ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی کاروباری مامۆستایان لە سەرجەم دامودەزگا حکومی و تایبەتەکان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد.

لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند بە فەرمانی وەزاری ژمارە (٨٢٠٢) لە (٢٩/٥/٢٠١٩) کە ئیمزای (د. یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەرەو بەئامانجی ڕێکخستنەوەی کاروبارەکانی مامۆستایان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان، بە هیچ شێوەیەک مامۆستایانی زانکۆ و ئەنجومەن و دەستە و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی وەزارەتەکەمان بۆیان نییە لە زانکۆکانی دەرەوەی هەرێم یاخود دەرەوەی عێراق وانەبڵێنەوە.

هەروەک ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەو زانکۆ و ئەنجومەن و دەستە و پەیمانگە حکومی و تایبەتانەی کە پڕۆتۆکۆڵی لێکتێگەیشتنیان سەبارەت وانەوتنەوەی مامۆستایانی هەرێمی کوردستانیان هەیە لە زانکۆ و پەیمانگەکانی دەرەوەی هەرێم یاخود دەرەوەی عێراق، بەهەمان شێوە بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتەکەمان بۆیان نییە بە هیچ شێوەیەک وانەبڵێنەوە.

لە کۆتایشدا وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیگەیاند زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان بەرپرسیارن لە ڕێگەپێدان لە چوونی مامۆستایانیان بۆ وانەوتنەوە لە زانکۆ و پەیمانگاکانی دەرەوەی هەرێم یاخود دەرەوەی عێراق، بۆیە هەر مامۆستایەک لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بە ناوەڕۆکی فەرمانەکە ئەوا وەزارەتەکەمان ڕێکاری یاسایی پێویست دەگرێتەبەر تا دەگاتە دوورخستنەوە لە شوێنی کارەکەی.