ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگاى کوردستان

دواى پەسەندکردنى نامەى دەست لەکارکێشانەوەکەى عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیران، لەلایەن ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقەوە، دۆخى سیاسی عێراق بە ئاڕاستەیەکى نادیار هەنگاو دەنێت، حکوومەتى هەرێمى کوردستان جەخت لە بەردەوامى پەیوەندییەکانى لەگەڵ بەغدا دەکاتەوە، بەشێک لە چاودێرانى دۆخەکەش باس لە ئەگەرى شکستى دوبارەى پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا دەکەنەوە.

هەرچەندە تاکو ئێستا ڕوون نییە ئەم دۆخە بە تەواوى بەرەو کوێ دەچێت، بەو پێیەى وەکو چاودێرانى دۆخەکە باسی دەکەن سیاسیەکانى عێراق بەسەر چەند بەرەیەکى جیاوازدا دابەش بوون و خوێنى هاووڵاتییانى عێراقیان بەلاوە گرنگ نییە، بەڵام لە هەمانکاتدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کە ئەم دۆخە کاریگەرى ڕاستەوخۆى لەسەر هەرێم دەبێت بەتایبەتى لە پرسی پەیوەست بە نەوت و بودجەوە، بەو پێیەى سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان هەمیشە عادل عەبدولمەهدیان بە دۆستى نزیکى خۆیان زانیوە و لە ماوەى ڕابردووشدا زۆر بە ئاشکرا پاڵپشتییان بۆ مانەوەى دەربڕیوە.

مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری‌ کورد، ڕەخنە لە دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان دەگرێت بەوەى کە چاوەڕێى یەکلایی کردنەوەى دۆخەکەیان دەکرد، ئەو جەخت لە پێویستى نزیکی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان بەبێ جیاوازى لەلایەنە عێراقییەکان دەکاتەوە؛ "پێویستە هەرێمى کوردستان بەیەک دوورى پەیوەندى لەگەڵ هێزە جیاوازەکان هەبێت، ڕۆڵى لە ئەگەر و پێشهاتە نوێیەکان هەبێت و پلانیشی بۆیان هەبێت". ئەو سیاسەتمەدارەى کورد پێی وایە لە دانانى سەرۆکوەزیرانى نوێی عێراقدا، هەرێمى کوردستان ڕۆڵ و قورسایی خۆى دەبێت، بۆ ئەمەش بەپێویستى دەزانێت کە بەیەک ئاڕاستە لەلایەنە شیعییەکانەوە دوور بێت و هەر لە سەرەتاوە پشتى تەنیا کەسێک یاخود لایەنێک نەگرێت. مەحموود عوسمان سەرەڕاى ئەوەى هاوشێوەى دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان بۆچوونى وایە کە دەست لەکارکێشانەوەی‌ عەبدولمەهدی‌ زیانی‌ بۆ کورد دەبێت، بەو پێیەى ناوبراو تێگەیشتنی زیاترى بۆ پرسی کورد هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆچوونى وایە کە هەر سەرۆک وەزیرانێکى نوێ دابنرێت، ناتوانێت بەبێ ڕەزامەندى کورد هەموو بڕیارێک بدات، ئەمە جگە لەوەى دواى ئەو خۆپیشاندانانەى کە کران ئەگەرى ئەوە هەیە دەستێوەردانى نێودەوڵەتى و هەرێمى لە پێکهێنانى کابینەى نوێدا کەمتر دەربکەوێت، ئەو پەرلەمانتارى خولى پێشووتر باس لەوەش دەکات کە کۆمەڵێک کێشە لە کاتى دیاریکردنى سەرۆک وەزیرانى نوێ لە عێراق دروست دەبن؛ "بەڵام ئەوەى گرنگە پێویستە کورد ئاگاداری پێکهێنانی ئیدارەی نوێی عیراق بێت و دوورە پەرێز نەبێت".

دواى دوو ڕۆژ لە نامەى دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق، دواجار ڕۆژى 1ى ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکدا دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند کرد، لە دانیشتنەکەدا و دواى پەسەندکردنى نامەى دەستلەکارکێشانەوەکە، محەمەد حەلبوسی سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەپێی مادەی 76ی دەستووری عێراق داواى لە د. بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق کرد کە سەرۆک وەزیرانێکی نوێ بۆ بەڕێوەبەردنى کارەکانى وڵات‌ ڕابسپێرێت.

ڕەنگە ئەم مانگە بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان، کاتێکى درێژ بێت، بەو پێیەى هێشتا ڕێککەوتنى کۆتایی لە نێوان هەردوولایاندا واژۆ نەکراوە و بەشێک لە چاودێرانى سیاسییش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەگەرى هەڵوەشاندنەوەى هەموو ئەو لێکتێگەیشتنانە هەیە کە لەماوەى چەند مانگى ڕابردوودا لەنێوان هەولێر و بەغدا لە ئارادا بوون.

کامەران عەلى بۆچوونى وایە کە دەستلەکارکێشانەوەى سەرۆک وەزیرانى عێراق دۆخى هاووڵاتییانى وڵاتەکە باشتر ناکات، بەڵام ناوبراو بۆچوونى وایە کە عەبدولمەهدى وەکو دەسەڵاتى یەکەم بەرپرسە لە کوشتن و برینداربوونى سەدان هاووڵاتى لەکاتى بەڕێوەچوونى خۆپیشاندانەکانى چەند مانگى ڕابردوودا، هاوکات باس لەوەش دەکات کە عێراق وڵاتێکى ئاڵۆزە و بەهۆى ئەو دەستێوەردانە نێودەڵەتی و هەرێمییانەى هەیە، ڕێککەوتن کاریکى ئاسان نابێت، "ئێستا هێزە سیاسییەکانى عێراق بەسەر چەندین بەرەى جیاوازدا دابەش بوون، ئەوەى بەلاى ئەوانەوە گرنگە بڕی ئەو دەستکەوتەیە کە لە پێکهێنانى حکوومەتەکاندا دەستیان دەکەوێت، بە هێزە کوردستانییەکانیشەوە، واتە خاڵى هاوبەش و کۆکەرەوەیان هاووڵاتییانى وڵاتەکە نییە، بۆیە هەمیشە ئەگەرى خراپتربوونى دۆخەکە لە ئارادایە".

سەرەڕاى دەستلەکارکێشانەوەى سەرۆک وەزیرانى عێراق و بەردەوامى خۆپیشاندانەکان و خراپی دۆخى وڵات، بەڵام حکوومەتى هەرێمى کوردستان جەخت لە بەردەوامى پەیوەندییەکانى لەگەڵ حکوومەتى ناوەندى دەکاتەوە، بەبێ ئەوەى ئێستا هیچ ناوەندێکی دیاریکراو هەبێت، هاوکات باس لە واژۆکردنى ئەو ڕێککەوتنەکە دەکات کە لەماوەى ڕابردوودا لێکتێگەیشتنى لەبارەوە کراوە.

فارس عیسا بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەرەڕاى ئەوەى ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کاریگەریی لەسەر ڕێککەوتنەکەیان نابێت و ئەو شاندەى کە چووەتە بەغدا گفتوگۆ لەبارەى نووسینەوەی ڕەشنووسی پشکی هەرێم لە بودجە دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆچوونى وایە کە بوونی عادل عەبدولمەهدی کە تێگەیشتنی باشتری بۆ هەرێمی کوردستان هەبوو گرنگ بوو؛ "لەکۆبوونەوەکانى پێشووى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق ڕێککەوتنەکە نووسراوە و جێکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لەناو بودجەی 2020، ئەوەى ئێستا دێتە ئاراوە جیاوازى دروست دەکات ئەوەیە کە هەرێم لەگەڵ کەسێکى دیکە مامەڵە دەکات کە جێگە عەبدولمەهدی دەگرێتەوە و هێشتا دیار نییە مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت".

موسەنا ئەمین ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ڕەخنەى ئەوە لە کاربەدەستانى هەرێمى کورستان دەگرێت کە هەموو ئاواتەکانى بە عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانەوە بەستووەتەوە و هیچ پلانێکى بۆ دواى ئەو قۆناغە نەبووە، ئەو پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشانەوەى ئەم حکوومەتە بە هەنگاوێکى گرنگ ناودەبات و جەخت دەکاتەوە کە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە پێویستە حکوومەتێکى نوێى بێلایەن و تەکنۆکرات پێکبهێنرێت، بەشێوەیەک کە کار بۆ داخوازییەکانى شەقام و هاووڵاتییانى عێراق بکات، نەک هاوشێوەى ڕابردوو ئەوەى بۆى گرنگ نەبووبێت برسێتى و خوێنى هاووڵاتییانى عێراق بێت.

دواى دەستلەکارکێشانەوەکەى عەبدولمەهدى و بەردەوام بوونى کابینەکەى بۆ ماوەى یەک مانگ، ئێستا چەندین سیناریۆى جۆراوجۆر بۆ پێکهێنانى سەرۆک وەزیرانێکى نوێ لە ئارادان، کە دواترینیان هەوڵى ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراقە بە کۆکردنەوەى واژۆ بۆ ئەوەی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق کەسێکی سەربەخۆ بێت و پێشتر هیچ پۆستێکی نەبووبێت، ئەمە جگەلەوەى داوایان کردووە کە کەسەکە خاوەنی ڕەگەزنامەی عێراقی بێت بەتەنیا، لەلایەکى دیکەشەوە هەرچەند باس لە ئەگەرى کەمتربوونەوەى دەستێوەردانە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان دەکرێت، بەتایبەتى لەدواى خۆپیشاندانە خوێناوییەکانى چەند مانگى ڕابردووەوە، بەڵام بەشێک لە چاودێرانی دۆخەکە بۆچوونیان وایە کە ئەم دەستنیشانکردنە کارێکى ئاسان نەبێت؛ "هێشتنەوەى دۆخەکە بە هەڵپەسێردراوى کاریگەرى خراپی لەسەر خۆپیشاندانەکان و کوشتنى زیاترى هاووڵاتییانى مەدەنى و هەروەها کاریگەرى لەسەر دۆخى هەرێمى کوردستانیش دەبێت".