ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا راگرتن و قەدەغەکردنی هاتوچۆ بەشێوەیەکی تەواو لە سنووری پارێزگای هەولێر بەهەموو قەزا و ناحییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دوا بەدوای بە بەیانی ژمارە ٣٥ی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ٢٠٢٠/٥/١٨ سەبارەت بە بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ بۆماوەی ٧٢ کاتژمێر لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزوە، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، فەرسەت سۆفی کۆبووەوە چەند بڕیارێکی داوە.

بەپێی راگەیەنراوەکە، بڕیاردراوە بە راگرتن و قەدەغەکردنی هاتوچۆ بەشێوەیەکی تەواو لە سنووری پارێزگای هەولێر بەهەموو قەزا و ناحییەکانەوە بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز.

هەروەها بڕیاردراوە بە داخستنی گشت مۆڵ و مارکێت و نانەواخانە و بازاڕ و ئەو شوێنانەی کە پێشتر بۆ خزمەتی هاووڵاتییان رێگە پێدراوبوون. جگە لە دەرمانخانەی ئێشکگر کراوە دەبن.

هەر بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بڕیاریداوە بە داخستنی سەرجەم ته‌كییه‌ و خانەقا و شوێنە ئایینیەکان لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا.

بەپێی بڕیارەکان، هه‌موو جۆرە دانشتن و گردبوونەوەیەک و پرسەدانان و سەردانی کردنی خاوەن پرسەیەک و قەرەبالغییەک قەدەغەیە.

هاوکات بڕیاردراوە بە داخستنی سەرجەم پارک و باخچە و شوێنە گەشتیارییەکان.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر راشیگەیاندووە کە رێگە دەدرێت بەهاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان و تیمە تەندروستییەکان و ئەمبولانس و ئەوانەی لە ئەرکی فەرمیدان.