ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

پێویسته‌ په‌له‌بكرێت له‌ ناردنی پڕۆژه‌ بودجه‌ی 2020 بۆ په‌رله‌مانی كوردستان

پێویسته‌ پڕۆژه‌ی بودجه‌كه‌ به‌ پێی پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بێت

راپۆرتی یه‌كه‌م

پڕۆژه‌ی گه‌شه‌پێدانی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان

(بودجه‌ی جێگره‌وه‌ 2020)

 ٢٠١٩

ئەم ڕاپۆرته‌ بەشێکە لە كاروچالاكیه‌كانی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی له‌ چوارچێوه‌ی كۆڕبه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان كه‌ بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی پردێك بۆ ئیتالیا ((Un Ponte Per و بە پاڵپشتی دارایی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی گه‌نجانی میزۆپۆتامیا جێ به‌جێ ده‌كرێت.

ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی: 

رێكخراوی ئاشتی و ئازادی،رێكخراوێكی ناحكومی،نیشتمانییه‌.له‌ ساڵی 2013 دامه‌زراوه‌و له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌فه‌رمی تۆماركراوه‌.كار له‌سه‌ر پرسه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه‌كان ده‌كات. ئامانجی پته‌وكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و پاراستنی فره‌یی و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و بڕوای به‌ ناتوندوتیژی هه‌یه‌ بۆ گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسی.

 پێشەکی

پرۆژەی (بودجەی جێگرەوە) لە هەرێمی کوردستان دا، لەلایەن ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی و بە پاڵپشتی ڕێکخراوی (UPP) ئیتاڵی ئامادە کراوە. پرۆژەی بودجەی جێگرەوە یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان دا کاری لەسەر دەکرێت، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان لە پاش پەسندکردنی یاسای بودجەی ساڵی دارایی ٢٠١٣ەوە تا ئێستا هیچ یاسایەکی بودجەی پەسند نەکردووە و ئەمساڵی ٢٠١٩ ماوەی شەش ساڵ تێپەڕ دەبێت کە هەرێمی کوردستان هیچ یاسایەکی بودجەی نییە. لەو ڕوانگەیەوە لە پۆژەی بودجەی جێگرەوەدا، یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٣ کە دوایین یاسای پەسندکراوی بودجەیە لە هەرێمی کوردستان دا، وەک بنەمای کارکردن بۆ پرۆژەی بودجەی جێگرەوە کاری لەسەر کراوە.

ئامانج لە پرۆژەی بودجەی جێگرەوە، بەهێزکردنی بودجەی چەند سێکتەرێکی دیاریکراوە لە چوارچێوەی بودجەی گشتی دا، کە بۆ ئەو پرۆژەیە هەریەک لە سێکتەرەکانی؛ تەندروستی، پەروەردە و خوێندنی باڵا، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و سێکتەری ژینگە دەستنیشان کراون، ئەوەش لەلایەک بەهۆی بایەخی هەریەک لەو سێکتەرانە و لەلایەکی دیکەوە هەستکردن بەو ڕاستییەی کە سێکتەرە دەستنیشانکراوەکان سێکتەری پەراوێزخراون و ئەوەش لە تەرخانکراوەکانی یاسای بودجەی گشتی دا دەردەکەوێت.

لەڕووی میکانیزمەکانی زیادکردنی داهات بۆ هەریەک لەو سێکتەرانە، پشت بە چەند میکانیزمێکی دیاریکراو بەستراوە، وەک؛

١-زیادکردنی بڕی هەندێک باجی نوێ و سەپاندنی ئەو باجانەی کە بەیاسا جێگیرکراون، بەڵام تا ئێستا وەرنەگیراون.

٢- گواستنەوە و کەمکردنەوەی بودجە؛ کەمکردنەوەی بودجەی تەرخانکراو لە هەندێک سێکتەر وەک (سێکتەرەکانی سەربازی و ئەمنی) و گواستنەوەی بۆ سێکتەرەکانی دیکە.

٣- تەرخانکردنەوەی گوژمەیەک لە داهاتی سێکتەرەکان و خەرجکردنەوەی بۆ هەمان سێکتەر. واتە نەگواستنەوەی داهاتەکە بۆ گەنجینەی گشتی و ڕاستەوخۆ خەرجکردنەوەی لەلایەن ئەو وەزارەت و دەستانەی کە داهاتەکەیان بەدەست هێناوە و پێویست بە گەشەپێدانی بودجەکەیان دەکات.

لەو ڕوانگەیەوە بۆ ئامادەکردنی پرۆژەی بودجەی جێگرەوە، پشت بە چەند میتۆدێکی دیاریکراو بەستراوە کە لە خوارەوە ئاماژەیان بۆ کراوە؛ 

١-چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی دارایی و لیژنە پێوەندیدارەکان لە پەرلەمانی کوردستان.

٢- چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەت و دەستە تایبەتمەندەکانی گرێدراو بە سێکتەرە دەستنیشانکراوەکان.

٣- بەڵگەنامەکانی پرۆژەی بودجە و یاسای بودجە لە هەرێمی کوردستان دا.

٤- پرۆژەکانی بودجەی وەزارەتەکان کە بە مەبەستی تەرخانکراوی بودجە لەلایەن خودی وەزارەت و دەستەکانەوە ئامادەکراون و ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کراون.

٥- چاوپێکەوتن لەگەڵ پسپۆڕان و شارەزایانی بواری بودجە و سێکتەرە دەستنیشانکراوەکان.

لەو چوارچێوەیەدا، ئێمە دەستمان بەکارکردن کردووە بە ئاراستەی گەشەپێدانی بودجەی ئەو وەزارەت و دەستانەی لە سەرەوە ئاماژەیان بۆ کراوە. پرۆسەی زیادکردنی بودجەی ئەو وەزارەت و دەستانە، بە ڕەچاوکردنی چەند پێوەرێک دەبێت، وەک زیادکردنی بڕی باج لەسەر هەندێک بوار و لایەن کە شایانی ئەوەیە باجی زیاتریان لەسەر دابنرێت لەلایەک و لەلایەکی دیکە، سەپاندنی باج بەسەر هەندێک بوار و چالاکی دیکە کە وێڕای ئەوەی بەپێی یاسا دەبێت، باجیان لەسەر دابنرێت، بەڵام باجەکانیان لێوەرنەگیراوە، بۆنموونە هەرچەند بە پێی یاسا دەبێت باج لە کۆمپانیاکانی نەوت وەربگیرێت، بەڵام کۆمپانیاکان هیچ باجێکیان لێوەرنەگیراوە. بەگشتی ڕوونبووەتەوە بە هەزاران کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان دا، هیچ باجێک بە حکوومەت نادەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، کار دەکەین لەسەر کەمکردنەوەی بودجەی تەرخانکراوی هەندێک وەزارەت و سێکتەری دیاریکراو، لەناویاندا بودجەی تەرخانکراو بۆ سێکتەری سەربازی و ئەمنی کە زیاتر لە (٢٢٪)ی کۆی گشتی بودجەی هەرێمی کوردستانی بۆ دابینکراوە. هەروەک کەمکردنەوەی بودجەی تەرخانکراوی سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، کە لە ڕادەبەدەرە و هەروەک هەڵوەشاندنەوەی مووچەی هەزاران کەس کە بە نایاسایی مووچەیان بۆ تەرخانکراوە و لە کەمترین ڕێژەدا ساڵانە یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دیناریان بۆ خەرج دەکرێت. هەروەک کار دەکەین لەسەر تەرخانکردنەوەی داهاتی بەدەستهاتووی ئەو وەزارەت و سێکتەرانەی کە پێویستە گەشە بە بودجەکەیان بدرێت و پێویست دەکات داهاتی بەدەستهاتوویان لە خودی سێکتەرەکانی خۆیان خەرج بکرێتەوە و نەخرێتەوە ناو گەنجینەی گشتی و جارێکی تر دابەشی سەر کۆی سێکتەرەکان بکرێتەوە.

 

یه‌كه‌م:خستنەڕووی بودجەی ساڵی دارایی ٢٠١٣

بودجەی ساڵی ٢٠١٣ی هەرێمی کوردستان بە ملیۆن دینار عێراقی

ژ وەزارەت و دامەزراوە بەگەڕخستن وەبەرهێنان کۆی ٢٠١٣ ڕێژەی ٪

١ سەرۆکایەتی هەرێم ٤٢٠٠٠ ٥٠٠٠ ٤٧٠٠٠ ٠.٢٨٪

٢ پەرلەمان ٥٥٠٠٠ ٠ ٥٥٠٠٠ ٠.٣٣٪

٣ ئەنجوومەنی دادوەری ٤٦٧٨٧ ٢١٥٠٠ ٦٨٢٨٧ ٠.٤٪

٤ س. ئەنجوومەنی وەزیران ٧٣٤٠٧ ٢٨٥٠٠ ١٠١٩٠٧ ٠.٦٪

٥ و. پەروەردە ١٨٦٠٩٣٣ ٢٥٤٠٣٤ ٢١١٤٩٦٧ ١٢.٤٨٪

٦ و. ئاوەدانکردنەوە ١٨٣٤٩١ ٦٦٦٣٩٨ ٨٤٩٨٨٩ ٥.٠٢٪

٧ و. کشتوکاڵ ٢٢٨٨٨٤ ٢٤١٧٧٢ ٤٧٠٦٥٦ ٢.٧٨٪

٨ و. ناوخۆ ١٣٥٧٩٧٠ ١٤٨٩٧٨ ١٥٠٦٩٤٨ ٨.٨٩٪

٩ و. شارەوانی ٥٨٨٩٩٣ ١٠٣٨٨٧٤ ١٦٢٧٨٦٧ ٩.٦١٪

١٠ و. گواستنەوە و گەیاندن ٩١٦٦٤ ١١٣٤٥٧ ٢٠٥١٢١ ١.٢١٪

١١ و. ڕۆشنبیری ١٢٠٠٠٥ ٧٦٢٥٠ ١٩٦٢٥٥ ١.١٦٪

١٢ و. تەندروستی ٦٩٥١٦٥ ٢٣٢٤١٧ ٩٢٧٥٨٢ ٥.٤٨٪

١٣ و. کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ٤٨٦٨٣٧ ٤٥٨٤٩ ٥٣٢٦٨٦ ٣.١٤٪

١٤ و. شەهیدان ٤٨٢٩٧١ ٤٤٤٨٦ ٥٢٧٤٥٧ ٣.١١٪

١٥ و. ئەوقاف و کاروباری ئاینی ١١٨٠٢٢ ٢٨٢٤٠ ١٤٦٢٦٢ ٠.٨٦٪

١٦ و. پێشمەرگە ١٣٣٣٣٠٤ ١٧٧٠٨ ١٣٥١٠١٢ ٧.٩٧٪

١٧ و. دارایی و ئابووری ١٠٤٥٣٧٥ ١٨٢٩٨٢ ١٢٢٨٣٥٧ ٧.٢٥٪

١٨ و. بازرگانی و پیشەسازی ٦٦١٤٠ ٦٠٣٥٧ ١٢٦٤٩٧ ٠.٧٥٪

١٩ و. داد ٤٨٨٤٠ ٢٤٣٧٢ ٧٣٢١٢ ٠.٤٣٪

٢٠ دیوانی چاودێری دارایی ١٣٤٣٢ ٠ ١٣٤٣٢ ٠.٠٨٪

٢١ و. خوێندنی باڵا ٦١٩٨٩٧ ١١٥٠٦٩ ٧٣٤٩٦٦ ٤.٣٤٪

٢٢ و. کارەبا ٥٧٣٥٢٥ ٥٢٠٨٢٩ ١٠٩٤٣٥٤ ٦.٤٦٪

٢٣ و. پلاندانان ٢٤٥١١ ٣٠٧٤٨٠ ٣٣١٩٩١ ١.٩٦٪

٢٤ و. سامانە سروشتییەکان ٥١١٨٠٠ ١٦٠٠٠ ٥٢٧٨٠٠ ٣.١٢٪

٢٥ دەستەی وەبەرهێنان ٢٥٣٤٢ ٨٦٩٤٥ ١١٢٢٨٧ ٠.٦٦٪

٢٦ دەزگای ئاسایش ٤٨٧٤٤٣ ١٠٣٩٩٧ ٥٩١٤٤٠ ٣.٤٩٪

٢٧ ئەنجوومەنی ئاسایش ٣٤٤٦٣٠ ٠ ٣٤٤٦٣٠ ٢.٠٣٪

٢٨ دەستەی مافی مرۆڤ ٥٣٩٠ ٠ ٥٣٩٠ ٠.٠٣٪

٢٩ دەستەی ناوچە ناکۆکەکان ٥٣٦٤٥ ٣٠٠٠ ٥٦٦٤٥ ٠.٣٣٪

٣٠ دەستەی ژینگە ٧١٠٠ ٩٤٨٨ ١٦٥٨٨ ٠.١٪

٣١ دەزگای کاروباری مین ١٦٤٥٥ ٢٥٥١١ ٤١٩٦٦ ٠.٢٥٪

پەرەپێدانی پارێزگاکان ٩١٤٢٩٨ ٩١٤٢٩٨ ٥.٤٪

کۆی گشتی ١١٦٠٨٩٥٨ ٥٣٣٣٧٩١ ١٦٩٤٢٧٤٩ ١٠٠٪

بودجەی ساڵی ٢٠١٣ی هەرێمی کوردستان بە بڕی ١٦ ترلیۆن و ٩٤٢ ملیار و ٧٤٩ ملیۆن دینار دەستنیشان کراوە، لەکاتێکدا کۆی گشتی داهاتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ساڵی دارایی ٢٠١٣دا تەنیا بە بڕی ١٥ ترلیۆن و ٢٥٧ ملیار و ٨٤٩ ملیۆن دینار خەمڵێندراوە، بەوەش کورتهێنانێک بە بڕی یەک ترلیۆن و ٦٨٤ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دینار دروست دەبێت، کە بەپێی یاسایەکە دەبێت لە بودجەی تەرخانکراو بۆ پاسەوانی هەرێم لەچوارچێوەی بودجەی وەزارەتی بەرگری عێراق و ڕێنوێنیکردنی خەرجی و زیادکردنی داهاتەکان پڕ بکرێتەوە.

خەرجییەکانی بودجەی ساڵی ٢٠١٣ی هەرێمی کوردستان بەسەر (٣١) وەزارەت، دەستە و دامەزراوەی جیاجیا دابەشکراوە. قەبارەی هەرەزۆری خەرجییەکانی بودجەی کوردستان بۆ بواری بەگەڕخستن بەڕێژەی ٦٩٪ دەچێت و تەنیا ٣١٪ی خەرجییەکان بۆ بواری وەبەرهێنانن. لەو چوارچێوەیەدا زۆرترینی خەرجییەکان بۆ مووچەی فەرمانبەران و تێچووی ڕاپەڕاندنی کاروباری وەزارەت و دامەزراوەکان دەبێت. بۆنموونە وەزارەتی پەروەردە کە (١٢.٤٨٪)ی خەرجییەکانی ساڵی دارایی ٢٠١٣ی بەرکەوتووە، بەڵام بەڕێژەی ٨٨٪ی ئەو بودجەیە بۆ بواری بەگەڕخستن دەچێت و تەنیا ١٢٪ی بودجەکە بۆ پەرەپێدان دەمێنێتەوە، بەو شێوەیە بودجەی پەرەپێدان لە کەرتی پەروەردەدا تەنیا ڕێژەی (١.٥٠٪)ی بودجەی گشتی پێک دێنێت.

سەرەڕای ئەوەی کە لە خەرجییەکانی بودجەی ساڵی ٢٠١٣دا گوژمەی پەرەپێدان لە ئاستی پێویستدا نییە، بەڵام بەو حاڵەیشەوە، گوژمەی پەرەپێدان لە ساڵی دارایی ٢٠١٣ بەراورد بە هەموو ئەو ساڵانەی یاسای بودجەیان تێدا پەسندکراوە، زیاترە. لەکاتێکدا لە بودجەی ساڵی ٢٠١٢ تەنیا بەڕێژەی ١٩٪ی بودجەکە بۆ بواری وەبەرهێنان و ڕێژەی ٨١٪ی بودجەکە بۆ بواری بەگەڕخستن تەرخانکرا بوو.

لە بودجەی ساڵی دارایی ٢٠١٣، گوژمەیەکی گەورە بۆ سێکتەری سەربازی و ئەمنی بەراورد بە سێکتەرەکانی دیکە تەرخانکراوە. لەکاتێکدا وەزارەتەکانی پێشمەرگە، ناوخۆ، ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگەی ئاسایش بەڕێژەی ٢٢.٣٨٪ی کۆی گشتی بودجەی هەرێمی کوردستان دەبەن، کە دەکاتە بڕی سێ ترلیۆن و ٧٩٤ ملیار و ٣٠ ملیۆن دینار و لەو گوژمەیەشدا بڕی سێ ترلیۆن و ٥٢٣ ملیار و ٣٤٧ ملیۆن دینار بۆ خەرجی بەگەڕخستن تەرخانکراوە. لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێژەی ٩٢.٨٧٪ی بودجەی تەرخانکراو بۆ دامەزراوە سەربازی، ئەمنی و دامەزراوەکانی ناوخۆ لە بواری بەگەڕخستن خەرج دەکرێت کە مووچە و ئیمتیازاتی کارمەندان و تێچووی کارڕاییەکان دەگرێتەوە.

  دابەشبوونی بودجەی ساڵی ٢٠١٣ بەسەر بواری بەگەڕخستن و وەبەرهێنان

هەڵکشانی قەبارەی بودجەی بەگەڕخستن لە هەرێمی کوردستان دا، گرێدراوە بە هەبوونی ژمارەیەکی زەبەلاحی فەرمانبەری حکوومی لەلایەک و لەلایەکی دیکە زیادەخەرجییەکی زۆر لەلایەن وەزارەت، دەستە و دامەزراوەکان بۆ ڕایی کردنی کاروبارەکانیان کە وەک بودجەی بەردەست دادەندرێت، ئەوەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی کردووەتە سەر بودجەی وەبەرهێنان، لەکاتێکدا ئاستی پەرەپێدانی هەر کام لە سێکتەرەکان لەسەر بودجەی تەرخانکراو بۆ لایەنی وەبەرهێنان لەو سێکتەرانەدا دەوەستێت.

کەمکردنەوەی بودجەی بەگەڕخستن پێویستییەکی بنەڕەتییە لە داڕشتنی بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان دا، ئەو ئامانجە دەکەوێتە ناو چوارچێوەی بەرنامەی ساڵی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەبێ ئامادەیی ڕووئیا و تێگەیشتنێکی ڕوون بۆ بەڕێوەبردنی داهات و خەرجییەکان لە هەرێمی کوردستان دا بەدی نایەت. سەرەڕای ئەوەی حکوومەت دەتوانێت لە ڕێگەی هەندێک سیاسەتی وەک سکگوشین (تەقەشووف) لە خەرجییەکانی بەگەڕخستن دا، یان کەم کردنەوەی بودجەی بەگەڕخستن و خستنەسەر بودجەی وەبەرهێنان بارەکە هەندێک ڕاست بکاتەوە.

دووه‌م:ڕێژەی بودجەی وەبەرهێنان بەپێی وەزارەت و دامەزراوەکان

ژ وەزارەت و دامەزراوە کۆی ٢٠١٣ ڕێژە لە گشت وەبەرهێنان ١/٢

١ سەرۆکایەتی هەرێم ٤٧٠٠٠ ٠.٢٨٪ ٥٠٠٠ ٠.٠٣٪

٢ پەرلەمان ٥٥٠٠٠ ٠.٣٣٪ ٠ ٠.٠٠٪

٣ ئەنجوومەنی دادوەری ٦٨٢٨٧ ٠.٤٪ ٢١٥٠٠ ٠.١٣٪

٤ س. ئەنجوومەنی وەزیران ١٠١٩٠٧ ٠.٦٪ ٢٨٥٠٠ ٠.١٧٪

٥ و. پەروەردە ٢١١٤٩٦٧ ١٢.٤٨٪ ٢٥٤٠٣٤ ١.٥٠٪

٦ و. ئاوەدانکردنەوە ٨٤٩٨٨٩ ٥.٠٢٪ ٦٦٦٣٩٨ ٣.٩٣٪

٧ و. کشتوکاڵ ٤٧٠٦٥٦ ٢.٧٨٪ ٢٤١٧٧٢ ١.٤٣٪

٨ و. ناوخۆ ١٥٠٦٩٤٨ ٨.٨٩٪ ١٤٨٩٧٨ ٠.٨٨٪

٩ و. شارەوانی ١٦٢٧٨٦٧ ٩.٦١٪ ١٠٣٨٨٧٤ ٦.١٣٪

١٠ و. گواستنەوە و گەیاندن ٢٠٥١٢١ ١.٢١٪ ١١٣٤٥٧ ٠.٦٧٪

١١ و. ڕۆشنبیری ١٩٦٢٥٥ ١.١٦٪ ٧٦٢٥٠ ٠.٤٥٪

١٢ و. تەندروستی ٩٢٧٥٨٢ ٥.٤٨٪ ٢٣٢٤١٧ ١.٣٧٪

١٣ و. کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ٥٣٢٦٨٦ ٣.١٤٪ ٤٥٨٤٩ ٠.٢٧٪

١٤ و. شەهیدان ٥٢٧٤٥٧ ٣.١١٪ ٤٤٤٨٦ ٠.٢٦٪

١٥ و. ئەوقاف و کاروباری ئاینی ١٤٦٢٦٢ ٠.٨٦٪ ٢٨٢٤٠ ٠.١٧٪

١٦ و. پێشمەرگە ١٣٥١٠١٢ ٧.٩٧٪ ١٧٧٠٨ ٠.١٠٪

١٧ و. دارایی و ئابووری ١٢٢٨٣٥٧ ٧.٢٥٪ ١٨٢٩٨٢ ١.٠٨٪

١٨ و. بازرگانی و پیشەسازی ١٢٦٤٩٧ ٠.٧٥٪ ٦٠٣٥٧ ٠.٣٦٪

١٩ و. داد ٧٣٢١٢ ٠.٤٣٪ ٢٤٣٧٢ ٠.١٤٪

٢٠ دیوانی چاودێری دارایی ١٣٤٣٢ ٠.٠٨٪ ٠ ٠.٠٠٪

٢١ و. خوێندنی باڵا ٧٣٤٩٦٦ ٤.٣٤٪ ١١٥٠٦٩ ٠.٦٨٪

٢٢ و. کارەبا ١٠٩٤٣٥٤ ٦.٤٦٪ ٥٢٠٨٢٩ ٣.٠٧٪

٢٣ و. پلاندانان ٣٣١٩٩١ ١.٩٦٪ ٣٠٧٤٨٠ ١.٨١٪

٢٤ و. سامانە سروشتییەکان ٥٢٧٨٠٠ ٣.١٢٪ ١٦٠٠٠ ٠.٠٩٪

٢٥ دەستەی وەبەرهێنان ١١٢٢٨٧ ٠.٦٦٪ ٨٦٩٤٥ ٠.٥١٪

٢٦ دەزگای ئاسایش ٥٩١٤٤٠ ٣.٤٩٪ ١٠٣٩٩٧ ٠.٦١٪

٢٧ ئەنجوومەنی ئاسایش ٣٤٤٦٣٠ ٢.٠٣٪ ٠ ٠.٠٠٪

٢٨ دەستەی مافی مرۆڤ ٥٣٩٠ ٠.٠٣٪ ٠ ٠.٠٠٪

٢٩ دەستەی ناوچە ناکۆکەکان ٥٦٦٤٥ ٠.٣٣٪ ٣٠٠٠ ٠.٠٢٪

٣٠ دەستەی ژینگە ١٦٥٨٨ ٠.١٪ ٩٤٨٨ ٠.٠٦٪

٣١ دەزگای کاروباری مین ٤١٩٦٦ ٠.٢٥٪ ٢٥٥١١ ٠.١٥٪

پەرەپێدانی پارێزگاکان ٩١٤٢٩٨ ٥.٤٪ ٩١٤٢٩٨ ٥.٤٠٪

کۆی گشتی ١٦٩٤٢٧٤٩ ١٠٠٪ ٥٣٣٣٧٩١ ٣١٪

لە کۆی پێنج ترلیۆن و ٣٣٣ ملیار و ٩٥٨ ملیۆن دیناری بودجەی وەبەرهێنان دا، بەبڕی جیاجیا بەسەر سێکتەر و دامەزراوەکاندا دابەشکراوە، جیا لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان لە ڕێژەی ١٧.١٤٪ی بودجەی وەبەرهێنان پێک دێنێت، زۆرترین بڕی بودجەی وەبەرهێنان بەر وەزارەتی شارەوانی کەوتووە کە ڕێژەی ١٩.٤٩٪ی بودجەکە پێک دێنێت. بەدوای ئەودا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە ڕێژەی ١٢.٤٩٪ و وەزارەتی کارەبا بەڕێژەی ٩.٧٦٪ی بودجەی وەبەرهێنانیان بۆ تەرخانکراوە. لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێژەی ٤١.٧٤٪ی هەموو بودجەی وەبەرهێنان لەماوەی ساڵی دارایی ٢٠١٣دا بەسەریەکەوە بۆ ئەو سێ وەزارەتە دەچێت.

ئاستی دووەمی بودجەی وەبەرهێنان بەر چەند وەزارەتێکی تر کەوتووە، پلاندانان بەڕێژەی ٥.٧٦٪، پەروەردە بەڕێژەی ٤.٧٦٪، کشتوکاڵ ٤.٥٣٪، تەندروستی ٤.٣٦٪ و وەزارەتی دارایی و ئابووری ٣.٤٣٪ی لەکۆی گشتی بودجەی وەبەرهێنان بەرکەوتووە. لەکاتێکدا سێکتەرەکانی وەک؛ ناوخۆ بەڕێژەی ٢.٧٦٪، خوێندنی باڵا بەڕێژەی ٢.١٦٪، گواستنەوە و گەیاندن بەڕێژەی ٢.١٣٪، دەزگەی ئاسایش بەڕێژەی ١.٩٥٪، دەستەی وەبەرهێنان بەڕێژەی ١.٦٣٪، ڕۆشبنیری بەڕێژەی ١.٤٣٪ و بازرگانی و پیشەسازی بەڕێژەی ١.١٣٪ی لەکۆی گشتی بودجەی وەبەرهێنانی بەرکەوتووە، لەکاتێکدا دامەزراوە و سێکتەرەکانی دیکە یان لە خوار ١٪ی بودجەی وەبەرهێنان یان هیچ بڕێکیان لە بودجەی وەبەرهێنان نەبووە.

ئەو دابەشکارییە لە بودجەی وەبەرهێنان بەپێی سێکتەرەکان گرێدراوی چەند هۆکارێکە، وەک؛ ناهاوسەنگی لە بودجەی وەزارەت و سێکتەرەکان لەلایەک و ناهاوسەنگی لە بودجەی بەگەڕخستن و وەبەرهێنان لەناوخۆی یەک سێکتەر و لەچوارچێوەی بودجەی تەرخانکراو بۆ سێکتەرەکە.

سێیه‌م:سێکتەری تەندروستی

3-1:بودجه‌ی كه‌رتی ته‌ندروستی له‌ 2013

لەکۆی ١٦ ترلیۆن دیناری بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان، بڕی ٩٢٧ ملیار و ٥٨٢ ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی تەندروستی تەرخانکراوە و ئەوەش ڕێژەی (٥.٤٨٪)ی بودجەی گشتی لەماوەی ساڵی دارایی ٢٠١٣دا پێک دێنێت. تەنیا بڕی ٢٣٢ ملیار و ٤١٧ ملیۆن دینار بۆ بودجەی وەبەرهێنان لە سێکتەری تەندروستی دەمێنێتەوە کە ڕێژەی (٢٥٪)ی بودجەی وەزارەتەکە پێک دێنێت. لەکاتێکدا بڕی ٦٩٥ ملیار و ١٦٥ ملیۆن دینار لە بودجەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی تەندروستی لە بواری بەگەڕخستن خەرج دەکرێت کە مووچەی فەرمانبەران و تێچووەکانی کارڕایی کردن بەگشتی دەگرێتەوە. بەو شێوەیە بەڕێژەی (٧٥٪)ی بودجەی تەرخانکراو بۆ سێکتەری تەندروستی لە کوردستان دا، بۆ خەرجییەکانی بەگەڕخستن دەبێت.

 خەرجییەکانی بەگەڕخستن لە سێکتەری تەندروستی دابەش دەبێت بەسەر چەند لایەنێکی دیاریکراو؛

خەرجییەکانی بەگەڕخستن لە سێکتەری تەندروستی

ناوەڕۆک گوژمە بە ملیۆن ڕێژە ٪

مووچەی فەرمانبەران ٤٨٩٠٠٠ ٧٠.٣٤٪

چاککردنەوە ١٢٠١٤٠ ١٧.٢٨٪

سوودە کۆمەڵایەتییەکان ٧٠٠٠٠ ١٠.٢٧٪

خەرجییەکانی دیکە ٢٥٠ ٠.٠٤٪

هەبووە ناداراییەکان ١٥٧٧٥ ٢.٢٧٪

سەرجەم ٦٩٥١٦٥ ١٠٠٪

وەک لە خشتەی سەرەوەدا ڕوون دەبێتەوە، خەرجییەکانی بەگەڕخستن لە سێکتەری تەندروستی پێنج لایەنی دیاریکراو دەگرێتەوە، کە مووچە و قەرەبووی فەرمانبەران بە بڕی ٤٨٩ ملیار دینار ڕێژەی (٧٠.٣٤٪)ی کۆی خەرجییەکانی بەگەڕخستن دەگرێتەوە و بەدوای ئەویشدا خەرجییەکانی چاککردنەوە و خزمەتگوزارییەکان بەبڕی ١٢٠ ملیار و ١٤٠ ملیۆن دینار بەڕێژەی (١٧.٢٨٪)ی بودجەی بەگەڕخستن پێک دێنێت.

3-2:گه‌شه‌پێدانی بودجه‌ی ته‌ندروستی (بودجه‌ی جێگره‌وه‌) پێشنیار بۆ 2020

1-زیادكردنی بودجه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی لانی كه‌م بۆ 10%ی كۆی بودجه‌ و گرنگیدان به‌ كه‌رتی ته‌ندروستی گشتی كه‌ له‌ 2013 ته‌نها 5.48% بووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش زۆر كه‌متره‌ له‌وه‌ی له‌ عێراق و ته‌نانه‌ت وڵاتانی دراوسێ هه‌یه‌.

2- کەم کردنەوەی بودجەی بەگەڕخستن لە تەرخانکراوی گشتی بۆ وەزارەتی تەندروستی بە ئامانجی گەشەپێدانی بودجەی وەبەرهێنان لە سێکتەری تەندروستی دا.

3- سەپاندنی باج لەسەر نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستاندا و ڕێژەی باج بەگوێرەی قەرەوێڵە یان نەخۆش و بڕەپارەی چارەسەرییەکان دیاری بکرێت.

4- سەپاندنی باج لەسەر کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کە لە بواری تەندروستی کار دەکەن، وەک کۆمپانیاکانی هێنانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی و ...هتد.

5- سەپاندنی باج لەسەر نۆڕینگە، دەرمانخانە و سەنتەرە پزیشکییەکانی کەرتی تایبەت.

6- وەرگرتنی بڕەپارەیەک لە نەخۆشخانە، بنکەی تەندروستی، نۆڕینگە و سەنتەرە پزیشکییەکان، دەرمانخانەکان و کۆمپانیاکانی هێنانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ (مۆڵەت و نوێکردنەوەی مۆڵەت)ی کارکردن کە تا ئێستا هیچ بڕەپارەیەکیان لێوەرناگیرێت.

7- تەرخانکردنەوەی کۆی داهاتی وەزارەتی تەندروستی بۆ سێکتەری تەندروستی خۆی، بەشێوەیەک کە داهاتی وەزارەتەکە بۆ گەنجینەی گشتی نەگەڕێتەوە و ڕاستەوخۆ لە سێکتەری تەندروستی بەکاربهێنرێتەوە. ساڵانە داهاتی وەزارەتی تەندروستی (١٠) ملیار دینار دەبێت.

8- زیادکردنی کرێی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، وەک کرێی سەردانی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان کە تەنیا (٥٠٠) دیناری عێراقییە، بە مەرجێک ئەو پارەیە لە پەرەپێدانی سێکتەری تەندروستی بەکاربهێنرێتەوە و بۆ گەنجینەی گشتی نەگەڕێتەوە.

9- ڕێژەیەک لە باجی ئۆتۆمبێل، کارگە و پرۆژە پیشەسازییەکان بۆ سێکتەری تەندروستی تەرخان بکرێت، بەتایبەت کارگەکانی وەک چیمەنتۆ و کانزا و پرۆژە پترۆکیمیاییەکان.

10- هاندانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری لەچوارچێوەی کەرتی تەندروستی وەک کردنەوەی نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی یان دابینکردنی تاقیگە پزیشکییەکان و ..هتد لە چوارچێوەی بەرنامەکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان.

11- لە باج بەخشینی ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانەی پاڵپشتی دارایی لە پرۆژە تەندروستییەکان دەکەن و هاندانیان بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان.

12- زیادکردنی باج بەڕێژەی ١٠٠٪ لەسەر جگەرە و خواردنەوە کحوولییەکان و تەرخانکردنی داهاتەکە بۆ سێکتەری تەندروستی.

13- کەم کردنەوەی ڕێژەیەک لە بودجەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و تەرخانکردنەوەی بۆ سێکتەری تەندروستی. یان پابەندکردنی ئەو دامەزراوانە بە دروستکردنی نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی لەبودجەی تەرخانکراو بۆ ئەو وەزارەت و دەزگایانە کە کارمەندانی سەر بە خۆیان و خێزانەکانیان لێی سوودمەند بن.

14- کەم کردنەوەی ڕێژەیەک لە بودجەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی ناوخۆ و گواستنەوەی بۆ سێکتەری تەندروستی یان پابەندکردنی وەزارەتەکە بە دروستکردنی نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی لە بودجەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتەکە بەمەبەستی دروستکردنی نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی کە کارمەندانی سەر بە هێزەکانی ناوخۆ و خێزانەکانیان لێی سوودمەند بن.

15- کەم کردنەوەیەک لە بودجەی ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش و تەرخانکردنی بۆ سێکتەری تەندروستی یان پابەندکردنی ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش بە دروستکردنی نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی کە کارمەندانی هێزەکانی ئاسایش و خێزانەکانیان لێی سوودمەند بن.

16- هەموو ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانەی (مۆڵەتی وەبەرهێنان)یان پێدەدرێت، پابەند بکرێن بە دروستکردنی بنکەی تەندروستی یان نەخۆشخانە لە پرۆژەکانیاندا و بەتایبەت لە پرۆژەکانی (نیشتەجێبوون)دا کە لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٨ سەرووی ٢٠٠ شار و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لەچوارچێوەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەلایەن کەرتی تایبەت دروستکراون و بەدەگمەن نەبێت، هیچ کامێکیان بنکەی تەندروستییان نییە. 

17- سەپاندنی باج بەسەر خواردنە ناتەندروستەکان، ئەو خواردنانەی ڕێژەیەکی زۆر لە خوێ، چەوری و شەکریان تێدایە. سەپاندنی باج بەسەر ئەو خواردنە ناتەندروستانەدا، هەم داهاتێک بۆ کەرتی تەندروستی پێک دێنێت و هەم نەخۆشییەکان کەمتر دەکاتەوە کە جارێکی تر دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی تێچووی تەندروستی.

18- سەپاندنی باج بەسەر کۆمپانیاکانی مۆبایل و ئینتەرنێت، وەک یەکێک لە سەرمایەگوزارییە پڕ داهات و قازانجەکان لە هەرێمی کوردستان دا. 

19- پیادەکردنی یاسای قەدەغەکردنی جگەرەکێشان لە شوێنە گشتییەکان و سەپاندنی بڕی سزای دارایی بەسەر پێشێلکارانی یاسایەکەدا.

20- سەپاندنی باجێک بەسەر بەڵێندەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی، کە یەکێک لە پرۆسە بازرگانییە بەرفرەوانەکانی هەرێمی کوردستانە و داهاتەکەی بۆ کەرتی تەندروستی تەرخان بکرێتەوە.

21- وەرگرتنی باجی مۆڵەت و نوێکردنەوەی مۆڵەت لە نۆڕینگە پزیشکییەکان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی، لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان سەندیکای پزیشکان مۆڵەت بە نۆڕینگە پزیشکییەکان دەدات. دەبێت ئەو پرۆسەیە بۆ وەزارەتی تەندروستی بگەڕێتەوە کە لەو ڕێگەیەشەوە داهاتێک بۆ وەزارەتی تەندروستی دروست دەبێت.

چواره‌م:سێکتەری ژینگە

4-1: بودجه‌ی ژینگه‌ له‌ 2013

لە بودجەی ساڵی دارایی ٢٠١٣دا، بڕی ١٦ ملیار و ٥٨٨ ملیۆن دینار بۆ سێکتەری ژینگە لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، کە ڕێژەی (٠.١٪)ی بودجەی گشتی پێک دێنێت. لەو چوارچێوەیەدا بڕی نۆ ملیار و ٤٨٨ ملیۆن دینار بۆ بواری وەبەرهێنان و بڕی حەوت ملیار و ١٠٠ ملیۆن دینار بۆ بواری بەگەڕخستن دابینکراوە. لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێژەی (٥٧.٢٠٪)ی بودجەکە بۆ وەبەرهێنان و ڕێژەی (٤٢.٨٠٪)ی بودجەکە بۆ بواری بەگەڕخستن دەبێت.

بودجەی ژینگە جیاواز لە بودجەی تەرخانکراو بۆ سێکتەری تەندروستی بەڕێژەیەکی کەمتر بۆ بواری بەگەڕخستن دەچێت کە بەگشتی ڕێژەی (٤٣٪)ی بودجەکە دەکات. ئەوەش بەو هۆیەوە کە لایەنی تایبەتمەند بە ژینگە لە هەرێمی کوردستان دا، (دەستە)یەکە و سێکتەری تەندروستییش لە چوارچێوەی (وەزارەت)ێک ڕێکخراوە کە ستاف و دامەزراوەی زۆر زیاتر ڕۆڵی تێدا دەبینن.

4-2: گه‌شه‌پێدانی بودجه‌ی ژینگه‌ (بودجه‌ی جێگره‌وه‌) پێشنیار بۆ 2020

١-دابینکردنی بڕەپارەیەکی ساڵانە بۆ سندووقی ژینگە لە هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی کوردستان دا و پاڵپشت بە ناوەڕۆکی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە.

٢- گواستنەوەی ئەو پارانەی لە چوارچێوەی (پاڵپشتی ژینگە) و بەگوێرەی گرێبەستەکانی نەوت لە کۆمپانیاکانی نەوت وەردەگیرێن و دەبێت بخرێنە سندووقی ژینگەوە نەک گەنجینەی گشتی. لەکاتێکدا بەپێی گرێبەستەکانی نەوت ساڵانە هەر کۆمپانیایەکی نەوت بڕی ٣٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی وەک پاڵپشتی ژینگە بە حکوومەت دەدات، بەڵام ئەو بڕەپارەیە تا ئێستا نەخراوەتە سندووقی ژینگەوە.

٣- زیادکردنی بڕی سزا داراییەکان لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی ژینگەیی کە لەلایەن کارگە و پرۆژەکانەوە ئەنجام دەدرێن.

٤- ڕاستکردنەوەی ئاراستەی خەرجییەکانی چوارچێوەی (بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان)، پێوەست بە کۆمپانیاکانی نەوت لە کوردستان دا، کە بەپێی پرەنسیپەکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان دەبێت لە بواری (ژینگە)دا کار بکەن. لەکاتێکدا کۆمپانیاکان لەو بوارەدا کارکردنێکی تەواو سنوورداریان هەیە.

٥- سەپاندنی باجی ژینگە بەسەر کۆمپانیا و بەڵێندەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان دا، بەڕادەیەک کە هەزاران تانکەری گواستنەوە لە پرۆسەی گواستنەوەی سووتەمەنی لە کوردستان دا کار دەکەن و هیچ باجێک نادەن.

٦- بەکارهێنان و تەرخانکردنەوەی (باجی ژینگە و ڕێگەوبان) کە لە ئۆتۆمبێل وەردەگیرێت بۆ پرۆژەکانی پاڵپشتی ژینگە، لەکاتێکدا تا ئێستا هیچ بڕەپارەیەک لە باجی ژینگە کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ وەردەگیرێت، بۆ دەستەی ژینگە ناچێتەوە و لە بواری ناژینگەییدا بەکاردەهێنرێت، لەکاتێکدا باجەکە بۆ ژینگە وەردەگیرێت. کە ساڵانە ئەو پارەیە بە ٤٥ ملیار دینار دەخەمڵێنرێت.

٧- سەپاندنی باجی ژینگە بەسەر هەموو کارگەکانی پلاستیک و بەتایبەت کارگەکانی ئاو و خواردنەوە کە لە بتڵی پلاستیکی بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕەوە.

٨- سەپاندنی باج بەسەر ئەو مارکێت و فرۆشگەیانەی کیسی نایلۆن بەکاردەهێنن.

٩- سەپاندنی باجی ژینگە بەسەر پاڵاوگەکانی نەوت بەشێوەیەک کە پاڵاوگە بێ مۆڵەتەکانیش بگرێتەوە تا دۆسیەکانیان لەڕووی یاساییەوە یەکلایی دەکرێتەوە.

١٠- سەپاندنی باجێکی تایبەت بە پاشماوەکان کە هەموو کارگە و پرۆژەکان و مارکێتەکان بگرێتەوە، بەتایبەت باجی ئەو کاڵا و مادە خۆراکییانەی بەهۆی ماوەی بەسەرچوونییانەوە فڕێ دەدرێن.

١١- ڕێژەیەک لە بودجەی کەمکراوەی سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕاستەوخۆ بخرێتە سەر بودجەی تەرخانکراو بۆ دەستەی ژینگە.

١٢- سەپاندنی کرێی خزمەتگوزارییەکانی کارڕاییکردن بەسەر هەموو ئەو کارگە و کۆمپانیا و پرۆژانەی مۆڵەتی ژینگەیان پێدەدرێت. هاوشێوەی وەرگرتنی کرێی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی لەسەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی دیکە.

١٣- سەپاندنی باجێکی تایبەت لەسەر کاڵاکانی کەمالیات و ئەو باجەیش بۆ سێکتەری ژینگە بەکاربهێنرێتەوە.

١٤- کەمکردنەوەی بڕێکی دیاریکراو لە بودجەی سەربازی و ئەمنی و گواستنەوەی بۆ سەر تەرخانکراوەکانی ژینگە.

پێنجه‌م:سێکتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا

5-1:بودجه‌ی په‌روه‌رده ‌و خوێندنی باڵا له‌ 2013

وەزارەتەکانی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا هەیە. یەکەمیان سەرپەرشتی پەروەردە و خوێندن لە قۆناغەکانی باخچەی ساوایان تا ئامادەیی بە پەیمانگەکانی پیشەییەوە دەکات. دووەمیان دامەزراوەی زانکۆ و پەیمانگەکانی پۆلیتەکنیکی لەخۆدەگرێت.

لە بودجەی ساڵی ٢٠١٣دا، بڕی دوو ترلیۆن و ١١٤ ملیار و ٩٦٧ ملیۆن دینار بۆ بودجەی وەزارەتی پەروەردە تەرخانکراوە، ئەوەش ڕێژەی (١٢.٤٨٪)ی کۆی گشتی بودجەی ساڵی ٢٠١٣ دەگرێتەوە. لەو گوژمەیە بڕی یەک ترلیۆن و ٨٦٠ ملیار و ٩٣٣ ملیۆن دینار بۆ خەرجییەکانی بەگەڕخستن و تەنیا بڕی ٢٥٤ ملیار و ٣٤ ملیۆن دینار بۆ خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە سێکتەری پەروەردەدا تەرخانکراوە. بەو شێوەیە بەڕێژەی (٨٧.٩٩٪)ی بودجەی پەروەردە بۆ سێکتەری بەگەڕخستن و تەنیا ڕێژەی (١٢.٠١)ی بودجەکە بۆ وەبەرهێنان لە سێکتەری پەروەردە تەرخانکراوە.

پارەی تەرخانکراو بۆ وەبەرهێنان لە سێکتەری پەروەردەدا، ڕێژەی (١.٥٠٪)ی بودجەی گشتی ساڵی ٢٠١٣ و ڕێژەی (٤.٧٦٪)ی بودجەی تەرخانکراو بۆ بواری وەبەرهێنان لەسەر ئاستی بودجەی گشتی کوردستان پێک دێنێت.

لەکاتێکدا بودجەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕی ٧٣٤ ملیار و ٩٦٦ ملیۆن دینار دەبێت کە ڕێژەی (٤.٣٤٪)ی بودجەی ساڵی دارایی ٢٠١٣ی هەرێمی کوردستان پێک دێنێت. لەو گوژمەیە بڕی ٦١٩ ملیار و ٨٩٧ ملیۆن دینار بۆ بەگەڕخستن و ١١٥ ملیار و ٦٩ ملیۆن دینار بۆ وەبەرهێنان لە سێکتەری خوێندنی باڵا تەرخانکراوە. کەواتە بەڕێژەی (٨٤.٣٤٪)ی بودجەی خوێندنی باڵا بۆ بەگەڕخستن و تەنیا ڕێژەی (١٥.٦٦٪)ی بودجەکە بۆ وەبەرهێنان دەمێنێتەوە. بەو شێوەیە پارەی تەرخانکراو بۆ وەبەرهێنان لە سێکتەری خوێندنی باڵادا بەڕێژەی تەنیا (٠.٦٨٪)ی بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان پێک دێنێت.

بودجەی وەبەرهێنانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ڕێژەی (٢.١٨٪)ی بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان پێک دێنێنێت.

5-2: گه‌شه‌پێدانی بودجه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا(بودجه‌ی جێگره‌وه‌) پێشنیار بۆ 2020

١-کەم کردنەوەی خەرجییەکانی بەگەڕخستن لە بودجەی تەرخانکراو بۆ سێکتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا و خستنەسەر بودجەی وەبەرهێنان.

٢- گۆڕانکاری لە سیستەمی تواناسازی لە ڕێگەی دروستکردنی سندووقی قەرزی خوێندن، بەشێوەیەک کە تێچووی فێرخوازانی تواناسازی وەک قەرز بدرێت و پاشان بەشێوەی درێژخایەن وەربگیرێتەوە، بەو شێوەیە داهاتی سندووقی خوێندن دەستاودەست دەکات و زۆرترین کەس لێی سوودمەند دەبن.

٣- سەپاندنی باج بەسەر زانکۆ و پەیمانگەکانی کەرتی تایبەت کە لە چوارچێوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی مۆڵەت وەردەگرن، هەروەک وەرگرتنی پارەی نوێکردنەوەی مۆڵەتی ساڵانە. بڕی باج بەگوێرەی ژمارەی خوێندکارانی وەرگیراو لەهەریەک لەو ناوەندانە و بڕی کرێی خوێندن دەستنیشان بکرێت.

٤- سەپاندنی باج بەسەر پەیمانگە و سەنتەرەکانی ڕاهێنانی پەروەردەیی کەرتی تایبەت کە لە وەزارەتی پەروەردە مۆڵەت وەردەگرن. هەروەک وەرگرتنی پارەی نوێکردنەوەی مۆڵەتی ساڵانە. بڕی باج بەگوێرەی ژمارەی خوێندکارانی وەرگیراو لەهەریەک لەو ناوەندانە و بڕی کرێی خوێندن دەستنیشان بکرێت.

٥- پابەندکردنی ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانەی مۆڵەتی (پرۆژەی وەبەرهێنان) بەتایبەت (پرۆژەی نیشتەجێبوون) وەردەگرن بە دروستکردنی قوتابخانە لە شارە نوێیەکاندا، لەکاتێکدا بەپێی (مۆڵەت)ەکانیان دەبێت قوتابخانە دروست بکەن. ئەوەش خەرجییەکان لە بودجەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی پەروەردە کەم دەکاتەوە.

٦- هاندانی کۆمپانیاکانی خاوەنکار لە کەرتی نەوت و گازی کوردستان بۆ بەکارهێنانی بەشێک لە پارەی (بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی) لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی قوتابخانەکان.

٧- بەرزکردنەوەی ئەو بڕەپارەیەی ساڵانە لە بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان دا، بۆ مەبەستی دروستکردنی قوتابخانە بەکاردەهێنرێت لە ١٢٠ ملیار دینارەوە بۆ لانی کەم ١٥٠ ملیار دینار. هەروەک پارەکە ڕاستەوخۆ بگوازرێتەوە سەر بودجەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی پەروەردە.

٨- لە باج بەخشینی ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانەی قوتابخانە دروست دەکەن هاوشێوەی بەخشینی ئەوان لەکاتی دروستکردنی پەرستگای ئاینی.

٩- سەپاندنی باج بەسەر کۆمپانیا و بەڵێندەرەکانی لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا سەرمایەگوزاری دەکەن، بەجۆرێک کە داهاتەکە بۆ سێکتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا تەرخان بکرێتەوە و بۆ گەنجینەی گشتی نەگەڕێتەوە.

١٠- بەکرێدانی گۆڕەپان و یاریگا وەرزشییەکانی قوتابخانەکان و ناوەندەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا.

١١- کەم کردنەوەی بڕێکی دیاریکراو لە بودجەی سەربازی و ئەمنی و گواستنەوەی بۆ سەر تەرخانکراوەکانی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا.

شه‌شه‌م:سێکتەری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی

6-1:بودجه‌ی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ 2013

لە بودجەی ساڵی دارایی ٢٠١٣دا، بڕی ٥٣٢ ملیار و ٦٨٦ ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تەرخانکراوە کە ڕێژەی (٣.١٤٪)ی بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان پێک دینێت. لەو گوژمەیەدا بڕی ٤٨٦ ملیار و ٨٣٧ ملیۆن دینار بۆ بواری بەگەڕخستن بەڕێژەی (٩١.٣٩٪) و بڕی ٤٥ ملیار و ٨٥٩ ملیۆن دینار بۆ بواری وەبەرهێنان بەڕێژەی (٨.٦٩٪) تەرخانکراوە. 

لەسەر ئەو بنەمایە، بودجەی وەبەرهێنان لە سێکتەری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەڕێژەی (٠.٢٧٪)ی بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان و ڕێژەی )٠.٨٦٪)ی بودجەی تەرخانکراوی بواری وەبەرهێنان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان پێک دێنێت.

6-2: گه‌شه‌پێدانی بودجه‌ی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی(بودجه‌ی جێگره‌وه‌) پێشنیار بۆ 2020

١-کەم کردنەوەی بودجەی تەرخانکراو بۆ بواری بەگەڕخستن لە سێکتەری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و خستەسەر بودجەی وەبەرهێنان لە هەمان سێکتەردا.

٢- کاراکردنی سندووقی دەستبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کرێکاران بەشێوەیەک کە هەموو کرێکارانی کەرتی تایبەت دەستبەر بکرێن.

٣- ڕێژەیەک لە داهاتی سندووقی دەستبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی دەستنیشان و تەرخان بکرێت بۆ مەبەستی وەبەرهێنان، ئەوەش بە یاسایەکی تایبەت ڕێک بخرێت کە هەم ڕێژەکە و هەم بوارەکانی وەبەرهێنان دەستنیشان بکات. بەشێوەیەک کە وەبەرهێنان لەو بوارانەدا بکرێت کە مەترسی زیانکردنیان کەمترە، لەناویاندا دابینکردنی قەرزی خوێندن.

٤- ئەو بڕە پارەیەی لە کۆمپانیاکانی نەوت و گاز و هاوشێوەکانیان بەناوی بنیاتنانی تواناکان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەردەگیرێت، بۆ سەر بودجەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بگێڕدرێتەوە و بەکاربهێنرێت لە بنیاتنانی تواناکانی هێزی کاری خۆماڵی دا.

٥- چاکسازی لە لیستی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و تۆڕی پاراستن و چاودێری کۆمەڵایەتی بکرێت، بەشێوەیەک ئەو کەسانەی بەبێ هەبوونی ڕێنماییەکان خراونەتە لیستەکانەوە، مووچەکانیان ڕابگیرێت کە بە هەزاران مووچەخۆری نایاسایی دەخەمڵێنرێت و بەوەش داهاتێکی گەورە بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە.

٦- بەناوکردنی بەشێک لە زەوی و موڵکەکانی دەوڵەت لەسەر وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و تەرخانکردنەوەی داهاتەکەی بۆ خودی وەزارەتەکە.

٧- وەرگرتنی کرێی خزمەتگوزارییەکانی کە لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرمانگە و دامەزراوەکانی گرێدراو بە وەزارەتەکە پێشکەش دەکرێن.

٨- وەرگرتنەوەی کرێ و تێچووی لیژنەکانی پشکنەر و لیژنە چاودێرییەکانی سەربە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و هاوشێوەکانیان لە خاوەنکار و پرۆژەکان.

٩- تەرخانکردنی پارەی دیاریکراو لە ڕێگەی گەنجینەی گشتییەوە بۆ دەستبەرکردنی کرێکاران وەک لە مادەی دووەمی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران-ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٢ دەقی لەسەر هاتووە و ئەوەش لە بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان دا جێگیر بکرێت.

١٠- دەستەبەرکردنی سەرجەم کرێکارانی هەرێمی کوردستان و هاوبەشیکردنیان لە سندووقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دا بەتایبەت دەستەبەرکردن و هاوبەشی کردنی کرێکارانی بێ خاوەنکار لە سندووقی دەستەبەریدا وەک لە مادەی نۆیەمی یاسای خانەنشینی و دەستبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران دەقی لەسەر کراوە.

١١- بەگەڕخستنەوە و کاراکردنەوەی سندووقی پشتیوانی پرۆژە بچووکەکانی لاوان و پابەندبوونی ئەنجوومەنی وەزیران/وەزارەتی دارایی و ئابووری بە تەرخانکردنی بودجەی دیاریکراو بۆ سندووقەکە.

١٢- سەپاندن و جێبەجێکردنی باجی دەرامەت بەسەر کرێکارانی بیانی کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن بەبێ بەدەرکردنی هیچ کرێکارێک لە هەر سێکتەرێکدا.

١٣- کەمکردنەوەی بڕێکی دیاریکراو لە بودجەی سەربازی و ئەمنی و گواستنەوەی بۆ سەر تەرخانکراوەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.