ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  وەزیری تەندروستی : ئێمە ئێستا لە ئاستی كۆنتڕۆڵكردن و چارەسەركردنداین

 وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند،"ئێمە ئێستا لە ئاستی كۆنتڕۆڵكردن و چارەسەركردنداین"

ئەمڕۆ پێنج شەممە، 26ی ئاداری 2020،  لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند،"سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە و كارمەندەكانیان دەكەین بۆ ئەنجامدانی ئەو رێوشوێنانەی گرتویانەبەر بۆ روبەروبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا"

وتیشی،"لەسەر راسپاردنی سەرۆكوەزیرانی هەرێم، وێرای ئەوەی دوجار بوجەی تایبەت بۆ پارێزگای هەڵەبجە دابینكراوە، هەرچییەكی دیكەمان پێبكرێت پشتیوانیان دەكەین"

وەزیری تەندروستی راشیگەیاند،"كەمبونەوەی ژمارەی توشبوان لە رۆژێك بۆ رۆژێكی دیكە دەگۆڕێت، ئەگەر كەسێك توشدەبێت، ئەوە بەتەنها نییە، بەڵكو ئەوانەی كە سەردانی كردون و خێزانەكەی و ئەوانەی بەركەوتنی لەگەڵی هەبوە، ئەوانەش بە گومانلێكراو دادەنێین و كەرەنتینیان دەكەین، دڵخۆشین بەوەی كە ژمارەكە بەرەو كەمبونەوە دەچێت، بەتایبەتی ئەو شارو شارۆچكانەی لەئێستادا لە كەرەنتینن"

سامان بەرزنجی: لەسەرەتای دەستپێكردنی رێوشوێنەكان، ئێمە زیاتر سەرنجمان لەسەر گەشتیار بو وەك هۆكاری سەرەكی بڵاوبونەوە و فاكتەری هێنانی ڤایرۆسەكە، بەڵام ئێستا تەنها گەشتیار نییە، بەڵكو ئەوانەشن كە گومانیان لێدەكەین، سوپاسی هاوڵاتیان دەكەین كە هاوكارمانن و لە ماڵەكانیاندان"

ئاماژەی بەوەشكرد،"ئێمە لەئێستادا لە ئاستی كۆنتڕۆڵكردن و چارەسەركردنداین، راستە رێككارەكانی خۆپارێزی بەردەوامە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بڵاونەبێتەوە و سەرچاوەكەی بدۆزرێتەوە، ئەو كەسانەشی توشبون، لەئێستادا زۆرینەیان باری تەندروستیان جێگیرە، بەگوێرەی پەیڕەوێكی نێودەوڵەتی دەزانین كە بەتەواوی چاكبوەتەوە یان نا"

ئەوەشیخستەرو،"لەئێستادا لە هەمو هەرێمی كوردستان وادادەنێن كە گومانلێكراو نییە، نامانەوێت بەتەنها ناوی شوێنێك بهێنین"