ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگاى کوردستان

ڕۆژى ٤/٣/٢٠١٩ دوو پیاو بە هاوکاریی دوو ژن دەستدرێژیی سێکسی دەکەنە سەر منداڵێکى تەمەن حەوی ساڵان و دواى تێپەڕبوونى نزیکەى مانگێک لە ڕووداوەکە و لە ڕۆژى ١٤/٤/٢٠١٩ هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیر دەکرێن و لە بنکەی پۆلیسی ڕاستی دان بە تاوانەکەیاندا دەنێن، بەڵام پاش تەنیا دوو مانگ لە دەستگیرکردنیان لە ١٧/٦/٢٠١٩ تاوانباران ئازاد دەکرێن و دواتریش هەڕەشە لە باوکى کچەکە دەکەن و داواى لێ دەکەن لە سکاڵاکەى بکێشێتەوە.

تۆمەتبارەکان بە مادەی 393 دەستگیرکراون و ئازادکردنەکەشیان لەلایەن دادگاوە بە کەفالەت پێچەوانەى یاسا بووە، بەو پێیەى بە گوتەى پارێزەرێک مادە یاساییەکە ڕێگرى دەکات لە ئازادکردنى تۆمەتباران، هەربۆیە ئازادکردنەکەیان ناڕەزایەتی خێزانەکەى و چالاکانى لێ کەوتەوە و دژى ئەم حاڵەتە و بۆ پاڵپشتى لە باوکى کچەکە، کە بەگوتەى خۆى پاش ئەنجامدانى دەستدرێژییەکە و ئازادکردنیشیان تۆمەتبارەکان هەڕەشەیان لێکردووە و چوونەتە سەر ماڵەکەى، ژماریەک لە چالاکی مەدەنئ، پارێزەران و کەسوکارى کچەکە، لەبەردەم ئەنجوومەنى دادوەرى لە شارى هەولێر گردبوونەوە.

باوکى کچەکە دەڵێت: تاوانبارەکان کەسانى دەستڕۆیشتوون، لەناو هێزە ئەمنییەکاندا خەڵکیان لەگەڵە، چەند بەرپرسێک لە پشت ئەم بابەتەن، عەقید و عەمیدی پۆلیس و بەرپرسی پلە بەرزتریش لە پشت ئەوانە و هاوکارییان دەکەن. لوقمان ئیسماعیل باوکی ئەو کچەی دەستدرێژی کراوەتەسەر باس لەوەش دەکات کە پۆلیسی عەدالە وازی لێ ناهێنن، چەندین جار چوونەتە سەر ماڵەکەى و داواى کشانەوەى سکاڵاکەیان لێکردووە.

ئاسۆ هاشم پارێزەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئازادکردنى تاوانبارانى دەستدرێژییەکە پێچەوانەى یاسایە و تەنانەت لە مادە یاساییەکەدا هاتووە دادوەر دەتوانێت بڕیاری لە سێدارەدانیش بۆ تاوانباران دەربکات.

ئەنجامدانى دەستدرێژى سێکسی بۆ سەر منداڵان لە هەرێمى کوردستان لە ماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا چەندین جار دووبارە بووەتەوە و لەسەروبەندى هەمان کەیسدا لە لە مانگى ڕابردوو لە شارى دهۆک کەسێک دواى هەوڵدانى بۆ ئەنجامدانى دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵێک کوشتویەتى.

بەگوتەى چالاکان دووبارەبوونەوەى ئەم حاڵەتانە لە هەرێمى کوردستان لەکاتێکدایە کە هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتى دادوەرى چاوپۆشی زۆر لە تۆمەتباران دەکەن و بەشێکى زۆرى بکەرانى دەستدرێژی سێکسی و تەنانەت هەندێکجار کوشتنیش ئازاد دەکرێن.

لەسەر ئەم پرسە، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت و مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە جێگەی نیگەرانییە چەندین تاوان ئەنجامدەدرێت دواتر بەهۆی پشتیوانی کەسانێکی دەستڕۆیشتووی ناو حزب تاوانباران ئازاد دەکرێن، "ئێمە بەدواداچوون لەبارەی ئەو کەیسانە دەکەین کە بەرانبەر بەمنداڵان و کەسانی دیکە و ژنان دەکرێت، نابێت ڕێگە بەپشتیوانیکردنی کەسانی تاوانبار بدرێت". گوڵستان باس لەوەش دەکات کە بەبێ سەربەخۆیی دادگاکان وڵات بەرەو پێش ناڕوات و هاوکات داواش لە دەسەڵاتى دادوەرى دەکات سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن و نەکەونە ژێر هەژموونی حزب و بەرپرسان.

زیا پترۆس سەرۆکى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ، ڕای دەگەیەنێت، ئازادکردنى تاوانبارانى دەستدرێژى سێکسی بۆ سەر منداڵە هەشت ساڵانەکە هەڵەیەکى گەورە بووە و ناتوانرێت چاوپۆشی لێبکرێت، جەختیش دەکاتەوە بەپێى یاسا تاوانبارەکان کە ژمارەیان زیاترە لەیەک کەس و دەستدرێژییەکەش بۆ سەر کچۆڵەیەکی خوار تەمەن 18 ساڵ بووە، هاوکات بەهۆى ئەوەى کە دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، بەهیچ شێوەیەک و هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت تاوانبارەکان ئازاد بکات.

سەرۆکى دەستەى سەربەخۆى مافى مرڤ باس لەوەش دەکات کە ئەوەى باوکى منداڵەکە دەیڵێت لەبارەى فشارەکانى سەرى و ترساندنى لەلایەن کاربەدەستانى ئەمنییەوە زۆر ڕاستە و ئەوان بەڵگەى تەواویان لەبەردەستدایە کە چەندین دادوەر پێشتر یاسایان پێشێل کردووە. گوتیشی؛ "ئازادکردنى ئەو تاوانبارانە حاڵەتەکانى دەستدرێژى سێکسی بۆ سەر منداڵان لە هەرێمى کوردستان زیاد دەکات و ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ دووبارەبوونەوەى حاڵەتى هاوشێوە". زیا پترۆس باس لەوەش دەکات کە بەهۆى پێشێلکردنى یاسا لەلایەن دادوەرەکانەوە، هاووڵاتییان متمانەیان بە دەسەڵاتى دادوەرى نەماوە، سەرۆکى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ بە پێویستى دەزانێت بۆ ڕێگریکردن لە ئازادکردنى تاوانباران لەلایەن دادوەرانەوە، سەرپەرشتیارى دادى دابنرێت، تاکو هەڵەى دادوەرەکان چارەسەر بکات.