ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا سەبارەت بە گۆڕینی لۆگۆی تەکسییەکانی ھەر سێ پارێزگای ھەرێمی کوردستان زانیاری خستەڕوو کە تیایدا ئاماژە بەوەکراوە کە لەمەودوا رەنگی لەزگەی تاکسییەکان بەپێی شوێنی کارکردنیان دەگۆڕدرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد ساڵح لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئەو پرۆژەیە وەکو سیاسەتی وەزارەتە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پێشکەوتوو تاکسییەکانی ناوشار و دەرەوەی شارەکان نێوان شارەکان لەیەکتر جیا بکەینەوە و دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دروستکردنی لیژنە و ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بڕیار لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە درا و پڕۆسەی تەندەری بۆ کرا، ئەو رەنگانەی کە دەستنیشانکراوە، تاکسییەکانی ناو شاری هەولێر رەنگییان سوور و شاری سلێمانی رەنگی شین و شاری دهۆک رەش دەبێت، ئەوانەی نێوان شارەکانیش رەنگی قاوەیی دەبێت".

ئومێد ساڵح گوتیشی: "دوای ئەوەی لۆگۆ لە تاکسییەکان دەدرێت، ھەر تەکسییەک و دەتوانێت تەنھا لە شارەکەی خۆی کار بکات، ئەمەش لە پێناو رێکخستنی کاری تاکسی و کەمکردنەوەی جەنجاڵییەوەیە، هاوکات هەموو شۆفێری تاکسییەک دەبێت فۆرمێکی تایبەت لە ئاسایشی گەڕەک پڕبکاتەوە و دەبێت پاکانەی لە لێکۆلینەوەی بەڵگەی تاوان بێنێت، چونکە ھەرکەسێک پێشینەی تاوانی ھەبێت نابێت کاری شۆفێری تاکسی بکات".

بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا، پڕۆژەکە دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە گوتی: "پازدە رۆژ دوای واژووکردنی گرێبەستەکە، ئەو پرۆژەیە دەچێتە واری جێبەجێکردن، ماوەی ١٨٠ رۆژی بۆ دانراوە. لە پارێزگای ھەولێر بۆ ھەر تاکسییەک بڕی ١٨ ھەزار دینار وەردەگیرێت، لە پارێزگای دھۆک بڕێ ١٢ ھەزار ٥٠٠ دینار و لە پارێزگای سلێمانی بڕی ١٨ ھەزار و ٧١٠ دینار بۆ ھەر تاکسییەک وەردەگیرێت، ئەم بڕە پارەیەش بەپێی تەندەرەکان دیاریکراوە".

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەبارەت بە هۆکاری ئەم لەزگە و وردەکاری زیاتر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا گوتی: "هەر تاکسییەک، دەبێت سێ لەزگە لەناوەوەی تاکسییەکە بدات، ئەم لەزگانە ناو و وێنەی شوفێر و ژمارەی تەلەفۆنەکانی، شوفێر، پۆلیس، ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی توندتوتیژی ئافرەتانی لەسەرە و هەر کەس لە هەر حاڵەتێکدا کە هەست بکات پێشێلکاری بەرامبەری دەکرێت، دەتوانێت وێنەیەکی لەزگەکە بگرێت و سکاڵا بکات".