ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رۆژی 3ی ئابی 2019 بە بۆنەی كارەساتی جینۆسایدی ئێزیدییەكان لە شنگال،حزبی شیوعی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە،لەو بەیاننامەیەدا حزبی شیوعی كوردستان وەك یەكەمین حزبی سیاسی لە عێراق و كوردستاندا راشكاوانە رایگەیاندووە(پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دان بنێت بە كارەساتی ئێزیدییەكان لە شنگال وەك جینۆسایدی و تاوانباران و ئەنجامدەرانی جینۆسایدەكە لە دادگایەكی نێودەوڵەتیدا دادگایی بكرێن).بەوەش حزبی شیوعی كوردستان دەبێتە یەكەم حزبی سیاسی كە ئەو داوایە بە راشەكاوی رابگەیەنێت.كە دیارە ئەوەش داوای بەشێكی زۆری خودی ئێزیدییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنییەو تا ئێستاش نە حكومەتی عێراق و نە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی دیكە لەو بارەیەوە هەڵوێستێكی لەو شێوەیان رانەگەیاندووە.

پرسی دادگاییكردنی تاوانباران و تیرۆریستانی داعش تا ئێستا لە ئاستی فەرمیدا یەكلایی نەكراوەتەوە.چالاكوانانی ئێزیدی و شارەزایانی بواری جینۆساید ترسی گەورەیان هەیە لەوەی كە تا ئێستا ئەو پرسە یەكلایی نەكراوەتەوەو،گومانی ئەوە دەكرێت لە ژێر پەردەی یاسای تیرۆر دادگایی بكرێن و لەو نێوەندەدا گەلێك تیرۆریست ببەخشێندرێن و لە دادگاو دادوەری بە بێ سزا لێی دەبازببن،بەتایبەتی كە گومانی زۆر هەیە لەوەی كە دادگایەكی ناوخۆیی بتوانێت ئەو پرسە بە ئەنجام بگەیەنێت بەتایبەتی لە كەیسەكانی دیكەی رابردوو لە پرسی ئەنفال و كارەسات و كۆمەڵكوژییەكانی دیكەدا نەتوانراوە وەك پێویست دادگا ناوخۆییەكان ئەو ئەركە بە شێوەیەكی یاسایی و دادپەروەرانە راپەڕێنن.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەیدا حزبی شیوعی كوردستان وێڕای ئەوەی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان بۆ ناساندنی 3ی ئابی هەموو ساڵێك بەڕۆژی جینۆسایدی ئێزیدییەكان بە گرنگ دەزانێت بەڵام پێی وایە كە دەبێت هەڵمەتێكی فراوان ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەو كارەساتە بە جینۆساید بناسێنێت.هەروەها حزبی شیوعی كوردستان داوادەكات درێژە بەهەوڵەكانی رزگاركردنی بێ سەروشوێنكراوان بدرێت بەهەموو شێوەیەك و،هەموو خزمەتگوزارییە تەندروستی و دەروونیی و كۆمەڵایەتییەكان پێشكەش بە رزگاربوانی كچان و ئافرەتانی ئێزیدی بكرێت و هەموو ئەو كێشە كۆمەڵایەتییانەش چارە بكرێن كە وەك لێكەوتەی ئەو دەستدرێژییانە پەیدابوون لەروانگەی مرۆڤایەتی و بە پێی بەها و پێوەرەكانی مافەكانی مرۆڤ.

لەتەك ئەوەشدا حزبی شیوعی كوردستان لە بەیاننامەكەیدا پێی وایە دەبێت حكومەتی فیدراڵی یاسایەكی رەوا بۆ قەرەبۆكردنی قوربانیانی ئەو جینۆسایدە دەربكات بەزووترین كات،باروگوزەرانی ئاوارەكان باشتر بكرێن و دەرفەت و پێویستییەكانی گەڕانەوەی خوشك و برایانی ئێزیدی بڕەخسێندرێت و ئاسایشیان بەرقەراربكرێت تا بتوانن بگەڕێنەوە سەر شوێن و ماڵ و حاڵی رەسەنی خۆیان ،وەها كارێكیش پێویستی بەهەماهەنگی نێوان هەردوو حكومەتی بەغدا و هەولێر هەیە بۆ نەهێشتنی دیاردەی چەكداری و دەستپێكردن بە پڕۆسەی دادوەری راگوزەر كە بۆی هەیە دەرفەتێكی لەبار بێت بۆ پێكەوەژیان لەو ناوچانەدا.هەروەها هەردوو حكومەت پلاتێكی پەرەپێدانی گشتگیریان هەبێت بۆ شنگال و ئەو ناوچانەی كە ساڵانێكە بێبەش كراوە لە هەموو ئاوەدانی و پەرەپێدانێك.

لەكۆتایی بەیاننامەكەیدا حزبی شیوعی كوردستان روو لە پێكهاتەی ئێزیدی دەكات و داوایان لێدەكات كە ناكۆكی و ململانێ حزبی و ناوخۆییەكانیان وەلابنێن و هاوشان لەگەڵ تێكڕای حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق كاربكەن بۆ ناساندنی تاوانی جینۆسایدی ئێزیدییەكان و بەدادگاییكردنی تاوانبارنی ئەنجامدەرانی ئەو جینۆسایدە لە دادگایەكی نێودەوڵەتیدا.