ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا رایدەگەیەنێت، پێویستە حكوومەتی هەرێم مووچەی سێ‌ مانگی فەرمانبەران خەرج بكات.

دەقی راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی:

دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان خەرج بكرێت

پێویستە حكوومەتی هەرێم مووچەی سێ‌ مانگی فەرمانبەران خەرج بكات وەك مافێكی سەرەتایی فەرمانبەران لە چوارچێوەی نەخشەیەكی ڕاگەیەندراودا، هاوكات ئەركی حكوومەتی هەرێمە زانیاری راست و دروست لە بارەی داهات و خەرجییەكان بۆ رای گشتی بڵاو بكاتەوە وەك مافێكی گشتی وەك ئەوەی لە یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریدا هاتووە. 

هاوكات دەبێت ئەوەش بزانین پێكنەهێنانی كابینەی تازە و نەبوونی یاسای بودجە دەستی حكوومەتی ئاوەڵاكردووە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاساییدا مامەڵە لەگەڵ پرسەكانی كۆمەڵگاو مووچەی فەرمانبەراندا بكات، ئەوەش لە كاتێكدا حكوومەتی هەرێم رۆژ لەدوای رۆژ لە بەرپرسیارێتییەكانی بەرامبەر ژیانی جڤاكی خۆی دەدزێتەوە و چارەنووسی كەرتە گرنگەكان و خزمەتگوزارییەكان رادەستی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت دەكات لە چوارچێوەی سیاسەتی بەتایبەتكردن وەك بەشێك لە پاكێجی سیاسەتی نیولیبرالیزمی ئابووری .

ئێمە پێمان وایە خەرج نەكردنی مووچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا نەك هەر كاریگەری تەواو نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی فەرمانبەران و خەڵكی كوردستان دروست دەكات، بەڵكو قەیرانە ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانیش قوڵتر دەكاتەوە.

لەو روانگەیەوە جارێكی تر دووپاتی دەكەینەوە كە دەبێت حكوومەتی هەرێم پابەند بێت بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و تەسفیەی حیساباتی دارایی خۆی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بكات ناكرێت پاش هەموو ئەو ساڵانە لە سەپاندنی زۆرملێیانەی پاشەوكەتی مووچە و بەتایبەت پاش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە، جارێكی تر حكوومەتی هەرێم دەست بۆ مووچەی فەرمانبەران ببات، كە ئەوەی ئێستا هەستی پێدەكرێت سەپاندنەوەی ستەمی پاشەكەوتی مووچەیە، بەڵام بە جۆرێكی تر.

مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان 

28ی ئایاری 2019