ ماوەیەكی كاتییە.

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستەروو، لەلایەن هاوپەیمانانەوە مەشق لەهێزەكانمان كراوەو مامۆستای مەشقیان بۆ پێگەیاندوین، بۆیە ئەگەر ئەو وڵاتانە مەشقەكانیان بەهێزی پێشمەرگە رابگرن، ئەوكاتە وەك وەزارەت بڕیاردەدەین ئەو مامۆستایانە مەشق بەهێزەكانی پێشمەرگە بكەن.

لە لایەكی دیكەوە حكومەتی هۆڵەندا رایگەیاند، بەهۆی مەترسی ئەمنیەوە كار و چالاكییەكانی نوێنەرایەتی و ڕاهێنانی تیمەكانیان بە هێزەكانی سوپای عێراق و پێشمەرگە ڕاگرت..

ئاژانسی هەواڵی هۆڵەندا بڵاویكردەوە، بەهۆی مەترسی ئەمنییەوە حكومەتی وڵاتەكەی ئەو هەنگاوەی ناوە لە عێراق.