ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، وەرگرتنی كرێی خوێندنی زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان و خوێندنی پارالێڵ لە زانكۆ و پەیمانگەكان جیاوازە، ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریداوە كرێی خوێندن كەمبكاتەوە.

رۆژی چوارشەممە 4ی ئەیلولی 2019 عەباس ئەكرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، "بە هەوڵی راستەوخۆی د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و لە چوارچێوەی ریفۆرم و پلانەكان بەمەبەستی پێشخستنی كەرتی خوێندنی باڵا لە كوردستان، وەزارەتەكەمان ئامادەكاری دەكات بۆ كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان و كرێی خوێندنی پارالێل لە زانكۆكاندا".

عەباس ئەكرەم راشیگەیاند، "وەزیری خوێندنی باڵا لە پەیوەندی بەردەوامدابووە لەگەڵ سەرۆكی زانكۆ تایبەتەكان بەمەبەستی گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوە لەسەر كەمكردنەوەی كرێی خوێندن، بۆ ئەمەش چاوەڕواندەكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا وردەكاری و هەوڵەكانی كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان بۆ رای گشتی بخرێتەڕوو".

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژە بەوە دەكات، كرێی خوێندن كاریگەریی لەسەر كوالیتی خوێندن ناكات و ئامانجیش لەم هەوڵەی وەزارەت "رەچاوكردنی بارودۆخی دارایی خەڵكی كوردستان و رەخساندنی دەرفەتی زیاتری خوێندن و پەرەپێدانی تواناكانی گەنجانی هەرێمەكەمانە".