ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئامادەکردنی: کاروان ساڵحی

تیرۆریستانی داعش لە ماوەی دەسەڵاتیان دا چەندین كاری قێزەوەنیان لەبەرامبەر كچان و ئافرەتان كردوە و بەشێكیان بردوە بۆ وڵاتانی دراوسێ وەكو خزمەتگوزار بۆ ئەوەی چێشتیان بۆ لێبنێن و كەل و پەلەكانیان بشۆرن ، هەندێك جار توشی ئەشكەنجەیەكی زۆر بونە ،

زه‌ینه‌ب حه‌مود ته‌مه‌ن (32) ساڵ، دایكی چوار منداڵه‌و دانیشتوی گوندێكی نێوان ناحیه‌ی ڕیاز و قه‌زای حه‌ویجه‌یه‌، ئه‌و ده‌ڵێ: "له‌ كاتی كۆنترۆڵكردنی قه‌زای حه‌ویجه‌ و ده‌ورووبه‌ری له‌ لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه‌، ئافره‌تانی ناوچه‌كه‌ به‌ تایبه‌تی ئه‌و گوندانه‌ی كه‌ چه‌ند ماڵێكی تێدا مابۆوه،‌ له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ سوكایه‌تی زۆر به‌ ئافره‌تاكان كرا و ته‌نانه‌ت دووچاری ده‌ستدرێژی سێكسی بوونه‌تەوە".

زه‌ینه‌ب چیرۆكی خۆی گێڕایه‌وه‌و‌گووتی: "پیاوه‌كه‌م كاره‌مه‌ندی ده‌زگایه‌كی ئه‌منی بوو و له‌ شاری به‌غدا لەوێ کاریدەکرد، خۆم و منداڵه‌كانم له‌ نێو گونده‌كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند خێزانێك مابووینەوە، به‌ڵام بارودۆخه‌كه‌ ورده‌ ورده‌ خراپتر دەبوو، تا وایلێهات كه‌ هیچ شتێك نه‌ما بۆ خۆاردن، ئه‌وه‌شی كه‌ هه‌بوو نرخه‌كه‌ی زۆر گران بوو. بۆ په‌یداكردنی خواردنی منداڵه‌كانم رۆژانه‌ ده‌چوومه‌ نێو ناوچه‌ كشتوكاڵییه‌كان و پوش و په‌ڵاشمان كۆده‌كرده‌وه‌ و ده‌مان هاڕی و ده‌مانكرده‌ نان. ئه‌وه‌ بوو رۆژێكیان له‌ نێو یه‌كێك له‌ ده‌غڵ و دانه‌كان به‌ هۆی گه‌رمی كه‌شوهه‌واوه‌، ئه‌و پێچه‌یه‌ی كه‌ له‌ ده‌مو چاوم ئاڵاندبوو كرابۆوه‌، پاسه‌وانێكی داعش له‌ نێو گونده‌كه‌ منی بینی و هات، پێ گووتم كه‌ بۆ ده‌مامكی خۆت نه‌داوه‌ (نیقاب)ت نه‌كردووه،‌ منیش گووتم به‌ هۆی گه‌رماوه‌ كردومەته‌وه‌، ئیتر ئه‌وه‌ بوو منی ده‌ستگیر كردو بردمی بۆ باره‌گای خۆیان كه‌ پێ ده‌وترا (حسبه‌)، دوو كه‌سی دیكه‌ له‌ نێو باره‌گاكه‌ بوو كه‌ پێیان ده‌گووت (ئه‌بو خه‌دیجه‌ و ئه‌بو عمر)، لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵم ده‌كردو ناونیشان ماڵ و ناوی هاوسه‌ركه‌میان لێ وه‌رگرت تاكو كاتژمێر 2 دوای نیوه‌ڕو مامه‌وه‌".

كاتژمێر گه‌یشته‌ چواری ئێواره،‌ بینیم ته‌نها یه‌ك پاسه‌وانی لێ مابوو ئیتر پاسه‌وانه‌كه‌ ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه‌و‌ ئاوی پێ دام پێ گووتم من خه‌ڵكی وڵاتی (تونس)م بۆ ئه‌وه‌ی لێره‌ رزگارت بكه‌م هاوسه‌رگیریم له‌گه‌ڵ بكه‌. پێم گووت: "من هاوسه‌رم ماوه‌ و دایكی چوار منداڵم و كاری له‌و شێوه‌یه‌ ناكه‌م؛ من رۆژانه‌ ده‌چم بۆ نێو ده‌غڵ و دانه‌كان خواردنی رۆژانه‌ بۆ منداڵە كانم كۆ ده‌كه‌مه‌وه‌". ئیتر ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆری دام و پاشان ده‌ستدرێژی كرده‌ سه‌رم بۆ چه‌ند جارێك هیچ ده‌سه‌ڵاتێكم نه‌بوو گه‌یشته‌ نزیكه‌ی كاتژمێر پێنج و نیوی عه‌سر، پێی گووتم بڕۆ سه‌یری ئه‌و ژووره‌ بكه‌ كه‌ نزیكه‌ی 15 مه‌تر دوورتر بوو له‌و شوێنه‌ی كه‌ لێی بووم، كه‌ نزیك بوومه‌وه‌ له‌ ده‌رگاكه‌ بینیم فاتیمه‌ی كچم كه‌ ته‌مه‌نی 14 ساڵ بوو له‌ نێو ژووره‌كه‌یه‌ ڕای كردو باوشی لێ دام و پێ گووتم كه‌ به‌زۆر ده‌یانه‌وێت هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌و دوو كه‌سه‌ بكه‌م بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك و دواتریش هاوسه‌رگیری به‌وه‌ی دیكه‌یان بكه‌م. ئه‌وه‌ بوو به‌ ویستی خۆیان هاوسه‌رگیریان له‌گه‌ڵیدا كردو ئێستا كچێكی هه‌یه‌ ته‌مه‌نی سێ ساڵ ونیوه‌و له‌ نێو یه‌كێك له‌ كه‌مپه‌كانی شاری كه‌ركوك نیشته‌جێیه‌، به‌ خێزانی داعش ناونووسكراوه‌. ئه‌و كه‌سانه‌شی كه‌‌ هاوسه‌رگیریان له‌گه‌ڵیدا كرد نازانین بۆ كوێ رۆیشتن و كێن و خه‌ڵكی كوێن ئایا ماون له‌ ژیاندا یاخود نا. ئێستاش بۆ بژێوی ژیانی ماڵ و منداڵه‌كانم سه‌رقاڵی كاری ئاژه‌ڵداریم له‌ نێو گونده‌كه‌ی خۆمان و هاوسه‌ركه‌شم له‌ به‌غدا ده‌وام ده‌كات".

نه‌سرین جه‌عفه‌ر، ته‌مه‌ن 19 ساڵ ناوی خوازراوی ئافره‌تێكی توركمانه‌ و دانیشتوی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ری سه‌ر به‌ پارێزگای موسڵه‌،گووتی: "له‌و رۆژه‌ی تیرۆریستانی داعش هاتنه‌ نێو قه‌زاكه،‌ هه‌موومانیان له‌ شوێنێك كۆكرده‌وه‌و‌ دواتر به‌ پێ تاوه‌كو سنووری سوریا رۆیشتین، و پاشان گه‌نجاكان و به‌ته‌مه‌نه‌كان و پیاوه‌كانیان جیا كردوه‌ له‌ یه‌كتر، ئه‌وه‌ بوو به‌ پێ ئێمه‌یان برد تاوه‌كو چوینه‌ نێو سنووری وڵاتی سوریا و پاشان به‌ ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر و پاس گواستراینه‌وه‌ بۆ پارێزگای ره‌قه‌ی پایته‌ختی خه‌لافه‌تی ئیسلامی".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "له‌وێ من وه‌كو چێشتلێنه‌ر ده‌ستنیشان كرام له‌ نێو یه‌كێك له‌ باره‌گاكانی داعش بۆ ئه‌وه‌ خواردن ئاماده‌ بكه‌م بۆ ئه‌و باره‌گایه‌ كه‌ رۆژانه‌ نزیكه‌ی 15 بۆ 20 كه‌س ده‌هاتن بۆ نان خواردن، رۆژێكیان ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و خواردنه‌ی كه‌ من كردبووم چه‌ند كه‌سێكیان به‌ دڵیان نه‌بو، ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆریان دام و خواردنه‌كه‌یان‌ رژانده‌ سەر پشتم. تاوه‌كو ماوه‌یه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌ چاره‌سه‌رم وه‌ردەگرت. پاشان گواسترامه‌وه‌ باره‌گای مه‌شق پێ كردنی منداڵان كه‌ سه‌رجه‌میان ته‌مه‌نیان له‌ خوارووی 14 ساڵه‌وه‌ بوو ، خواردنم ئاماده‌ كرد، به‌ڵام له‌ نێو منداڵه‌كان چه‌ند منداڵێكی تێدا بوو له‌ ڕووی جه‌سته‌وه‌ به‌ هێز بوو هه‌روه‌ها باڵاشیان به‌رز بوو ، دوای مانه‌وه‌م نزیكه‌ی دوو ساڵ به‌ بڕیاری به‌رپرسی باره‌گای مه‌شق پێكردنی منداڵان هاوسه‌رگیریم له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌و كوڕانه‌ كرد؛ پاشان به‌ هۆی ئه‌و ته‌مه‌نه‌ زۆره‌ی نێوانمان رێك ناكه‌وتین به‌رده‌وام ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌دام، به‌ڵام هه‌ر كاتێكی حه‌ز ویستی كاری سێكسی بوایه‌ له‌گه‌ڵم ده‌یكرد. ئه‌وه‌ بوو دوای ماوه‌یه‌ك كه‌س و كاره‌كه‌م پێیان زانی كه‌ له‌ چ شوێنێكم به‌ بڕی 15 هه‌زار دۆلار منیان كڕی به‌ قاچاغ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ عێراق".

"ئێستا له‌ گوندێكی سنووری ته‌له‌عفه‌ر نیشته‌جێین، و دەستم کردۆتەوە بە خوێندن، ده‌مه‌وێت جارێكی دیكه‌ له‌ خوێندن دانه‌بڕیم، و پێویسته‌ حكومه‌ت قوتابخانه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌و كچ و ئافره‌تانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش رزگاریان بووه‌،كه‌ ده‌یانه‌وێت په‌ره‌ به‌ خوێندنه‌كه‌یان بده‌ن".

سوكه‌ینه‌ محمه‌د عه‌لی، به‌رپرسی به‌شی ئافره‌ت و منداڵ و سه‌رۆكی لیژنه‌ی منداڵانی بێ سه‌رپه‌رشتیار و رزگاركراوانی ده‌ستی داعش له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا ،گووتی: "دوای ئه‌وه‌ی داعش ده‌ستی به‌سه‌ر قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر گرت و ژن و منداڵانی برد بۆ سوریا ، تاكو ئێستا تواندراوه‌ 119 ژن و 22 منداڵ ئازاد بكرێن له‌ ده‌ستی داعش و ئه‌وه‌ی كه‌ ماوه‌ی له‌ لای تیرۆریستانی داعش ئێستا 222 كه‌سه‌، 424 له‌ گه‌نج و به ‌ته‌مه‌نه‌كانمان ماون و تاكو ئێستا ئازاد نه‌كراون. به‌شێك له‌ رفێندراوه‌كانمان تیرۆریستانی داعش چالاكییان پێ ئه‌نجام ده‌دا له‌ رێگای پشتێنی بۆمب رێژكراو و ئۆتۆمبێلی بۆمب رێژكراو، هه‌روه‌ها بۆ شه‌ڕه‌كان له‌ پێشی خۆیان به‌كاریان ده‌هێنا". سوكه‌ینه‌ گووتی: "زۆرینه‌یان له‌ ژێر فشار هاوسه‌رگیریان پێكرا و بازرگانیان پێوه‌ كرا، به‌شێكیانیش له‌ بنكه‌و باره‌گاكانی داعش ئه‌شكه‌جه‌ی زۆر دراون و سوكایه‌تی زۆریان پیكراوه،‌ ته‌نانه‌ت به‌ شێكیان جه‌سته‌یان سوتێندراوه‌ ته‌نها له‌ پێناو حه‌ز و ئاره‌زوو چه‌كداره‌كان."

ئه‌حمه‌د خورشید، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی قه‌زای حه‌ویجه‌گووتی: "له‌ كاتی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی قه‌زای حه‌ویجه‌ و ده‌ورووبەری له‌ لایه‌ن تیرۆریستانی داعش، جگه‌ له‌وه‌ی پیاوان ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆر دران ژنانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ دران، نه‌ك له‌ سه‌ر ده‌ستی پیاوانی داعش، به‌ڵكو له‌سه‌ر ده‌ستی ژنانی به‌رپرسی داعش؛ بۆنموونه‌ كه‌سانمان هه‌یه‌ به‌ یه‌ك پێ هه‌ڵواسراوه‌، یاخود به‌ هه‌ردوو ده‌ستی بۆ ماوه‌ی رۆژێك هه‌ڵواسراوه‌؛ ده‌یان و سه‌دان حاڵه‌تی له‌و جۆره‌مان هه‌یه‌، ئاماری وورد له‌ ژێر ده‌ستمان نییه،‌ به‌ڵكو نزیكه‌ی 200 ئافره‌ت دووچاری ئه‌و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ دراون، ئه‌وه‌ی جێگای داخه‌ ئێستا‌ به‌شێك له‌ خێزانه‌كانی داعش پیاوه‌كانیان هه‌ڵهاتوون كه‌سه‌ به‌ته‌مه‌نه‌كانیان و ئافره‌ته‌كانیان هاتوون له‌ نێو گونده‌كان نیشته‌جێن". 

ئه‌رشه‌د ساڵحی، سه‌رۆكی لیژنه‌ مافی مرۆڤ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گووتی: "داعش و ئه‌وه‌ی له‌ پشتی داعش بوو و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌واداری داعش بوو، كاره‌ساتی گه‌وره‌یان به‌سه‌ر سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانی عێراق هێناو سه‌ره‌تا په‌رده‌ی له‌ سه‌ر توركمانی عێراق كرده‌وه‌ له‌ قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر و به‌شیر، و ده‌ستی به‌ تاوان كرد له‌ دژی ژن و منداڵی ئه‌و قه‌زایه‌، كو‌لتووری خێڵەکی خۆمان رێگه‌ی پێمان نه‌دا باس له‌و تاوانه‌ بكه‌ین و ده‌رباره‌ی رفاندنی ژن و منداڵی توركمان کرا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ بۆ یه‌كه‌مین جار ئه‌و رێژه‌یه‌ بڵاو كرایه‌وه‌ بۆ هه‌مووان ، بۆیه‌ به‌ پێی یاسا ده‌بێت جارێكی دیكه‌ رزگاركراوان بهێنرێنه‌ پێشه‌وه‌و جارێكی دیكه‌‌ تێكه‌ڵی كۆمه‌ڵگا بكرێنه‌وه‌ .

 زەینەب ناوێکی خوازراوە، نووسەر لەبەر پاراستنی پیشەکەی ناوی راستەقینەی بەکار نەهێناوەو ناو و دەنگی تۆمارکراو لای نووسەر پارێزراوە.

 دوای بەشداریکردنی لەخولێکی رێخراوی "Internews" لەسەر شێوازی نووسینی راپۆرتی هەستیاری جێندەری، نووسەر ئەم راپۆرته‌ی نووسیوە.