ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

سازدانی؛ ڕێبین فەتاح

د. محێدین حەسەن سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی لە دیدارێکی تایبەتی (ڕێگای کوردستان)دا، هەڵوەستە لەسەر چەند پرسێکی گرنگ و هەنووکەیی دەکات. ئەو، ئاماژە بەوە دەکات؛ پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیوە بە ڕۆڵی کارای خۆی هەستێت و نەبوونی یاسای بودجەیش لەوەتەی ساڵی ٢٠١٣ەوە، بە یەکێک لە کێشە زەقەکانی حکوومەتی هەرێم دادەنێت. سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی بەتوندی ڕەخنە لە بەتایبەتکردنی کەرتە خزمەتگوزارییەکان دەگرێت و ڕای دەگەیەنێت؛ لەداهاتوودا هاووڵاتییانی هەرێم باجەکەی دەدەن.

ئەگەر لەو پرسیارە گشتییەوە دەستپێبکەین، چۆن خوێندنەوەیەک بۆ بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان دەکەن؟

-هەرێمی کوردستان بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٧، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و قەیران بووەوە، بەتایبەت ئەوەی پێوەندی بە هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێم هەبێت، کاریگەریی خراپی لەسەر دۆخی کوردستان و هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە بەگشتی لێکەوتەوە. سەرەڕای دروستبوونی قەیرانی دارایی و ئابووری و بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدا هەر لە ٢٠١٤ەوە، ئەو گەمارۆیانەی لەئاستی هەرێمییدا خرانە سەر کوردستان، فشاری سەربازی و هەڕەشە لە کوردستان بەتایبەت دوای ڕیفراندۆم، کوردستان لەدنیای دەرەوە دابڕێندرا، ژیان و گوزەرانی خەڵک لەدۆخێکی خراپدا بوو، بە هەرشێوەیەک بێت توانرا بەشێک لەو گەمارۆیە تێکبشکێنرێت و دەروازەکان بەڕووی هەرێم کرانەوە، بەڵام بەداخەوە لەو هەموو هێرش و هەڕەشانەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر هەرێم و مەترسییەکانی وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت تورکیا و ئێران، دەوڵەتانی هاوپەیمان بێهەڵوێست بوون، سەرباری ئەو سیاسەتی ئابووری حکوومەتی هەرێم کە نەیتوانی بەشێوەیەکی باش ئیدارە بدرێت و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان باشتر بکرێت، لەدەرەوەی ئەوانەشدا، ململانێی حزبە سیاسییەکان کە بەهۆی بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی، ڕەچاوی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و نەتەوەییش ناکات، ئەوەش ئەوەندەی دیکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەرێم و هاووڵاتییانی کوردستان دروستکردووە.

لە هەموو ئەو بارودۆخەی هاتەپێش، دەسەڵاتی سیاسی هەرێم توانی لە ئاساییکردنەوەی دۆخەکەدا بە ڕۆڵی خۆی هەستێت؟

-سەرباری ڕەخنە و تێبینییەکان لە بەڕێوەبردنی هەرێم لەلایەن هاوپەیمانی حوکمڕانی کوردستان، کە زۆرجار بەرژەوەندییەکانی حزبی بەسەر بەرژەوەندییەکانی نیشتمانی زاڵ بووە، ئەوەش زیانی بەدۆزی ڕەوای گەلەکەمان گەیاندووە، هەنگاوەکانیان بەو ئاراستەیە بووە، خۆیان چەند لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و دۆخەکە سوودمەند دەبن.

لەوەی پێوەندی بە حکوومەتی فیدڕاڵەوە هەبێت، پابەندێتی بەغدا بە ماف و پێدراوەکانی دەستووریی هەرێم چۆن دەبینن؟

- لە دەوڵەتی عێراق لەمێژووی دروستبوونییەوە، لەکات و قۆناغی جیادا، مامەڵەی جیاواز لەگەڵ پرس و دۆزی گەلی کوردستان کراوە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەمان بیرکردنەوە و ئاراستەی سیاسی هەیە، مامەڵەیەکی ڕاستیان نەکردووە و دانیان بە مافی ڕەوای گەلەکەمان دانەناوە، مەسەلەکانی بە عەرەبکردن و ڕاگواستن ڕەنگە ئێستا شێوازەکەی گۆڕابێت، بەڵام دۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکان دەبینن، لەداگیرکردنی زەویوزار، زەوتکردنی موڵک و ماڵ و بەپاڵپشتی سوپا و حەشدی شەعبی عەرەبی هاوردە دەگەڕێنەوە سەر ئەو زەوییانەی پێشتر ڕژێمی بەعس بەزۆرەملێ لە کوردانی داگیرکردووە. ئێستایش سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستن بەردەوامە، ئەگەر بۆیان بلوێت، ئەو ئیدارە و ئەزموونەش ناهێڵن لە کوردستان هەیە، سەرەڕای هەموو ئەو ڕەخنانەی لەناوخۆی هەرێم هەیە، بەڵام ئەوە ڕاستییەکە لەمەڕ هەڵوێستی بەغدا بەرانبەر بە کوردستان.

کەواتە ئەوەی بەغدا بەرانبەر بە کوردستان ئەنجامی دەدات، کردارە یان پەرچەکردارە؟

-نەخێر، ئەوە هەر بیرکردنەوەیانە، بەجیا لەوانەی حوکمڕانی عێراق دەکەن، بەتایبەت پاش ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس، ڕەنگە هەندێک پەیوەندی تاکەکەسی و پێوەست بە تێکۆشانی هاوبەشی دژ بە بەعس، لە نێوان کورد و حوکمڕانانی ئێستای عێراق، جۆرێک لە چاپۆشی و هێورکردنەوە هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا دەسەڵاتدارانی عێراقی بە شیعە و سونەوە بیرکردنەوەیان بەو ئاراستەیە نییە کە لە بنەڕەتدا دان بە مافی گەلی کوردستاندا بنێن. ناوچەکانی خانەقین تا دەگاتە شنگال، هەموومان دەزانین ناوچەی کوردستانین، ئەوە هیچ دەسەڵاتدارانی عێراق مامەڵەیەکی ڕاستیان لەگەڵ ئەو بابەتە نەکرد، بەڵکو هەوڵدەدەن ئەو قەوارەیەش وەک هەرێمی کوردستان هەیە، پەڕوباڵی بکەن و بچووکی بکەنەوە.

ئەگەر هەڵوەستەیەک لەسەر ناوخۆی هەرێم بکەین، ئەو قەیرانە دارایی و ئابوورییەی لەوەتەی ٢٠١٤ەوە بەتایبەت زەقبووەوە، ئەنجامی سیاسەتی ئابووریی حکوومەتی هەرێم بوو، یان هەندێک ڕووداو و پێشهاتی نەخوازراو، وەک شەڕی داعش، بڕینی بودجە و دابەزینی نرخی نەوت؟

-هەوڵدان بۆ بنیاتنانیژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان هەنگاو و ئاراستەیەکی ڕاست بووە، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان نەتوانرا داهاتەکانی ناوخۆ، داهاتی گومرگ و خاڵە سنوورییەکان، داهاتەکانی نەوت و ئەو پارەیەش لە بەغداوە وەک بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان هاتووە، لەبنیاتنانی ژێرخانێکی پتەودا و بەشێوەیەکی زانستی بەکاربهێنرێت، حکوومەتی هەرێم نەیتوانی بەڕێوەبردنێکی ڕاست و دروستی لەڕووی ئابوورییەوە هەبێت و ئەنجامەکەی بەوڕۆژە گەیشت. لەساڵی ٢٠١٤یشەوە کە بودجەی کوردستان بڕدرا و دواتریش ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٧ی بەسەردا هات و گەمارۆ لەسەر هەرێم دانرا و نرخی نەوت دابەزی و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناشدا دۆخەکە ئەوەندەی دی بەرەو ئاڵۆزیی ڕۆیشت. نەبوونی پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە و دووربینانە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە، بۆ ئەو ساڵانەی حکوومەتی هەرێم داهاتێکی باشی بەدەستەوە بوو، هەموو ئەوانە کاریگەریی خۆیان لەسەر گەیشتن بەدۆخی ئەمڕۆ هەیە. ئێستا ئێمە بەگشتی لە دۆخێکی باشدانین، قەیرانی ئابووری کاریگەریی خراپی لەسەر زۆر لایەنی کۆمەڵایەتی دروستکردووە، لە هەڵکشانی ڕێژەی بێکاریی، هەژاریی، بەرزبوونەوەی ژمارەی جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و زیاتر لەوەیەش ئێستا هەر لەژێر کاریگەریی ئەو دۆخەدا، لێشاوێکی کۆچی گەنجان بەرەو دەرەوە دەستی پێکردەوە، بەداخەوە جارێکی دی، گەنجانی ئێمە بەهۆی ناڕوونی لە داهاتوویان، خۆیان دەدەنە دەست قەدەری کۆچەوە و ئەوەش شایانی هەڵوەستەلەسەرکردنە لەلایەن پەرلەمان و حکوومەتەوە.

ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستان لەکۆی پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟

-پەرلەمان دوو ئەرکی بنچینەیی هەیە؛ یاسادانان و چاودێریکردنی حکوومەت. یەکێک لە کەموکوڕییە سەرەکییەکان ئەوەیە بۆ حەوت ساڵ دەچێت، هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی نییە، لەکاتێکدا حکوومەت بە دەیان و سەدان ملیۆن دۆلار بەبێ هیچ چاودێرییەک نە لەلایەن پەرلەمان و نە لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە خەرج دەکات. ئەوەی پێوەندی بە پەرلەمانەوە هەبێت، ئاشکرایە پەرلەمان ڕەنگدانەوەی هەمان هێزەکانی سیاسییە، ئەوانەی زۆرینەی کورسییەکان بەدەست دێنن، پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی نیشتمانی، دەخوازرا لە دۆخێکی باشتر لە ئێستا بێت، بەڵام بەداخەوە پەرلەمان ئەو ڕۆڵە کارایەی خۆی نەبینوە. هەم لە دەرکردنی یاسا و هەمیش لەچاودێریکردنی حکوومەتدا. ئێستا ئێمە لە دۆخێکداین، دەگەینە ناوەڕاستی تشرینی یەکەم و هێشتا فەرمانبەران و مامۆستایان مووچەی مانگی نیسانیان وەرنەگرتووە، ئەو دۆخە کاریگەریی زۆری لەسەر پەرلەمانیش هەیە. وەکوو بنەما، دەزانین بەهێزکردنی پەرلەمان بەهێزکردنی هەرێمی کوردستانە، لەکاتێکدا لاوازکردن و بێڕۆڵکردنی پەرلەمان، لاوازبوونی پێگەی کوردستانی لێدەکەوێتەوە.

لە ٢٠١٣ەوە حکوومەتی هەرێم پرۆژەیاسای بودجەی بۆ پەرلەمان نەناردووە، پرسیارەکە ئەوەیە؛ بەبێ هەبوونی یاسای بودجە، دەتوانین قسە لەسەر بەرنامەی ئابووری و شەفافیەتی حکوومەت لە داهات و خەرجییەکاندا بکەین؟

-نەبوونی یاسای بودجە گرفتێکی بنچینەییە، حکوومەت بەپاساوی ئەوەی ڕێککەوتنی لەگەڵ بەغدا نییە، ئامادە نییە پرۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان بنێرێت بەو بیانووەی بەرچاوڕوونییان لە داهاتدا نییە، بەڵام داوامان کردووە ئەگەر ناتوانن پرۆژەیاسای بودجە بنێرن، هەر لانیکەم ژمێرەی کۆتایی بنرێنە پەرلەمان، ئەویش هەر نەهاتووە. ئێستا بە میزاج پارە خەرج دەکرێت، خودی نەبوونی یاسای بودجە گومانەکانی پێوەست بە داهات و خەرجییەکان زەقتر دەکاتەوە، ناشەفافیەتی زیاتر دروست دەکات.

بڕیارێک هەیە حکوومەتی هەرێم پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو بنێرێت؟

-نەخێر، حکوومەتی هەرێم پاساوی ئەوەی هەیە کە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا نییە و بەرچاوڕوونیان نییە لە پشکی هەرێم.

ئەوە پاساوێکی لۆژیکییە؟

-بەشێک لە پاساوەکە ڕەنگە پێوەست بێت، بەڵام حکوومەت دەتوانێت لانیکەم داهاتەکانی ناوخۆ ئاشکرا بکات، دواجاریش بودجە بە خەمڵاندن دادەنرێت، ئێستا ئێمە لە دۆخێکداین، پەرلەمان هیچ زانیارییەکی لەبارەی داهاتەکانی کوردستان نییە؛ نە داهاتی نەوت و گاز، نە داهاتەکانی ناوخۆ کە لە باج و کرێی خزمەتگوزارییەکان دەستدەکەوێت، نە داهاتی خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و ...هتد.

هەفتەی ڕابردوو، سەرۆکی حکوومەت هاتە پەرلەمان، سەرەڕای ئەوەی پێشتر داوای پرساندنی سەرۆکی حکوومەت دەکرا و ئێوەش لە فراکسیۆنی ئازادی ئیمزاتان لەسەر پرساندنی سەرۆکی حکوومەت کردبوو، ئێستا ئەگەر قسەلەسەر هاتنەکەی سەرۆکی حکوومەت و کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بکەین، چۆنی هەڵدەسەنگێنن؟

-ڕاستییەکەی هاتنی سەرۆکی حکوومەت و پرساندنەکە جیاوازە، پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ڕێگەی بە هەردووکیان داوە، چ حکوومەت خۆی داوا بکات بێتە پەرلەمان بۆ قسەکردن لەسەر پرسێک و یان ئەوەی لە پەرلەمان پرساندن بکرێت. کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردوو لەسەر داوای سەرۆکی حکوومەت بوو، بۆ قسەکردن لەسەر کۆمەڵێک بابەتی وەکوو؛ دۆخی دارایی، یاسای چاکسازیی، گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و پەتای کۆرۆنا و ...هتد، لەو دانیشتنەدا٩٨ پەرلەمانتار قسەیان کرد و پرسیاری خۆیان ئاراستەی ستافی ئەنجوومەنی وەزیران کرد و ئەوانیش بە تێڕوانینی خۆیان وەڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.

کەواتە پرسیارەکانی پەرلەمانتاران لەلایەک و وەڵامی سەرۆکی حکوومەت و ستافی حکوومەت لە چ ئاستێک بوون؟

-پەرلەمانتاران پرسیاری جدییان کرد، بەتایبەت ئەوەی پێوەندی بە دۆخی دارایی و ئابووریی، مووچە و بەتایبەتکردنی کەرتە گشتییەکان و چەند پرسی دیکەوە هەبوو، ئەوەش پێوەندی بە وەڵامەکانی سەرۆکی حکوومەت و ستافی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هەبێت، ئاساییە بۆنموونە وەڵامەکان بۆ ئەو فراکسیۆنانەی زۆرینە پێکدێنن، باوەڕپێکەربن، بەڵام نەبوونی یاسای بودجە و ناشەفافیەت لە داهاتەکان، گومانی زۆر دروست دەکات کە حکوومەت توانای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی نەبێت، لە هیچ حکوومەتێکی دنیا نییە، خانەنشینان مووچەی ساڵێک و چوار مانگیان وەرنەگرت بێت، لەکاتێکدا مووچەی خانەنشینانی هەرێم لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووەوە دابەش نەکراوە.

یەکێک لەو بابەتانەی لە دانیشتنەکەی پەرلەمان خستتانە ڕوو، بەتایبەتکردنی کەرتە گشتییەکان بوو، ئەو بەتایبەتکردنە دەتوانێت حکوومەت لە قەیرانەکان دەرباز بکات یان ئاڵۆزتری دەکات؟

-بەتایبەتکردنی کەرتەکانی گشتی و خزمەتگوزاریی، بەشێکە لە مەرجەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، ڕەنگە خۆیشیان هەر بیانەوێت کەرتەکان بەتایبەت بکەن، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەتایبەتکردنی کەرتە گشتییەکان هیچ داهاتێک بۆ حکوومەت ناگێڕێتەوە. ژێرخانی هەریەک لەو کەرتانە بە داهای گشتی بنیاتنراوە، ملیاران دۆلاری لە گەنجنەی گشتی تێدا خەرج کراوە، ئێستا وەک دەگوترێت هەراج دەکرێت، بەڵکو قۆرخکاریشی تێدا دەکرێت، بەتایبەتکردنی کەرتە گشتییەکان نەک داهاتێک بۆ حکوومەت ناگێڕێتەوە، بەڵکو بارگرانییەکی زۆریش بۆ هاووڵاتییان دروست دەکات. بەتایبەتکردن لە هیچ وڵاتێکی دنیادا بەو شێوەیە ڕەهایە نییە، بەڵکو مەرجدارە، بەپێچەوانەوە لێکەوتی زۆر نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک دادەنێت، ئێستا کە قسە لەسەر بەتایبەتکردنی کەرتی کارەبا دەکرێت، بەدڵنیاییەوە لەدوای بەتایبەتکردنی کەرتەکە، نرخی کارەبا لەسەر هاووڵاتییان زیاد دەکرێت.

وەکوو سیاسەتی حزبی شیوعی کوردستان بەشێوەیەکی ڕەها دژی بەتایبەتکردنن، یان لەگەڵ بەتایبەتکردنێکی سنووردار و مەرجدارن؟

-ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کەرتی تایبەت لەپاڵ کەرتی گشتی کاربکات، بەڵام ئەو ئەرک و بوارانەی پێوەندییان بەژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانەوە هەیە، نابێت دەوڵەت یان حکوومەت دەستبەردارییان بێت، وەکوو کەرتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، تەندروستی، ئاو و کارەبا و هەموو ئەو کەرتانە دەبێت لەژێر کۆنترۆڵ و سەرپەرشتی حکوومەتدا بێت، دەتوانرێت هاوبەشی بە کەرتی تایبەت بکرێت، بەڵام زۆرینە لەژێر دەست و دەسەڵاتی دەوڵەتدا، دەتوانرێت کەرتی هاوبەش بێت، بەڵام دیسان دەبێت حکوومەت تێیدا باڵادەست بێت.

یەکێک لە پاساوەکانی کەرتی کارەبا و حکوومەتی هەرێم بۆ بەتایبەتکردنی کەرتی کارەبا، ئەوەیە بەتایبەتکردنەکە دادپەروەری دروست دەکات، ئێوە پێتان وایە بەتایبەتکردن دادپەروەری دروست بکات؟

-جا کام دادپەروەری؟ هەموو وێستگەکانی بەرهەمهێنان، وێستگەکانی دابەشکردن و تا فەرمانبەرانی کەرتەکە، هەموو ئەوانە بە داهاتی گشتی و بە پارەی هاووڵاتییان بنیاتنراوە، لەسەر چ بنەما و دادپەروەرییەک دەدرێتە کەرتی تایبەت؟ جا ئەگەر هەموو ئەوانە بدەینە کەرتی تایبەت، وەزارەتی کارەبامان بۆچییە؟ ئەو پرۆسەیە ناتوانێت هیچ دادپەروەرییەک دروست بکات و لە داهاتووشدا هاووڵاتییان هەست بە بارگرانییەکەی دەکەن و باجی گەورەی لەسەر دەدەن.

پێشتر باست لە مووچەی خانەنشینان کرد، دەستبردن بۆ داهاتی سندووقی خانەنشینی لەلایەن حکوومەتەوە، یاساییە؟

-لە هەرێمی کوردستان هەر لە بنەڕەتدا سندووقی خانەنشینی نەبووە، ئەو پارەیەی لە فەرمانبەران گێڕدراوەتەوە بەناوی خانەنشینییەوە، ڕاستەوخۆ تێکەڵ بە داهاتەکان کراوە و لەلایەن حکوومەتەوە خەرج کراوە. واتە سندووقەکە لە بنەڕەتدا نەبووە.

ئایا لەڕووی بنەمای یاساییەوە، خەرجکردنی پارەی خانەنشینی کە وەک ئەمانەتێک لای حکوومەت دانراوە، یاساییە؟

-ئەوە یەکێک لەو کێشە جدیانەیە کە دەبوو لە خولەکانی زۆر پێشترەوە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەستەی لەسەر بکات و حکوومەت ناچار بە پێکهێنانی سندووقی داهاتی خانەنشینی بکرێت.