ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە پێناو ڕەخساندنی هەلی وەبەرهێنان لە بواری خوێندنی باڵا و هاندانی زانكۆ پێشكەوتووەكانی جیهان بۆ كردنەوەی لقی زانكۆكانیان لە هەرێمی كوردستان و بەرزكردنەوەی كوالێتی و دروستكردنی كێبركێی زانستی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رێنمایی كردنەوەی لقی زانكۆی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە، ئامانج لەم رێنماییە بریتیە لەوەی كوردستان ببێتە ناوەندێكی زانستی و ئەكادیمی بۆ وەرگرتنی خوێندكارانی هەرێم و عێراق و وڵاتان لەم لقی زانكۆیانە، لەلایەكی دیكەشەوە هەلی خوێندنی زیاتر بۆ خوێندكارانی هەرێمی كوردستان و نێودەوڵەتی دڕەخسێنێت، بە ڕەچاوكردنی پڕۆسەی بەرزڕاگرتنی كواڵیتی خوێندن.

ڕێنماییەكە كە ئیمزای (د. یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەرەو لە (٢٧/٥/٢٠١٩) بە ژمارە (٨٠٥٤) دەرچوە، تیایدا هاتوە هەر زانكۆیەك لە ڕیزبەندی زانكۆكانی جیهاندا ئاستی لە (1000) هەزارەمینی زانكۆكانی جیهان بێت لە هەمان ساڵی پێشكەشكردن بە پێی ئەو سیستەمەی ریزبەندی كە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دیاری دەكرێت، دەتوانێت پرۆپۆزەڵ پێشكەش بكات بۆ كردنەوەی لقی زانكۆ‌ لە هەرێمی كوردستان، بەجۆرێك یاسای وڵاتی زانكۆی دایك بەسەریان جێبەجێدەكرێت لەگەڵ رەچاوكردنی یاسا و رێنماییەكانی هەرێمی كوردستان.

بەپێی بڕگەیەكی دیكەی ئەو رێنماییەی كە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاوی كردۆتەوە، بۆ ئامادەكردنی پڕۆپۆزەڵی زانستی كردنەوەی لقی زانكۆی تایبەت پێویستە لقی زانكۆ نێودەوڵەتییەكە زانیاری ڕوئیاو پەیام و ئامانج و پلانی ستراتیجی و پەیكەری كارگێڕی و سیستمی بەڕێوەبردن و داڕشتنی پرۆگرام و یەكەكانی خوێندن و چوارچێوەی بڕوانامەكان و ئاكامەكانی پڕۆسەی خوێندن و فێركردن بە جۆرێك كە گونجاو بێت لەگەڵ سیستمە كارپێكراوە جیهانییەكان بەتایبەت سیستمی بۆڵۆنیا ڕوو بكاتەوە. هاوكات پێویستە داڕشتنی پلانی گونجاو بۆ هەڵسەنگاندنی ئاكامەكانی پرۆسەی خوێندن و فێركردن و داڕشتنی پلانی گونجاو بۆ پەرەپێدانی بەردەوامی پڕۆگرامەكان و جێبەجێكردنی بنەماكانی دڵنیایی جۆری پڕۆسەی خوێندن و فێركردن و توێژینەوە و وردەكاری توانا مرۆییەكان و ستافی ئەكادیمی و كارگێڕی و هونەری بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە و وردەكاری بینا و ژێرخان و سەرچاوە زانستییەكانی پێویست لەخۆ بگرێت.

هەر لە ڕینماییەكاندا ئەوە ڕوون كراوەتەوە بڕیاری كۆتایی كردنەوەی لقی زانكۆ نێودەوڵەتییەكان بەپێی یاسای ژمارە (٢) ی ساڵی (٢٠١٣)ی زانكۆ تایبەتەكان، لە كاتی داواكاری كردنەوەی لقی زانكۆی نێودەوڵەتیەكە، دوای پەسەندكردنی كۆنووسی كۆتایی لیژنە لە لایەن وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پڕۆژەكە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەكرێت بۆ مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ و پەسەندكردنی، لە حاڵەتی پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزارەت، دواجار پڕۆژەكە ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت بۆ پەسەندكردنی كۆتایی.

لە بارەی مەرجە گشتیەكانیش بۆ كردنەوەی لقی زانكۆ نێودەوڵەتییەكان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەند مەرجێكی دیاری كردوون، بەپێی مەرجەكان پێویستە ستافی وانەوتنەوە لە لقی زانكۆ نێودەوڵەتیەكە لە هەرێمی كورستان، بە لایەنی كەم (50%)ی ستافی نێودەوڵەتی بێت و پێویستە ژێرخان و پێداویستی زانستی لقی زانكۆ نێودەوڵەتیەكە لە هەرێمی كوردستان بە هەمان ستانداردی زانكۆی دایك دەستەبەر بكات و هاوشێوەی زانكۆی دایك متمانەی نێودەوڵەتی هەبێت. هەروەها سیستمی بەڕێوەبردن لە لقی زانكۆ نێودەوڵەتیەكه دەبێت بە‌ هەمان مەرج و رێنمایی زانكۆی دایك بێت. لەهەمان كاتدا دەبێت وەرگرتنی خوێندكار و پڕۆگرامی خوێندنی بەشەكان هەمان مەرج و رێنمایی زانكۆی دایك ‌بێت و لە كاتی دانانی پڕۆگرام، پێویستە رەچاوی بازاڕی كاری هەرێمی كوردستان بكرێت.

لە ڕێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەش هاتووە كە لقی ئەو زانكۆ نێودەوڵەتیانەی كە لە هەرێمی كوردستان پێش دەرچوونی ئەم رێنماییە كراونەتەوە، مەرجە لە سەرەتای ساڵی داهاتوی خوێندن (2019-2020) خۆیان لەگەڵ ناوەرۆكی ئەم ڕێنماییە بگونجێنن.