ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەركۆماری عیراقی فیدرال و دەستەی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە هەولێر، كۆبوونەوەیەكی فراوان ئەنجام درا.

رۆژی سێشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2019 بە ئامادەبوونی د. بەرهەم ساڵح سەركۆماری عیراقی فیدرال، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەستەی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە هەولێر، كۆبوونەوەیەكی فراوان ئەنجام درا بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی بارودۆخی عێراق و ئەگەر و پێشهاتەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی.

سەرجەم بەشدارانی كۆبوونەوە بە بایەخەوە سەیری ڕووداوەكانی عێراق دەكەن و پێیان وایە ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی و ئیداریی عێراقدا ڕوودەدات، دەرئەنجامی كەموكوڕیی كەڵەكەبووی چەندین ساڵەی حوكمڕانی و جێبەجێنەكردنی دەستوور بووە، بۆیە لەكۆبوونەوەكەدا بە نیگەرانییەوە ئەو بارودۆخە هەڵسەنگێندرا، هاوكات داكۆكی لە مافی ڕادەربڕین و ئازادیی هاووڵاتییان لە داواكردنی مافەكانیان كرایەوە، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بەرامبەر قوربانیانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان.

 بەشداربووانی كۆبوونەوە لەگەڵ داوا ڕەواكانی خەڵكی عیراقن و پشتیوانن كە حكوومەتی عێراق ڕێكارە پێویستەكان بۆ چاكسازی و بەدەنگەوەهاتنی داخوازییە ڕەواكانیان بگرێتە بەر.

لە كۆبوونەوەكەدا پاراستنی سەقامگیریی عیراق و دامەزراوە دەستووری و یاساییەكانی بە پێویست زانرا، لەگەڵ ڕەچاوكردنی بارودۆخی ناوچەكە و ئەگەر و هەڕەشەی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و هێزە توندڕەوەكان لەسەر عێراق، بەتایبەتی كاریگەرییان لەسەر‌ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوە تایبەت بوو بە هاوهەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەشدارییەكی كاریگەر بۆ‌ چارەسەركردنی گرفتەكانی عیراق بەگشتی و داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و تەواوی پێكهاتەكان. لەمبارەیەوە جەخت لە هەوڵی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ هاوكاریكردنی عیراق لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانەكان و دەستەبەركردنی حوكمڕانییەكی دروست و هێنانەدی چاكسازی و رەچاوكردنی مافی هەموو پێكهاتەكان، كرایەوە.

بابەتی داواكاریی هەمواركردنەوەی دەستووری عیراق، تەوەرێكی دیكەی گرنگی كۆبوونەوەكە بوو. لەمبارەیەوە بەشدابووانی كۆبوونەوەكە جەختیان‌ كردەوە كە لە هەر هەموارێكی دەستووردا دەبێت سیستەمی فیدراڵی و ماف و ئازادییەكانی سەرجەم پێكهاتەكانی عیراق و ماف و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان و قەوارە دەستووریەكەی پارێزراو بن.

بەشدارانی كۆبوونەوە جەختیان كردەوە كە ئەولەوییەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە و لایەنەكانی، پاراستنی سەقامگیری و دەستكەوت و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەردەوامیی پرۆسەی چاكسازی دەبێت و پشتیوانیی چاكسازییەكان لە عیراق دەكەن، لەو پێناوەشدا هەموو كوردستانییان دڵنیا دەكەنەوە كە بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كار دەكەن و دەسكەوت و بەرژوەندییەكانی هەرێمی كوردستان دەپارێزن.