ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاودێر

بەهۆى قەیرانى دارایی و بڵاوبوونەوەى نەخۆشی کۆرۆنا، رێژەى بێکارى لە هەرێمى کوردستان بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە و ساڵى ڕابردوو هەزاران کرێکارا لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان کارەکانیان لەدەستداوە، سەندیکاکانى کرێکارانى کوردستانیش ڕاى دەگەیەنێت بەشێک لەو کرێکارانەشی کە کاریان هەیە لەسەرکار دەچەوسێنرێنەوە.

بەگوێرەى ئامارێکى بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ساڵی 2019 پێنج هەزار و 765 کرێکار لە کوردستان لە کارەکانیان دابڕاون، سەندیکاى کرێکارانى کوردستانیش باس لەوە دەکات بەهۆى بەردەوامى قەیرانى دارایی و بڵاوبوونەوەى نەخۆشی کۆرۆناوە، رێژەکە لە ساڵى ڕابردوودا زۆر زیادى کردووە.

هاورێ حاجى جەمال، ئەندامى مەکتەبی تەنفیزى سەندیکاکانى کرێکارانى کوردستان ڕاى دەگەیەنێت ساڵانە ژمارەیەکى زۆر لە دەرچوان بەهۆى دانەمەزراندن و نەبوونى هیچ دەرفەتێکى کارەوە لەماڵەوە دادەنیشن، ئەمەش وایکردووە ساڵ لەدواى ساڵ رێژەى بێکارى زیاتر بێت، گوتیشی سەرەڕاى نەبوونى دەرفاتى کارکردن لەکەرتى گشتى، ململانێى نێوان هەرێم و ناوەند کە بووەتە هۆکارى  نەناردنى شایستە داراییەکان و نەدانى مووچە لەکاتى خۆیدا وای کردووە دەرفەتى کارکردن کەمتر ببێتەوە، "تانانەت بەشێک لە فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، بەهۆى پێنەدانى مووچەکانیان کارى دیکە دەکەن، کە ئەمەش کاریگەرى ڕاستەوخۆى لەسەر دۆخى کریێکارە هەمیشەییەکان کردووە". ئەو ئەندامەى مەکتەبی تەنفیزى سەندیکاکانى کرێکارانى کوردستان باس لەوەش دەکات کە بڵاوبوونەوەى نەخۆشی کۆرۆنا کە بۆماوەى نزیکەى ساڵێک بووەتە هۆکارى داخستنى بەشێکى زۆرى کارگە، کۆمپانیا، چێشتخانە و بوارە خزمەتگوزارییەکان هێندەى دیکە دۆخى کرێکارانى خراپتر کردووە و دەرئەنجامەکانى تاکو ئێستاش بەردەوامیان هەیە. هاورێ حاجى هێما بۆ ئەوەش دەکات کە لەماوەى ساڵى ڕابردوودا بەهۆى خراپی ڕەوشی کرێکارانەوە سەدان کێشەى کۆمەڵایەتى سەریان هەڵداوە، " دۆخى کرێکاران بەردوام روو لەخراپبوونە، سەدان کرێکار کە خۆیان یان ئەندامانى خێزانەکانیان نەخۆش دەکەون، بەهۆى خراپی دۆخیانەوە ناتوانن چارەسەر پێویست وەربگرن، نەخۆشخانە گشتییەکان چارەسەرى پێویست پێشکەش ناکەن و نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش نرخەکانیان زۆر گرانە". ئەندامەکەى مەکتەبی تەنفیزى سەندیکاکانى کرێکارانى کوردستان ڕونى دەکاتەوە کە گرانبوونى نرخى دۆلار یەکێکى دیکەیە لەو نەهامەتیانەى بەسەر کرێکاراندا هاتووە، ئەمە کاریگەرى ڕاستەوخۆى لەسەر کرێکاران هەیە، چونکە کرێکاران ئەگەر کاریان دەستکەوێت بە دینار کار دەکەن، لەبەرانبەردا سەرجەم پێداویستییەکانى رۆژانە بە دۆلارن و نرخیان گران بووە.  هاورێ حاجى ڕەخنە لە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەگرێت بەوەى هیچ پلانێکى بۆ چارەسەرکردنى ئەم دۆخە خراپە نییە و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئەگەر ئەم دۆخە چارەسەر نەکرێت دەرئەنجامیکى باشی بۆ هەرێمى کوردستان و کرێکاران نابێت. لەبارەى رێگرى لە هێنانى کرێکارى بیانى، هاورێ حاجى جەمال، ئەندامى مەکتەبی تەنفیزى سەندیکاکانى کرێکارانى کوردستان ڕونى دەکاتەوە کە ئەم پرسە پێویستە بەیاسا رێکبخرێت و دەڵێت: ئەو کۆمپانیایانەى کە دێنە هەرێمی کوردستان پێویستە رێژەی لەسەدا بازدە کرێکار لەگەڵ خۆیان بهێنن و رێژەکەى دیکە بەکرێکارى ناوخۆیى پڕبکرێتەوە، بەڵام ئەمان سەرجەمى کرێکاران لەگەڵ خۆیان دەهێنن. جەخت لەوەش دەکاتەوە کە کەرتى تایبەت پێویستى بەرێکخستنەوە هەیە و ئەو دۆخەى کە ئێستا لەم کەرتەدا دەگوزەرێت لەبەرژەوەندى کرێکاران نییە و بە باڵاى سەرمایەداران و خاوەن کارەکان دوراوە، "ئەو کرێکارانەى کە لەکۆمپانیاکان و کەرتى تایبەت کار دەکەن گرێبەستی کارکردنیان بۆ ناکرێت،  کۆمپانیاکان ئیستیغلالیان دەکەن بەشێوەیەک بە مووچەیەکى کەم کارێکى زۆر بەکرێکاران دەکەن، تەنانەت لە هەندێک شوێن نزیکەى 12 بۆ 15 سەعات کار بە کرێکاران دەکرێت.

بەرپرسانى سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان ڕای دەگەێنێن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی ئابورییەوە ساڵی رابردوو هەزاران کرێکار بێکار بوون، داواش لەلایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەن ئەو کرێکارە بیانیانەى کە بەشێوەیەکى نایاسایی هاتوونەتە هەرێمى کوردستان ڕەوانەى شوێنەکانى خۆیان بکرێنەوە. بەگوێرەى بەدواداچونێکى پێشترى رێگاى کوردستان کە زانیارییەکانى لە بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی وەرگرتبوو، لە هەرێمى کوردستاندا 83 هەزار و 977 کرێکار لە 28 هەزار و 780 پڕۆژەدا کاردەکەن، لەو ڕێژەیە 77 هەزار و 17یان  کرێکاری ناوخۆن، لە بەرانبەریشدا شەش هەزار و 960 کرێکاری بیانی هەن.