ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێناس گەرمیانی

بەكارهێنان وبازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكانەوە لە گوڵاڵە بە رێژەیەكی زۆر بەرز زیادی كردووە وبەرپرسێكی حیزبیش ڕای دەگەیەنێت كە لە دوای 16ی ئوكتۆبەرەوە ناوچەكە بە تەواوەتی بووەتە بازارێك بۆ بازرگانیكردن وفروشتنی ئەو ماددەیە .

شێركۆ تۆفیق كارگێڕی لقی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (ڕێگای كوردستان)ی ڕاگەیاند:- لە دوای 16ی ئوكتۆبەر وهاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەكە چەندین كێشەی هەمەجۆر ڕووبەڕووی هاوڵاتیانی ناوچەكە بووەتەوە كە ئەو حەشدانە تێدا لایەنی سەرەكی وڕۆڵێكی باشی تێدا دەگێڕن،لەوانە بڵاوبونەوەی ماددەی هۆشبەر لە نێو گەنجانی ناوچەكە بە ڕێژەیەكی زۆر كە تاكو هێزەكانی پێشمەرگەو ئاسایش هەبوونیان هەبو لە گوڵاڵە ودەوروبەری ئەم دیاردەیە نەبوو بەڵام لە ئێستادا ئاڵوگۆڕی پێدەكرێت وبەبێ‌ ترس بەكار دەهێنرێت كە كارەساتی لە نێوان گەنجانی ناوچەكە دروست كردووە.

گوتیشی:- لە بڕی ئەوەی حەشدی شەعبی ڕێگری لەو دیاردەیە بكات ودەستی بە سەردا بگرێت وئەو گەنجانە دەستگیر بكات كە ئالودەی بوون وبەكاری دەهێنن كەچی خۆی هانی گەنجان دەدات بۆ بەكارهێنانی ئەویش لە ڕێگەی لە شارەكانی خوارووی عێراق ودابەشكردنی بە سەر گەنجانی ناوچەكەدا كە لە ئێستادا ڕێژەیەكی زۆر لە گەنجان ئالودەی ئەو ماددانە بوون وبە ئاشكراش بەكاری دەهێنن، بە تایبەت ئەو گەنجانەی كە پەیوەندی راستەوخۆیان بە حەشدی شەعبییەوە هەیە.

شێركۆ تۆفیق ئاماژەی بەوەشكرد كە دەستێك هەیە بۆ تێكدانی مێشكی گەنجانی گوڵاڵەو دەوروبەری وهەوڵدەدات لە ڕێگەی حەشدی شەعبییەوە گوڵاڵە بكاتە بكاتە شوێنی بەكارهێنان وفرۆشتنی ماددە هۆشبەرەكان،لەگەڵ ئەوەشدا تاكو ئێستا نە كەس گیراوەو سزادراوە ونەش دەست دەست بە سەر ئەو مادانەدا گیراوە،لەبەر ئەوەی گوڵاڵە لە ژێر كۆنترۆڵی حەشدی شەعبیدایە وئەوانیش ئەو ماددەیە دەهێنن وبڵاوی دەكەنەوە وئەگەریش كەسێك دەستگیر بكەن ئەوا خۆیان زەرەر دەكەن وكەس ئیتر ناویەرێت مامەڵەیان لەگەڵدا بكات ولێیان بكڕێت.

ڕاشی گەیاند:- خەڵكی ناوچەكە زۆر بێزارن لە هەڵس وكەوتەكانی حەشدی شەعبی، بە تایبەت هێنان وبڵاو كردنەوەی مادەی هۆشبەر بۆ ناوچەكە،بەڵام ناتوانن دەنگ بكەن لە بەر ئەوەی كە نییە گوێیان لێبگرێت وپشتیوانیان بێت، ئەوان وایاندەزانی كە كورد لە ناوچەكە بۆیان خراپ دەبێت بەڵام لە دوای 16ی ئوكتۆبەرەوە بۆیان دەركەوت كە بێجگە لە كوردو هێزی پێشمەرگە هیچ هێزێكی دیكە خەمی ناوچەكە ناخوات وهەبوونی حەشدی شەعبیش تەنها لە زەرەر زیاتر وماڵ وێرانی زیاتر لە گوڵاڵە ودەوروبەری هیچی دیكە نییە بۆیە لە ئێستادا زۆرینەیان لەگەڵ ئەوەدان حەشدی شەعبی نەمێنێت تاكو ڕزگاریان بێت لە ڕفاندن ومادەی هۆشبەر.

گوتیشی:- لە دوای 16ی ئوكتۆبەرەوە ناوچەكە وەكو كارگەیەكی لێهاتووە بۆ بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر وكاریگەری تەواوی لە سەر گەنجانی دروست كردووە وهێزە ئەمنییەكانی ناوچەكەش هیچ لە توانایاندا نییە بۆ ڕێگری كردن وبەرپەرچدانەوەی ئەو دیاردەیە ئەویش بە هۆی ئەوەی كە لە ئێستادا حەشدی شەعبی دەستی بە سەر سەرجەم جومگە سەربازی وئیدارییەكانی گوڵاڵەدا گرتووە وبەتەنهاش خۆی بڕیار لە سەر هەموو شتێك دەدات وگوێ‌ بە كەس نادات، پێش ئەوەی پێشمەرگە وئاسایش لە ناوچەكە پاشەكشە بكەن بە هۆی خیانەتەكەی 16ی ئوكتۆبەرەوە ڕێگە بە بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر نەدەدرا كەبەم شێوەی ئێستا تەشەنە بكات وبڵاو بێتەوە،بەڵام لە ئێستادا زۆر بە ئاسانی بە كاردەهێنرێت ومامەڵەی پێیەوە دەكرێت.

هاوڵاتییەكی دانیشتووی شارەدییەكەش بە (ڕێگای كوردستان)ی ڕاگەیاند:- ڕێژەیەكی بەرچاو لە گەنجان بە تایبەت ئەوانەی كە چەكداری حەشدی شەعبین وخەڵكی ناوچەكەن ئالوودەی ئەو ماددەیە بوون ولە گوڵاڵە ودەوروبەریشی زۆر بە ئاسانی مامەڵە بەو ماددەیەوە دەكرێت وتاكو ئێستاش چەندین جار هەوڵی ئەوەدراوە كە ڕێگری لەو دیاردەیە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی شارەدییەكەوە بكرێت یاخود ئەو كەسانە دەستگیر بكرێت كە ئەو ماددانە بە كار دەهێنن بەڵام لە لایەن حەشدی شەعبییەوە وئەو پۆچەڵ دەكرێنەوە وڕێگا نادرێت كەس دەستگیر بكرێت.

گوتیشی:- حەشدی شەعبی لە جیاتی ئەوەی ئەو كەسانە دەستگیر بكات كە كڕین وفرۆشتن بەو ماددەیەوە دەكەن كەچی خۆی بوەتە سەرچاوەی هێنانی ئەو ماددەیە بۆ ناوچەكە وفرۆشتن ودابەشكردنی بە سەر گەنجە یاخیبووەكانی گوڵاڵە، حەشد بەو گەنجانە دەڵێت ئەمە دەرمانی وزە بەخشە وهانیان دەدات تاكو بەكاری بهێنن وئالودەی بوون هەر گەنجێكیش دووجار یا سێ‌ جار بە كاری هێنا ئیتر تەواو فێری دەبێت وناتوانێت وازی لێبهێنێ تكە لە ئێستادا گەنجێكی زۆر ڕۆژانە ڕوو لەو حەشدانە دەكەن بۆ بەدەست هێنان وپەیداكردنی ئەو ماددەیە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (ڕێگای كوردستان) كەوتوون لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەك گەنجی ئالودەبو بە ماددە هۆشبەرەكان لە لایەن هێزە تەناهییەكانەوە دەستگیر كران بەڵام لە ئێستادا لە لایەن حەشدی شەعبییەوە فشارێك دروست بووە بۆ ئازادكردنی ئەو گەنجانە بەبێ‌ ئەوەی هیچ ئیجرائاتێكیان لەگەڵدا بكرێت وئەو ماددانەی كە دەهێنرێنە ناوچەكە كەسانێكی دەیهێنن كە شارەزایی تەواوەتیان لە هێنان وفرۆشتنی بەو كەسانەوە هەیە كە ئالوودەی بون وبەكاری دەهێنن.