ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لەمیانی بەڕێوەچونی دەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ئێران لە لەندەن، فیلمێكی كوردی وەك باشترین فیلم خەڵاتی بینەرانی وەرگرت.

فیلمی کوردی "زاگرۆس"، ئەو بەرهەمە سینەماییەیە كە لە بەشی فیلمە نێودەوڵەتیەکاندا لە فێستیڤاڵەكەدا بەشداربوە و توانی لەسەر ئاستی هەردو بەشی فیلمە نێودەوڵەتییەکان و فیلمە ئێرانییەکان خەڵاتی بینەران بەدەستبهێنێت.

فیلمەكە فیلمێكی درێژی سینەماییە كە تا ئێستا نۆ خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی گەورەی 44ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی گێنت لە بەلجیکا.

هاوكات رێكەوتی17 ئابی ئەمساڵ، سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری فیلمی سینەمایی زاگرۆس لە رێورەسمێکدا لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتیی سینەما و شانۆی عێراق لە بەغدا رێزی لێنرا و خەڵاتکرا.

رێورەسمی ریزلێنانەکە بە چاودێری وەزیری رۆشنبیری و شوینەواری عێراق و لە ژێر ناوی "شەوانی سینەمایی"، لە شانۆی نیشتمانی بەڕێوەچو و ژمارەیەک کەسایەتی هونەری و رۆشنبیریی عێراقی ئامادەی بون.

بەر لە رێورەسمی خەڵاتکردنەکە، دواین فیلمی ئەو دەرهێنەرە کوردە بەناوی (زاگرۆس) نمایشکرا و دواتر لەلایەن دكتۆر ئەحمەد موسا، بەڕێوبەری سینەما و شانۆ خەڵاتی رێزلێنانی پێشكەشكرا.

سەهیم عومەر خەلیفە، خەڵکی زاخۆیە و لە بەلجیکا دەژی و ماستەری لە سینەما لەو وڵاتە بەدەستهێناوە، ئێستا ئەندامی لیژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئۆسکار.

ئەو سینەماکارە دو فیلمی گەیشتونەتە قۆناخی پێش کۆتایی خەڵاتەکانی ئۆسکار وەک باشترین کورتەفیلم، کە لە کورتەلیستی 15 و 10 کورتەفیلمە کاندیدکراوەکاندا بون بۆ خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی ئۆسکار.

ئەو دەرهێنەرە کوردە پێشتر لەرێگەی کورتەفیلمی(میسی بەغداد)، (وڵاتی پاڵەوانان) و (نێچیرڤانی خراپ)، زیاتر لە سەد خەڵاتی وەرگرتوە.

بەهۆی وەرگرتنی ئەو ژمارە خەڵاتەوە، ئەو دەرهێنەرە توانیویەتی ریکۆردی وەرگرتنی زۆرترین خەڵات وەک سینەماکارێک لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و بەلجیکا تۆماربکات.

(میسیی بەغدا) باس لە منداڵێک دەکات کە هەرچەند خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ یاریی تۆپی پێ هەیە و هۆگری یاریزان لیۆنێل مێسییە.

سەهیم عومەر سەرقاڵی ئەوەیە کورتەفیلمی (میسی بەغدا) وەک فیلمێکی سینەمایی بەرهەمبێنێت و لە شوباتی 2020 کاری وێنەگرتنی دەستپێدەکات.