ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە رێكەوتی 6/10/2019 كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان بە وەستانی ماتەمینی بۆ گیانی پاكی شەهیدانی خۆپیشاندانەكانی عێراق،كۆبونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا . بەشێكی سەرەكی كۆبونەوەكە تایبەتكرا بە گفتوگۆ سەبارەت بە نارەزایی و خۆپیشاندانەكانی جەماوەری زەحمەتكێش لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقدا.

كۆمیتەی ناوەندی حزب بەگرنگیەوە درەوانێتە خۆپیشاندانەكان كە بەشدارییەكی راستەوخۆ و كاریگەری جەماوەرە لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا لە ھەلومەرجێكدا كە قەیرانی هەمەلایەن دووچاری ئەم پرۆسەیە بۆتەوە، بە جۆرێك ئاستەنگی لە بەر دەم جەماوەردا بۆ بەشداری سیاسی راستەقینە و ئەنجام دانی گۆرانكاری درووست كردوە،

بۆیە ئەوەی ئەمرۆ دەگوزەرێت ئەنجامی كەلەكەبوونی قەیرانەكان و بەرزبونەوەی رێژەی هەژاری و بێكاری و پەراوێزخستنی هاوڵاتیان و بڵاو بونەوەی گەندەڵی و بەرزبونەوەی جیاوازییە چینایەتییەكانە.

هاوكات لەگەڵ ئەو هۆكارانە قەیرانی سیستمی سیاسی و قەیرانی مێژوویی بنیاتی دەوڵەت لە عێراقدا بەردەوامە و دۆخی ناسەقامگیری و نا ئارامی سیاسی بۆ سەرجەم گەلان و پێكھاتەكان درووست كردوە.

كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان بەنیگەرانیەوە دەروانێـتە توندوتیژی دژ بە جەماوەر، و خۆپیشاندان و میكانزمەكانی نارەزایەتییە جەماوەرییەكان بە مافێكی سەرەتایی هاوڵاتیان دەزانێت و پشتگیری لە مافەكانی جەماوەر دەكات و ئیدانەی دەستدرێژی بۆسەر خۆپیشاندەران دەكات كە تا ئیستا نزیكەی سەد خۆپیشاندەر كوژراون و بە ھەزاریش برینداربونە .

 حزبمان پێی وایە كە پێویستە حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە ئاگادارییەوە ڕچاوی ئەگەر و پێشھاتەكان بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بكەن، بە جۆرێك رێگا لە ھەر جموجۆڵ و مەترسییەك بگیرێت كە لە ئاكامی كاری تیرۆریستی یان چالاكی داعش ئەگەری ڕوودانی ھەبێت، و ئەمەش لەلایەكەوە پێویستی بە یەك ریزی گەلی كوردستان و ھێزە سیاسییەكانێتی، و لە لایەكی دیكەوە پێویستە حكومەتی ھەرێمی كوردستان پەیڕەوی حوكمرانی باش و شەفافیەت و نەھێشتنی گەندەڵی و دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی خەڵكی كوردستان بكات.

 لە درێژەی گفتوگۆی رەوشی سیاسی كۆمیتەی ناوەندی ئاماژەی بە ئامادەكارییەكانی هەڵبژادنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە تایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان كرد كە پێویست دەكات لە ژینگەیەكی هێمن و جیاواز لەوی ئێستا بەرێوە بچێت، و هەڵبژاردنێك بۆ بەشداری سیاسی راستەقینەی خەڵك بێت نەك بۆ فەرزكردنی ئەجندای ناوەندێتی ڕەھا بە سود وەرگرتن لە دۆخی داسەپاوی ئەمرۆی ئەو ناوچانە.

 بێ گومان ئەم ھەلومەرجە وا دەخوازێت كە لیستی یەكگرتووی كوردستانی ھیچ لایەنیكی ئەو لیستە لە بەشداری ئیداری پەراوێز نەخات و نمونەیەكی نوێی جیاواز لە ئەزمونی پێشتر لە بەرێوەبردنی ئەو ناوچانە كە لە خزمەتی سەرجەم نەتەوە و پێكھاتەكانی ئەو ناوچانە بێت،پێشكەش بكات، و خزمەتی ئاشتی و بەیەكەوە ژیانی سەرجەم دانیشتوانی ئەو ناوچانە بێت.

لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا لە ڕوانگەی سیاسەت و بریارەكانی حزب كە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی چەپی دیموكراسیخوازە بەدواداچوون بۆ چەند بریارێكی پێشووكرا لە بارەی رۆڵی رێكخستنەكانی حزب لە داكۆكی كردن لە مافەكانی هاوڵاتیان و رووبەروو بونەوەی سیاسەتی ئابوری حكومەت و فرۆشتنی كەرتە نیشتمانییەكان بە كەرتی تایبەت و دووركەوتنەوەی حكومەت لە بەرپرسیارەتییە كۆمەڵایەتییەكانی . هاوكات لە بارەی چەند پرسێكی ناوەخۆی حزبیش بریاری پێویست وەرگیرا .

 

كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان

6ی 10ی 2019