ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كەسوكاری شەهیدان!

تێكۆشەرانی بیرو بازوو!

هەڵگرانی ڕێبازی یەكسانی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و سۆشیالزم!

لە 30ی حوزەیرانی 1993دا ئیرادەی شیوعییەكانی كوردستان پەرەسەندنی چلۆنایەتی ریكخراوە دێرین و تێكۆشەرەكەیان بوو، رێكخراوی هەرێمی كوردستانی حزبی شیوعی عێراق كە بكرێت بە حزبێكی نیشتمانی كوردستانی و حزبێكی چینایەتی و دیموكراسیخواز و ببێتە حزبی شیوعی كوردستان وەك درێژەپێدەری كاروانی خەباتی زیاتر لە هەشتا ساڵەی شیوعییەكانی كوردستان لە پێناوی مەسەلەی نیشتمانی كوردستانی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و دیموكراسی و سۆشیالزم كە لەم كاروانەدا سەدان شەهیدیان لە پێناوی گەل و نیشتماندا پێشكەش كردوە.

ئەمساڵ كە بیستوحەوتەمین ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستانە، گەلی كوردستان و عیراق بە قۆناغێكی ئێجگار هەستیاردا تێپەردەبێت و پلان و دەستێوەردانی وڵاتە هەرێمایەتییەكان و لەشكركێشی توركیا و بۆردومانكردنی ئێران و بوونی ناوچەكە بە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان رۆژ لە دووای رۆژ لە زیادبووندایە، و ئەمەش هاوكاتە لە گەڵ ئاڵوزبوونی كێشەكانی نێوان حكومەتی فیدڕال و حكومەتی هەرێم، و جێبەجێنەكردنی دەستور، و بەردەوامبوونی سیاسەتی تەعریب لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و سەرهەڵدانەوەی چالاكییە تیرۆریستییەكانی داعش و بەرپاكردنی شاڵاوی تیرۆركردنی كاكەییەكان و مانەوەی گرفتی كوردانی ئێزدی بێ چارەسەركردن.

تێكرای ئەم ڕەوشە هاوكاتە لەگەڵ كەڵەكەبوونی كێشەكان و باڵكێشانی قەیرانەكان بەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراقدا، لەوانەش قەیرانی ئابوری و تەندروستی و بڵاوبونەوەی كۆڕۆنا و قەیرانی نەبوونی متمانەی هاوڵاتیان بە دەسەڵاتی هەرێم و عێراق، و لە ئاكامدا خەڵكی هەژار و زەحمەتكێشی گەلەكەمان بەردەوام دەبنە سووتەمەنی و باجی سیاسەتە هەڵەكانی حوكمرانان دەدەن.

هەڵبەتە هۆكاری سەرەكی قەیرانەكان و ئەم ڕەوشە ناهەموارە بۆ ئەو سیاسەتانە دەگەرێتەوە كە كۆمەلێك دیاردەی درووست كردوە وەك نەبوونی دامەزراوەیی و بێ مووچەیی و لاوازی ئاستی زانست و بێنرخ كردنی بەهای نیشتمانپەروەری و دزین و سپی كردنەوەی سامانی نیشتمانی و بێهەڵوێستی لەبەرامبەر داگیركەرانی ئێران و توركیا كە لە ڕێگای هێرشی سەربازییەوە ڕۆژانە سەروەری خاكی نیشتمانەكەمان پێشێل دەكەن، و خەڵكی بێدیفاع شەهید دەكەن و خاكمان سوتماك دەكەن.

لە گەڵ دامەزراندنی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم و لەڕوانگەی كاراكردنی تێكۆشانی جەماوەری دیموكراسی مەدنی ئاشتیانە، حزبمان سیاسەتی ئۆپۆزسیۆنی چەپی دیموكراسیخوازی هەڵبژاردوە بە مەبەستی تێكۆشان دژ بە ئابوری بەرخۆر و سیاسەتە كەڵەكەبووە شكستخواردووەكانی بواری ئابوری و سیاسەتی بەتایبەتكردنی ڕەهای بوارە ئابورییەكان، و نەبوونی دامەزراوەیی و بەردەوامبوونی دیاردەكانی دوو ئیدارەیی و دەستێوەردانی حزب لە كاری حكومی، كە ئەم ئاراستەیانەش سەرجەم بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستانی خستۆتە مەترسییەوە.

ئەمرۆ لە یادی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستان، جەخت لەسەر سیاسەتی پێشوومان دەكەینەوە و ڕوون و ڕاشكاوانە بە جەماوەری گەلەكەمانی ڕادەگەیەنین، كە سیاسەتی پەیڕەوكراو لە لایەن ئیتلافی حوكمرانەوە چاكسازی بەلارێدا دەبات و كێشەی لاوەكی ناوخۆیی لەسەر ئاستی سیاسی و لە پەرلەمان و لە ناو حكومەت و دامەزراوەكاندا درووست دەكات، و لە ئاكامدا ئەم سیاسەتە مانای دڕیژەپێدانە بە گەندەڵی لە داهات و خەرجی، و كەڵەكەبوونی قەرز بە هەزاران تریلیۆن دینار و دەوڵەمەندبوونی كەمینەیەكی مشەخۆر لەسەر حسابی زۆرینەی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەتی گەلەكەمان.

حزبمان لەو باوەڕەدایە كە رێگای دەربازبوون لە قەیرانەكاندا بە گۆڕینی سیاسەتەكان ئەنجام دەدرێت و هەنگاوی یەكەم لە بواری ناوخۆیدا گەڕانەوەیە بۆ ئیرادە و خواستی جەماوەر و دانانی نەخشەی گەونجاوە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خەڵكی زەحمەتكێشی كوردستان كە هەردەم سازشی لە سەر مەسەلەی نیشتمانی كوردستانی نەكردوە و لە پێناویدا بە درێژایی مێژوو قوربانی داوە، و بۆیە حزبمان لە گەڵ ئەوەدایە كە كار بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ لە سەر بنەمای دەستور بێت و بە شێوەیكی كراوە و مەدنییانە بەمەبەستی ڕاگرتنی گوتاری ڕق دژ بە گەلی كوردستان و قەوارەی هەرێم كار لە گەڵ هێزە دیموكراتی و مەدەنییەكان و ڕای گشتی عێراق بكرێت و سازش لە سەر مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان نەكرێت.

لە یادی ڕاگەیاندنی حزبمان دووپاتی بەڵێن و سووربوونمان بۆ جەماوەری گەل دەكەینەوە، كە داكۆكیكاری ڕاستەقینەی مافی كرێكاران و جوتیاران و خەڵكی زەحمەتكێشی گەلەكەمان بین، و جەخت لەسەر كاركردن بۆ ڕووبەرووبونەوەی گەندەڵی و قۆرخكاری و نەهێشتنی بێكاری دەكەینەوە، و بۆ ئەم مەبەستەش لە تێكۆشانی جەماوەری دیموكراتی مەدەنی بەدەوام دەبین، و گومانمان لەوەدا نییە كە تێكۆشان لە پێناوی پرۆژەی نیشتمانی و چینایەتیمان پێویستی بە پاڵپشتی جەماوەر هەیە، بۆ ئەوەی مافە ئابوری و كۆمەڵایەتی و مەدەنی و سیاسیەكانی گەل و خەڵكی زەحمەتكێش، پارێزراو بێت.

سەربەرزی بۆ شەهیدانی حزبمان.

شكۆداربێت حزبی شیوعی كوردستان.

مەكتەبی سیاسی

حزبی شیوعی كوردستان

كۆتایی حوزەیرانی 2020