ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێگای كوردستان

دوای تێپەڕبوونی5 ساڵ بەسەر ئەو تاوانانەی دژ بە ئێزیدییەكان ئەنجامدرا، هێشتا چارەنووسی هەزاران هاووڵاتی رفینراو بەنادیاری ماوەتەوە و دۆخی ناوچەكەش لەوپەڕی خراپیدایە، قایمقامی قەزای شنگال ڕای دەگەیەنێت هێشتا 80% هاووڵاتییانی شنگال لە ئاوارەییدا دەژین و چالاكانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە پرسی بەجینۆسایدناساندنی ئێزیدییەكان لەسەر ئاستی ناوخۆ لەئاستی پێویستدا نەبووە.

رۆژی 3/8/2014، چەكدارانی داعش هێرشیانكردە سەر شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری و لەماوەیەكی كەمدا جگە لە داگیركردنی ناوچەكە بەهۆی بۆشایی ئەمنییەوە، هەزاران ژن و منداڵ و پیاوی ئێزدی كوژران و هەزارانی دیكەش ئاوارەبوون كە چارەنوسیان تاكو ئێستا بەنادیاری ماوەتەوە.

هێرشەكەی سەر شنگال تەنیا نزیكەی دوو مانگ دوای داگیركردنی موسڵ هات، ئەویش پاش ئەوەی رۆژی 10/6/2014 بەبێ بوونی هیچ بەرگرییەكی پێویست شارەكە بەتەواوەتی كەوتە دەست چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، بەڵام هێرشەكەی سەر شنگا وەك چاودێران ئاماژەی بۆ دەكەن جیاوازبوو لە داگیركارییەكانی دیكەی داعش بۆ سەر ناوچەكانی عێراق و سوریا، بەوپێیەی رێكخراوە تیرۆریستییەكە فەرمانی كووشتن و تاڵانكردن و بردنی كچانی ئێزدیان بە بیانووی ئایینەوە و هاوكات رەوایەتی جینۆسایدی ئێزدییەكانیانی دابوویە چەكدارەكانی.

ئەگەرچی پێنج ساڵ بەسە پەلامارەكەی داعش بۆ سەر شنگال تێدەپەڕێت و نزیكەی چوار ساڵیشە ناوچەكە رزگاركراوە، بەڵام هێشتا ناوچەكە لەرووی خزمەتگوزاری، نەبوونی ئارامی و ئاسایش و مەترسی سەرهەڵدانەوەی جەنگ بەهۆی بوونی گروپی جیاوازوە، هاوكات گەرانەوەی ئاوارەكان و یەكلاییكردنەوەی چارەسەنورسی ونبووەكانی و گۆڕە بەكۆمەڵەكان كاری وەكو پێویست بۆ نەكراوە. مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بەهۆی نەهامەتی و جەنگی داعش و دواتر ململانێكانی هێزەكان دژ بە خەڵك، ئیدارەی شەرعی شنگال و هێزەكانی پێشمەرگە لەسەدا ٨٠ی قەزای شنگال بە وێرانی ماوەتەوە و زیاتر لە ٢٠ هەزار خانوو خاپوورن و زیاتر لە ٥٢٠ شوێنی ئەندازەیی لە قەزاكە زیانیان بەركەوتووە و رێگاوبان و سەرجەم پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان تێكدراون و تا ئێستا هیچ هەنگاوێك نەنراوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی قەزای شنگال، بەگوتەی مەحما خەلیل "زیاتر لە سەدا ٨٠ ی هاووڵاتییانی شنگال ئاوارەن و لە كەمپەكانی سنووری پارێزگای دهۆك نیشتەجێن، بەهۆی بوونی حەشدی شەعبی نەبوونی خزمەتگوزاری لە سنوورەكە ناتوانن بگەڕێنەوە"، قایمقامی قەزای شنگال، رەخنە لە حكومەتی ناوەندی دەگرێت بەوەی كەمتەرخەم بووە و ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە ئومێدیان بە حكوومەتی نوێی عێراق هەیە كە هاوكار بێت لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاوەدانی بۆ شنگال. داواكارییەكی قایمقامی شنگال لە هەولێرو بەغدا، لەكاتێكدایە كە بەرپرسان ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە بەیەك دەسپێرن و هەردولایان هەنگاوی جدییان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان نەناوە كە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە تاكو ئێستا نەگەڕاونەتەوە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ساڵیادی كۆمەڵكوژی شنگال داوای گەڕانەوەی ئاوارەكان دەكات بەبێ ئەوەی باس لە پلانی ئاوەدانكردنەوە ناوچەكە بكات، هاوكات لەبری هەوڵی جدیی لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق بۆ گەڕانەوەی ژیان بۆ قەزاكە، نیچیرڤان بارزانی داوای پێكهێنانی سندوقێكی هاوكاری بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال دەكات بەشێوەیەك كە "نەتەوەیەكگرتەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەرێم و بەغداش هاوكاری ئەو سندوقە بكەن".

جگە لە كێشەی نەبوونی خزمەتگوزاری لە ناوچەكەدا ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگ هەمیشە ئەگەرێكی كراوە بووە تەنانەت دوای پێنج ساڵ لەو كارەساتەی كە بەسەر شنگالدا هات، ئەمەش بەهۆی بوونی ئەو هەموو هێزە جیاوازەی هێنراوەتە ناوچەكە. لەمبارەیەوە وەیس نەواف سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای شنگال، ڕای دەگەیەنێت كە دوای پێنج ساڵ لە هاتنی داعش هێش ناوچەكە بەدەست نائارامییەوە دەناڵێنێت، "شنگال لەبەردەم مەترسییەكی گەورەدایە، جگە لە ململانێی هێزە جیاوازەكان چونكە شانەنووستووەكانی داعش لە سنووری شنگال چالاكییان هەیە و پەیوەندیی و رێكخستنیان لە نێواندا هەیە، مەترسی دووبارە خۆ رێكخستنەوەیان هەیە". پرسی ململانێی هێزە ئەمنییەكان لە سوپای عێراق و پێشمەرگە، حەشدی شەعبی و گروپەكانی سەر بە پەكەكە پرسێكی روونە لەسەر ئاستی باڵای هەولێرو بەغدا چەندین جار بە جیاواز باسكراوە، بەڵام هیچ لایەك ئامادە نییە هەنگاوی جدیی بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆخەكە بنێت، تەنانەت بەشێك لە دواكەوتنی ئاوادانكردنەوەی ناوچەكەش بۆ بوونی ئەو هەموو هێزە جیاوازە دەگەڕێتەوە كە براونەتە ناوچەكە، بەتایبەتی لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر. عەلی مەحمود، چالاكی بوارەكە رەخنە لە حكومەتی هێزە سیاسییەكانی عێراق و بەتایبەتیش هەرێمی كوردستان دەگرێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە دەستێوەردانی زۆر لە كارەكانیان دەكرێت، "پێویستە پارتە سیاسییەكان كەمتر دەست وەربدەنە ناو ئێزیدییەكان و كەمتر بەشەڕیان بدەن، كەمتر دووبەرەكی بخەنە نێوانیییانەوە، بەتایبەتی پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان".

پرسی بە جینۆسایدناساندنی ئێزیدییەكان كە گرنگترین پرسێكی مەودا درێژە ئەگەرچی وەك چاودێران باسی دەكەن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەنگاوی باشی بڕیوە، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كاری باشی بۆ نەكراوە، تەنانەت دوای پێنج ساڵ پەرلەمانی كوردستان 3ی ئاب وەك رۆژی جینۆسایدی ئێزدییەكان دیاری دەكات كە پێشتر لەسەر ئاستی شەقام ناسێنراوە. رۆژی شەممە 03/08/2019، پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی سێیەمی بۆ پێشنیازی بڕیاری دیاریكردنی رۆژی جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان كرد و دوای گفتوگۆی نێوان پەرلەمانتاران و لیژنەی یاسایی، بە كۆی 87 دەنگ، پەرلەمانی كوردستان رۆژی 3ی ئابی وەك رۆژی جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان دیاری كرد، پڕۆژە یاساكە لە چەند بڕگەیەك پێكهاتووە كە تایبەتە بە قەرەبووكردنەوەی قوربانیان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكان. عەلی مەحمود، چالاكی بوارەكە باس لەوە دەكات كە بڕیارەكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ دیاریكردنی رۆژی جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان بڕیاریكی زۆر درەنگ وەختە بوو، دەبوو ئەو بڕیارە لەسەرەتای روداوەكە دەربكرایە، نەك دوای پێنج ساڵ لە روداوەكە "چونكە لەسەر ئاستی نەتەوەیی (3-8) كرابوویە رۆژی رۆژی جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش زۆر رێكخراوی گەورەی جیهانی و زۆرێك لە وڵاتان ئەم بِڕیارەیان دەركردووە". هاوكات رەخنەی ئەوەش دەگرێت كە پێكهاتەكانی دیكە فەرامۆش كراون، "دەبوو پێكهاتەكانی دیكەی وەكو ئاشووری و كلدان، كاكەیی، شەبەك و سەرجەم پێكهاتەكان كە قوربانی بوون بڕیارەكە بیانگرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەو پێشمەرگانەی پارچەكانی دیكەی كوردستان كە لە جەنگ دژ بەداعش شەهید بوون لە ئیمتیازات بێبەشنەكرێن". گوتیشی زۆر گرنگە یاسایەك دەربكرێت هەر كەس و لایەنێك ئینكاری جینۆسایدی ئێزیدییەكان بكات وەكو تاوان سەیر بكرێت، لە زۆر وڵاتی دونیادا ئینكاركردنی جینۆسایدی هۆڵۆكۆست و ئەرمەنەكان بەتاوان سەیر دەكرێت، عەلی مەحمود هێما بۆ ئەوەش دەكات كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەنگاوی باش بۆ پرسی بەجینۆساید ناساندنی ئیزیدییەكا نراوە و ئەم كەیسە بە باشی چووەتە پێشەوە، تەنانەت لەپێش هەڵەبجە و ئەنفال و كەیسەكانی دیكەشەوەیە، زۆر دەزگای گرنگی جیهانی بە جینۆساید ناساندویانە، هاوكات بەخشینی نۆبل بە نادییە موراد قەرەبووكردنەوەیەكی گرنگ بوو بۆ ئێزیدییەكان، "بەجینۆسایدناساندنی فەرمانی 74 بۆخۆی دادگایی كردنی سەرجەم فەرمانەكانی پێشووترە كە لەماوەی هەزار و 200 ساڵی رابردوودا لەژێر ناوی پیرۆزیدا ئێزیدییەكان جینۆسایدكران".

- ژمارەی ئێزدییەكان لە عێراق، 550 هەزار كەسە.

- ژمارەی ئاوارەكان بە هۆی پەلاماری داعشەوە: 360 هەزار كەس.

- ژمارەی شەهیدانی رۆژانی یەكەمی پەلاماری داعش بۆ سەر شنگال: یەك هەزار و 293 شەهید.

- ژمارەی منداڵانی بێ باوك: 2 هەزار و 745 منداڵ.

- ژمارەی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانەی تا ئێستا ئاشكرا بوون: 80 گۆڕی بە كۆمەڵن.

- ژمارەی مەزارگە و شوێنە ئاینییەكان كە تەقێندراونەتەوە: 68 مەزارگە.

- ژمارەی ئەوانەی بۆ دەرەوەی وڵات رەویان كردووە: زیاتر بە 100 هەزار كەس مەزندە دەكرێن.

- ژمارەی رفێندراوەكان: 6 هەزار و 417 كەس. رەگەزی مێ: 3 هەزار و 548 و رەگەزی نێر: 2 هەزار و 869 كەس.

- ژمارەی رزگاربووان لە دەستی داعش بەم جۆرەیە:

كۆی گشتی: 3 هەزار و 509 كەس.

لەو ژمارەیەش: یەك هەزار و 192 كەسیان ئافرەت و 337 كەسیان پیاون.

كچانی منداڵ: هەزار و 33 منداڵ.

كوڕی منداڵ: 947 منداڵ.

ژمارەی ئەوانەی ماونەتەوە: 2 هەزار و 908 كەس. لەو ژمارەیەش هەزار و 323یان ئافرەت و هەزار و 585 كەسیان لە رەگەزی نێرن.