ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

د. نەژدەت ئاكرێیی، پسپۆڕ لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای زانكۆ ڕای دەگەیەنێت، كابینەی نوێی حكومەت لەتوانیدا نابێت سەرجەم برەنامەكەی جێبەجێ بكات، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كێشەی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی، رۆڵی گرنگیان لە سەركەوتنی بەرناكە دەبێت، جەختیش دەكاتەوە پشت بەستن بەر كەرتی تایبەت چارەسەری هەموو كێشەكان ناكات و ڕوونی دەكاتەوە كە بەرپرسیارییەتێی ئەخلاقی لەسەر حكومەتە، بەتایبەتی لەبواری پەروەردە و خوێندن، تەندروستی و باج.

خوێندنەوەی ئێوە بۆ بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چییە؟

بەرنامەی كابینەی نوێیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بریتییە لە رێككەوتنێكی سیاسی لەنێوان چەند هێز و لایەنێكی سیاسی، وە ئەو لایەنە سیاسیانە بەرپرسیاریەتی هاوبەش لە ئەستۆیانە بۆ جێبەجێكردنی، بەرنامەكە هەمەلایەنەیە، نزیكەی پەنجا بابەت لە هەشت تەوەردا دەگرێتەوە، تەوەرە گرنگەكانی پەیوەست بە پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، چاكسازی، ئابووری، دادوەری كۆمەڵایەتی، لایەنی كاركێڕی و خزمەتگوزارییەكان.

ئەم هەموو تەوەرە قورساییەكی زۆر ناخاتە ئەستۆی ئەم كابینەیە؟ ئایا لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا هەموو ئەم بەرنامەیە جێبەجێ دەكرێت؟

بێ گومان ئەركەكان قورسن و پرسەكانیش زۆرن، بەدڵنیاییەوە قورساییەكی زۆر دەخاتە ئەستۆی حكومەتی نوێ، ئەركەكە قورسە، بەڵام بیرمان نەچێت جێبەجێكردنەكەی بەشێوەی هاوبەش دەبێت، لەسەر ئەم بنەمایە من پێموایە حكومەتەكە فرە لایەن نییە، بەڵكو حكومەتێكی هاوبەشە، من گەشبینییەكی رێژەییم لە سەركەوتنی ئەم بەرنامەیە هەیە، چونكە ئەركەكان زۆرن و تەوەری زۆر گرنگ لە بەرنامەی كابینەكەدا هەیە، بۆنموونە كارەبا، وزە، سامانە سروشتییەكان، دەرمان، خوێندن، پەروەردە و چەندین پرسی دیكە. من پێموایە لەماوەی ئەو چواساڵەدا ناتوانرێت كۆی بەرنامەی حكومەت جێبەجێ بكرێت، ئەو ماوەیە دەرفەتی تەواو و پێویست نییە بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكە، پێدەچێت بتوانرێت لەسەدا پەنجای بەرناكە جێبەجێ بكرێت، چونكە بیرمان نەچێت كێشەی ناوخۆیی، موعادەلاتی هەرێمی و نێودەوڵەتی، پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا، پرسی ناوچە جێناكۆكەكان رۆڵیان دەبێت لە سەركەوتن یاخود شكتی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

نەبوونی پلە بەندی بۆ جێبەجێكردنی بەرناكە بەروونی دیارە، ئەمە بەزیان بۆ جێبەجێكدرنی پڕۆژەكە ناشكێتەوە.

ئەمە ڕاستە، ئێمە هیچ پلە بەندییەك نابینین و پلەبەندی بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكە نەكراوە، ئەوەی تا ئێست دەركەوتووە ئەوەیە كە یەكەم هەنگاوی كاركردن بریتییە لەوەی هەر وەزارەتێك پلانی ستراتیژی خۆی دابڕێژێت، لەئەنجامدا كۆكراوەی پلانی وەزارەتەكان لە سێكتەرە جیاوازەكان دەكرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پرسی زۆر گرنگ هەیە كە پێدەچێت زۆر جەختی لەسەر بكرێت، لەوانە پرسی ئاسایش و بەرگری، رۆڵی ئەخلاقی حكومەت لە كارەكان، چونكە زۆر پشت بە كەرتی تایبەت بەستراوە.

لەكابینەكانی دیكە بایەخێكی زۆر بە كەرتی تایبەت دراوە و لەبەرامبەردا و فەرامۆشكردنی كەرتی گشتی بەروونی دیار بووە، ئەمە تاچەند بەزیان شكاوەتەوە، لەكاتێكدا حكومەتی نوێش لەسەر هەمان پەیڕەو دەڕوات؟ 

كەرتە ئابوورییەكان بریتین لە كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت و كەرتی تێكەڵاو، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا دیدێك دروست بووە بەوەی كە كەرتی گشتی نەیتوانیووە وەكو پێویست ئەركەكانی جێبەجێ بكات، ئەمە جگە لەوەی زۆربەی دونیا بەرەو سیستمی نیولیبرالیزم دەروات، بۆیە بۆچوونێك هەیە بەوەی كە ئێمەش بەرەو ئەم شەپۆلە بچین و پەنا بۆ كەرتی تایبەت ببەین، بە بۆچوونی من، پشت بەستن بە كەرتی گشتی بەتەنیا چارەسەر نییە، هاوكات بەتەنیا پشت بەستن بە كەرتی تایبەت كێشەكانمان چارەسەر ناكات، بەڵكو پێویستە لەم قۆناغەدا كەرتی تێكەڵاو هەبێت، ئەوەی ئێمە لە كوردستان هەمانە لە بواوری ئەخلاقیاتی كەرتی تایبەت كەرتێكی تەواو بزنزیی نییە، بەڵكو ئەم كەرتە بریتییە لە كۆمەڵێك كۆمپانیای خزم خزمێنە و لە كۆمەڵێك پەیوەندی ئابووری تەسك بەدەست چەند سەرمایەدارێكی سنوردارەوە، كەرتی تایەبت پێویستی بە كۆمەڵێك كۆمپانیای هاوبەشە كە هاووڵاتی پشكی تێدا هەبێت، ئەوەی ئێمە هەمانە چەند كۆمپانیایەكی سنوردارن و لەنێوان چەند كەس و لایەنێك ئیحتیكار كراون، ئەو بۆچوونەی كە پێیی وایە كەرتی تایبەت هەموو كارەكان جێبەجێ دەكات و بۆچوونێكی هەڵەیە، پێویستە هاووڵاتی گەورەترین بنكە و رۆڵێ‌ هەبێت، كەرتی تایبەت چارەسەری هەموو كێشەكان ناكات، بەرپرسیارییەتێی ئەخلاقی لەسەر حكومەتە، بەتایبەتی لەبواری پەروەردە و خوێندن، تەندروستی و باج.