ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان

بەهۆی زۆر بڕی پارەی وەرگیراو لە هاووڵاتییان، ناڕەزایەتییەکی فراوان لەبارەی پێوەری میکانیکی ئاو دروست دەبێت، وەزارەتی شارەوانیش ڕەتی دەکاتەوە کارکردن بە سیستەمەکە ڕابگرێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات بۆ نزیکەی لە 40%ی شار و شارۆچکەکان پێوەرەکە دانراوە، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش ڕای دەگەیەنێت گەندەڵییەکی زۆر لە پڕۆژەکەدا کراوە.

پڕۆژەی دانانی پێوەری میکانیکی ئاو کە ماوەی چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە تا ئێستا بەردەوامی هەیە و بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان پێوەرەکە بۆ نزیکەی 40%ی شار و شارۆچکەکان دانراوە و لەماوەی داهاتووشدا سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لە سەرەتای مانگی تەمووزیشەوە هەر ماڵێک پێوەرەکەی نەبەستبێت بڕی سەد هەزار دیناری مانگانە غەرامە دەکرێت.

هەرچەند بەشێک لە شارەزایان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پڕۆژەی دانانی پێوەری ئاو کە لەپێناو بەفیڕۆنەدانی ئاو دانراوە هەنگاوێکی باشە، بەڵام زۆری بڕی ئەو پارەیەی کە بۆیان هاتووەتەوە، بەشێک لە هاووڵاتییانی نیگەران کردووە، بەوپێیەی چەندین هاووڵاتی زیاتر لە 100 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە، هاوکات لەچەند ماڵێکی دیکەش زیاتر لە یەک ملیۆن دیناریان بۆ هاتووەتەوە کە ئەمە ڕێژەیەکی زۆرە و وەزارەتی شارەوانیش خۆی درکی بەوە کردووە، بەڵام بەگوتەی وەزارەتی شارەوانی تەنیا سکاڵا لەو کەسانە وەردەگیرێت کە زیاتر لە سەد هەزاریان بۆ گەڕاوەتەوە.

ناڕەزایەتییەکان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان هەیە، بۆ نموونە لە شاری هەولێر چەند ماڵێک زیاتر لە یەک ملیۆن دینار پارەی ئاویان بۆ گەڕاوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر ماڵ زیاتر لە سەد هەزاریان بۆ هاتووەتەوە و بۆشیان نییە سکاڵا تۆمار بکەن.

مەسعوود کاڕەش بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر لەمبارەیەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەوان پێشتر هاووڵاتییانیان لە دانانی پێوەر و بەفیڕۆنەدانی ئاو ئاگادار کردووەتەوە و ڕێنمایی پێویستیان لەسەر ئەو بابەتە پێدراوە، بەڵام ئەگەر بەپێی رێنماییەکان کاریان نەکردبێت خۆیان بەرپرسن لە بڕی ئەو پارەیەی لەبەرانبەر بەکارهێنانی ئاو بۆیان هاتووەتەوە، بەگوتەی مەسعوود کارەش لە کۆی 860 هەزار بەشداربوو، 727 هەزاریان لە 25 هەزار دینار کەمتری بۆ هاتووەتەوە، "ئەمەش مانای سەرکەوتنی پرۆژەکەیە و ئەو ڕاستییە نیشان دەدات کە زۆربەی هاووڵاتییان ڕێنماییەکانیان جێبەجێ کردووە".

بەپێی بەدواداچوونەکان ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، هاتنەوەی بڕێکی زۆر پارە پەیوەندی بە خراپی کوالێتی پێوەرەکانی ئاو هەیە، بەشێوەیەک زۆرێک لە پێوەرەکان هەوایش دەخوێننەوە.

پرسی خراپی پێوەری ئاوی ماڵان پەیوەندی بەو گەندەڵییەوە هەبووە کە لە پڕۆسەی کڕین و دانانی پێوەرەکاندا کراوە، کە بەگوتەی ئەندامێکی پەرلەمان تەندەرەکان بۆ کەسی حزبی دانراون و لە کاتی جێبەجێکردنیشدا چەند دەستێکیان پێکراوە.

دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، باس لەوە دەکات کە پێوەری ئاو بۆ ماڵان، لە سلێمانی کۆمپانیای جنوون، لە هەولێر و دهۆک کۆمپانیای ئاراس دایانناوە، بڕیار بووە بەپێی تەندەرەکانیان کۆمپانیای ئاراس پێوەری ئاوی ئەڵمانی و تورکی بۆ ماڵان دابنێت، کۆمپانیای جنوونیش پێوەری ئیتاڵی، بەڵام لە یەکەم هێنانی 100 هەزار پێوەردا 55 هەزار پێوەری ئاو لە چینەوە هێنراون. بەگوتەی ئەو ئەندامەی پەرلەمان نرخی هەر پێوەرێک بە کوالێتی بەرز و بەپێی تەندەرەکان لە نێوان 18 بۆ 20 دۆلاردا بووە، بەڵام کەمترین پارە لە هاووڵاتی وەرگیرابێت 40 دۆلار بووە. دابان دەڵێت: پێوەرەکانی ئاو پێش دانیان، تاقی نەکراونەتەوە لە ئامێری بێن تێست، پێوەرە چینییەکان هەواش دەخوێنێتەوە.