ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ژنان، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 54 حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن، 157 حاڵەتی سوتان و خۆسوتاندنی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، چالاکێکی ئەو بوارەش هۆشداری دەدات لە بەردەوامی تاوانەکان و ئەنجامنەدانی ڕێکاری یاسایی لەلایەن دادگاکان و دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماری شەش مانگی ڕابردووی خۆی بڵاوکردەوە کە بە گوێرەی ئامارەکە 211 ئافرەت بە هۆکاری جیاواز کوژراون یان سووتێنراون.

هەر بە گوێرەی ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لەماوەی ئەو شەش مانگەدا، 22 ئافرەت کوژراون، 32 ئافرەت خۆیان کوشتووە، 99 ئافرەت سوتاون و 58 ئافرەتی دیکەش سوتێنراون، ئەمە جگە لە 47 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی.

بەشێک لە چالاکانی بواری مافەکانی ئافرەت بەردەوامی توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان لە هەرێمی کوردستان بە مەترسیدار ناودەبەن و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە سەرەڕای ئەو خەباتە بەردەوامەی چەندین ساڵە بۆ یەکسانی دەستپێکردووە، بەڵام ئامارەکان پێچەوانەی خواستەکانی ژنان پیشان دەدەن، "ژنانی هەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکی خراپدان دەژین، هەمیشە لەبەردەم مەترسیدان".

بەردەوامی توندوتیژییەکان دژی ئافرەتان لەکاتێکدایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 12 ساڵە بەڕێوەبەرایەتییەکی بەدواداچوونی توندوتیژی دژی ئافرەتانی کردووەتەوە و پەرلەمانی کوردستانیش یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی دەرکردووە، ئەمە جگە لەو دەیان رێکخراو و چالاکانەی کە بەردەوام کار بۆ هۆشیارکردنەوە و کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان دژی ژنان دەکەن.

چالاکانی بواری مافەکانی ئافرەتان جەخت لەوە دەکەنەوە کە کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی توندوتیژە بەرانبەر بە ئافرەتان، بەڵگەش بوونی هەموو ئەو تاوانانەیە کە ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە و وەکو ڕووداوێکی ئاسایی تێدەپەڕن، باس لەوەش دەکەن کە ڕێکخراوەکان و چالاکەکانی ئەو بوارە ئەوەی لە توانایاندا بووە کردوویانە، "ئەوەی لەسەر شانی ئەوانە هۆشیارکردنەوەی ژنانە لە مافەکانیان و بەرگری کردنە لێیان، ئەمەش بەپێی پێویست لەلایەن بەشێک لە ڕێکخراوەکانەوە کراوە". ئەوان ڕەخنە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەگرن و پێیان وایە بەردەوامی هۆکارەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان خەمساردی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.

لەبەرانبەر ئەم بۆچوونەشدا بەشێک لە چالاکان ڕەخنە لە ڕێکخراوەکان دەگرن و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە نەیانتوانیوە فشاری گەورە لەسەر حکوومەت و دەسەڵاتی جێبەجێکردن دروست بکەن، "گرنگە ڕێکخراوەکان و چالاکان کاری هاوبەش بکەن، تاکو لەو ڕێگەیەوە ڕێگری لە توندوتیژییەکان بکرێت و هیچ نەبێت کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی رێژەی کوشتن هەبێت".

شەمال زاهیر توێژەری کۆمەڵایەتی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە جۆرەکانی توندوتیژیی بەسەر توندوتیژی دەروونی، جەستەیی دابەش دەبن، توندوتیژی دژی ژنانیش لەهەموو کۆمەڵگایەکدا بوونی هەیە، بەڵام بە رێژەی جیاواز، "توندوتیژی پەیوەندی بە ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگا و جێبەجێکردنی یاساکانەوە هەیە" ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە هێما بۆ ئەوەش دەکات کە ئامارەکانی توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان مەترسیدارن، "گرفتەکە لەوەدایە ژمارەی کوشتن و خۆکوشتنەکان، کەمترین بەرزبوونەوە و نزمبوونەوە بەخۆوە دەبینن، ئەوەی ڕوودەدات دژی ژنان بووەتە حاڵەتێکی ڕۆتینی رۆژانە"، شەماڵ باس لەوەش دەکات کە ڕاستە ژمارەی سکاڵاکانی ژنان زیادیان کردووە کە ئەمەش بەڵگەی هۆشیاربوونەوەیانە، بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نییە، چونکە لەبەرانبەر ئەوەدا ژمارەی دەستدرێژی سێکسی زیادی کردووە، "کێشەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان هێشتا نەبوونەتە خەمی گشتی، چەندین حالەتی توندوتیژی زۆر ترسناک لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕوویانداوە، بەڵام کۆمەڵگە هەڵوێستێکی جدی نەبووە، چەندین تاوانباری کوشتنی ژنان بە ئازادی دەسوڕێنەوە، یاخود دوای دەستگیرکردنیان ئازاد کراون، بەڵام ئەوە نەبووەتە پرسێکی جدی تەنانەت لای ژنان خۆشیان"، ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە جەخت لە هۆشیارکردنەوە و پەروەردەکردن وەکو هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان دژی ژنان دەکاتەوە و باس لەوە دەکات کە هەموو ئەو توندوتیژیانەی دژی ژنان ئەنجام دەدرێن، لە ناهۆشیاری کەسی ئەنجامدەرەوە سەرچاوە دەگرن، بۆیە "پەروەدە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان".

هاژە سلێمان چالاکی بواری مافەکانی ئافرەتان باس لە خراپی بەشێک لەو یاسا کارپێکراوانە دەکات کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و جەخت دەکاتەوە کە بەشێک لەو یاسایانەی لە هەرێمی کوردستان بەرکارن، لەبەرژەوەندی ژناندا نین، بۆیە بەشێکیان پێویستیان بە هەموارکردنەوەیە، هاوکات ڕەخنە لە دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەگرێت و بە کەمتەرخەم ناویان دەبات، ئەو چالاکەی بواری مافەکانی ئافرەتان پێی وایە بەشێوەیەکی گشتی کۆمەڵگەی کوردی بەهۆی بوونی ئەو دابونەریتەی کە هەیەتی دژی مافەکانی ژنانە.

توندوتیژی دژی ئافرەتان کێشەیەکی جیهانییە، بەڵام لە هەر وڵاتیکدا ڕێژەیەکی جیاواز لەو توندوتیژییە بوونی هەیە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی سندووقی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان (UNFPA) ) لە هەر سێ ژن لە سەرانسەری جیهاندا ژنێک دەکەوێتە بەر توندوتیژیی ئەندامانی بنەماڵەکەی.