ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گەڵا جاف

بە بڕیاری قایمقامی كەلار، بەكارهێنانی كیسەی نایلۆن لە سەمونخانە و نانەواخانەكان قەدەغەكرا و پێویستە كیسەی كاغەز بەكاربهێنن، هەركەس سەرپێچی بڕیارەكە بكات سزا دەدرێت.

سیروان حەسەن، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی كەلار بە (رێگای كوردستان)ی راگەیاند" لیژنەی باڵای لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی شارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بریاری قەدەغەكردنی كیسەی نایلۆنی بۆ سەمونخانە و نانەواخانەكان دەكرد".

ئەوەشی خستەروو" ماوەی بیست رۆژ مۆڵەتمان بە نانەواخانەكانداوە وازلە كیسە نایلۆن بهێنن و زەرفی كاغەز بەكاربهێنن، هاوكات پێویستە قوماشی خام‌ یان دارحەسیری سروشتی بەكاربهێنن بۆ سەر مێزەكانیان نەك حەسیری لە نایلۆن دروستكراو و بە پێچەوانەوە بەپێی یاسا سزایان دەدەین.

باسی لەوەشكرد " كە نان و سەمونی گەرم، ئەگەر بكرێتە ناو كیسەی نایلۆنەوە زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت، ڕەنگە بەكارهێنەر تووشی نەخۆشی درێژخایەن و نەخۆشی شێرپەنجە بكاتەوە".