ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پەرلەمانی كوردستان لەدانیشتنی ژمارە (10)ی ئاسایی خولی پێنجەمی خۆیدا، لەڕێكکەوتی 6-7-2019، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەمواركردنەوەی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (3)ی ساڵی 2009 ئەنجامدا، كە ئەوانیش بریتیین لە:

- درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان.

- ڕێگەدان بە هەڵبژاردنی پارێزگار لەدەرەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنیشەوە.

ئێمە وەك پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن بۆچوونی خۆمان لەبارەی ئەو هەمواركردنەوەیە بەم شێوەیەی خوارەوە دەخەینە ڕوو : 

* ئامانج لە دەرچوونی یاسای پارێزگاكان قوڵكردنەوەی پرەنسیپی لامەركەزییە لەڕێگەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆجێیی پارێزگاكان، بەڵام ئەم هەمواركردنەوەیە مافی هەڵبژاردن بۆ دیاریكردنی پارێزگار لە هاووڵاتییان دەسەنێتەوە و ئەوەش كوشتنی ڕۆحی لامەركەزیەتە.

* چەسپاندنی لامەركەزیەتی كارگێڕی پێویستی بە زیاد لە یاسایەكە و تەنیا بە یاسای پارێزگاكان ڕووماڵ ناكرێت، 

چ جای ئەوەی وەك ئێستا بە پەلەپروزكێ‌ و پینەوپەڕۆ ئەو دوو بڕگەیەی یاساكە هەمواربكرێتەوە. 

* لەبری ئەوەی ماوەی كاركردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان درێژ بكرێتەوە، شەرعیەتی یاسایی‌ و دیموكراسی ئەوە دەخوازێت، هەڵبژاردن بۆ خولی سێیەمی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت.

* هەڵبژاردنی پارێزگار لەدەرەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، دەرگا لەسەر دەرچوونی ئەو پاڵێوراوانە دەكاتەوە كە دڵخوازی مەكتەب سیاسی حزبەكانن بە بەڵگەی ئەوەی دەنگی ڕاستەوخۆی هاووڵاتییانی بەدەست نەهێناوە. 

پێشنیارەكان: 

پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە كار لەسەر پرسی لامەركەزی كارگێڕی دەكات و لەو پێناوەدا چەندین هەموارنامە و پەیپەری سیاسەتە گشتییەكان و توێژینەوە و ڕاپرسی چەندایەتی و چلۆنایەتی ئەنجامداوە، هەربۆیە پێشنیار دەكەین: 

1-لەهەموارەكەدا پارێزگار ڕاستەوخۆ لەلایەن هاووڵاتییانی پارێزگاوە هەڵببژێردرێت. 

2-یاسای پارێزگاكان بەشێوەیەكی سەرتاپاگیر و لەپێناو چەسپاندنی پرەنسیپی لامەركەزیدا هەموار بكرێتەوە. 

3-هەماهەنگی هەبێت لەنێوان ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌ و دەستەی سەرۆكایەتی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەپێناو دەوڵەمەندكردنی چێوەی یاسایی لامەركەزی كارگێڕی لەهەرێمی كوردستاندا. 

4- حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕاوێژ لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان‌ و ڕاپرسی 

ڕۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری بكات.

 

پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن