ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شەوی رابردوو لەکاتی کارکردندا بەهۆی تەزووی کارەباوە دوو کرێکار لەناو بازاڕی رانیەدا گیانیان لەدەستدا.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین رایگه‌یاند: "شەوی رابردوو 6-11-2019 تەرمی دوو کرێکار بەناوەکانی (س.م) و (م.س) رەگەزی نێر دانیشتوی رانیە، گەیەندرانە نەخۆشخانەی گشتی رانیە کە لەکاتی کارکردن لە بینایەکی سێ نهۆمی گیانیان لە دەستدا".

وتيشى، رووداوەکە لە کاتێکدا روویداوە هەردوو کرێکارەکە لە بینایەکی سێ نهۆمی لە ناو بازاڕی رانیە خەریکی بەستنی ئەسکەلە بوون و لە هەمانکاتدا سیمی ئەسکەلەکە پچڕاوە و کرێکارێکیان کەوتووەتە خوارەوە کرێکارەکەی تریش ویستویەتی هاوڕێکەی رزگار بکات لەئەنجامدا ئەویش دەکەوێتە خوارە و پاشان بەهۆی بەرکەوتنیان بە تەلی کارەباوە کە تەزوی لەسەر بووە هەردوو کرێكارەکە گیان لە دەستدا.

روونیشیكرده‌وه‌: دوای توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکانیان لە پزیشكی دادی رانیە رادەستی کەس و کاریان کرانەوە.

پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لەسەر رووداوکەش سێ کەس بە فەرمانی دادوەر بەپێی مادەی 411 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەرداوامە.