ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دەستەی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەی عێراق ڕایگەیاند" شەپۆلێکی سارد و سەرما و بەفر و بای بەهێز ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەستەکە ئاماژەی بەوەکردووە" ڕۆژی سێ‌ شەممە بەهۆی كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی جەمسەری خێرایی با چالاك دەبێت و دەگاتە نزیكەی ٣٠ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا و بەوەش پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە و لە ڕۆژانی چوار شەممە و پێنج شەممە خێراییەكەی دەگاتە نزیكەی ٤٠ كیلۆمەتر، لە ڕۆژی چوار شەممەوە بەهۆی كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاستەوە شەپۆلێكی باران بارینی مامناوەند ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و هەورە تریشقەی لەگەڵ دەبێت لەناوچە شاخاوییەكان و لەڕۆژی پێنج شەممەوە شەپۆلەكە زیاتر دەبێت".

كەشناسی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە" كە لە ڕۆژی پێنج شەممەوە شەپۆلێكی بەفر بارین-یش ناوچە شاخاوییەكانی هەرێم دەگرێتەوە و بەوهۆیەوە پلەكانی گەرما زیاتر ڕوو لە دابەزین دەكەن و خێرایی با-ش زیاتر دەبێت و دەگاتە ٣٠- ٤٠ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا و ئاستی بینین كەمدەبێتەوە". 

هاوکات دوێنێ ماڵپەڕی ئەکواویزەر کە ماڵپەڕێکی جیهانی کەشوهەوایە ڕایگەیاند" رۆژی هەینی داهاتوو ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ بەفر لە شاری دهۆک دەستپێدەکات و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت، هاوکات رۆژی شەممە ٢٨ی کانوونی یەکەم بەفر لە شاری سلێمانی دەبارێت و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت".