ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گەڵا جاف-رێگای كوردستان 

پاش شەوێك مانەوەی تەرمەكانیان لە پرۆژەی ئاوی داقوق سەر ئەنجام سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەمە تەرمی ئەو چوار منداڵە دۆزرایەوە كە رۆژی پێشتر بە ئۆتۆمبیلەوە كەوتنە پرۆژەی ئاوی داقوقەوەو و خنكان.

لویس خزر قایمقامی شارۆچكەی داقوق، بە (رێگای كوردستان ) ی راگەیاند:" پاش شەوێك مانەوەیان لەناو پرۆژەی ئاوی داقوق، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەمە ( 21/5/2020) ، تەرمی ئەو چوار منداڵە دۆزرایەوە كەرۆژی پێشتر بە ئۆتۆمبیلەوە لەگەڵ باوك و دایكیان كەوتنە پرۆژەی ئاوی داقەوەو منداڵەكان خنكان و باوك و دایكیان رزگاری بوو."

گوتیشی :" منداڵەكان لە دوو خوشك و دووبرا پێكهاتبوون و لە ماوەی شەوی رابردوودا تابەرەبەیانی ئەمڕۆ لەنێو ئاوی پرۆژەكەدا مابونەوە."

بەپێی زانیاریەكان ئەوخێزانە خەڵكی كەركوكن بەڵام خزم وكەس وكاریان لەناحیەی جەبارەی سەربەقەزای خانەقینە.