ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان-ڕێبین

 دروستکردنی خانوو و یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان پاشەکشەیەکی گەورەی کردووە، بەڕادەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٨ بەراورد لەگەڵ ٢٠١٣ بەڕێژەی زیاتر لە ٦٤٪ کورتهێنان لە ژمارەی مۆڵەتەکانی بیناسازی و دروستکردنی خانوو تۆمار کراوە، هەروەک لەکۆی ٣٩٩ پرۆژەی مۆڵەتپێدراوی نیشتەجێبوون لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە تەنیا ٦١ پرۆژەیان تەواوکراون و ٢٧٨ پرۆژەش بە تەواونەکراوی ماونەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاماری دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان کە داتای ژمارەکانی مۆڵەتی بیناسازی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٨ لەخۆگرتووە، پاشەکشەیەکی گەورە لە کەرتی بیناسازی لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان ڕوویداوە.

ڕاپۆرتەکە ڕوونی دەکاتەوە، لە ساڵی ٢٠١٣دا لە هەرێمی کوردستان ٢٧ هەزار و ٢٦٩ مۆڵەتی بیناسازی دراوە، ٢٠ هەزار و ٣٣٩ مۆڵەتی بیناسازی لە ٢٠١٤دا، ١٥ هەزار و ٤٧ مۆڵەتی بیناسازی لە ٢٠١٥دا، ١١ هەزار و ٢٩٣ مۆڵەتی بیناسازی لە ٢٠١٦دا، لە ساڵی ٢٠١٧یشدا تەنیا نۆ هەزار و ١١٠ مۆڵەتی بیناسازی و لە ساڵی ٢٠١٩یشدا ژمارەکە بۆ تەنیا نۆ هەزار و ٧٥٦ مۆڵەتی بیناسازی لە کورتی داوە. ڕاپۆرتەکە تەنیا داتای ئەو خانووانە دەگرێتەوە کە بەڕێژەی ١٠٠٪ تەواوکراون.

بەپێی داتاکەی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دروستکردنی خانوو لە هەرێمی کوردستاندا، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٨ بەڕێژەی زیاتر لە ٦٤٪ پاشەکشەی کردووە، دەستەی ئاماری کوردستان هۆکاری ئەو پاشەکشە گەورەیە بۆ دروستبوونی شەڕی داعش، قەیرانی ئابووری و دابەزینی نرخی نەوت دەگێڕێتەوە.

دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ڕوونی کردووەتەوە، زۆرترین مۆڵەتی بیناسازی لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا، لە پارێزگای هەولێر وەرگیراوە لە هەموو ساڵەکاندا، بەنموونە لە ساڵی ٢٠١٨دا لە پارێزگای هەولێر چوار هەزار و ٤١٩ مۆڵەتی بیناسازی وەرگیراوە، لە پارێزگای سلێمانییش سێ هەزار و ١٨٥ مۆڵەت، لە پارێزگای دهۆک هەزار و ٥٦٧ مۆڵەت و لە ئیدارەی گەرمیان تەنیا ٥٧٥ مۆڵەتی بیناسازی وەرگیراوە و تەواو کراوە. ژمارەی ئەو یەکە نیشتەجێبوونانەی لەماوەی ساڵی ٢٠١٨دا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دروستکراون بە تەنیا کەمترە لە ژمارەی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە لەماوەی ساڵی ٢٠١٣دا تەنیا لە پارێزگای هەولێر دروستکراون، لەکاتێکدا ساڵی ٢٠١٣ تەنیا لە هەولێر ١١ هەزار و ٧٥٦ مۆڵەتی بیناسازی لەلایەن شارەوانییەوە دراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨دا بە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تەنیا نۆ هەزار و ٧٤٦ مۆڵەتی بیناسازی وەرگیراوە.

بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کە لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە، تەرخان کراوە. بەپێی داتا فەرمییەکان لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٨ دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی ٣٣٩ پرۆژەی نیشتەجێبوونی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت داوە، بەڵام ئەوەی جێی تێبینییە زۆرینەی هەرە زۆری ئەو پرۆژانە تەواو نەکراون، لەکاتێکدا تەنیا ٦١ پرۆژەی نیشتەجێبوون تەواو کراوە، لە بەرانبەر ٢٧٨ پرۆژەی تەواوکراو هەیە.

ئەو پرۆژانە بەشێوەیەکی جیاواز لەسەر ئاستی پارێزگاکاندا دابەش بوون، بە نموونە لە پارێزگا هەولێر مۆڵەتی ١٢٨ پرۆژەی نیشتەجێبوون دراوە، بەڵام تەنیا ٢٨ پرۆژە تەواوکراون و ١٠٠ پرۆژەش بە تەواونەکراوی ماونەتەوە، لە سلێمانی مۆڵەتی ٨٤ پرۆژەی نیشتەجێبوون دراوە، تەنیا ١٥ پرۆژە تەواوکراون و ٦٩ پرۆژەی تەواونەکراویش هەیە، لە پارێزگای دهۆک مۆڵەتی ١٢٧ پرۆژەی نیشتەجێبوون دراوە، بەڵام تەنیا ١٨ پرۆژە تەواوکراون و ١٠٩ پرۆژەی تەواونەکراویش هەیە.

تەواو نەکردنی زۆرینەی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لەکاتێکدایە کە پێشتر ئەو پرۆژانە لەلایەن هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانەوە تێچووەکەیان بە کۆمپانیا جێبەجێکارەکان دراوە، بەڵام کۆمپانیاکان شکستیان هێناوە لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون و حکوومەتی هەرێمیش کۆمپانیاکانی ناچار نەکردووە بە پابەندبوون بەو گرێبەستانەی لەگەڵ هاووڵاتییانی کڕیاریان ئیمزا کردووە لە تەواوکردنی پرۆژەکانیان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا.

لەساڵی ٢٠١٤ەوە قەیرانێکی گەورەی ئابووری بەرۆکی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی گرتووە و ئەو قەیرانەش کاریگەریی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان دروست کردووە.