ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

پەرلەمانی كوردستان رۆژی دووشەممە 7ی تەمموزی 2019 دانیشتنی ژمارە (12)ی ئاسایی خولی بەهارە لە ساڵی یەكەمی خولی پێنجەمی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، تیایدا یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەموار كردەوە.

بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان بریتی بوو لە دەنگدان لەسەر پێشنیازی یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2009 یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و خستنەڕووی راپۆرتی لیژنەی یاسایی بەپێی حوكمی مادەكانی (87 و 88 و 89) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.، هەروەها كۆنووسی دانیشتنی پێشوو و ناوی ئەندامانی ئامادەنەبوو و مۆڵەتپێدراو خوێندرایەوە.

پاشان سەرۆكی پەرلەمان داوای لەهەردوو لیژنەی كاروباری یاسایی و پێشمەرگە و ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان كرد بێنە شوێنی مەبەست بۆ خستنەرووی راپۆرتی هاوبەش و كۆتایی هەردوو لیژنەكە دوای داڕشتنەوەی بە رەچاوكردنی سەرنج و پێشنیازی ئەندامانی پەرلەمان سەبارەت بەپێشنیازی یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2009 یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.

سەبارەت بە ماددەی یەكەمی پێشنیازی یاساكە سێ پێشنیاز هەبوون و هەرسێكییان بەجیا خرانە دەنگدانەوەو رەتكرانەوەو دواتریش مادەكە وەك خۆی خرایە دەنگدانەوەو بەزۆرینەی دەنگ پەسندكرا و تیایدا ئەوە جێگیر كرا كە هەڵبژاردنی پارێزگار لەناو ئەنجوومەن یاخود لەدەرەوی ئەنجوومەن بەزۆرینەی رەهای ئەندامانی ئەنجوومەن دەبێت.

مادەی دووەمیش پێشنیازێكی نوێ لەلایەن پەرلەمانتارانەوەو پێشكەش كرابوو، دەنگی پێویستی نەهێناو مادەكە وەك خۆی خرایە دەنگدانەوەو بەزۆرینەی دەنگ پەسندكرا و بەپێی هەمواری یاساكە ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەردەوام دەبن لەكارەكانیان تا هەڵبژاردنی خولێكی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاكان.

مادەكانی سێیەم تا پێنجەم تایبەتبوون بەحوكمە كۆتاییەكان و هەردوو مادەی سێیەم و چوارەم بەكۆی دەنگ و ماددەی پێنجەم بەزۆرینەی دەنگ پەسندكران، هۆكارەكانی دەرچوواننیش دوای داڕشتنەوەی بەزۆرینەی دەنگ پەسندكرا.

دواتریش كۆی یاساكە خرایە دەنگدانەوەو بەزۆرینەی دەنگ پەسندكرا. بەو بۆنەیەشەوە سەرۆكی پەرلەمان پیرۆزبایی لەگەلی كوردستان و ئەندامانی پەرلەمان كرد بەبۆنەی دەرچوواندنی ئەو هەموارەو بەمشێوەیە كۆتایی بەدانیشتنەكە هات.

مەبەست لە هەمواركردنەوەی یاساكە بۆ دروستنەبوونی بۆشایی یاسایی لە ئەنجوومەنی پارێزگاكان و بەردەوامبوونیان لە پیادەكردنی ئەركەكانیان بەمەبەستی فەراهەمكردن و گەیاندنی خزمەتگوزراییەكان بە هاووڵاتییان بەشێوەیەكی باشتر.