ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەسەر داوای وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەرێم رادەسپێردرێ بۆ بنبڕکردنی دیاردەی سیحر و جادو و نوشتە و دەرکردنی جن لە لەشی مرۆڤ.

لە نووسراوێکدا کە بە واژووی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوان سادق کراوە، داوای هەماهەنگی لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، سەبارەت بە دیاردەی سیحر و جادووگەری، نوشتە و دەرکردنی جن لە لەشی مرۆڤ.

لە نووسراوەکەی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە "لە پێناو پاراستنی بنچینەی خێزانی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بە بەڕێزتان رادەگەیەنین کە دیاردەی سیحر و جادوو، نوشتە و دەرکردنی جن لە لەشی مرۆڤ بە بیانووی جیاجیا بە شێوەیەکی بەرچاو و مەترسیدار لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە بەپێی بەداداچوونمان کاریگەری زۆر خراپ و زیانی زۆری هەیە بۆ کۆمەڵگا".

لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەی وەزارەت ئەوقافدا جەخت لەوەکراوەتەوە لەبەر گرنگی و مەترسیداری بابەتەکە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە پێویستی دەزانێت هاوکاریی و هەماهەنگی لەنێوان هەردوو وەزارەت هەبێت بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی هاوبەش و چڕ بەمەبەستی بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە.

لە بەرامبەردا وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد لە رۆژی ١/١٢/٢٠١٩ بە نووسراوەی ژمارە ٢١٦٨٩ کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی کردووە، تیایدا ئاماژە بە داواکارییەکەی وەزارەتی ئەوقاف کراوە و داواشکراوە کە کاری پێویست لەم بارەوە ئەنجام بدرێت.