ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاودێر

 جگە لە کوشتن و خۆکوشتن، ساڵى ڕابردوو زیاتر لە 12 هەزار تاوانى جۆراوجۆر لە هەرێمى کوردستان ئەنجامدراون و بەگوێرەى ئامارێکیش زیاتر 90% تاوانباران دواى ئازادکردنیان لە زیندان گەڕاونەتە سەر تاوانەکانیان، سەرۆکی تۆڕی دادپەروەریش جەخت لە گرنگى بوونى بەرنامەى چاکسازى لەناو گرتوخانەکان دەکاتەوە و دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤیش ڕاى دەگەیەنێت بنەماکانى مافى مرۆڤ جێبەجیچ ناکرێن.

بەگوێرەى ئامارێکى پۆلیسی گشتیی هەرێمی کوردستان لەماوەى ساڵى ڕابردوودا 2 هەزار و 298 حاڵەتى دزیکردن لەناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان تۆمار کراون، ئەمە جگە لە هەزاران تاوانى دیکەى وەکو تاوانی ساختەکارى، هەڕەشەکردن، فێڵکردن لە خەڵک و بەکارهێنانى چەکى بێ مۆڵەت. ئامارەکەى پۆلیسی گشتیی هەرێمی کوردستان دەریدەخات کە ساڵى 2020  لە هەولێر 559  ڕووداوی دزیکردن ئەنجامدراون، لە سلێمانی هەزار و 520 ڕووداو، لە دهۆک 594  ڕووداو ، لە هەڵەبجە 67  ڕووداو، لە سۆران 98  ڕووداو، لە گەرمیان 144  ڕووداو و  لە ڕاپەڕین 316  ڕووداوی دزیکردن ئەنجامدراون. هەر بەگوێرەى ئامارەکە هەزار و 646 تاوان بە ئامێرەکانى پەیوەندیکردن ئەنجامدراون، ئەمە جگە لە 393 تاوانی تاوانی ساختەکردن 3 هەزار و 158 تاوانی هەڕەشەکردن، هاوکات فێڵکردن لە خەڵک 3 هەزار و 27 حاڵەت هەبووە و دەستبەسەر 661 چەکی بێمۆڵەتیشدا گێراوە، لەبەرامبەر ئەم تاوانانەشدا تەنیا 510 سکاڵا تۆمارکراوە. بەگوتەى هێزە ئەمنییەکان بەشکى زۆرى تاوانەکان دۆسییەکانیان یەلایی بوونەتەوە و تاوانباران خراونەتە زیندانەوە.

چالاکانى کۆمەڵى مەدەنى و بەشێک لە رێکخراوەکانى ئەو بوارە باس لەوە دەکەن کە زۆربوونى ژمارەى تاوانەکان جگە لەوەى چەندین پاڵنەرى هەیە، بەڵام نەبوونى چاکسازى لە گرتووخانەکان بەیەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان ناو دەبەن و جەخت لەوەدەکەنەوە کە گرتوخانەکان لەبرى ئەوەى ببنە شوێنێک بۆ پەروەردەکردنەوە، بەپێچەوانە بوونەتە شوێنى یەکترناسینى تاوانباران. ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە لەدەستگیرکردنى کەسی تۆمەتبارەوە، تاکوئازادکردنى، کەسی تانوانبار بە کۆمەڵێک دۆخدا تێپەردەبێت کە خۆدروستکردنەوە دەکەنە کارێکى مەحاڵ، هۆکارى ئەمەش بۆ دواکەوتوویی یاساکان، ناشارەزایی و جێبەجێکردنى بنەکانى مافى مرۆڤ دەگەڕێننەوە.

بەگوێرەى بەدواداچوونێکى تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان، ئەگەرچی لە چاکسازی و گرتووخانەکان لە سەرجەم  شوێنەکان تۆماری زیندانییەکانی تێدایە و شوێنەکانی ژنان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن و ڕێنمایی تایبەتیان هەیە، هەروەها کاری گرانیان پێ ناکەن و پێداویستی خۆشوشتن و خواردنی سێ ژەم و ئازادی ئایینیان تێدا فەراهم کراوە و بەشی زۆریان کراوەن بە ڕووی ئاژانس و ڕێکخراوەکان، بەڵام چەندین کەموکورتى لەناو گرتوخانەکاندا بوونیان هەیە لەوانە بوونى مادەى هۆشبەر و ئەنجامنەدانى چاکسازى. ڕاپۆرتەکە ئاشکراى دەکات کە «84٪ـی ئەو شوێنانەی کە سەردان کراون، بە رووی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سووری نێودەوڵەتی و رێکخراوە نێودەوڵەتی و لۆکاڵییەکان کراوەن.97٪یان کامێرای چاودێرییان تێدایە و لەکاتی بوونی هەر رووداوێکی نەخوازراودا دادگا دەتوانێت هانا بۆ ئەو کامێرایانە ببات. 87٪یشیان توێژەری کۆمەڵایەتی و دەروونیان هەبووە». بەڵام لەهەمان کاتدا شوان ێابر، سەرۆکی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان باس لەوەش دەکات کە لە هەندێک لە بەندیخانەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان حەوت هێندەی توانای شوێنەکە بەنکراو بوونی هەیە، ئەمە جگە تێکەڵکردنی کچانی نەوجەوان و ژنان و بەکارهێنانی سزا و بوونی هەوڵی خۆکوشتن بەڕێژەی 13%.  بەگوتەى سەرۆکی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان “بەهۆی ئەوەی چاکسازیەکان شوێنەکانیان و بەرنامەی چاکسازیان وەک پێویست و بەپێی پێوەرەکان نین  97%ی ئەو کەسانەی ئازاد دەکرێن دوو جار یان زیاتر گەڕاونەتەوە بۆ سەر تاوانەکانیان.

جگە لەم کێشانەى لەناو گرتوخانەکانى هەرێمى کوردستان هەن، دەستەی سەربەخۆى مافی مرۆڤ نیگەرانە لە یەکلایی نەکردنەوەى  کەیسەکان لە ماوەی یاسایی دیاریکراودا. زیا پتروس جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەشێکى زۆرى باڵەخانەکان کە بۆ چاکسازی یان گرتووخانە بەکاردەهێندرێن شیاو نین و جەختیش دەکاتەوە کە شوێنی راگیراوان لە دەزگاکانی ئاسایش لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ ناگونجێت.

پرسی ئەنجامدانى چاکسازى لەناو گرتوخانەکاندا یەکێکە لەو پرسانەى کە لەزۆرێک لە وڵاتانى جیهاندا مشتومڕى لەسەرە و لە بەشێکى زۆرى وڵاتە تازە پێگەیشتووەکانیشدا گرتوخانەکان، لەبرى ئەوەی ببنە شوێنێک بۆ پەروەردەکردن، بەپێچەوانەوە بوونەتە ناوەندێک بۆ ئاشناکردنى تۆمەتباران بەیەکترى،  گرتوخانەکانى هەرێمى کوردستان ئەگەرچی دەسەڵاتداران و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام جەخت لە ستانداردبوونیان دەکەنەوە، بەڵام بەگوێرەى ڕاپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵتییەکان و رێکخراوە ناوخۆییەکان، کەمترین بنەماکانى مافى مرۆڤ تێیاندا پەیرەو دەکرێت.