ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی كردەوە پێویستە ڕێنماییەكانی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا بەشێوازێك دابڕێژین رێگر بێت لەچوونە دەرەوەی سامانی نیشتیمانی وڵاتەكەمان و زۆرترین دەرفەتیش بۆ خوازیاران دەستەبەر بكەین. دوپاتیشیكردەوە سەرجەم دەرچوانی زانكۆكان ئەوانەی تا ئێستا دانەمەزراون بەبێ ڕەچاوكردنی ساڵانی دەرچون و خزمەت دەتوانن داواكاری بۆ ماستەر پێشكەش بكەن.

ئەو جەختكردنەوەی د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەمیانەی سەرپەرشتیكردنی كۆبوونەوەی داڕشتنەوە و پێداچوونەوە بە ڕێنماییەكانی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان هات، كە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت و یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆكان بۆ كاروباری زانستی ئامادەیبوون.

لە وتەیەكدا بۆ یاریدەدەرانی سەرۆك زانكۆكان، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سوپاسیكردن، كە بەردەوام ڕۆڵیان لە داڕشتنی بنەما زانستییەكان هەبوە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندنی باڵا بۆ گەنجانی وڵاتەكەمان، وتیشی: لەم كۆبونەوەیەدا پێداچونەوە بە ڕێنمایەكانی خوێندنی باڵا ماستەر و دكتۆرا دەكەین، بەشێوەیەك بۆ ئەمساڵی خوێندن بتوانین ئەم ڕێنماییانە بە باشترین شێوە ئامادەبكەین لەو پێناوەی زۆرترین دەرفەت بۆ خوازیاران دەستەبەر بكەین.

د.ئارام محمد قادر وتیشی: سەرجەم دەرچوانی زانكۆكان ئەوانەی تاكو ئێستا دانەمەزراون، لەمساڵدا بەبێ ڕەچاوكردنی ساڵانی دەرچون و خزمەت دەتوانن داواكاری بۆ ماستەر پێشكەش بكەن، بۆ ئەمەش دوپاتیكردەوە دەخوازین بە ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەت بۆ خوازیارانمان بتوانین ڕێگر بین لە بردنە دەرەوەی سەرمایەی نیشتیمانی وڵاتەكەمان و كادیری زانستی و ئەكادیمی بە كواڵێت و ستاندارد و بنەما زانستییە پێشكەوتوەكان پێبگەیەنین.

وەزیری خوێندنی باڵا زیاتر وتیشی: ئەم ڕێنماییانە بۆ كواڵێتی كۆرسەكان و توێژینەوەكانیشە بۆ ئەوەی توێژینەوەكان بچنە ئاستێكی باڵاتر و لە گۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەكانی دونیا بڵاو بكرێنەوە، ئەمانەش بۆ ئەوەن بتوانین ئاستی زانكۆكانمان زیاتر بەرەوپێش ببەین لە روی زانستی و ئەكادیمی، هەروەك داوای لە یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆكان بۆ كاروباری زانستی كرد: پێویستە مۆدێل و ستایڵی گفتوگۆی ماستەر و دكتۆرا گۆرانكاری بەسەردا بكرێت، بەشێویەك لەگەڵ بنەما زانستییە نێودەوڵەتییە مۆدێرنەكان بگونجێن و گفتوگۆكان لەئاستێكی زانستی و باڵا بەڕێوەببردرێن.

هەر لەو كۆبوونەوەكەدا بەخستنەڕووی دیدو بۆچوونی زانستی، گفتوگۆیەكی ورد لەبارەی داڕشتن و پێداچوونەوە بە ڕێنماییەكانی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كرا.