ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەنوەر نەجمەدین

جەنوەری ٢٠٢١

تێبینی:

ئەم ڕەخنەیەی لە بەردەستاندایە، لەسەر داوای کادرە پێشکەوتووەکانی(حیزبی شیوعی کوردستان) بوو کەبە لایانەوە پێویست بوو لەبەردەم بەستنی کۆنگرەی حەوتەمی ئەو حیزبەدا،بە چاوێکی ڕەخنەگرانە، هەڵسەنگاندێک بکرێت بۆ ئەو پرۆگرامەی لە کۆنگرەی شەشەمی (حیزبی شیوعی کوردستان) دا بریاردراوە.

بەرلە چوونە ناو باسەکەوە، بە پێویستی دەزانم بڵێم:ئەو حیزبە وەک (حیزبی شیوعی عێراق)،لە ڕابووردوودا گەورەترین جێگای لەنێو شیوعیەکانی خۆرهەڵاتدا داگیر کردبوو.ئەو ڕۆڵەیشی لە(ئایدیا) و (سیاسەت) ێکی دروستەوە نەهێنابوو، بەڵکو دەرئەنجامی بەشداری کردنی ڕاستەوخۆی ئەو حیزبە بووە لە خەباتی سەختی پرۆلێتاریادا لە عێراق.(مامۆستا بەهادین نوری)، وەک سکرتێری حیزبی شیوعی عێراق لە نێوان ساڵەکانی ١٩٤٩ - ١٩٥٣ دا، لە یادەوەریەکانیدا ئەوەی یادخستۆتەوە، بەشداریی بێوێنەی ئەو حیزبە لە راپەڕینەکانی ناوەڕاستی سەدەی ڕابووردوودا، هۆکاری سەرەکی بووە لە زیادکردنی بێئەندازەی نفوزی حیزبی شیوعی عێراقدا. ڕاپەڕینەکانی ساڵانی ١٩٥١-١٩٥٢ بە بەشداریی کرێکاران و خوێندکاران و پیشەگەران و ڕۆشنبیران و جووتیارانلە ژێر سەرکردایەتی ئەو حیزبەدا کە تاکە ڕێکخەری بێ ڕکابەری جووڵانەوەکان بووەو هەموو عێراقی خستۆتە جووڵەو لە بەغداوە تا دەگاتە ڕاپەڕینی جووتیارانی ئال ئەزیرج کە بە چەکەوە پەلاماری دەرەبەگەکان و دەسەڵاتیانداوە لە خوارووی عێراقداو هەرەوەزکاریەکانیان دامەزراندووە، ئەو حیزبەی خستۆتە پێشەوەی جووڵانەوەی چینە ڕەنجکێشەکان. بەشداریی کردنی ئەندام و کادرو سەرکردەکانی ئەو حیزبە لە خەباتی ڕۆژانەی جەماوەری چەوساوەو زیندانی کردنی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانو لە سێدارەدانی سەرکردەکانی، بێئەندازە باوەڕی جەماوەری ڕەنجکێشی بۆ ئەو حیزبە ڕاکێشاوە(بڕوانە: مژكرات بهاء الدین نوری، ل : ١٢١، وە: ڕۆژە سەختەکان، ل : ٨٤، ل : ١٠٤).

بە پێچەوانەوە لەم ڕۆژگارەدا،دوورگەیەکی تەواو لە بۆشاییکەوتۆتە نێوان ئەو حیزبەوچینە هەژارە ڕەنجکێشەکە. ئەم چاوپیاخشاندنەیشی لێرەدا دەکەوێتە بەردەستتان، بەشە فیکری و ڕێکخراوەییەکەی ئەو دوورگەیە نیشان دەدات کە بێگومان شوێنەوارێکی قووڵی هەیەو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمانەی ئەو حیزبە، برایەتی چینە ڕەنجکێشەکەو چینی دەسەڵاتداری تێدا ڕاگەیاندووە، بەتایبەت ١٩٧٣-١٩٧٨ کە ئەو حیزبە سیاسەتی (گەشەی ناسەرمایەداریی– تگور اللارأسمالی) لەگەڵ حیزبی بەعسڕاگەیاند، ئەو سیاسەتەی تا ئێستایش زاڵە لەو حیزبەدا، سیاسەتی برایەتی نێوان چینە دژ بە یەکەکان، ئەو سیاسەتەی بە تەواوی ئەو حیزبەی لە جێی خۆیدا پووکاندەوە.

 

سەرەتا:

پرۆگرامی بزووتنەوەی شیوعی، بەر لە هەرچی، شیکاریەکی پێشوەختی بارودۆخی ئابووریی جیهانی و کاریگەریی قەیرانەکان دەخوازێت لەسەر ئەو بزووتنەوە چینایەتیەی لە پشت قەیرانەکانەوە گەشە دەکات. ئەمەیش بەو واتایەی پرۆگرامێکی لەو چەشنە، لەو جەنگە چینایەتیەو پێداویستیە بە کردەوەکانیچینێکی تایبەتی و مەرجە تایبەتیەکانی ژیانی ئەو چینەوە بنکەڕێژ دەکرێت کە دەبێتە سووتەمەنی قەیرانەکان، ئیتر ئەمە هەر لە جەنگی سەرمایەداری و وێرانکاری و دەربەدەریەوە تا دەگاتە گرانی و هەژاری و بێکاری و برسێتی. وە هەر لەبەر ڕۆشنایی ئەو مەرجە مێژووییانەدا، ناکۆکیە سەرەکیەکانی نێو کۆمەڵگایش دیاری دەکات و ئەرک و ستراتیژی ئەو چینە ڕەنجکێشەیش دەستنیشان دەکات کە مێژوو ئەرکی گۆڕانکاریی ئایندەی پێسپاردووە. پرۆگرامی سۆشیالیستەکان و کۆمۆنیستەکان لە ناکۆکیەکان و دەستنیشان کردنی ڕۆڵ و ئەرکەکانەوە دەستپێدەکات نەک لە ئامۆژگاریی کردنی دەسەڵاتەوە بۆ چاککردنی سیستمەکەی گوایە لە پێناوی چاککردنی باری ژیانی هەژاراندا.واتە پرۆگرامێکی شیوعیانە، هەرگیز لەو وەهمەوە دەستپێناکات کە بایەخ بە سیستمێکی برجوازیی "ماقوڵتر- چاکتر" بدات و وەک پرۆگرامی کۆنگرەی شەشەمی حیزبی شیوعی کوردستان، (حوکمرانی باش)بخاتە جێگایئەرکە مێژژوییەکانی چینێکی دیاریکراو لە زەمەنێکی مێژوویی دیاریکراودا، بەمەیش بیرو ئایدیای شۆڕشگێرانەی نێو ئەدەبی سۆشیالیستی و کۆمۆنیسیتی بەسەرسەرا هەڵگێڕێتەوەو بە تەواوی لەو بزووتنەوە مێژووییە بەکردەوەیەی دابماڵێت کە ئەو ئەدەبە شۆڕشگێرە دەربڕێتی، وە تەنانەت ئەو ئەدەبە پاک بکاتەوە لە هەرچی ووشەو زاراوەو دەستەواژەی شۆڕشگیرانە هەیەو بە تەواوی لە پرۆگرامەکەی بیکاتە دەرەوە، ئەو ئەدەبەی کارل مارکس لە بارەوەیە دەڵێت:

"لە ڕاستیدا ئەوانەی بەکردەوە خاوەن موڵکن لە لایەکەوە وەستاون، وە پرۆلیتاریە شیوعیەکانیش، ئەوانەی خاوەنی هیچ موڵکیەتێک نین، لە لایەکی ترەوە وەستاون. ناکۆکیشیان ڕۆژ بەڕۆژ توندوتیژتر دەبێتەوەو بەرەو کێشە دەڕوات. لەبەر ئەوە ئەگەر نوێنەرە تیۆریستیەکانی پرۆلیتاریا ئارەزوومەندی ئەوەن چالاکیە ئەدەبیەکانیان کاریگەریەک جێبهێڵێت، ئەوا لەسەریانە بەر لە هەرچی، پێداگری لەوەدا بکەن هەموو ئەو دەستەواژانە بسڕنەوە هۆشمەندیی بەرامبەر ئەو ناکۆکیە توندوتیژە لاواز دەکات، هەموو ئەو دەستەواژە ووشکانەی ئەو ناکۆکیە پەردەپۆش دەکەن، بەڵکو هەلێک دەدەنە دەست برجوازیەکان لە پێناوی نزیک بوونەوەدا لە شیوعیەکان بۆ پاراستنی زیاتری ئاسایش" (کارل مارکس، The German Ideology).

بە دڵنیاییەوە، ئەرکی شیوعیەکانە بە تاک و بە کۆ، بە گروپ و بە حیزب،هەموو ئەو دەستەواژانە بسڕنەوە هۆشیاری کۆمۆنیستی لاواز دەکات، ئەمەیش لە ڕێگای دژایەتی هەموو ئەو ووشەو زاراوە ووشکە مردووە بێ گیانانەوەکە بەردەوام ئەو هۆشیاریە چینایەتیە دەشێوێنێت کە بۆخۆی دەرئەنجامی ناکۆکی نێوان پرۆلێتاریایەکی کۆمۆنیست و ئەم سیستمە سەروەرەی ئێستایە.

ئا لەم پێشینانەوە، وە بە پەنا بردن بۆ دەرئەنجامە ماتریالیستیەکان لە مێژوو وە دەستنیشان کردنە ئابووریەکانی (کارل مارکس)، شۆڕ دەبینەوە بۆ نێو پرۆگرامە بریاردراوەکەی (کۆنگرەی شەشەمی حیزبی شیوعی کوردستان).پەنا بردنیشمان بۆ کارل مارکس لەوەوە هاتووە کە ئەو حیزبە هەر لە سەرەتای پرۆگرامەکەیەوە ڕایدەگەیەنێتگوایە لەبەر ڕۆشنایی مارکسیزمدا بەرنامەڕێژیی پرۆگرامەکەی دەکات. ئایا ئەمە وایە؟

لە سەرنجەکانماندا وەڵامی ئەو پرسیارەیشدەدەینەوەو ئەوەیش دەخەینە بەرچاو کە تێزە ئابووریەکانی مارکس و دەرئەنجامە ماتریالیستیەکان لە مێژوو، گەلێ ناکۆکن بە پرۆگرامی (حیزبی شیوعی کوردستان).

ئەنوەر نەجمەدین

١٠ / ١ / ٢٠٢١

یەکەم: سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لە پرۆگرامی (حیزبی شیوعی کوردستان)

پرۆگرامی کۆنگرەی شەشەمی (حیزبی شیوعی کوردستان) لە لاپەڕە ١٦١ داڕایگەیاندووە: "لەبەر ڕۆشنایی مارکسیزمدا بەرنامەی خۆی دادەڕێژێت" . وە دەڵێت: "حیزب لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا بۆ بەدیهێنانی (حوکمرانی باش) تێدەکۆشێت بە مانای دابەشکردن و بەڕێوەبردنی داهاتی ووڵات لە ڕوانگەی چارەسەرکردنی گرفتە کۆمەڵایەتیەکان ....".

بەر لە هەرچی، ئەمەیەکەمجارە لە ئەدەبی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستیدا، زاراوەی(حوکمرانی باش)ببیستین. ئەمە لەکاتێکا هەموان دەزانن ووشەی (باش) هیچ شتێک لە سروشتی چینایەتیحوکمی سیاسی ناگۆڕێت؛ووشەی (باش) بەش ناکات بۆ ڕێکخستنی داهات بە ئامانجی چارەسەری گرفتە کۆمەڵایەتیەکان.پرسەکەیش سەبارەت بە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی؛ ڕێکخستنی داهات نیە، بەڵکو ڕێکخستنەوەی پەیوەندیە ئابووریەکانە. چەوساندنەوە، ملکەچ پێکردنی ئابووریی چینە ژێردەستەکان بە زۆرەملێ، زەبروزەنگی چینایەتی،هەرگیز لە سێبەری ووشەی (باش) دا وون نابن. بۆ نزیک بوونەوەیش لە جەوهەری باسەکە، لە دیدگای کارل مارکس نزیک دەبینەوە هەتا ببینین دوورگەیەکی چەند فراوان لە نێوان پرۆگرامەکەی حیزبی شیوعی کوردستان و کارل مارکسدایە.

بەلای کارل مارکسەوە، ناکرێت ئەوسامانەی ئێستا هەیە،بەبێ هیچ جۆرە گۆڕانکاریەکی پراکتیکی لە مەرجەکانی بەرهەمهێنانی ئێستاو لە بارودۆخی واقیعیی بەرهەمهێناندا، بە یەکسانی دابەش بکرێت بەسەر کارگەراندا (بڕوانە مارکس، هەژاریی فەلسەفە، ل : ١٢٣).

پاشانستراتیژی حیزبی شیوعی کوردستان،زۆر بە ڕوونی،بەمجۆرە دیاری کراوە: "بنیاتنانی سیستمی سیاسی لەسەر بنەمای دیموکراسی و فرەحیزبی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات . لە پێناوی مافی مرۆڤ ..".

بنیاتنانی سیستمی سیاسی، هیچ لە سیستمی ئابووری و شێوازی بەرهەمهێنان ناگۆڕێت، ئیتر ئەگەر بە سەدان شێوە، ئەو ووشەیە ئەمدیوەودیو بکەین. سیستمی سیاسی فرەحیزبییش، ئەو سیستمە پەرلەمانیەیە کە کارل مارکس لە بارەوەیە دەڵێت:

"دەسەڵاتی پەرلەمانی هیچ نیە پاشکۆیەکی درۆزنانەی دەسەڵاتی جێبەجێکار نەبێت" (مارکس، The Civil War in France)، "دەوڵەتی سیاسییش بوونی نیە وەک دەوڵەتێکی سیاسی نەبێت. تەواوی دەوڵەتی سیاسییش، دەسەڵاتی پەرلەمانیە. لەبەر ئەمە، بەشداریی کردن لە دەسەڵاتی پەرلەمانیدا، یانی بەشداریی کردن لە دەوڵەتی سیاسیدا (کارل مارکس، Critique of Hegel's Philosophy of Right).

ئامانجی چینە ڕەنجکێشەکەیش هەڵگێڕانەوەی کۆمەڵگایە، شۆڕشە لە شێوازی بەرهەمهێنان و دابەشکردندا، نەک گۆڕینی فۆرمێکی سیاسی حوکم بە فۆرمێکی تر لەژێر ناوی (حوکمرانی باش) دا.

ئەی ئەم مافی مرۆڤە چیە تێکەڵ بووە بە ئەدەبی کۆمۆنیستی؟ ئایا ئەمەیش هەر لە تێڕوانینەکانی کارل مارکس وەرگیراوە؟

نەخێر، بەدڵنیاییەوە نەخێر. کارل مارکس لە دەرسە مێژووییەکانی شۆڕشی برجوازی فەرەنسیەوە، ئەرکە مێژووییەکانی سەرمایەداریی بەمجۆرە کورت دەکاتەوە: "بەشداری کردن لە ژیانی سیاسی گشتیدا، لە ژیانی دەوڵەتدا، ناوەڕۆکی مافی مرۆڤە. ئەمەیش لە تێگەیشتنی ئازادی سیاسی، لە تێگەیشتنی مافە دینیەکاندا تۆمار دەکرێت .. مافی موڵکدارێتی مافی مرۆڤە لە سوود وەرگرتن لە سامانەکەی و بەکارهێنانی وەک ئەوەی خۆی دەیەوێت، بەبێ گوێدانە خەڵکانی تر، وە بە شێوەیەکی سەربەخۆیش لە کۆمەڵگا. ئەمە مافی خۆپەرستیە. ئەم ئازادیەی تاکەکەس، لەگەڵ پراکتیزەکردنیدا، بنچینەی کۆمەڵگای سەرمایەداری پێکدەهێنێت" (مارکس، On the Jewish Question).

دووبارە کارل مارکس دەڵێت: "داننان بە مافی مرۆڤدا لە لایەن دەوڵەتی هاوچەرخەوە، هەمان مەغزای داننانی هەیە بە کۆیلایەتیدا لە لایەن دەوڵەتی کۆنەوە" (کارل مارکس،The Holy Family).

ئەمەیە مافی مرۆڤ، مافی موڵکدارێتی برجوازی، ڕاستتر: بنچینەی کۆمەڵگای سەرمایەداری! لە سێبەری مافی مرۆڤدا، کەرەسەکانی کارو بژێوی، واتە کەرەسەکانی بەرهەمهێنان، مۆنۆپۆلی چینێکی دەسەڵاتدارە، کۆیلایەتی کارگەرانیش بۆ ئەو دەسەڵاتە سەروەرە خاوەن سامانە، لەو مۆنۆپۆلیەوە سەرچاوە دەگرێت.

پرۆگرامی کۆنگرەی شەشەمی (حیزبی شیوعی کوردستان)، دیوەکەی تری مافی مرۆڤ دێنێتە پێشەوەو دەڵێت: "حیزب لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون تێدەکۆشێت". ئەمە لەکاتێکا، بە پێچەوانەوە، کارل مارکس دەڵێت:

مافی مرۆڤ: "لەلایەک، کردنی مرۆڤە بە ئەندامێک لە ئەندامەکانی کۆمەڵگای برجوازی، یان بە تاکێکی خۆپەرستی سەربەخۆ، لە لایەکی تریشەوە، کردنێتی بە هاوڵاتی، بە کەسێکی مەعنەوی" (مارکس).

کۆنسێپتی هاوڵاتی بوون، کۆنسێپتێکی برجوازیانەیە، ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتە، ئەمەیش بەو واتایەی دەسەڵاتی دەوڵەت هیچ بوونەوەرێک ناناسێت لە کۆمەڵگاکەیدا هاوڵاتی نەبێت، هاوڵاتی دابڕاو لە یەکتر، ئەو هاوڵاتیەی هیچ پێناسەیەکی چینایەتی نیە. هەر ئەو هاوڵاتیە بێ پێناسەیەیە لە فەلسەفەی ئەخلاقدا، بە چاکەکاران و خراپەکاران، تەمەڵ و سەرکەوتوو ناودەبرێن. ئەمەیش بۆتە ئایدیۆلۆژیای فەلسەفی دەسەڵات، ئەو ئایدیۆلۆژیایەی هەموو شتێک دەگێڕێتەوە بۆ خودی تاکەکان خۆیان. بەواتا برسێتی و هەژاری و بێکاری، کردەیەکی شەخسیە نەک کۆمەڵایەتی. هەژاران خۆیان بێتوانان بۆیە بێدەرەتان و بێ جێگاوڕێگان، دەنا کۆمەڵگای ڕکابەری، هەموو دەرفەتێکی بۆ ڕەخساندوون ئەوانیش خۆیان دەوڵەمەند بکەن. ئا بەمە، ئەو فەلسەفەیە مەرجە ماتریالیستیە مێژووییەکان پەردەپۆش دەکات.جیاوازیە ئینسانیەکان، دەرئەنجامی دابەش بوونمانە بەسەر چینە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکاندا، نەک لێهاتوویی و ئازایی برجوازیەکان و تەمەڵی هەژاران. واتە پرسەکە ئەوەیە ئەم کۆمەڵگایە هەرگیز دەرفەتی چونیەک بۆ تاکەکانی ناڕەخسێنێت، ئیتر با پرۆگرامی حیزبی شیوعییش ڕایبگەیەنێت:

لاپەڕە ١٧٤: "دەبێت هەلی یەکسانبڕەخسێنرێت بۆ خاوەن بڕوانامەکان". ئەمەوەک ئەوەیخاوەن بڕوانامەکان ملکەچی یاسای ڕکابەری و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری نەبن کە بەردەوام مرۆڤ ناچار دەکات خۆی هەرزانفرۆش بکات. خاوەن بڕوانامەکان ناکەونە دەرەوەی یاسای خستنەڕوو داخوازی (العرچ والگلب)، بۆیە ئەوانیش دەکەونە نێو شەڕی هەموانەوە دژی هەموان، شەڕی ڕکابەری.داوا بۆ ڕەخساندنی هەلی یەکسان بۆ ئەوان یان بۆ ژن و پیاو، بە هیچ لێکنادرێتەوە بە جەهل نەبێت بە ئابووری سەرمایەداری و تێکەڵ کردنی ئایدیاکان دەربارەی سادەترینی پەیوەندیە ئابووریەکان. لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا، کاڵا، هێزیکار، سەرمایە، تێکڕا ملکەچی یاسای ڕکابەریین، یاسای خستنەڕوو داخوازی.بۆیە ئەوە هەر یۆتۆپیایەکی میللییە ئەو یاسا ئابووریانە نابینێت کە هەموو پەیوەندیەکان لە بەردەمیاندا سەر دادەنەوێنن.

لاپەڕە ١٦٢: "یەکسانی ژن و پیاو" . "بایەخدانی زیاتر بە هەژاران" . "ئاسایش".

لاپەڕە ١٧١: "سیاسەتی یەکسانی جێندەری و یەکسانی ژن و پیاو".

ئەم جۆرە داوایانە لە سێبەری ئابووریی سەرمایەداریدا، هەر قسەیەکی بۆش و بەتاڵن.خودی یەکسانی کرێیکار خۆیمەحاڵە، ئیتر چۆن یەکسانی کرێی کار مەحاڵ نابێت لە نێوان پیاوو ژن، ژن و مناڵ، پیرو گەنج، ڕەش و سپی، هاوڵاتی و بێیانیدا؟

کارل مارکس دەڵێت: "هاوارکردن بۆ یەکسان کردنی کرێی کار لە بۆچوونێکی هەڵەوە سەرچاوەدەگرێت، وە ئەمە هەر ئارەزوویەکی بۆشەو هەرگیز وەدی نایەت. ئەمە ئەو درۆ ڕادیکاڵیستە ڕووکەشەیە کە لە پێشینەیەکی هەڵەوە دەستپێدەکات و هەوڵدەدات لە دەرئەنجامەکان هەڵبێت. لەسەر بنەمای سیستمی کرێی کار، بەهای هێزی کار، بە هەمان شێوەی بەهای هەر کاڵایەکی تر یەکلایی دەکرێتەوە؛ وە هەروەک چۆن جۆری جیاوازی هێزی کار بەهای جیاوازیان هەیە، یان چەندایەتی جیاواز لە کار پێویستە بۆ بەرهەمهێنانیان، ئەوا دەبێت لە بازاڕی کاریشدا نرخی جیاواز پێکبهێنن. لەبەر ئەوە قیژەقیژ بۆ کرێی کاری یەکسان یان تەنانەت کرێی کاری دادپەروەرانە لەسەر بنەمای سیستمی کاری کرێگرتە، هەمان قیژەقیژە بۆ ئازادی لەسەر بنەمای سیستمی کۆیلایەتی" (مارکس، بەهاو نرخ و قازانج، ل: ٦٦، ٦٧).

با ئێستا ئەم باسە جێبهێڵین و بچینە سەر: "بایەخدان بە هەژاری"،هەروەها:

لاپەڕە ١٦٣: "چارەسەری کێشەی نیشتەجێ بوون بۆ هەژاران لە ڕێگای قەرزی درێژ خایەنەوە".

لاپەڕە ١٦٩: "پاراستنی کۆمەڵایەتی هەژارو کارگێرو بێکار".

ئەم ووشەو زاراوانە لە ئەدەبی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستیدا جێگایەکیان نیە: "بایەخدان بە هەژاری" و "چارەسەری کێشەی نیشتەجێ بوون بە قەرز" و "پاراستنی هەژاران و بێکاران"!

کارل مارکس دەڵێت:"لە خودی هەمان ئەو پەیوەندیەدا کە سامان بەرهەمدەهێنرێت، دووبارە هەژاریش بەرهەمدەهێنرێت" (مارکس، هەژاریی فەلسەفە، ل : ١٥٠).

هەر لە (هەژاریی فەلسەفە) دا، مارکس پەنجە بۆ سۆزداریەکەی ئەو قوتابخانە ئابووریە برجوازیانە درێژ دەکات کە گوایە بە خەمی هەژارانەوەن و هەوڵدەدەن بە ڕێگای کەم کردنەوەی جیاوازیەکان، ئەگەر کەمێکیش بێت، ئازاری ویژدانیان کەم بکەنەوە.ئەمانە دڵسۆزانە خەفەت بۆ هەژاریی پرۆلێتاریا دەخۆن، هەوڵدەدەن برجوازیەکان ڕکابەریی نێوانیان کەم بکەنەوە، ئامۆژگاری کارگەرانیش دەکەن ڕازی بن.

ئایا ئەمە هیچ لە هەژاری یان ئازاری هەژاران کەم دەکاتەوە؟

لە ساڵی ١٩٩٤ دا، یەکێتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرنامەیەکی دانا بۆ کەمردنەوەی هەژاری لە جیهاندا. دوای (١٠) ساڵ لەو بەرنامەیە، (٢٠٠) ملیۆن کەسی تریش لە جیهاندا چوونە ڕیزی هەژارانەوە.ئەمریکالە (١٩٦٤) دا جەنگی ڕاگەیاند دژی هەژاری. دوای بەفیڕۆدانی ٢٢ تڕلیۆن دۆلار لە بەرنامەی (لەناوبردنی هەژاری) دا، لە ساڵی (٢٠١٤) دا جەنگی دژی هەژاریی وەستێنرا، چونکە دوای ٥٠ ساڵ لەو جەنگە درۆزنانەیە، بە ملیۆنان کەسی تریش چوونە هێڵی هەژاریەوە، بەتایبەت لەنێو ژن و مناڵدا.

با لە ١٩٦٤ ەوە سەد ساڵ بگەڕێینە دواوە: کاتێک مارکس وەڵام بە ڕۆژنامە برجوازیەکانی بریتانیا دەداتەوە کە باس لە لەناوبردنی هەژاری دەکەن، دەیسەلمێنێت کە هەژاری لە نێوان ١٨٤٨-١٨٦٤ دا نەک هەر زیادی کردووە، بەڵکو تەنانەت دەڵێت:

"ڕاستیەک هەیە کەس ناتوانێت نکوڵی لێبکات .. ئەویش ئەوەیە نە پێشخستنی ئامێر، نە پراکتیزە کردنی زانست لە بەرهەمهێناندا، نە گەشەی ئامرازەکانی هاتووچۆ، نە کۆلۆنیالیستە نوێکان، نە کۆچ کردن، نە بازاڕی نوێ، نە بازرگانی ئازاد، وە نە هەموو ئەم شتانەیش پێکەوە، ناتوانن هەژاریی جەماوەری ڕەنجکێش لەناو ببەن؛ وە هەموو پێشکەوتنێکی ئایندەی هێزی کاری بەرهەمهێن لەسەر ئەم بناغە گەندەڵەی ئەمڕۆ، هەر ناکۆکیە کۆمەڵایەتیەکان قووڵتر دەکاتەوە .. ئەم سەردەمە بەو ماتریالانە مۆر کراوە کە هەر ئاڵوزیی دووبارە دەکەنەوە، ئەمەیش بە پێوەری گەورەو گەورەتر، بە دەرئەنجامی شووم و شووم تر، بەو تاعونە کۆمەڵایەتیەی بە قەیرانی بازرگانی و پیشەسازی ناودەبرێت" (مارکس - انجلس فی پلاپە منتخبات، ل : ١٠٠).

ئەی "ئاسایش"؟

کارل مارکس دەڵێت: "ئاسایش بەرزترین مەبدەئی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای برجوازیە، تێگەیشتنی پۆلیسە. تەواوی ئەو کۆمەڵگایەیش بوونی نیە تەنها لەبەر ئەوە نەبێت پارێزگاری ژیان و مافەکان و موڵکیەتی هەموو ئەندامەکانی زامن بکات" (مارکس، On the Jewish Question).

لاپەڕە ١٦٧:قەدەغە کردن لە پاوانخوازی (بێگومان مەبەست مۆنۆپۆل کردنە).

مۆنۆپۆل کردن خەسلەتێکی تایبەتە بە سیستمی سەرمایەداری. مۆنۆپۆل و داگیرکاری، دوو خەسڵەتن سەرمایەداریی لەگەڵیانا لەدایک بووە، لەگەڵیانا باڵغ بووە، لەگەڵیشیانا پیر بووە. وە هەتا سیستمی ڕکابەری مابێت، مۆنۆپۆل کردن هەر دەمێنێت، هەروەک چۆن ڕکابەری دەمێنێت.

مارکس واتەنی: "هەموو کەس دەزانێت مۆنۆپۆلی مۆدێرن، لە خودی ڕکابەری خۆیەوە سەرچاوەدەگرێت"، "مۆنۆپۆل ڕکابەری بەرهەمدەهێنێت و ڕکابەرییش مۆنۆپۆل کردن. مۆنۆپۆلەکان لە ڕکابەری دروست دەبن، ڕکابەرەکانیش دەبنە مۆنۆپۆل" (مارکس، هەژاریی فەلسەفە، ل : ١٨٥، ١٨٦).

لاپەڕە ١٧٠: "کارا کردن و زیاد کردنی دادگاکان".

دەسەڵاتی دەوڵەت بەهۆی ئامێرە پۆلیسی و سەربازی و دادگاییەکانیەوە، توانیویەتی بە گەردنی کۆمەڵگادا بئاڵێت و سەروەرێتی دەسەڵات مسۆگەر بکات بەسەر چینە ژێردەستەکاندا. دادگاکانیش هەر لەو دامودەزگایانەی کۆمەڵگای سەرمایەداریین کە وەک حەشەراتی مشەخۆر بەسەر کۆمەڵەوە دەژین و ئیمتیازاتە چەورەکانیان و ڕۆڵیان لە دادگاو لەبەردەم یاسادا، هەرگیز ڕێی ئەوەیان پێنادات ملکەچ و سەرشۆڕ نەمێننەوە بۆ سەروەرەکانیان. ئەمانە هەمیشەلە خزمەتکارانی دەسەڵاتدارە باڵاکان بوون. یان وەک کارل مارکس دەڵێت: "فەرمانبەرانی دادگا هیچ نەبوون ماسکێک نەبێت سەرشۆڕی و ماستاوچێتی ئەوانی شاردۆتەوە بۆ هەموو حکومەتە یەک لەداوی یەکەکان". بۆیە "کارا کردنی دادگاکان" هیچ مانایەک نابەخشێت کاراتر کردنی دەسەڵاتی زاڵ نەبێت بەسەر پرۆلێتێرە ڕەنجکێشەکاندا. هەر لەوەیشەوە بووە کە شۆڕشی کۆمۆنە دادگاکانیشی خستۆتە بەردەم هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی ناحیزبی لە ئیدارە ناوخۆییەکاندا وەک شارەوانی و هەموو فەرمانگەکانی تر، وە هەرکاتیش پێویست بووبێت، هەر بە خێرایی لە بەرپرسیارێتی خراون.

لاپەڕە ١٧٦: "دابین کردنی مووچەی شیاو کە لەگەڵ هەلومەرجی ژیان و بازاڕدا بگونجێت".

مووچە نرخی هێزی کارەو بەرابەری ژیانێکی ئاسایی کولەمەرگیە، نزمترین ئاستی بەهای هێزی کارە. بۆیە مارکس واتەنی: "دەبێت چینی کرێکار بۆ پاراستن و بەرهەمهێنانەوەی خۆی، بۆ هێشتنەوەی توانا فیزیکیەکەی، ئەو پێداویستیانەی دەستبکەوێت کە بەبێ چەندوچوون، پێویستیی ژیان و زاوزێکردنن"(مارکس، بەهاو نرخ و قازانج، ل : ٩٤).

دوبارە دەڵێت: "بەهای هێزی کار بە بەهای ئەو پێداویستیانە دەستنیشان دەکرێت کە بەرهەمهێنان و پێشخستن و پاراستن و هێشتنەوەی هەمیشەیی هێزیکار دەیخوازێت" (مارکس، بەهاو نرخ و قازانج، ل: ٦٧).

بەم واتایە، مووچە هەمیشە شیاوەو لەگەڵ هەلومەرجی بازارو نرخی هێزی کاردا دەگونجێت. داوایش بۆ (مووچەیەکی دادپەروەرانە)، ئەرکی ئابووری سیاسیەو تێکەڵ ناکرێت بە ئەدەبی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی. هەموو سۆشیالیستێک دەزانێت مووچە بە ڕکابەری دیاری دەکرێت. ئەمە سەرباری ئەوەی سایکڵەکانی سەرمایە لە سەردەمی گەشانەوەو سەردەمی قەیراندا، کاریگەریەکی جیاواز لەسەر مووچە (کرێی کار) جێدەهێڵن. لە سەردەمی گەشانەوەدا مووچە بەرز دەبێتەوە. لە سەردەمی قەیراندا مووچە دادەبەزێت، بێکاری و هەژاری زیاد دەکات، برسێتی دادەکەوێت. واتە لە حاڵی ئاساییدا، لە سەردەمی گەشانەوەی سەرمایەدا، مووچەگونجاوترە لەگەڵ پێداویستی و یاسای نرخدا. بۆیە هەر دەرچوونێک لەو مەدارە بە هەر هۆکارێک بێت، خەباتی ڕۆژانەی چینە ڕەنجکێشەکە، خەباتی ئابووریی کارگەرانی بەدوادا دێت.

بەڵام وەک کارل مارکس دەڵێت: "بە چاوپۆشین لەو کۆیلایەتیە گشتیەی بەستراوە بە سیستمی کاری کرێگرتەوە، نابێت چینی کرێکار، دەرئەنجامی کۆتایی ئەم خەباتە ڕۆژانەیەی، گەورەتر لەوە نیشان بدات کە هەیە. واتە نابێت لە بیریان بچێت ئەوان لە خەباتیاندا، تێدەکۆشن دژی دەرئەنجامەکان نەک دژی هۆکارەکانی ئەو دەرئەنجامانە؛ ئەوان لەگەڵ ئەوەی ڕێ لە بەرەوخواربوونەوەی ئەو بزووتنەوەیە دەگرن، ناتوانن بەمە ئاراستەکەی بگۆڕن، وە هەر تەنها ئامرازێکی ئازارشکێن پێشکەش دەکەن نەک چارەسەرێکی بنەبڕی دەردەکە بکەن. بۆیە کارگەران لەسەریانە، خەباتیان لەو شەڕە گەریلاییە بەردەوامەدا نەوەستێنن کە ناشتوانرێت وازی لێبهێنرێت، وە کە لە پێشێلکاریەکانی سەرمایە یان گۆڕانەکانی بازاڕەوە سەرهەڵدەدات. دەبێت تێبگەن ئەم سیستمەی ئێستا، لەگەڵ هەموو ئەو کارەساتانەدا کە دەیسەپێنێت بەسەر چینی کارگەردا، لە هەمانکاتدا مەرجی ماتریالیستی و فۆرمی کۆمەڵایەتی پێویستی بۆ دامەزراندنەوەی پێکهاتەی ئابووریی کۆمەڵگا، تێدا لە دایک دەبێت. بۆیە لەبری ئەم دروشمە خۆپاریزە: "کرێی کارێکی ڕۆژانەی دادپەروەر بۆ ڕۆژێک کاری دادپەروەر!" لەسەریانە لەسەر ئاڵاکەیان ئەم دروشمە شۆڕشگێرە هەڵبکەنن: "هەڵوەشاندنەوەی سیستمی کاری کرێگرتە!" (مارکس، بەهاو نرخ و قازانج، ل : ١٠٢).

هەر بەم مانایە، کۆمۆنیستەکان هەمیشە لەسەریانە، لە دەستنیشانکردنی (ناکۆکی سەرەکی) نێو چینەکان و دیاریکردنی ئەرک و ئامانجی چینە ڕەنجکێشەکەوە دەستپێبەکەن، بەڵکو ئەو ناکۆکیە سەرەکیە بە بنچینە وەربگرن لە داڕشتنی پرۆگرامەکانیاندا نەک ئەم یان ئەو چارەسەری ئابووریی ئازارشکێن، ئەم یان ئەو فۆرمی سیاسی دەسەڵات.

دووهەم:ناکۆکی سەرەکی ئەم کۆمەڵگایە لە پرۆگرامی (حیزبی شیوعی کوردستان) دا

بوونی چینێکی کۆمەڵایەتی ڕەنجکێش، مەرجێکی ماتریالیستیی هەر کۆمەڵگایەکە،کە لە بناغەدا لەسەر ناکۆکی دوو چینی دژ بە یەک وەستابێت. ڕزگاریی چینێکی ڕەنجکێشیش، بەبێ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی نوێ مەحاڵە. ئیتر با لە گۆشەنیگای ئابووری سیاسی برجوازیەوە، دەیان پێشنیاری هەمەچەشنە بخرێتەڕوو بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی (کارو سەرمایە) و کەم کردنەوەی هەژاری و چاککردنی باری گوزەران و بژێوی.

پرۆگرامی کۆنگرەی شەشەمی (حیزبی شیوعی کوردستان)، لە دیدگا ئابووری و سیاسیەکانیدا، هیچی نەداوە بەدەستەوە، پێشنیارێکی لەو جۆرە نەبێت: ڕێکخستنی پەیوەندی کارو سەرمایە! واتە ئەو پرۆگرامە، لە بری دەستنیشانکردنی سروشتی بەرهەمهێنان و ئەو چینە کۆمەڵایەتیە ناکۆکانەی لەسەری وەستاون و لەویشەوە (ناکۆکی سەرەکی) نێوان ئەو چینانە و بەرەی شۆڕش و دژە-شۆڕش دیاری بکات، کەوتۆتە گەڕان بەدوای ئەو بنکانەدا کە سنوورێک بۆ هەژاری و بێکاری دادەنێت و خۆشگوزەرانی بۆ توێژە ناوەندیەکان دەهێنێت، ئەمەیش بە دەستەبەر کردنی دیموکراسیەت و عەلمانیەت و مافی مرۆڤ کە هیچ نادەن بەدەستەوە مافی لیبرالیستی نەبێت بۆ هاوڵاتیان، مافی مرۆڤ.هەر ئا لەم تێڕوانینەیشەوەیە لاپەڕەکانی پرۆگرامی کۆنگرەی شەشەمی (حیزبی شیوعی کوردستان)، لەلایەک پڕن لە ئامۆژگاری کردنی دەسەڵات و برجوازیەت، وەک بە گەلێ بڕگەی لاپەڕەکانی ١٦٧، ١٦٨، ١٦٩، ١٧٠، ١٧٢، ١٧٣، ١٧٤، ١٧٥ ەوە دیارە، لەلایەکی تریشەوە هەوڵی ڕێکخستنی سەرمایەو پەیوەندی برایانەی کارو سەرمایەیە، وەک لە لاپەڕەکانی١٦٤ و ١٦٥دا بە باشی دەبینریت.

ئا ئەمانە تێکڕا، سەرچاوەیەکی هەڵەن بۆ دەستنیشان کردنی ئەرک و ئامانجی کۆمۆنیستەکان و سۆشیالیستەکان، بەڵکو هەوڵێکن بۆ گونجاندنی چینە ناکۆکەکانی کۆمەڵگاو دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ چارەسەری کێشەی نێوانیان و ئەو قەیرانە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیانەیشی هەمیشە وەک نەخۆشیەکی زکماک سەر هەڵدەدەنەوەو پەیوەندی نێوان چینە دژ بە یەکەکان توندوتیژتر دەکەن. ئەم دەستنیشان کردنەی حیزبی شیوعی کوردستان لەو دیدگایەوە هاتووە کە دەڵێت (کار) و (سەرمایە)، بەشێوەیەکی ئاڵوگۆڕ، پێویستیان بە یەکترەو دەبێت لە سیستمێکی هاوبەشدا، ئامانجێکی هاوبەش دابڕێژن و ببنە دەستەبرای یەکتر لە دەسەڵاتدا، ئامانجیش لەمە هیچ نیە ڕێفۆرمی سیاسی دەسەڵاتی دەوڵەت و بازاڕ نەبێت بە مۆدیلی ئابووریی جیاوازو فۆرمی سیاسی جیاوازی دەسەڵاتی دەوڵەت، ئیتر جارێک لە ژێر ناوی (گەشەی ناسەرمایەداری) دا لەگەڵ دەسەڵاتێکی برجوازیانەی وەک بەعسدا، جارێکی تریش بەناوی (دیموکراسیەتەوە) لەگەڵ کۆمەڵە حیزبێکدا کە هیچ بەرژەوەندیەک لەگەڵ چینی چەوساوەدا کۆیان ناکاتەوە.دواین مەبەستیش لەمە، پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان چینە ناکۆکەکان وگونجاندنیانە لەگەڵ یەکتر بەجۆرێک کە سیستمی مافی مرۆڤ و هاوڵاتی بوونی تێدابکەنە بنچینەی پەیوەندیەکانیان. هەر ئەمەیشە هۆکاری ئەوەی (ناکۆکی سەرەکی) لە شەڕی چینایەتیدا، وەک شەڕی مووچەو چاککردنی بژێوی و گوزەرانی هەژاران نیشان دەدەن و ناکۆکیە سەرەکیەکەی کۆمەڵگای دەکەن بەژێرەوە. کاتێکیش باس لە سۆشیالیزم دەکەن، لاپەڕە ١٦٣، هەر بە ووشەیەک کۆتایی پێدەهێنن، ووشەیەکی بێ پەیوەندی بە واقیعی ژیان و چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوەی سیستمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری کە لە بناغەدا هیچ ناگەیەنێت هەڵوەشاندنەوەی شێوازی بەرهەمهێنانی ڕکابەری و دامەزراندنی شێوازی بەرهەمهێنانی هەرەوەزکاری نەبێت. وە ئیتر هەر بەمجۆرە، سیستمی کاری کرێگرتە پەردەپۆش دەکرێت، ئەو سیستمەی ناکۆکی سەرەکی تیایا، ناکۆکی نێوان (کار) و (سەرمایە) یە کە (حیزبی شیوعی کوردستان)ناچێت بەلایدا، ئەمەیش بۆ ئەوەی ئاسانتر ناوی چینی کارگەران وەک گۆڕهەڵکەنی سەرمایەداری، بسڕێتەوە، وە ئیتر بەوەیش دەستنیشانکردنی ئەرک و ئامانجە شۆڕشگێریەکان لە کۆڵ خۆی بکاتەوە. بۆیەکارل مارکس بە هەڵەدا نەچووە کە لە دەرئەنجام وەرگرتنەکانیدا لەبارەی ئەم جۆرە سۆشیالیزمەوە دەڵێت:

"ئەمانە گەیشتوونەتە ئەوەی بەم شتانە، سۆشیالیزمێکی برجوازی لە سیستمێکی تەواودا دابڕێژن . دەیانەوێت بارودۆخی بژێوی کۆمەڵگای مۆدێرن هەروەک خۆی بمێنێتەوە، بەڵام بە مەرجێک واز لەو خەبات و مەترسیانە بهێنرێت کە وەک پێویست، لەو بارودۆخەوە سەرهەڵدەدەن، کۆمەڵگای ئێستا وەک خۆی بمێنێت، بەڵام پاک بکرێتەوە لە ڕەگەزە شۆڕشگێریەکانی . ئەم سۆشیالیزمە هەرگیز مەبەستی گۆڕینی بارودۆخی ژیانی ماتریالیستی و ڕووخاندنی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی برجوازیەت نیە کە بەهیچ جۆرێک وەدی نایەت بە شۆڕش نەبێت، بەڵکو مەبەستیان وەدی هێنانی ڕێفۆرمی ئیداریە لەسەر خودی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی برجوازیەت خۆی، ئەو ڕێفۆرمانەی هەرگیز، لەدوورو نزیکەوە، دەست لە پەیوەندیەکانی سەرمایە نادەن بە کاری کرێگرتەوە، بەڵکو تاکە شتێک کە ئەنجامی دەدەن، کەم کردنەوەی خەرجیەکانی حکومەت و ئاسان کردنی ئیدارەکەیەتی" (کارل مارکس، بیان الحزب الشیوعی).

سێهەم: کارگەران وەک چینێکی سەربەخۆ لە کوردستاندا

پرۆگرامەکەی (حیزبی شیوعی کوردستان) لە ناکۆکیە زکماکەکەی نێوان چینەکانەوە دەستپێناکات و هیچ سەربەخۆییەکی چینی کارگەریش نابینێت؛ ئەمە ئەگەرچی کارگەران (مامۆستایان، فەرمانبەران، خوێندکاران، کاسبکاران، کرێکاران، جووتیاران)لە خەباتێکی ڕاستەوخۆدان دژی سەرمایە، هەرچەندە هێشتا ئەو خەباتە چینایەتیە بە تەواوی کامڵ نەبووەو لە پەلاماری ناوبەناوو سووتاندنی ئەم خانووی حکومی و ئەو بارەگای حیزبینەترازاوە. واتە هێشتا خەباتی خۆڕسکی تێنەپەڕاندووە، نەیتوانیوە خۆی وەک چینێک ڕیکبخات،یاننەگەیشتۆتە ئاستی هێرش بۆ سەر پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو چینە، بوونی خۆی وەکچینێکی سەربەخۆ نیشانداوە.بەردەوامیش لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانەکاندا لەسەر هەردوو ئاستی لۆکالی و ئینترناسیۆنالیستی، وە بەدەم هەڵبەزودابەزی نرخی هێزی کارو بارودۆخێکی بژێوی سەختەوە، نەک هەر ئیدراکی بوونی خۆی دەکات وەک چینێک، بەڵکو وەک چینێکیش هێرش دەبات، پێکاهەڵپژانەکانیشی لەگەڵ دەسەڵاتدا، تادێت مۆرکی ناکۆکی دوو چینی دژ بەیەک دەگرێتەخۆو لە زۆر حاڵدا بەرەو ڕاپەڕینێکی کراوە دەچێت. بۆیە تادێت پێویستیڕێکخراوبوونی زیاد دەکات. لەوەیشدا شیوعیەکان و سۆشیالیستەکان دەتوانن ڕۆڵێکی گەورە ببینن. خۆڕێکخستنی ئەو چینە مەحاڵە بەبێگردبوونەوە لە (کۆمیتە کارگەریە شۆڕشگێریەکان) دا لەسەر ئاستی نیشتمانی. ئەمەیش کاتێک ڕوودەدات کە ئاستی خەباتی ڕۆژانە گەشە دەکات وڕوودەکاتە خەباتێکی بنەبڕ لە دژی سەرمایەداری.

خۆڕێکخستنی کارگەران وەک چینێک، واتە ڕێکخستنی لە کۆمیتە تایبەتیەکانی ئەو چینە خۆیدا، ئەو پچڕپچڕیە کۆتایی پێدێنێت کە خاڵی لاوازی زەحمەتکێشانە. لەمەیشدا کۆمۆنیستەکان و سۆشیالیستەکان دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ ببینن. بەڵام ئەو چینە بەردەوام لە قووڵبووەنەوەی ناکۆکیە چینایەتیەکانیدا، وە بە دابارینی ژمارەیەکی زۆر لە توێژە ناوەندیەکان بۆ ڕیزی ئەو چینە بەهۆی قەیرانە ئابووریەکانەوە، هێزی لە زیاد بووندایە. ئەمە ئەگەرچی هەمیشە حوسالەی پرۆلێتاریا، وەک بنکەیەکی کۆنەپەرست، ڕیزەکانی ئەو چینە لاواز دەکات، ئەو حوسالە خۆفرۆشەیهەمیشە لە هێزی دوژمنانی پرۆلێتاریا زیاد دەکات.لە بەرامبەریشدا هێزێکی کۆمۆنیست پێویستە بۆ بەشداریی لەو خەباتەدا، ئەمەیش بەو مانایەی کۆمۆنیستەکان هیچ بەرژەوەندیەکی جیاوازیان نیە لەگەڵ پرۆلێتاریادا، بەڵکو بەهەمان بەرژەوەندی هاوبەشەوە، هاوشانی پرۆلێتاریا دەبنەوە لە خەباتدا. وە هەروەک چۆن شۆڕشی برجوازی، موڵکدارێتی دەرەبەگایەتی گۆڕیوە بە موڵکدارێتی برجوازی، ئا بەوجۆرە ئەرکی بزووتنەوەی کۆمۆنیستییشە، موڵکدارێتی برجوازی بگۆڕێت بە موڵکدارێتی سۆشیالیستی، بە خۆبەڕێوەبردن لە هەرەوەزکاریە کۆمۆنیستیەکاندا. ئەوەیش لە داگرتنی ئیدارەوە دەستپێدەکات بۆ ئاستی بەڕێوەبەران خۆیان لە ئیدارە ناوخۆییەکاندالە ڕێی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی ناحیزبیەوە لەو ئاستەدا کە ئیدارەی کۆمەڵگایە، وەک: شارەوانیەکان، دادگاکان، زانکۆکان، فەرمانگەکان، کارگەکان. نموونەی ئەو ڕێکخراوە کارگەریەکانەیش، کۆمیتە کارگەریەکان بوون لەڕوسیا ١٩٠٥ و ١٩١٧، ئەڵمانیا ١٩١٨، هەنگاریا، ١٩١٩، ئیتالیا ١٩٢١، هتد، هتد. ئامانجی ڕاستەوخۆشیان گۆڕینی پەرلەمان و پەرلەمانتاریزمو لەناوبردنی بیرۆکراسی و مشەخۆرەکانی دەوڵەتبووە بە ئیداریەکی هەڵبژێردراو لە ئیدارە ناوخۆییەکاندا. دەبێت خەڵکی خۆی نوێنەرەکانی خۆی لە فەرمانگەو دادگاکاندا هەڵبژێرێت بە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی ناحیزبی. ئا لەو ڕێکخستنەدا، ڕێکخراوە کۆمۆنیستی و سۆشیالیستیەکان، گەورەترین ڕۆڵیان بینیوە، بەتایبەت لە ئەڵمانیادا لەژێر سەرکردایەتی (ڕۆزا لۆکسمبۆرگ) دا. ئەم کردە مێژووییەیش، گەلێکی لەو نەرێتە حیزبیانە گۆڕیوە کە وەک مۆتەکە، بەسەر شانی بزووتنەوەی پرۆلێتاریاوە بوون. بۆیە هەر پێداچوونەوەو گۆڕانکاریەکی ئایندە لە پرۆگرامی حیزبە شیوعیەکاندا، لە هەمانکاتدا، پێداچوونەوە دەخوازێت بە نەرێتە لینینیستیەکاندا لە فۆرمی ڕێکخراوەییدا کە لە پاڵ فاکتەرەکانی تردا، فاکتەرێکی گەورەی شکستی حیزبە شیوعیەکان بووە.

چوارهەم: چارەسەری شکستی ڕێکخراوەیی حیزبە شیوعیەکان

گەلێ لە مارکسیستەکان دان بەوەدا دەنێن: مێژوو تێزەکانی (ڕۆزا لۆکسمبۆرگ) ی سەلماند دەربارەی ڕێکخراوبوون بە بەراوورد لەگەڵ تێزەکانی لینیندا. بۆیە لەو ناکۆکیەوە، ڕووناکیەک دەخەینە سەر شکستی ڕێکخراوەییش.

سەبارەت بە ڕێکخراوبوون، ڕۆزا دەڵێت:"تێزەکانی لینین ئەوەیە کە کۆمیتەی ناوەندیی حیزب، دەبێت هەموو ئیمتیازەکانی هەبێت لە ناونانی هەموو لیژنە حیزبیەکاندا. دەبێت مافی ئەوەی هەبێت ئۆرگانە لۆکاڵیەکان تەعین بکات . ..هەروەها دەبێت مافی ئەوەی هەبێت بریارە ئامادەکراوەکانی بسەپێنێت بەسەریاندا. مافی حوکمدانی هەبێت لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوە ناوخۆییەکاندا بەبێ ئەوەی ئەوان مافی ئەوەیان هەبێت داوای پێداچوونەوە بکەن. هەر بەم شێوەیە، کۆمیتەی ناوەندی دەتوانێت ئەو ئۆرگانە حیزبیە بەرزانە پێکبهێنێت کە لەگەڵ خۆی دەسازێن. دەبێت کۆمیتەی ناوەندی، تاکە ئامرازی بیرکەرەوەی حیزب بێت. هەموو ئۆرگانەکانی تری حیزب، لایەنە تەنفیزیەکانی دەبن.بە شێوەیەکی گشتی، ناتوانرێت ئینکاری ئەوە بکرێت ئا ئەم ئاراستە بەهێزەی سێنتراڵیزە کردن (مەرکەزیەت) لە بزووتنەوەی سۆشیال-دیموکراتەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم ئاراستەیەیش لە پێکهاتەی ئابووریی سەرمایەداریەوە هەڵدەقووڵێت کە وەک پێویست فاکتەری سێنترالیزە بوونە" (ڕۆزا لۆکسمبۆرگ).

ئا ئەم نەرێتە حیزبیە، هەمیشە هۆکارێک بووە بۆ شەپۆلی جێهێشتن لە ڕیزەکانی حیزبە شیوعیەکاندا، گەلێجاریش، جیابوونەوەکان بنەمایەکی فیکرییان نەبووە، بەڵکو فاکتەرێکی ڕێکخراوەیی هەبووە، یاخی بوون بووە لە سەرکردەکان کە چۆنیان بوێت بەوجۆرە مامەڵەی تێکۆشەرە پاڵەوانەکانی حیزبەکانیان دەکەن.بۆیە هەموو گۆڕانکاریەک لە پرۆگرام و کردەو چالاکیی ئەو حیزبانەدا، گۆڕینی ئەو نەرێتە ڕێکخراوەییەیش دەخوازێت.

پوختەی باس:

لە ڕاستیدا پێویست ناکات بەردەوام بین لە ڕوون کردنەوەی ئەو ژمارە زۆرەدا لە کۆنسێپت و زاراوە کە هێشتا لە بەردەمماندا ماون لە پرۆگرامی کۆنگرەی شەشەمی (حیزبی شیوعی کوردستان) دا، ئەمە مادام ئەو شتانە هیچ نین ئەوە نەبێت دروشمە کۆنەکانی برجوازیەتی لیبرالیستی، بیری لیبرالیستەکان خۆیان دەخاتەوە، وەک: شەفافیەت، ئابووریی ڕەیعی، سندوقی نەوەکان، نەهێشتنی بێکاری، دەرچواندنی یاسای هاوچەرخ بۆ نەخشاندنی سیاسەتەکانی کشتوکاڵ، دەرچواندنی یاسای ئاسەوار، هتد، هتد. بەڵکو پێویستە بڵێین: چینە ڕەنجکێشەکە پێویستی بەو پرۆگرام و ئەدەبە کۆمۆنیستیەیە کە دەربڕی ژیانی ڕاستەقینەی ئەون، نەک پرۆگرامێک کە وەک ئەو هاوڵاتیە سەیری بکات پێناسەیەکی چینایەتی لە باخەڵیدا نیە، بەڵکو تەنها کوردزوبانێکە، عەرەبزوبانێکە، فارسێکە، فەرەنسیەکەو دەبێت بەرژەوەندی خۆی ببەستێت بە بەرژەوەندی ئەو دەسەڵاتەوە کە نوێنەری نەتەوەکەیەتی. ئەمە لەکاتێکا چینی یەکەم لەو نەتەوەیەدا،لە بیناکردنی نەتەوەدا، گەشانەوەی خۆی و هێزی تایبەتی خۆی، لەو سەروەرێتیەدا دەبینێتکە دەیسەپێنێت بەسەر چینی دووهەمدا، بەسەر هەموو کۆمەڵگادا. چینی دووهەمیش هەژاری خۆی ومەینەتی خۆی لە بوونی نائینسانیانەی ئەم کۆمەڵگایەدا دەبینێت کە ئەو وەک بەرهەمهێنی سامان بۆ چینی سەروەر دروست دەکات. بۆیە یەکەمیان موڵکدارێکی کۆنەپەرست و خۆپارێزە، دووهەمیان کرێگرتەیەکی شۆڕشگیرو ڕووخێنەر.موڵکدارێتیەکەی یەکەمیان پێویستی بەوەیە بەردەوام چینێک بەرهەمبهێنێت کە بەرهەمهێنی سەرمایەیە بۆ سەرمایەداران و بەرهەمهێنی عەزابە بۆ خۆی، ئەویش پرۆلێتاریایە، ئەو چینەی لەبری کەرەسەکانی بەرهەمهێنان و ئامرازەکانی بژێوی تەنها هێزیکار شک دەباتلەسەری بژی، هەموو ئازادیەکیشی لە ئازادی کارکردندا کورت دەکرێتەوەو بەس. بۆیە مارکس واتەنی:

"مادام ڕووتبوونەوە لە هەموو ئینسانیەتێک و ڕووخساری ئینسانی، بەکردەوە لە پرۆلیتاریایەکی کامڵدا ڕوویداوە، مادام مەرجەکانی ژیانی پرۆلیتاریا هەموو مەرجەکانی ژیانی کۆمەڵگای هاوچەرخ بە هەموو نائینسانیەتەکەیەوە، لە خۆیدا کورت دەکاتەوە، مادام مرۆڤ خۆی لە پرۆلیتاریادا وون کردووە . ئەوا پرۆلیتاریا ڕاستەوخۆ ئامادەی شۆڕشە دژی ئەو نائینسانیەتە؛ ئەوەیش ئەو دەرئەنجامە ئەداتەدەست کە پرۆلیتاریا دەتوانێت خۆی ڕزگار بکات، وە دەشبێت خۆی ڕزگار بکات. بەڵام ئەو ناتوانێت خۆی ڕزگار بکات بەبێ سەرکەوتن بەسەر مەرجە تایبەتەکانی ژیانی خۆیدا، بەبێ سەرکەوتن بەسەر هەموو مەرجە نائینسانیەکانی ژیانی کۆمەڵگای هاوچەرخدا کە بە چڕی لە باری ژیانی پرۆلیتاریادا کورت دەبێتەوە" (کارل مارکس،The Holy Family).

 ناکۆکی چینایەتی لەناوببەن، ناکۆکی نەتەوەکان، ئاینەکان، ژن و پیاو، ڕەش و سپی لەناودەچێت

  سەرچاوەکان:

سەرچاوە کوردیەکان:

١) بەرنامەی حیزبی شیوعی کوردستان، بریاردراو لە کۆنگرەی شەشەمی حیزب.

٢) ڕۆژە سەختەکان، بەهادین نوری

٣) بەهاو نرخ و قازانج، کارل مارکس

٤) هەژاریی فەلسەفە، کارل مارکس

سەرچاوە عەرەبیەکان:

١) مژكرات بهاء الدین نوری

٢) مارکس - انجلس فی پلاپە منتخبات

٣) بیان الحزب الشیوعی، مارکس-انجلس

سەرچاوە ئینگلیزیەکان:

  • The Waron Poverty After 50 Years، Authors: Rachel Sheffield and Robert Rector
  • Workers’ Councils، Anton Pannekoek
  • The German Ideology، Karl Marx / کارل مارکس
  • The Civil War in France، Karl Marx / کارل مارکس
  • Critique of Hegel's Philosophy of Right، Karl Marx / کارل مارکس
  • On the JewishQuestion، Karl Marx / کارل مارکس
  • The Holy Family، Karl Marx / کارل مارکس
  • Organizational Questionsof the Russian Social Democracy، Rosa Luxemburg / ڕۆزا لۆکسمبۆرگ
  • Leninism or Marxism? Introduction، 1935، Paul Mattick