ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

نیزام شەبیب

بەهۆی کوشتنى دوو گەنجى کورد لە ماوەى کەمتر لە یەک مانگدا, دانیشتوانی شارۆچکەى خورماتووى نیگەرانن لە دۆخى ئەمنی شارۆچکەکەیان ودەڵێن "دوور نیە ڕووداوەکانى پێش 16ى ئۆکتۆبەر دووبارە بێتەوە و دەشڵێن لایەنە سیاسیە کوردییەکان بێدەسەڵاتن".

لەسەرەتایی مانگى یەکی ئەمساڵەوە لەشارۆچکەى خورماتووى سەربەپارێزگاى سەڵاحەدین,لەدوو کردەوەی جیادا,مێردمنداڵێک و گەنجێکى کورد بەشێوازی جیا کوژران وتا ئێستا بکەرانى ئەم دوو ڕووداوە دەستگیرنەکراون وهاوڵاتیانى کوردیش مەترسی کەوتوەتە دڵیانەوە.

مەلا هاوار ئەلشافعى, وتاربێژی مزگەوتە لە خورماتوو, بەڕێگای کوردستانی وت:ماوەیەک لە شارۆچکەکە,کورد ڕێژەى دانیشتوانى ڕوو لەزیادبوون دەکات وگەڕانەوەیەکى باشی ئاوارەکان هەیە, گەڕەکە کوردییەکان وهاوڵاتیانی کورد بوژانەوەیەکیان پێوە دیارە,خەڵک خەریکى خانووو دووکانى نوێیە, ئەمەش ڕقی دروستکردووە لەدڵی گروپە تورکمانیەکان کە هەمیشە دژی کوردبووون ودەبن.

وتیشی: لە ئێستادا حکومەتى خۆجێی شارۆچکەکە لە پرسە گرنگ وبەردەوامەکاندا کورد وەک لایەنێکى سەرەکى ئەژمار دەکات, بۆیە ئەو لایەنانەى ڕقیان لە کوردە لە شارۆچکەکە دەستیان داوەتە کوشتن و تیرۆکردنى گەنجانی کورد و ئیهانە و سوکایەتیکردن, ئەگەر بێت و ڕێگیری لەم کردەوانە نەکرێت, ئەوە کورد بێدەنگ نابێت,بێدەنگیش نەبێت دۆخەکە دیسانەوە دەگەڕێتەوە دۆخى پێش 16ى ئۆکتۆبەر.

سەیف ئەنوەر, ڕۆژنامەنوسێکى دانیشتوی شارۆچکەى خورماتوو, بۆ ڕێگای کوردستان وتى : کوشتن و سوکایەتى کردنى بەگەنجى کورد لە خورماتوو, حزبێکى باڵا دەست ومیلیشیاى تورکمانى لە پشتە کە خۆیان بە خاوەنى شارۆچکەکە دەزانن, شارۆچکەکەش بەدەست تورکمانەوەیە بە بەڕێوەبەری پۆلیسی وقائیمقامیشەوە, ئیتر کێ هەڵویست بیت لەسەر کوشتنى گەنجێک, کە ئەوانەى داواکراون لەسەر ئەم تاوانە,لای حیزبە تورکمانەکان شاردراونەتەوە.

هەروەها ناوبراو, باسی لەوەشکرد,ڕ استە هێزەکانى بەرپەرچدانەوەى خێرا لە شارۆچکەکە و بەتایبەت لەگەڕەکە کوردنشینەکان هەن بەڵام وەک پێویست نین,لەپشتى ئەوانەوە گەنجی تورکمان بە ئارەزووى خۆی سوکایەتى بەگەنجى کورد دەکات و لایەنە سیاسیە کوردییەکانیش بێ هەڵویستن و هیچیان بەدەست نیە و تا ئێستا خاوەنی یەک وتار نین لەسەر کوشتنى ئەو گەنجە, بەداخەوە لەوپەڕی کەم تەرخەمیدان.

  مەریوان خورشید, هاوڵاتیەکى دانیشتوى خورماتووە, بە ڕێگای کوردستانی وت: ئەوانەى ئەم کاری کوشتن وسوکایەتیە بە کورد وگەنجی کورد دەکەن, هەر ئەو لایەنانەن کە چەندین ساڵە لەگەڵ کورد لە شارۆچکەى خورماتوو کێشە و گرفتیان هەیە.

مەریوان,وتیشی: لە ئێستادا خەڵک نیگەران لە دۆخى ئەمنى شارۆچکەکە و ئەوانیش ئەم کارە دەکەن تەنها لەبەر ئەوەى کورد لەخورماتوو چۆڵی بکات و بڕوات و نایەنەوێ کورد لەم شارە بژێت.

 بە پێی ئەو زانیارییانەى ڕێگای کوردستان دەستى کەوتووە, بە فەرمانی دادوەری دادگایی بەرایی خورماتوو بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سێ گەنجی تورکمانی دەرچووە, کە شەوی کوشتنەکەى گەنجە کوردەکە, ماتۆڕسکیل وئۆتۆمبێلیکیان پێ بووە و لەشوێنى ڕووداوەکە بینراون, دەرچوە بەڵام لەبەر ئەوەى خۆیان داوەتە پاڵ حیزبێکى تورکمانى دژ بەکورد تا ئێستا کەسیان دەستگیرنەکراون.

No description available.

No description available.