ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئاودێر-ڕێگای کوردستان

بەراورد بە نۆ مانگى یەکەمى ساڵى ڕابردوو، ڕێژەى کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمى کوردستان لە زیادبووندایە، بەشێوەیەک چەند ڕووداوێکى کوشتنی بەکۆمەڵ لەماوەى سێ مانگى ڕابردوودا لە هەولێر و سلێمانى تۆمار کراون، ئەمە جگە لە تاوانەکانی دزیکردن و دەستدرێژی، زیادبوونى ڕێژەى تاوانەکانى کوشتن لە هەرێمى کوردستان لەکاتێکدایە کە بەراورد بە ناوچەکانى دیکەى عێراق ناوچەکە بە ئارامتر ناوبراوە.

چالاکانى بوارەکە زیادبوونى کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمى کوردستان بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێننەوە کە گرنگترینیان پەیوەست دەکەن بە زۆرى ژمارەى چەک و جێبەجێنەکردنى یاسا کارپێکراوەکان، ئەمە جگە لە خراپی ڕۆڵى سۆشیال میدیا و کەناڵەکانى ڕاگەیاندن و هاوکات کارنەکردنى بەردەوامى ڕێکخراوەکانى بوارى مافەکانى مرۆڤ لەسەر هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگە و خستنە ڕووى مەترسییەکانى ئەو دیاردەیە.

لەلایەکى دیکەوە کارئاسانى دەزگا ئەمنییەکان و هەڵهاتنى تاوانباران بۆ دەرەوەى وڵات، ئازادکردنى تاوانباران بە کەفالەت، سوڵحی عەشایەریی، بە چەند هۆکارێکى دیکەى زیادبوونى تاوانەکانى کوشتن و خۆکوشتن ناو دەبەن، ئەمە جگە لە دانەمەزراندنى دەرچووانى زانکۆ و زۆرى ڕێژەى بێکارى بەشێوەیەک لە پێش ساڵى ٢٠١٤ ڕێژەکە لە ٦% بۆ ٧% بووە، بەڵام ئێستا ڕێژەکە گەیشتووەتە ١٨% بۆ ٢١%. 

زیا پتروس سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕای دەگەیەنێت، حاڵەتەکانى کوشتن و خۆکوشتن، سوتان و خۆسوتاندن لە هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى گشتى بەرەو زیادبوون دەڕۆن کە دواین جار لەناوچوونی خێزانێک بوو بە کوشتن و خۆکوشتن لە شارى سلێمانى، "هەرچەندە ئێمە وەکو دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ چاوەڕێى ڕاپۆرتى کۆتایی دادگاین، بەڵام بەگوێرەى ڕاپۆرتەکانى پۆلیسی سلێمانى ڕووداوەکە کوشتن و خۆکوشتن بووە". سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ باس لەوەش دەکات کە بەداخەوە لەم چەند ساڵەى دواییدا کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمى کوردستان بووەتە دیاردە و حاڵەتێکى ئاسایی، لەبارەى هۆکارەکانى زیادبوونى حاڵەتەکانى کوشتن و خۆکوشتن، زیا پتروس ڕوونى دەکاتەوە کە دەسەڵاتى جێبەجێکردن و پەرلەمانى کوردستان بەرپرسیارى یەکەمن تێدایدا. ئەو دەڵێ؛ "وەزیرى ناوخۆى حکوومەتى نوێى هەرێمى کوردستان لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوە کردووە کە ڕێگرى لە دیاردەى چەکدارى دەکەن و تەنانەت ئەوانەشی مۆڵەتى چەکیان هەیە دەبێت ڕابگیرێن تا ئەو کاتەى ڕێنمایی نوێ بڵاو دەکرێتەوە، هەرچەندە تاکو ئیێستا ڕێنماییەکان بڵاو نەکراونەتەوە، بەڵام ئەمە هەنگاوێکى باشە ئەگەر بگیرێتە بەر، بۆیە زۆر گرنگە پەلە بکرێت لە بڵاوکردنەوەى ئەم ڕێنماییانە". جەختیشی کردەوە کە هەر لەو چوارچێوەیەدا پێویستە پەرلەمانى کوردستان ڕۆڵى خۆى دیاری بکات بە هەموارکردنەوەى یاسای چەک، چونکە ئەم یاسایە زۆر بڕگە و مادەى تێدایە بۆ ئێستا گونجاو نییە و پێویستە هەرچی زووە هەموار بکرێتەوە، "لە ئەگەرى هەموارکردنەوەى یاساکە لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە، ئەوکات وەزیرى ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانى دیکە دەستیان کراوە دەبێت بۆ دەرکردنى ڕێنمایی نوێ". سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ جەخت لەوە دەکاتەوە کە چەک ئامرازى سەرەکییە بۆ ڕووداوەکانى کوشتن لە هەرێمى کوردستاندا، بەشێوەیەک نزیکەى 70-80% حاڵەتەکانى کوشتن بەهۆى چەکەوە روودەدات، ئەمەش حکوومەت لێى بەرپرسە، بەپێچەوانەوە سوتان و خۆسوتان، یاخود کوشتن لەڕێگەى چەقۆ و ئامرازەکانى دیکەوە زۆر کەمە، ئەگەر لایەنى پەیوەندیدار زۆر گرنگى بەم پرسە نەدات، دەبێتە هۆى تێکچوونى ئاسایشی نەتەوەیی، بۆیە گرنگە هەموو ئەو شوێنانە دابخرێن کە بەئاشکرا چەک و تەقەمەنى دەفرۆشن و بە ئاسانى بە دەست خەڵک دەکەون، تازەترین نموونەش دوایین ڕووداوى سلێمانى بوو کە بەگوێرەى ڕاپۆرتەکانى پۆلیس پێش ڕۆژێک چەکەکە کڕدراوە، ئەگەر ئەم چەکە بە ئاسانى بەدەست نەخرێت، ڕەنگە ڕووداوەکە بەو شێوەیەى کۆتایی نەهاتایە کە ڕوویدا. جا ئەم چەکە چ لەبازار بکڕدرێت یان لەماڵەوە بوونى هەبێت، بە مۆڵەت و بەبێ مۆڵەت، ئەمە جگە لەوەى چەندین حاڵەتمان بینیوە بەشێوەى هەڵە خەڵکى کوژراوە.

پەخشان زەنگەنە ئەمیندارى گشتى ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان لەبارەى هۆکارەکانى بەردەوامى کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمى کوردستان باس لەوە دەکات کە ئەم حاڵەتانە بەئاسانى ناتوانرێت بنبڕ بکرێت، (کوشتن و خۆکوشتن) لە هەموو دنیادا بوونى هەیە، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمى کوردستان، زۆر زیاترە، ئەمەش کۆمەڵێک هۆکارى ئابوورى، کۆمەڵایەتى و سیاسی پاڵپشتییەتى. ئەمیندارى گشتى ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان جەخت لەوە دەکاتەوە؛ ئەو توندوتیژییە بەردەوامەى کە لە چواردەورەى هەرێمى کوردستان هەیە کاریگەرى ڕاستەوخۆى لەسەر دۆخى کۆمەڵایەتى دەبێت، ئەو ژینگە توندوتیژییەی کە هەیە بێگومان توندوتیژی بەرهەم دەهێنێتەوە، تەنانەت زۆرجار مرۆڤ بەرانبەر بە خۆشی توندوتیژە بەهۆى ئەو دۆخەى کە لەچواردەورەى دروست بووە، "تۆ ناتوانێت دۆخى ڕۆژئاواى کوردستان، دۆخى عێراق و سووریا، دۆخى تورکیا و ئێران لەبەرچاو نەگرێت، ئەمە جگە لەوەى کە بەداخەوە کلتوورى کۆمەڵگاکەمان لەهەندێک ڕووەوە بەرەو دواوە دەڕوات". پەخشان زەنگەنە باس لەوەش دەکات کە هەرچەندە توندوتیژى بەرانبەر بە ژنان زیاترە، بەڵام ئەمە تەنیا ئەم چینەى کۆمەڵگەى نەگرتووەتەوە، "نائومێدى لە ژیان تەنیا لاى ژنان بوونى نییە، تەنانەت هەندێک جار تۆ لە کەسانێک ڕادەبینیت کە ئەوان گەشبینى بە کۆمەڵگە بگەیەنن، بەردەوامى بدەن بە ڕۆحیەتى مرۆڤەکان دژى ئەو کێشانەى دێتە ڕێگەیان، کەچی ئەوانیش تووشی نائومێدى دەبن"، لەلایەکى دیکەوە کلتوورى جیاکارى و پەرەسەندنى ناعەدالەتى کاریگەرى ڕاستەوخۆى لەسەر دۆخى دەروونى هاووڵاتییان هەیە، خەڵکانێک لە عێراق هەن لەکاتى بەڕێوەچوونى خۆپیشاندانەکاندا پێیان خۆشە لەسەر جادەکان بمرن، لەوەى کە مردنێکى لەسەرخۆ بمرن، پەخشان زەنگەنە ئەمیندارى گشتى ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان یەکێکى دیکە لە هۆکارەکانى بەردەوامى و زیادبوونى دیاردەى کوشتن و خۆکوشتن پەیوەست دەکات بە جێبەجێنەکردنى یاساکان و دەڵێت؛ یاسا وەکو خۆى جێبەجێ ناکرێت، بەرانبەر بەوانەى کە تاوان ئەنجام دەدەن، هاوکات جێبەجێنەکردنى یاسا وەکو پێویست لەبەرانبەر ئەو کەسانەى دەبنە هۆى بێئومێدبوونى هاووڵاتییان بە هەردوو ڕەگەزەوە وەک پێوست نییە.

شەماڵ زاهیر چالاکى مەدەنى باس لە کاریگەرى سۆشیال میدیا و بێکارى، هەروەها سستى ڕێکخراوەکانى مەدەنى و دامەزراوە حکومییەکان پەیوەست بە زۆربوونى کوشتن و خۆکوشتن دەکاتەوە و ڕاى دەگەیەنێت، هەندێکجار سۆشیال میدیا و تەلەفزیۆنەکان لەڕێگەى نیشاندانى دراما و فیلمە توندوتیژەکانەوە ڕۆڵێکى خراپیان لە ئاڕاستەکردنى هاووڵاتییان، بەتایبەتى گەنجان هەیە، بەپێویستیشی دەزانێت کە وەزارەتى ڕۆشنبیرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەم ڕووەوە کۆمەڵێک هەنگاوى جدی بنێت، ئەو چالاکە مەدەنییە ڕوونى دەکاتەوە کە پێویست بوو ڕێکخراوەکانى مەدەنى بە بەردەوامى لەڕێگەى کۆڕ و سمینار و وۆرکشۆپەوە، هاووڵاتییان لە مەترسییەکانى پەنابردنە بەر کوشتن و خۆکوشتن ئاگادار بکەنەوە، "دەبێت بە بەردەوامى قسە لەسەر مەترسییەکانى کوشتن و خۆکوشتن بکرێت، نەک بەتەنیا لەکاتى ڕووداوێکى دیاریکراودا و دواتر بابەتەکە دابخرێت، تا ئەوکاتەى ڕووداوێکى دکە ڕوودەدات"، شەمال بۆچوونى وایە کە دۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان بەدەر نییە لەوەى کە لە عێراق و ناوچەکە ڕوودەدات، "ئەو کوشتن و توندوتیژییەى لەناوچەکە هەیە، ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەى لەسەر ناوخۆى هەرێمى کوردستان هەیە، ئەمە جگە لە خراپی بارى ئابوورى و بێکارى گەنجان، ئەو کاریگەرییە خراپەى لەسەر دەروونى گەنجان هەیە و زۆر کەس بیر لە کوشتن یاخود خۆکوشتن یان ئەنجامدانى تاوان دەکەنەوە". چالاکەکەى کۆمەڵى مەدەنى ڕوونیشی دەکاتەوە؛ دیاردەى چەکدارى لە هەرێمى کوردستان و بەئاسانى دەستکەوتنى چەک لە هەموو شوێنێک یەکێکى دیکەیە لە هۆکارەکانى زیادبوونى دیاردەى کوشتن و خۆکوشتن، "هەندێکجار مرۆڤ بە توڕەبوونێکى ئاسایی پەنادەباتە بەر کوشتنى خۆى، یاخود کوشتنى کەسی بەرانبەرى، ئەمە لەکاتێکدایە ئەگەر ئامرازى کوشتنەکە بوونى نەبێت، ڕەنگە ئەو ڕووداوە نەخوازراوە ڕوونەدات". 

چالاکان و شارەزایانى بوارەکە جەخت لە گرنگى کارى بەردەوامى میدیا و پەروەردە و ڕێکخراوەکانی مەدەنی بەتایبەت ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ دەکەنەوە لە پەیوەست بە بڵاوکردنەوەی کلتووری مافی مرۆڤ و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و ئاشناکردنی کۆمەڵگا بە بنەماکانی ڕێزگرتن لە شکۆی مرۆڤ، ئەمە جگە لە کارى بەردەوامى حکوومەت لەڕێگەى جێبەجێکردنى یاساکانەوە.