ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

راپۆرتی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی

به‌شی سێیەم

هەڵکشانی ڕێژەی بێکاریی

بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و ئەو ڕێکارانەی حکوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتایەکە پیادەی کرد، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بێکاربوون و لە دەستدانی کار دروست کرد. وەکوو عوسمان زیندانی سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی/لقی سلێمانی بۆ ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی خستە ڕوو؛ "بەهۆی پەتای کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆوە، دوو مانگ بە تەواوەتی کارکردن ڕاگیرا، جگەلە چەند کارگەیەکی گەورە کە هەر چەند هەزار کرێکارێک لەخۆدەگرن، هەموو پرۆژەکانی دیکە وەستان و دواتریش کە ڕێکارەکان بە ناڕاستەوخۆ هەڵگیران، هەزاران کرێکار بێکار ماونەتەوە، ئەوە جیا لەوەی بەهۆی ئەو قەیرانەی لە زووترەوە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، ڕێژەی بێکاری تەواو بەرزببووەوە، بەشێوەیەک کە لە ٢٠١٣ بەدواوە دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانیش لە کەرتی حکوومەت ڕاگیراوە".

ڕێکارەکانی پێوەست بە قەدەغەی هاتوچۆ بە ڕاستەوخۆیی و بەتایبەت کاریگەرییان لەسەر بێکاربوونی ئەو کرێکارانە دروست کردووە کە بە کرێی ڕۆژانە کار دەکەن، بەدیاریکراوییش کرێکارانی بیناسازی، کرێکارانی کەرتی گواستنەوە، کرێکارانی خزمەتگوزاریی و کرێکارانی پیشەسازی کە بە "پیشەوەر" دەناسرێن و بەدرێژایی ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ نەیانتوانی هیچ کارێک بکەن.

بەگوێرەی سەندیکانی گواستنەوە، تەنیا لە سنووری هەولێردا، زیاتر لە ٤٥ هەزار کرێکاری کەرتی گواستنەوە کە شوفێری تاکسیین، جیا لە شوفێرانی پاسەکان، نەیانتوانی هیچ ڕۆژێک کار بکەن، لەکاتێکدا هەزاران کرێکاری بیناسازی بەهەمان شێوە لە کارەکانیان دابڕان و هەزاران کرێکاری پیشەسازی (پیشەوەران) و ژمارەیەکی زۆریش لە کرێکارانی کشتوکاڵ بە هەمان شێوە نەیانتوانی کار بکەن، بەتایبەت ئەو کرێکارانەی لە فرۆشگەکانی چەرەزات و میوەی وشککراوە کار دەکەن، بەو هۆیەوە کە ڕێکارەکانی حکوومەت ڕێگەیان بە کارکردن لەو ناوەندانە نەدەدا.

ڕێکارەکانی حکوومەت هەروەک ڕێگرییان کرد لە کارکردنی هەزاران کرێکاری بواری ڕستن و چنین، بەدیاریکراوی ئەو کرێکارانەی وەکوو فرۆشیاری بەرهەمەکانی ڕستن و چنین کار دەکەن، لەناویاندا فرۆشیارانی جل و بەرگ و پێڵاو و ...هتد.

هەرچی پەیوەندی بە کرێکارانی پیشەسازییەوە هەبێت، مەزەندە دەکرێت لەماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆدا، سەدان هەزار کرێکار بێکاربووبن، لەکاتێکدا بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەکۆی سێ هەزار و ٧٣١ کارگە کە پێشتر لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە مۆڵەتیان پێدراوە، دوو هەزار و ٢٨٧ کارگە داخراون و بەو هۆیەوە زیاتر لە نۆ هەزار کرێکار کارەکانیان لە دەستداوە کە پێشتر لەو کارگانەدا کاریان دەکرد.

بەپێی ئامارەکە، زۆرترین کارگە لە سنووری پارێزگای هەولێر داخراوە کە ژمارەیان هەزار و ٧٢٦ کارگەیە، ٤٣١ کارگەیش لە پارێزگای سلێمانی و ١٣٠ کارگەی دیکەیش لە پارێزگای دهۆک داخراون و ئێستا تەنیا هەزار و ٤٤٤ کارگە ماونەتەوە و لەکارکردن بەردەوامن، بەڵام بە چەند هۆکارێکی جیاجیاوە بە کەمتر لە وزەی خۆیان کار دەکەن. لەو ژمارەیەیش ٦٨٣ کارگە لە هەولێر، ٥٤٧ کارگە لە سلێمانی و هەڵەبجە، ٢١٤ کارگەی دیکە لە دهۆکن. بەو شێوەیە بەڕێژەی ٦١٪ی کارگەکانی هەرێمی کوردستان داخراون.

بەپێی داتاکان، زۆربەی کارگەکان لە سنووری پارێزگای هەولێرن کە دوو هەزار و ٤٠٩ کارگەن، بۆیە پشکی شێری کارگە داخراوەکانیش بەر هەولێر دەکەوێت، کە ٧١.٦٪ی کارگەکانی داخراون، لە سلێمانی ٩٧٨ کارگە، واتە ٤٤٪ی کارگەکانی داخراون، لە دهۆکیش ٣٤٤ کارگە واتە ٣٧٪ی کارگەکانی داخراون و زۆرینەی کارگە داخراوەکانیش کارگەی بیناسازی بوون کە لە کۆی نزیکەی ٣٩٠ کارگەی بیناسازی، نزیکەی ١٩٠ کارگە داخراون.

کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی جۆرەکانیان بۆ ١٠ جۆر پۆڵین کراون ئەوانیش: بیناسازی، خۆراک، رستن و چنین، فلزی، کیمیایی، پلاستیکی، سلیلۆزی، ئامێر، مۆبلیات و خزمەتگوزاری. لەرووی زۆری ژمارەشیان کارگەکانی بیناسازی، فلزی، پلاستیکی و خۆراک ریزبەندی پلەی یەکەم تا چوارەمیان گرتووە. لەماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا، کارگەکانی بەرهەمهێنانی پاککەرەوەکان کە ژمارەیان ٤٠ کارگەیە و هەروەها کارگەکانی خۆراک زیاتر گەشەیان کردووە و کرێکارەکانیان لە کارکردن بەردەوام بوون، ئەوەش بەهۆی هەڵکشانی خواست لەسەر بەکاربردنی بەرهەمەکانیان.

سەرەڕای ئەوەی لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە ئامارێکی فەرمی لەبارەی ڕێژەی بێکاربوون بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام بەرپرسانی سەندیکاکانی کرێکاران و خاوەنکاران خەمڵاندنی جیاجیایان بۆ ڕێژەی بێکاری لەو ماوەیەدا کردووە. هەروەکوو یاسین مەحموود سەرۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان لە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٠دا ڕای گەیاند؛ "کۆرۆنا دۆخی کەرتی تایبەتی لە هەرێمی کوردستان زۆر نالەبار کردووە و زیاتر لە ٣٥٠ هەزار کرێکاری بێکار کردووە و حکوومەتیش هیچ بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی کەرتی تایبەت دەرنەکردووە کە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بەر کەرتی تایبەت کردووە و لە بەردەوامبوونی دۆخەکەدا زیانەکە بۆ سێ ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە. کۆمپانیاکان بە نیازن کرێی تەواوی مانگی سێ بدەنە کرێکارەکانیان، بەڵام ئامادەنین مووچەی مانگی نیسان بە هیچ کرێکارێک بدەن".

لە دەستدانی کار بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، تا ساڵی ٢٠١٨ ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستاندا ٩٪ بووە، لەو چوارچێوەیەدا بێکاری لەناو ڕەگەزی نێرینەدا ٨.٠١٪ و لەناو ڕەگەزی مێینەدا ٢٠.٠١٪ بووە. لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش بەرزترین ئاستی بێکاری لە پارێزگای دهۆک بە ١٣.٨٪ تۆمار کراوە، بەدوای ئەودا پارێزگای سلێمانی بە ٩.٤٪ و پارێزگای هەولێر بە ڕێژەی ٩.٢٪ بێکاری لەخۆگرتووە. بەدڵنیاییەوە پەتای کۆرۆنا و ئەو قەیرانە ئابووری بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و چەند هۆکاری دیکەوە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، ڕێژەکەی زیاتر بەرەو هەڵکشان بردووە.

لە دەستدانی کار بەهۆی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی حکوومەتەوە، لە هەندێک بواردا کاریگەریی زۆر نەرێنی دروستکردووە، لەناویاندا بواری خزمەتگوزاریی، وەکوو سامی یوسف سلێوا سەرۆکی سەندیکای خزمەتگوزاریی/لقی هەولێر ئاماژەی بۆ دەکات؛ "لە سەرەتای قەدەغەی هاتوچۆوە، کرێکارانی خزمەتگوزاریی کارەکانیان لە دەستدا، هەرچەند داتایەکی ورد و دیاریکراومان نییە، بەڵام هەزاران کرێکار بەو هۆیەوە زیانیان بەرکەوت".

کرێکارانی خزمەتگوزاریی بوارەکانی کارکردن لە خواردنگە، کافتریا، چایخانەکان، هۆتێل و ڕێستورانت و یەکە گەشتیارییەکان، ئارایشتگاکان، سەرتاشخانەکان و ...هتد دەگرێتەوە، کە تا ساڵی ٢٠١٣ لە هەرێمی کوردستان ٢٦٩ کۆمپانیای گەشتیاریی تۆمارکراون کە بە تێکڕا ٨٧٤ کرێکاریان هەبووە. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦دا چوار هەزار و ٨٢٣ کرێکار لە یەکە گەشتیارییەکانی کوردستان وەکوو هۆتێل، مۆتێل و کۆمەڵگەکانی گەشتیاریی کاریان کردووە کە ژمارەیان ٥٧٧ یەکە بووە. هەرچی پەیوەندی بە دامەزراوەکانی خواردن و خواردنەوە هەبێت، تا ساڵی ٢٠١٣ لە کوردستان دا، پێنج هەزار و ٨١٥ دامەزراوەی خواردن و خواردنەوە تۆمار کراون کە بە تێکڕا ٢٧ هەزار و ١٤٤ کرێکاریان هەبووە. هەرچی پەیوەندی بە دامەزراوە بازرگانییەکانی تاک و کۆوە هەبێت، تا ساڵی ٢٠١٣ لە کوردستان ٩٠ هەزار و ٨٢٤ دامەزراوەی بازرگانی تاک و کۆ تۆمارکراوە کە بە تێکڕا ١٧١ هەزار و ٦٤٦ کەس کاریان تێدا کردووە. لەسەر ئاستی هەر ١٥ پارێزگاکەی عێراقیش تا ساڵی ٢٠١٨ بە دیاریکراوی هەشت هەزار و ٩٢٠ کرێکار لە کەرتی گەشتیاریی عێراق بەدیاریکراوی لە هۆتێل و میوانخانە گەشتیارییەکاندا کاریان کردووە. ئەوەش بەپێی ڕووپێوی هۆتێل و یەکە گەشتیارییەکانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨.

لەسەر ئەو بنەمایەی کە کەرتی خزمەتگوزاریی بوارگەلێکی زۆر بەرفرەوان دەگرێتەوە و نزیکەی تێکڕای ئەو بوارانەیش کارکردن تیایاندا ڕاگیرا، دەیان هەزار کرێکار کە لەو کەرتەدا کاریان دەکرد، تووشی لە دەستدانی کارەکانیان هاتوون. لەپاڵ هەموو ئەوانەیشدا هەندێک بواری وەک ئارایشتگەکانی ئافرەتان کە بەهەمان شێوە لە چوارچێوەی کەرتی خزمەتگوزارییدایە، دیسان لەمیانەی ڕێکارەکانی حکوومەتەوە کارکردن تیایدا ڕاگیرا و هەزاران کرێکاری مێینە کارەکانیان لە دەستدا، بەتایبەت لە مانگەکانی ئازار و نیسان دا.

هەروەک نازەنین عەلی بەرپرسی کاروباری ئارایشتگەکان لە سەندیکای خزمەتگوزاریی بە ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی ڕاگەیاند؛ "تەنیا لە سنووری هەولێر زیاتر لە هەزار ئارایشتگا هەن کە لە چوارچێوەی بڕیارەکانی حکوومەت لەماوەی ئازار و نیساندا بە تەواوەتی داخراون، ئەگەر هەر ئارایشتگەیەک تەنیا سێ کەس کاری تێدا بکەن، سەرووی سێ هەزار کەس تیایاندا کاری لەدەستداوە. کارکردنی زۆرێکیش لە کرێکارانی ئارایشتگەکان بەشێوەیەکە ئەگەر ڕۆژانە کار نەکات، هیچ داهات و کرێیەکی نابێت. ڕاستییەکەی، خاوەن ئارایشتگەکانیش تووشی کێشە و بارگرانی بوون، لەکاتێکدا کرێی دوکان و باج و ڕسووماتی ساڵانەیان لەسەرە".

لە دەستدانی کار و هەڵکشانی ڕێژەی بێکاریی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لەکاتێکدا دێت کە دیسان بەهۆی پەتاکە و ڕێکارەکانی حکوومەتەوە، بەتایبەت لەماوەی قەدەغەی هاتوچۆدا، نرخی خۆراک و پێویستییەکانی ڕۆژانە بە ڕادەیەکی زۆر بەرزبوونەوە، ئەوەش بارگرانی زیاتر لەسەر ژیان و بژێوی کرێکاران دروست کرد کە سەرچاوەی داهاتیان لە دەست دا بوو.

 

کرێ و قەرەبووکردنەوەی کرێکاران

لەماوەی مانگەکانی ئازار و نیسانی ٢٠٢٠دا، کار بەشێوەیەکی گشتی ڕاگیرا و دەیان هەزار کرێکار لە چوارچێوەی کەرەنتینەی گشتیدا لەماڵەوە کەرەنتین کران و نەیانتوانی بچنەوە سەر کارەکانیان، پاڵپشت بە ناوەڕۆکی یاسای کاری عێراق کە لە هەرێمی کوردستان پیادە دەکرێت، لانی کەم دەبوو خاوەنکاران مووچە و کرێی مانگێکی کرێکاران خەرج بکەن، ئەوەش پاڵپشت بە مادەی ٦٥ لە یاساکەدا، بەڵام وەکوو عومەر ئیسماعیل جێگری سەرۆکی یەکێتی کرێکارانی کوردستان/لقی هەولێر بە ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی ڕاگەیاند؛ "بەشێک لە کۆمپانیا و خاوەنکاران پابەندبوون بە پێدانی کرێی کرێکارەکان و بەشێکی دیکەیان بەداخەوە کرێی کرێکارەکانیان خەرج نەکردووە".

هەندیک لە کرێکارەکان سەرەڕای ئەوەی کارەکەیان لە دەستداوە و لەلایەن کۆمپانیا و خاوەنکارەکەیانەوە هیچ مووچەیەکیان پێنەدراوە، بەڵام هێشتا ئامادەنین لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە ناوەکانیان بدرێت. (ن. ز) کرێکارێکی سنووری پارێزگای دهۆک لە ٦ی ئایاری ٢٠٢٠دا بە ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی گوت؛ "لەگەڵ گرووپێک کارمان دەکرد و ئەوانیش کاریان بۆ فەرمانگەیەکی حکوومەت دەکرد، لە سەرەتای قەدەغەی هاتوچۆوە، کارەکەمان ڕاگیرا و تا ئێستایش هیچ مووچە و کرێیەکمان وەرنەگرتووە. دەڵێن دۆخەکە چاک ببێتەوە، کارەکەتان دەست پێدەکاتەوە، بەڵام هیچ بەڵێنێک نییە کرێی مانگەکانی ئازار و نیسان وەربگرین. من گرێبەستی کارم نییە و داوا دەکەم لەو ڕاپۆرتەشدا ئاماژە بە ناوەکەم نەدرێت، چونکە چاوەڕوانم کارەکەمان دەست پێ بکاتەوە و دەترسم ئەگەر قسە بکەم خاوەنکارەکە توڕە بێت و قبوڵم نەکاتەوە...".

هەندێکیش لە ناوەندەکانی کەرتی تایبەت تەنیا بەشێک لە مووچەی کرێکارەکانیان خەرج کردووە و ڕێژەیەکیان بڕیوە، وەکوو (ش. خ) کارمەندی یەکێک لە زانکۆکانی کەرتی تایبەت بە ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی ڕاگەیاند؛ "لە مانگی نیسان دا، بەڕێژەی ٢٠٪ی مووچەکەیان بڕیوین و دوای ئەوەش لە مانگی ئایاردا دەوامی زانکۆکەمان دەستی پێکردەوە، پێیان ڕاگەیاندین هەر کارمەندێک نەیەتە دەوام. ڕۆژانە لە مووچەکەی دەبڕدرێت، لەکاتێکدا بەشێک لە کارمەندەکان بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆی نێوان شارەکان نەمانتوانیوە بگەینەوە سەر کار".

عیسا نەسری سەرۆکی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان/لقی دهۆک بۆ ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی دووپاتی لەوە کردەوە؛ "بەگوێرەی بەدواداچوونەکمان بەشێک لە کرێکارەکانیان کرێی ئەو مانگەیان وەرگرتووە کە کاریان نەکردووە و بەداخەوە بەشێک لە خاوەنکارەکان پابەندنەبوون بە پێدانی ئەو مافە بە کرێکاران، لەو ڕوانگەیەوە ئێمە داوامان لە حکوومەت و بەرپرسانی کارگێڕی دهۆک و تا خاوەنکارەکانیش کرد کرێی کرێکاران خەرج بکەن. بەداخەوە هەندێک لە خاوەنکاران و بەدیاریکراوییش کۆمپانیا گەورەکان داوایان لە کرێکارەکانیان کردووە کە ئیمزا لەسەر بڕیاری کۆتاییپێهێنانی کارەکانیان بکەن، چونکە ئەوان ژمارەی کرێکارەکانیان کەم دەکەنەوە، ئێمە لایەنە پێوەندیدارەکانمان لەو کارە نایاساییە ئاگەدار کردووەتەوە و پێمان ڕاگەیاندوون خاوەنکار ناتوانێت هەروا بە ئاسانی و لەلای خۆیەوە بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کار بدات، بەڵکو دەبێت هۆکارێکی ڕوون هەبێت و ئەوەش بە ئاگاداری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەبێت".

عیسا نەسری باس لەوە دەکات؛ "ژمارەیەک لە کرێکاران سکاڵای خۆیان بە لقی دهۆک گەیاندووە بەرانبەر بە پێنەدانی کرێی مانگانەیان و ئێمەش دەستمان بە بەدواداچوون کردووە. لە هەنگاوی یەکەمدا خاوەنکارەکە بانگ دەکەین و هەوڵدەدەین بە دانوستان لەگەڵ خاوەنکارەکە، مافی کرێکارەکە دابین بکات، بە پێچەوانەوە و لە هەنگاوی دووەمدا پەنا بۆ دادگا دەبەین بۆ گێڕانەوەی مافی کرێکاران. ڕاستییەکەی، دەبێت ئەوەش بڵێین کە کرێکارانی ئێمە حەز بە تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگا و لە دژی خاوەنکارەکەیان ناکەن، بەڵکو دەیانەوێت بە ڕێگەی دانوستان و کۆمەڵایەتی مافەکانیان وەربگرنەوە، واتە کرێکاران سڵ لە دادگا دەکەنەوە، داوا لە کرێکاران دەکەین پەنا بۆ دادگا ببەن و ئێمەش پشتیوانیان دەکەین".

سەرەڕای ئەوەش یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان/لقی سلێمانی، چارەسەرکردنی دۆسیەی چەند کرێکارێکی ڕاگەیاندووە، پاش ئەوەی بەهۆی دابین نەکردنی مافەکانیان لەلایەن خاوەنکارەوە، کرێکارەکانیان سکاڵایان لە سەندیکاکە تۆمار کردووە. یەکێک لەو دۆسیانەی سەندیکاکە خستیە ڕوو، دۆسیەی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافی دوو کرێکاری ده‌واجی (که‌نه‌که‌وه)یە، ‌کە کرێی مانگەکانی ئازار و نیسانی ٢٠٢٠یان پێنەدراوە و بۆ ئەمەش سکاڵایان لە سەندیکای کرێکاران تۆمار کردووە. هەردوو سەندیکای خزمەتگوزاریی و کشتوکاڵ دۆسیەکەیان لە ئەستۆ گرتووە و بانگهێشتی خاوەنکارەکەیان کردووە و خاوەنکارەکەیش نکوڵی لە مافی کرێکارەکان نەکردووە و کێشەکەش بە پێدانی کرێی کرێکارەکان لەلایەن خاوەنکارەوە چارەسەر کراوە.

پابەندنەبوونی خاوەنکارەکان بە ناوەڕۆکی مادەی ٦٥ لە یاسای کاری عێراق لەکاتێکدا دێت کە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ١١ی ئایاری ٢٠٢٠دا چەند بڕیارێکی لەو ڕووەوە دەرکرد، وەکوو؛ "سەبارەت بە موچەی کرێکارانی کەرتی تایبەت کاردەکەن و لەبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەپێی بەیانی وەزارەتی ناوخۆ و ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی کەرەنتین کران، پاڵپشت بە مادەی (٦٥) بڕگەکانی (۱_۲) لە یاسای کار ژمارە ٧١ی ١٩٨٧ دەبێت خاوەنکار کرێی مانگانە بە تەواوی بدات بە کرێکارەکان" و هەروەها لە بڕیارێکی دیکەدا هاتووە؛ "بە پێی مادەی (٦٥) بڕگەی (۱_۲) لە یاسای کاری عێڕاقی ژمارە (۷۱ی ساڵی ۱۹۸۷)ی هەموارکراو خاوەنکار ناتوانێت کرێی مانگانەی کرێکار کەم بکاتەوە و لەکاتی کەم کردنەوەی کرێیەکەی نوێنەرانی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران داکۆکی لە مافەکانیان دەکەن".

بڕیارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تەنیا ئەو کرێکارانە دەگرنەوە کە خاوەنکاری بەردەوام و جێگیرییان هەیە، بەڵام دەیان هەزار کرێکار ناگرێتەوە کە بەشێوەی ڕۆژانە کار دەکەن و خاوەنکاری هەمیشەییان نییە، لەناویاندا کرێکارانی کەرتی بیناسازی و کرێکارانی کەرتی گواستنەوە. هەروەک عوسمان زیندانی سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی/لقی سلێمانی بە ئاشتی و ئازادی گوت؛ "کێشەی جدی ڕووبەڕووی کرێکارانی ڕۆژانە دەبێتەوە کە خاوەنکاریی هەمیشەییان نییە، ئێمە داوامان لە حکوومەت کرد قەرەبووی ئەو کرێکارانە بکرێتەوە، بەڵام هیچ قەرەبوویەک لەلایەن حکوومەتەوە نەکرایەوە".

بەشێک لە لقەکانی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان پێشنیازی ئەوەیان کردووە لە چوارچێوەی ئەو داهاتەی حکوومەت دەستی دەکەوێت یان لە چوارچێوەی ئەو کۆمەکەی پێشکەش بە حکوومەت کراوە، هاوکاری ئەو کرێکارانە بکرێت بەهۆی پەتای کۆرۆنا و ڕێکارەکانی حکوومەتەوە کارەکانیان لە دەستداوە، بەڵام لەلایەن حکوومەتەوە هیچ بەدەنگەوەهاتنێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییە نییە. بە ڕەچاوکردنی ئەو دۆخەیش کە حکوومەت تەنانەت مووچەی فەرمانبەرەکانی نادات، چاوەڕوان ناکرێت ئێستا هیچ قەرەبوو و کۆمەکێکی کرێکارانی ئاماژەپێکراو بکات. بەو حالەیشەوە یەکێک لە پێشنیازەکانی بەرپرسانی سەندیکاکانی کرێکاران ئەوە بوو کە بە بەشێک لە داهاتی سندووقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران، کۆمەکی کرێکارانی کەمدەرامەت و بێدەرامەت بکرێت، بەڵام ئەو پێشنیازەیش لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە پشتگوێ خرا.