ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
 
سەروتار
بە پێی پرۆژەی ئامادەکراو بۆ بودجەی دەوڵەتی عێڕاق، خەرجییەکان لە ساڵانی پێشتر زیاتر دانراوە، و بە 164 ترلیۆن خەملێنراوە، لە کاتێکدا کە سەرجەم داهات 93 ترلیۆنە، و کورتهێنان لە بودجە 71 تریلۆن و قورسایی قەرزەکان 14،7 ترلیۆنە کە بە پێی نرخی نوێی گۆڕینەوەی دۆلار 10 ملیار دۆلارە.
خەرجی تەرخان کراو بۆ وەزارەت و دەستە ئەمنییەکان لەم پرۆژەیەدا 27 ترلیۆن دینارە واتە 17%ی بودجەی گشتی، و ئەم رێژەیە یەکسانە بە بودجەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتەکانی: پەروەردە، خوێندنی باڵا، لاوان، کشتوکاڵ، پیشەسازی، تەندروستی.
خەرجی تەرخانکراو بۆ حەشدی شەعبی 3.7 ترلیۆن دینارە کە وەک رێژەی وەزارەتی تەندروستییە. ژمارەی فەرمانبەران جگە لە ئەندامانی حەشدی شەعبی 3.200.000 کەسە.
ئەم ژمارە سەرەتاییانە ئاماژەیەکە بۆ بنەمای دانانی بودجە، و بوونی کورتهێنانێکی گەورە لە بودجەی عێراقدا کە دەسەڵاتداران بۆ دابەزینی نرخی نەوت و پەتای کۆرۆنا دەیگێڕنەوە، لە کاتێکدا سیاسەتی ئابوری پەیڕەوکراو و فراوانبوونی گەندەڵی و نەبوونی سەقامگیری سیاسی و درووستکردنی میلشیاکان، و نەبوونی کۆنترۆلی دەیان ساڵەی دەروازە سنوورییەکان، هۆکاری سەرەکین بۆ ئەم کورتهێنانە.
سیاسەتی حکومەت بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ ئەم کورتهێنانە گەورەیە بریتی بوو لە گۆڕینی نرخی دۆلار بە 1450 دینار، و دانانی نرخی یەک بەرمیل نەوت بە 42 دۆلار لە کاتێکدا نرخی نەوت لە سەرەتای 2021، 50 دۆلاری تێپەڕاندوە.
ناوەندی بریار لە بەغدا پێی وایە بە زیادکردنی گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار و ئەو ڕێوشوێنانەی دەیگرێتەبەر لەوانە زیادکردنی باچ، وا دەکات کە خەڵکی زەحمەتکێش لەم هەنگاوانە زەرەرمەند نەبێت، بۆیە باسی ئەوە دەکەن کە ئەوانەی داهاتیان تا 500 هەزار دینارە باجی دەرامەت نایانگرێتەوە، بەڵام ئەوە فەرامۆش دەکەن کە تەنانەت ئەو خەلکانە لە گۆڕینی نرخی دۆلار بە دینار داهاتەکەیان 20% کەم دەبێتەوە و ئەمەش کار لە سەر توانای کڕینیان لە بازاڕدا دەکات، جگە لە پێدانی باجی نوێ کە لەسەر کارتی تەلەفۆن دانراوە.
گۆڕانکارییەکان لە سەر نرخی دۆلار کار لەسەر سەرجەم بواری بازرگانی دەکات کە زۆربەی کاڵاکان هاوردە دەکرێت، جگە لە کەرتی پیشەسازی کە کەرەستەی خاو لە دەرەوەی عێڕاق بە دۆلار هاوردە دەکرێت.
بەشێکی زۆری خێزانە هەژارەکان پشت بە پسولەی خۆراک دەبەستن، و لە بودجەی ئەمساڵدا تەنها 795 ملیۆن دینار تەرخان کراوە لە کاتێکدا لە بودجەی 2019 کە رێژەی هەژاری کەمتر بوو یەک ترلیۆن و نیو تەرخان کرابوو.
قورسایی جێبەجێکردنی ئەم بودجەیە و رێگای مامەڵەکردن لە گەڵ کورتهێنان، لەسەر حسابی خەڵکی زەحمەتکێش و کەمدەرامەت دەبێت، و ئاکامەکانی نەهێشتنی چینی مامناوەند و فراوانکردنی چینی زەحمەتکێش و توێژە پەراوێزخراوەکانە.
دانانی بودجە ناوەڕۆکێکی چینایەتی هەیە، و دەڕبڕی سیاسەتی ئابوری دەوڵەتە کە بە پێی "کاغزە سپییەکەی" شانەی فریاکەوتنی حکومەتی کازمی وەک حکومەتەکانی دیکە، گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام فەرامۆش دەکرێت و سیاسەتەکان لە بازنەی دەوڵەتی پاسەوان کۆدەبێتەوە، و دەوڵەت تەنها ئاسایش سەربازی بە ئەرکی خۆی دەزانێت، و لە ئەنجامدا ئاسایشی خۆراک و تەندروستی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، و پێداویستی خوێندن بەم جۆرە سیاسەتە نایەتە دی.
سیاسەتی ئابوری ئێستای دەوڵەت و ڕەنگدانەوەی لە داڕشتنی پرۆژی بودجە ڕێگا بۆ گەندەڵی زیاتر دەکات، و تەنها لە بەرژەوەندی مشەخۆر و ئەوانەی کار بۆ بەردەوامبوونی هاوپەیمانی خاوەن دەسەڵات و پول و پارە و دارایی هەمەجۆر دەکەن. بەرامبەر ئەم سیاسەتە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر فراوانتر دەبێت.
زۆر گرنگە کە کاتێک حکومەتی کوردستان بودجەی خۆی بۆ ساڵی 2021 دادەنێت، ئەم تێبینیانەی ئاماژەمان پێکرد بەهەند وەربگرێت.