ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان-هەولێر

 بەگوێرەی ڕووی نیشتمانی هەرزەکاران و لاوان لە هەرێمی کوردستان کە گرووپەکانی تەمەن (١٠-٣٠) دەگرێتەوە، بەڕێژەی زیاتر لە ٣٠٪ی لاوانی کوردستان ئارەزووی کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن و هۆکارەکەیش بۆ خراپی باری ئابووری و نیگەرانی لە گوزەرانی وڵات دەگێڕێنەوە.

هەرزەکاران و لاوان کە ئاستەکانی تەمەن ١٠-٣٠ ساڵ دەگرێتەوە، بە خەمڵاندن بۆ ساڵی ٢٠١٨، بەڕێژەی ٣٩.٥٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێکدێنن، ئەو ڕووپێوییە کە لەلایەن دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بە هاوکاری لەگەڵ چەند وەزارەتی پەیوەندیدار و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان لە ساڵی ٢٠١٩دا ئەنجامدراوە، کۆمەڵێک نیشاندەری گرنگ لەبارەی هەرزەکاران و لاوان بەگوێرەی بارودۆخ و تێڕوانینان لەخۆدەگرێت.

 خوێندن و دابڕان لە خوێندن

بەڕێژەی ١٧.٤٪ی لاوانی تەمەن (١٠-٣٠) لە بەرانبەر ڕێژەی ٢٣٪ی لاوانی تەمەن (١٥-٢٤) ساڵ بەهۆی خراپی باری ئابوورییەوە لە خوێندن دابڕاون، لەکاتێکدا بەڕێژەی ٢٤٪ی لاوانی تەمەن (١٠-٣٠) لە بەرانبەر ڕێژەی ٣١.٨٪ی لاوانی تەمەن (١٥-٢٤) ساڵ بەهۆی گرنگینەدان بە خوێندن، لە خوێندن دابڕاون. بەڕێژەی ٥١.١٪ی لاوانی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ پێیان وایە باشکردنی لێهاتوویی و پیشەیی گرنگترین هۆکارن بۆ ڕووکردنە فێربوون و ڕاهێنانی پیشەیی.

ئامارەکە ڕوونی کردووەتەوە بەڕێژەی ٢٠.٥٪ی لاوانی تەمەن ١٠-٣٠ ساڵ و هەروەک ڕێژەی ٢١.١٪ی لاوانی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ لەماوەی هەفتەی پێش ئەنجامدانی ڕاپرسییەکە، کاریان کردووە یان لەسەر کار بوون، لەکاتێکدا بەڕێژەی ١٥.٩٪ی لاوانی تەمەن ١٠-٣٠ ساڵ و بەڕێژەی ٢٢.٢٪ی لاوانی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ پیشەکانیان لە کاری دەستی و پیشەیی و بە کرێ کار دەکەن، بەڵام ڕێژەیەکی زۆر زیاتر بەکرێ لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، لەناویاندا ڕێژەی ٦٣٪ی لاوانی تەمەن ١٠-٣٠ ساڵ، هەروەک ڕێژەی ٨٢.٤٪ی لاوانی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ. لەهەمان گرووپەکانی تەمەن بەشێوەی یەک لە دوای یەک، بەڕێژەی ٣٢.٩٪ لە بەرانبەر ڕێژەی ١٤.٦٪یان لە کەرتی حکوومی کاردەکەن، ئەوەش پێدەچێت بەهۆی ڕاگرتنی دامەزراندن لە کەرتی حکوومی لە پاش ٢٠١٣ەوە تا ئێستا، دروست بووبێت و بەو هۆیەوە رێژەی کارکردنی ئەو لاوانەی تازە دەچنە ناو هێزی کارەوە، لە کەرتی حکوومی یان گشتی پاشەکشەی کردبێت.

یەکێک لە پرسیارەکانی ڕاپرسییەکە، پەیوەستە بە ڕۆڵی سەندیکاکانەوە، بەڕێژەی ٥١.٦٪ی لاوانی تەمەن ١٠-٣٠ ساڵ و لەناویاندا ڕێژەی ٦١.٧٪ی لاوانی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ لەو باوەڕەدابوون سەندیکاکان ڕۆڵی کاریگەرییان نییە یان لاوازن لە پاراستنی کرێکاران.

لە هەمان کاتدا بەڕێژەی ٤٦٪ی لاوانی تەمەن ١٠-٣٠ ساڵ لە بەرانبەر ڕێژەی ٤٣.٥٪ی لاوانی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ ئاماژەیان بەوە کردووە، «بێکاریی» هۆکارە لەوەی لاوان ڕوو لە بەکارهێنانی خواردنەوە کحوولییەکان بکەن. لەکاتێکدا رێژەی ٥٧٪ی لاوانی تەمەن ١٠-٣٠ ساڵ لە بەرانبەر ڕێژەی ٥٦.٦٪ی لاوانی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ ئاماژەیان بەوە کردووە کە کاتە بەتاڵەکانیان بە سەیرکردنی لاپەڕەکانی ئینتەرنێت بەسەردەبەن، ئەوان ئاماژەیشیان بەوە کردووە بەگشتی ڕۆژانە لە نێوان (٥-٦) سەعات کاتی بەتاڵیان هەیە.

 هەرزەکاران و لاوان گرنگی بە چی دەدەن؟

یەکێک لە پرسیارەکانی ڕاپرسییەکە، هەڵوەستەکردنە لەسەر ئەوەی پێشخەریی(ئەولەویەت) لای هەرزەکاران و لاوان چییە؟

بەڕێژەی ٤٠.٢٪ی لاوانی تەمەن ١٠-٣٠ ساڵ لە بەرانبەر ڕێژەی ٥٣.٥٪ی لاوانی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ پێیان وایە خوێندن لە گرنگترین ئەولەویەتەکانە، لەکاتێکدا بەڕێژەی ٢٩.٣٪ی لاوانی تەمەن ١٠-٣٠ ساڵ لە بەرانبەر ڕێژەی ٢٨٪ی لاوانی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ تەندروستی بە گرنگترین ئەولەویەت دادەنێن. لە هەمان کاتدا بەڕێژەی ٣٩.٢٪ی لاوانی تەمەن ١٠-٣٠ ساڵ و لە بەرانبەردا بەڕێژەی ٥٢٪ی لاوانی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ پێیان وایە سەرکەوتن لە خوێندن لە ئەولەویەتی ئامانجەکانیانە کە دەیانەوێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بەجێیبهێنن.

هەروەک بەڕێژەی ٢٧.١٪ی لاوانی تەمەن ١٠-٣٠ ساڵ لەبەرانبەر ڕێژەی ٣٦.٦٪ی لاوانی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ پێیان وایە خوێندن گرنگترین شتە کە دوودڵیان دەکات.

 هەڵوێست بەرانبەر بە کچان

داتاکانی ڕاپرسییەکە نیشانی داوە، هێشتا ڕێژەیەک لە لاوانی هەرێمی کوردستان لەو باوەڕەدان خوێندنی کوڕان لە خوێندنی کچان گرنگترە. لەو ڕووەوە بەڕێژەی ١٤.١٪ی لاوانی تەمەن ١٠-٣٠ ساڵ لە بەرانبەر ڕێژەی ١٤.٢٪ی لاوانی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ پێیان وایە خوێندنی کوڕان لە خوێندنی کچان گرنگترە، ئەوەش نیشاندەری جیاوازیی ڕەگەزییە لە کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستاندا.

ئامارەکە ئەوەشی نیشانداوە کە بەڕێژەی ٨٩.٧٪ی لاوانی تەمەن ١٠-٣٠ ساڵ و لە بەرانبەردا ڕێژەی ٨٩٪ی لاوانی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ لەو باوەڕەدان ئافرەت هاوبەشی سەرەکی پیاوە لە هەموو بڕیارەکانی خێزاندا، هەمان ڕێژەیش پشتگیریی بەکارهێنانی توندوتیژی لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا ناکەن، کەواتە هێشتا نزیکەی ١١٪ی لاوانی تەمەن ١٠-٣٠ ساڵ بە تەواوەتی لەو باوەڕەدان لەلایەک خوێندنی کوڕان لە خوێندنی کچان گرنگترە و لە هەمان کاتیشدا باوەڕیان بە بەکارهێنانی توندوتیژی لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان هەیە. بەو حالەیشەوە بەڕێژەی ٣٠.٤٪ی لاوانی تەمەن ١٠-٣٠ ساڵ لە بەرانبەر ڕێژەی ٢٩.٧٪ی لاوانی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ پێیان وایە پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا کەم دەکاتەوە.

 لاوان؛ ڕۆشنبیری، هونەر و وەرزش

بەڕێژەی ٤٦.٦٪ی لاوان پێیان وایە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرنگی بە ئارەزووەکانی لاوان دەدەن، لەکاتێکدا بەرزترین ڕێژە کە دەکاتە ٦٩.٩٪ی لاوان تەماشای کەناڵەکانی ناوخۆیی-ئاسمانی دەکەن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت هێشتا کەناڵە ناوخۆییە ئاسمانییەکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر هەرزەکاران و لاوانی هەرێمی کوردستان هەیە، سەرەڕای بڵاوبوونەوەیەکی بەرفرەوانی تۆڕەکانی ئینتەرنێت و هەڵکشانی ژمارەی بەکارهێنەرانیان. لە بەرانبەردا ڕێژەیەکی کەمتر لە لاوان تەماشای کەناڵە ناوخۆییەکان دەکەن کە ڕێژەی ٣٦.٩٪ی پێکهێناوە، بەڵام زۆرینەیان بەڕێژەی ٦٧.٧٪ سەیری دراما و فیلم دەکەن، لە بەرانبەر ڕێژەی ٢١.٣٪ی لاوان کە سەیری بەرنامە وەرزشییەکان دەکەن. هەروەک ڕاپرسییەکە نیشانی داوە، بەڕێژەی ٤٥.٢٪ی لاوان ناخوێننەوە، لەناو ئەوانەش کە دەخوێننەوە کە ڕێژەی نزیکەی ٥٥٪ پێکدێنێت، لەناویاندا بەرێژەی زیاتر لە ٥٠٪یان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەخوێننەوە. لە هەمان کاتدا بەڕێژەی ٧٨.٢٪ی لاوان ئاماژەیان بەوە کردووە ناچنە کتێبخانە گشتییەکانەوە، بەو شێوەیە ژمارەیەکی زۆر سنووردار لە لاوانی هەرێمی کوردستان سەردانی کتێبخانە گشتییەکان دەکەن، ئەوەش لەکاتێکدا کە ژمارەیەکی زۆریان لە سەر ئینتەرنێت دەخوێننەوە.

ڕاپرسییەکە ئەوەشی نیشانداوە کە ڕێژەی ٩٠.٢٪ی لاوان سەردانی کۆڕبەند و بنکەکانی وەرزش و لاوان ناکەن، لەو ڕووەوە بەڕێژەی ٣٦.٨٪یان ئاماژەیان بەوە کردووە کە نەچوونیان بۆ کۆڕبەند و بنکەکانی وەرزش و لاوان بۆ نەبوونی ئەو کۆڕبەند و بنکانە لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونیان دەگەڕێتەوە. بەڵام بەڕێژەی ٦١.٦٪یشیان ئاماژەیان بەوە کردووە کە وەرزش بە هەموو جۆرەکانییەوە ئەنجام دەدەن. لەناویاندا زۆرینەیان کە ڕێژەی ٦٣.١٪ دەگرێتەوە وەرزشی تۆپی پێ ئەنجام دەدەن و بەڕێژەی زیاتر لە ٢٥٪یشیان لە گۆڕەپانە میللەکاندا وەرزش دەکەن.

 لاوان دەیانەوێت کۆچ بکەن

ڕاپرسییەکە ئەوەی نیشانداوە کە بەڕێژەی ٣٠.٤٪ی لاوانی هەرێمی کوردستان ئارەزووی کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن، لە ناویاندا بەڕێژەی ٥٤.٤٪یان ئاماژەیان بەوە کردووە بەهۆی خراپی بارودۆخی گوزەرانی وڵات ئارەزووی کۆچکردن دەکەن، لە هەمان کاتدا بەڕێژەی ٣٨.٩٪یان ئاماژەیان بەوە کردووە، بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابوورییەوە ئارەزووی کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن. لەناو ئەو لاوانەدا بەڕێژەی نزیکەی ٤٪یان ئاماژەیان بەوە کردووە لە بارودۆخێکی تەواو سەختدا دەژین، بەڕادەیەک کە هیچ بەرنامە و چالاکییەکی یارمەتیدەریان بۆ تێپەڕکردنی بارودۆخی بەخوازراویان بەردەست نییە.

بەگوێرەی ئاستەکانی تەمەنیان، ئامارەکە نیشانی داوە کە ڕێژەی ٦٩.٧ی لاوەکان لە هەڵبژاردنی گشتی نیشتمانی داهاتوو بەشداریی دەکەن و تەنیا بەڕێژەی ٦٦.٦٪یشیان پێشتر بەشدارییان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا کردووە.

 چارەسەرکردنی کێشەکان؛ پۆلیس یان عەشیرەت

زۆرینەی لاوانی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی ٥٩.٨٪ ئاماژەیان بەوە کردووە کە بوونی گرووپە تیرۆریستییەکان هۆکاری ناسەقامگیریی و نائارامیی وڵاتە. ئەوان بەڕێژەی ٢٠.١٪یشیان لەو باوەڕەدان لێکترازانی خێزان هەڕەشەیە لەسەر ئارامی و ئاسایشی کەسەکان و لە هەمانکاتدا ڕێژەی ٥.٥٪یان لەپاش ڕووداوەکانی دوای ٢٠١٤ەوە بەشدارییان لە هێزە چەکدارەکاندا کردووە.

تەنیا ڕێژەی ٤٨٪ی لاوان ئاماژەیان بەوە کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانیان، پەنا بۆ دەزگاکانی ئەمنی و پۆلیس دەبەن، بەڵام بەڕێژەی ٢٤.٥٪یان دەڵێن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانیان پشت بە دەسەڵاتە عەشایەرییەکان دەبەستن. نزیکەی ٢٩٪ی لاوانی هەرێمی کوردستانیش ڕایانگەیاندووە هەست بە ئارامی ناکەن لەکاتی چوونیان بۆ سەر کاری ڕۆژانەیان.

 خاوەندارێتیی لاوان لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان

ڕاپرسییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بەڕێژەی ٨٤.٩٪ی لاوانی هەرێمی کوردستان خاوەنی ئامێری ئەلیکترۆنین، لەناویاندا بەڕێژەی ٧٨.٨٪ی لاوان مۆبایلی زیرەک و تەنیا بەڕێژەی ٢٥.٤٪یشیان کۆمپیوتەریان هەیە. سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی سنوورداری لاوان کۆمپیوتەریان هەیە، بەڵام بەڕێژەی ٣٧٪یان هیچ زانیارییەکیان لە بەکارهێنانی کۆمپیوتەردا نییە. لەکاتێکدا بەڕێژەی ٧٢٪یان ئینتەرنێت بەکاردەهێنن، بەدڵنیاییەوە لەڕێگەی مۆبایلی زیرەکەوە.

لاوانی تەمەن ١٠-٣٠ ساڵ ڕۆژانە بەگشتی سێ سەعات ئینتەرنێت بەکاردەهێنن، لە هەمان کاتدا بەڕێژەی زیاتر لە ٤٩٪یان بەشداری لە کۆڕبەند و گفتوگۆ لەڕێگەی ئینتەرنێت و بەمەبەستی کاتبەسەربردن دەکەن.