ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە رۆژئاوا و سەرکەوتنی لە پێکهێنانی ئیدارەیەکی خۆجێیی لەسەر خاکی نیشتمانەکەی و سەرکەوتنی بەسەر داعشدا، سەرجەم دوژمنانی گەلی کوردستان و بزوتنەوە رزگاریخوازەکەی دوچاری نیگەرانی و شڵەژان کرد. لەوساوە تاکو ئێستا حکومەتی تورکیا زۆر بە زەقی بەقسە و کردار کەوتە دوژمنایەتی کردنی ئەزموونی حوکمڕانی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا و دواتریش بەبەرچاوی هەموو دنیا شاری عەفرینی داگیر کردو تەوای خەڵکی سەربەرزی ئەو شارەی ئاوارەکرد .

 

 

هەڵبەت دوژمنایەتی تورکیا بۆ ئەزمونی ڕۆژئاوا بەمە نەوەستاوە و لەئێستادا تورکیا دەستی بە هێرش وپەلاماری خۆی بۆسەر تەواوی ڕۆژئاوای کوردستان کردوە و دەیەوێت تەواوی ئەم پارچە ئازیزەی نیشتمانەکەمان داگیربکات، جگە لە بەردەوامبوونی لە پێشێلکردنی خاکی کوردستانی باشور کە بەپێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە.

ئێمە لەحزبی شیوعی کوردستان ئەم سیاسەتە شەڕانگێزی و داگیرکارییەی تورکیا بەتوندی مەحکوم دەکەین و داوا لەنەتەوەیەکگرتووەکان و تەواوی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەکەین لەسەرئاستی جیهان وناوچەکە ڕێگانەدەن تورکیا ئەم لەشکرکێشی و سیاسەتە دوژمنکاریەی جێبەجێ بکات کەدژی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی گەلان و مرۆڤە بەگشتی، و دەبێتە ھۆی ئەنجامدانی کارەساتێکی مرۆیی لە رۆژئاوا، جگە لەوەی رێگا بۆ سەرھەڵدانی داعش و میلیشیا تیرۆریستییەکانی دیکە خۆش دەکات، و ئەمەش نەک تەنھا مەترسی لەسەر گەلانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە، بەڵکو مەترسی لە سەر ئاسایشی جیھان ھەیە.

حزبمان ناڕەزایی خۆی سەبارەت بە ھەڵوێستی وڵاتە زلھێزەکان دەردەبڕێت کە شەرمنانە و بێ ھەڵوێست و دوور لە بەھا و ڕەوشتی نێودەوڵەتی مامەڵە لە گەڵ پەلاماردانی خەڵکی بێ دیفاعی کوردستان لە لایەن ھێزەکانی تورکیاوە دەکەن، لە کاتێکدا ئەم ڕەوشە پێویستی بە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە کە پێویستە بریارێکی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی ھێرشی تورکیا وەرگرێت.

حزبمان داوا لەگەلەکەمان و سەرجەم حزبەکانی ڕۆژئاواش دەکات بەوپەڕی یەکڕیزی ویەکگرتوویی ڕووبەڕووی سیاسەتی داگیرکاریانەی تورکیاببنەوە، و پاراستنی ئەزموونی ڕۆژئاوا کەبەخوێنی گەشی یازدەهەزار شەهید و برینداربوونی زیاتر لە سی هەزارکەس لەڕۆڵەکانی گەلەکەمان هاتۆتە بەرهەم بخەنە سەرووی هەموو بەرژەوەندیەکانیان. هەروەها داوا لەڕۆڵەکانی گەلەکەمان لەسەرجەم پارچەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەین بەنووسینی یاداشت وچالاکی مەدەنی پاڵپشتی گەلەکەمان بن لەڕۆژئاوای کوردستان ، هەڵبەت یەکگرتوویی و یەکێتی کارکردن ڕۆڵێکی گەورەدەبینێت لەتێکشکاندنی پیلانی داگیرکارانەی تورکیا .

مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعى کوردستان

٩/تشرینی یەکەمی ٢٠١٩